حەمیدرەزا کەریمی، دادستانی گشتیی پارێزگای کرماشان بە ئاماژەدان بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نور لەسەر ئاستی پارێزگاکان ڕایگەیاند، جگە لە گەشتی ئێرشاد، پێویستە پۆلیسی پارێزگاکە چاودێریی پەیجەکانی ئینستاگرامیش بکەن و کەسانی بێ حیجاب دستنیشان بکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ناسینەوەی ئەو پەیجانە پێویستە پۆلیس بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە خاوەنەکانیان بلۆکیان بکات و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیشدا لەگەڵ بەڵگەنامەی هاوپێچدا بۆ لێپرسینەوە بخرێنە بەردەم داواکاری گشتی.
دادستانی کرماشان لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە بەشێکی سەرەکی لە کڕین و فرۆشتنی نایاسایی چەکی سەربازی و ڕاوکردن لە فەزای مەجازیدا ئەنجام دەدرێت و وتی، ئاسایش پێویستە بەردەوام ڕێوشوێنی تەکنیکی و زانیاری بخاتە بەرنامەی کار بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتن و کڕینی چەک و مامەڵەکردن لەگەڵ بریکارە نائەمنیەکانی فەزای مەجازی و دەستنیشانکردنیان و ناساندنیان بە داواکاری گشتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها بەهۆی چالاکیی تاوانباران و قازانج خوازان بەمەبەستی ساختەکردنی بەڵگەنامە و ساختەکاری لەڕێگەی فریودانی کەسانی دیکە لە فەزای مەجازی، پێویستە کاربەدەستانی سیستەمی دادوەری چاودێری پەیجە پەیوەندیدارەکان و ناسینەوەی سەرپێچیکاران بخەنە بەرنامەی کار.