کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەزڵووم کۆبانی: دواى داگیرکردنەوەى ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبان، داعش و ئەلقاعیدە هەڕەشە لە ئێمە دەکەن

16:04 - 21 خەرمانان 2721

ماڵپەڕى" نۆرس پرێس"ی سووریە، وتووێژێکی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سووریەی دێموكراتیک (هەسەدە) ئەنجام داوە کە تێیدا باسى بووژانەوەی داعش و جێهێشتنى ڕۆژئاوا لەلایەن ئەمریکاوە دەکرێت. مەزڵووم کۆبانی دەڵێ: ئەندامانی داعش كەوتوونەتەوە جموجۆڵ لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریە و پاش کشانەوەى ئەمریکا و سەرکەوتنى تاڵیبان لە ئەفغانستان، هەم داعش و هەم ئەلقاعیدەش هیوایان پەیدا كردووە و هەر دوو گرووپى تیرۆریستى، بە ئاشكرا ئاهەنگی سەرکەوتنى تاڵیبانیان لە ئیدلیب گێڕا. ناوبراو هەروەها دەڵێ: هەر دوو گرووپ جارجارە هەڕەشە لە ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن و لە هەڕەشەکانیاندا باسی گەڕانەوە دەكەن و دەڵێن ئامریكا لەوێش دەكشێتەوە. کۆبانی ئاماژە بەوە دەکا کە چاوەڕوان دەکرێت سەقامگیرییەک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە بێتە دی، هەڵبەت ئەگەر ئامریکا بەڵێنەکانی بباتەسەر. هەرچەند ئێمە ئێستا هەست بەوە دەکەین پشتگیری سیاسی و سەربازیمان بەهێزترە و دوای ئەو کشانەوەیە لە ئەفغانستان، بەرپرسانی ئەمریکا هاتن بۆ ئەوەى پێمان بڵێن هیچ گۆڕانکارییەک لە سووریەدا ڕوونادات.