کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ٣٤مین کۆنگرەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیستی جیهان

15:16 - 30 جۆزەردان 2721

٣٤مین کۆنگرەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیستی جیهان بە بەشداریی ١٥٠ ڕێکخراو لە سەد وڵاتی جیاواز لە وڵاتی پاناما بەڕێوەچوو لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ژوئەنی ٢٠٢١ کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست بە بەشداری دەیان کەسایەتیی و ئەندام پاڕلەمانی ئورووپا، چالاکییەکانی خۆی بە هەردوو شێوەی دانیشتن و ئانلاین لە وڵاتی پاناما بۆ ئەندامانی بەڕێوەبرد. سەرەتای کۆنگرە بە وتاری سکرتێری پێشووی ڕێکخراو، خاتوو ئانا پریست خالاڤا دەستی پێکرد، پاشان کورتە ویدیۆیەک سەبارەت بە جوغرافیا و مێژووی وڵاتی پاناما وەک خانەخوێی کۆنگرە پێشکەش کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرەدا وتاری خاتوو جوانا ئۆرتێگا، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراو پێشکەش کرا، بڕگەی ناواخنی کۆنگرە کە تەرخان کرابوو بە پێشکەش کردنی بابەت و بڕیارنامەکان کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی بەشدار لە کۆنگرەدا پێشکەش کرا و لەلایەن ئەندامانی بەشدار لە کۆنگرەدا گەنگەشەکران کە بوو بە هۆکاری ناسینی زیاتری سیاسەت و دۆخی وڵاتە جۆراوجۆرەکان. شایانی باسە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە بە بڕیارنامەیەکی پوخت سەبارەت بە ڕەوشی ئێران و پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەدا، بەشداری تایبەتی ئەم کۆنگرە جیهانییە بوو و نزیک بە سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە بە سەرنج و کامێنتی تایبەت، هاوکار بوون لە بەپەسەند گەیاندنی ئەم بڕیارنامەجیهانییە کە دەبێتە بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی. لە بڕگەی کۆتاییدا کە تەرخانکرابوو بە هەڵبژاردنی سکرتاریەتی نوێی ڕێکخراو، بەڕێز برۆنۆ گۆنزالێس بە سکرتێری گشتی و هەروەها بەڕێز ژێزوس تاپیا بە سەرۆکی نوێی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست هەڵبژێردران.