کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی چالاکێکی مەدەنی بۆ بەندیخانەی مەریوان و بانگکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە

15:45 - 30 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، ''ئارام فەتحی'' شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان کە لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە. ئەو چالاکە مەدەنییە هەتا ئێستا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریکراوە و لە تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە. ئارام فەتحی نەخۆشیی ڕۆماتیسمی هەیە و پێویستی بە دەرمان و چاوەدێری پزیشکی هەیە. جێی ئاماژەیە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو پاش پشکنینی ماڵەکەی هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو وەک لەپ‌تاپ، هارد و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ناوبراویشیان دەسبەسەرت کردووە. ئارام فەتحی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە. هەر وەها هەمان ڕۆژ "ئۆسامە ئیسماعیل‌زادە" خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە تەلەفۆن بانگ دەکرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ و لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی لێپرسینەوەی لێکراوە بەرەوڕووی توندووتیژی فیزیکیی ودەروونیی بۆتەوە.