کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی پەناخوازێکی خەڵکی مەریوان لە یونان

15:39 - 3 پووشپەڕ 2721

پەناخوازێکی خەڵکی مەریوان پاش ١٨ ڕۆژ خەوێندران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ، ڕامین شەریفی، پەناخوازێکی خەڵکی مەریوان کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا بە توندی بریندار ببوو، پاش ئەوەی کە ١٨ ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی یونان خەوێندرابوو، گیانی لەدەستدا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پەناخوازە لەو ڕووداوەدا، هەر دوو گورچیلەی لەدەست دابوو. جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردان، ماشێنێکی هەڵگری پەنابەران لە شاری کاوالای یونان، پاش ڕاودوونانی لەلایەن پۆلیسەوە بەهۆی خێرایی زۆرەوە، وەرگەڕاو و لەو ڕووداوەدا، دوو پەنابەری خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "موحسین ئەحمەدی" و "ڕزگار قوربانی"، دەسبەجێ گیانیان لەدەستدا و لوقمان ئەحمەدی، برای موحسین ئەحمەدی و ڕامین شەریفی بە توندی بریندار ببوون.