کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین هەواڵەکان پاش مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی/ بەردەوامیی خەڵک لە دەربڕینی خۆشحاڵی، ڕیژیم هەڕەشەکان توندتر دەکات

19:21 - 1 جۆزەردان 2724

پاش دوو ڕۆژ لە مردنی سەرۆککۆماری ئێران، لەکاتێکدا هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکان خەریکی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی، خەڵک بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بەردەوامن و هەڕەشەکانیش تا ئێستا نەیتوانیوە پێشیان پێ بگرێت.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی "مێهر"ی سەر بە ڕیژیم نووسیویەتی کە "دوژمنان و بەدخوازانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە کاردانەوە بەم کارەساتە، تەپڵی خۆشییان لێداوە و ڕەزامندیی خۆیان دەربڕیوە".

هەروەها پۆلیسی فەتا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠ ماڵپەڕ کە گاڵتەیان بە کەوتنەخوارەوەی ڕەئیسی کردووە، دیاری کراون و دۆسییەی دادوەرییان بۆ ساز کراوە.

لەم پێوەندییەدا مەنیژە موئەزێن ڕۆژنامەوان لە هەژماری ئیکسی خۆیدا باسی لە سازکردنی دۆسییەی دادوەری بە هۆی کاردانەوە و شێوازی ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی ڕەئیسی کردووە.

جیا لەم هەوڵانەی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بە دەربڕینی خۆشیی خەڵک و سەپاندنی کەشێکی تەواو ماتەمینی بە سەر وڵاتدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بە هەموو هۆڵەکان لە ئاستی ئێراندا فەرمان دراوە کە هیچ ڕێوڕەسمێکی زەماوەند و جێژنگرتن نابێت لە هۆڵەکان لەم ماوەیەدا بەڕێوە بچێت.

لەلایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ماتەمی ڕیژیم و لایەنگرەکانی، خەڵکی ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی هەڕەشەکان لە دەربڕینی خۆشی و شادی بە شێوازگەلی جۆراوجۆر بەردەوامن.

لەم پێوەندییەدا خەڵک، بەتایبەتی بنەماڵەی دادخوازان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دانانی ناوەڕۆکی کەیفخۆشانە و هەڵپەڕین و گۆرانی، ڕەزامەندیی خۆیان سەبارەت بە مردنی ئەندامی لیژنەی مەرگ دەردەبڕن.

لەم کاتەدا کە خەڵک لە مردنی ڕەئیسی کەیفخۆشن، موجتەبا زولنووری جێگری سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕایگەیاندووە، تا چلەی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕێوڕەسمەکان بۆ بەرزراگرتنی ناوبراو لەلایەنی خەڵکەوە بەردەوام دەبێت.

هەروەها هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە ناوی شەقامی خاوەران لە تاران بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕەئیسی، لە شەقامی خاوەرانەوە بۆ شەقامی ئیبراهیم ڕەئیسی بگۆڕدرێت.


شایانی باسە کە خاوەران نێوی ئەو گۆڕستانەیە کە بەندکراوانی سیاسی هاوینی ١٣٦٧ پاش لە سێدارەدان و تیربارانکردن لەوێدا نێژدرابوون.

ئیبراهیم ڕەئیسی بە هۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە کوشتنی ئەم بەندکراوانەدا بە "قەسابی تاران" ناوبانگی دەرکردبوو.