حەمەڕەسووڵ کەریمی
هەواڵی بەربوونەوەی کۆپتێری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی یەکشەممەدا وەک هەواڵێکی گرینگی ناوچەیی و جیهانی بوو بە سەر دێری هەموو ڕۆژنامە و مێدیاکان، بەربوونەوەی هەلیکۆپتێری هەڵگری ڕەئیسی و شاندەکەی کە پێک هاتبوون لە ٩ کەس و بە تایبەت حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئێران، ئیمام جومعەی شاری تەورێز و پارێزگاری شاری تەورێز و بەرپرسی ئەمنییەتی سەرۆک کۆمار، دوای نزیک بە ١٧ کاتژمێر بێسەروشوێنی کۆمەڵێک پرسیاری درووست کردوە.
دوای ئەوە نزای کاربەدەستان و جیرەخۆرەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی گیانی لە مردن ڕزگار نەکرد، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕدا ڕایگەیاند کە بە پێی ماددەی ١٣١ی یاسای بنەڕەتی ئێران محەممەد موخبیر وەک بەرپرسی بەشی ئیجرایی دیاری دەکرێ و بە ڕاوێژ و هاوکاری لەگەڵ دوو بەش لە سێ بەشی ئیداری وڵات واتە بەشی یاسادانان و بەشی دادوەری لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی داهاتوودا هەوڵ بدەن کە کار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ و هەڵبژاردنی گشتی لە ئێراندا بکەن. هاوکات گوتی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی هیچ جۆرە کارتێکەرییەکی لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا لێ ناکەوێتەوە.
دواتر محەممەد موخبیر وەک سەرۆککۆماری کاتی لە جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هەروەها عەلی باقریی وەک کار ڕاپەڕێنی وەزارەتی دەرەوەی وڵات لە جێگەی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان دیاری کران.
لە نێو کۆمەڵگەی جیهانیدا لە سەر بەربوونەوەی هەلیکۆپتێری (Bell 212) کە هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی بوو، باس لە چەند هۆکارێک سەبارەت بە ڕووداوەکە دەکرێ .
• ئایا ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتێرەکە بە هەڵکەوت و تکنیکی بوو؟
• ئایا کەش و هەوای ناوچەکە بۆتە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی هەڵیکۆپتێرەکە؟
• ئەگەر کەش و هەوا بۆتە هۆکار، چۆنە دوو کۆپتێرەکەی یاوەری بەبێ کێشە گەیشتوونە شوێنی خۆیان؟
• بۆچی دوو کۆپتێرەکانی دیکە کە لە سەر یەک هێڵ و بە مەودای کەمتر لە ١٠٠ میتر بەیەکەوە دەفڕین لە ئاست ئەم ڕووداوە دا نەگەڕاونەوە بزانن سەرۆککۆمار و گەورەکەیان چی لێ بەسەرهاتوە؟
• ئایا دەستێکی نێوخۆیی بۆ پاکانە حیساب ئەم ڕووداوەی خوڵقاندووە؟
• ئایا کارێکی تێکدەرانە و سابوتاژ بوو و کەسانێکی نەیار ئەو کارەیان کردووە؟
• لە لایەن پهباد و یا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئەو ڕووداوە خوڵقاوە؟
ئەو پرسیارانە و گەلێک پرسیاری دیکەش کۆمەڵگای هێناوەتە سەر هێڵ و بە گشتی لە لایەن زۆربەی شڕۆڤەکار و کارناسی سیاسی و زۆربەی دەوڵەتانی دوور و نیزیک بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێن و لەنێو ئەوانەش دا هەن کە شک و گومانی سەرەکیان لە پاکانە حیسابی نێوخۆییە.
بۆ ئێمەی کوردیش هەر کام لەم ڕووداوانەی سەرەوە هۆکار بووبن، بۆ لە نێوچوونی دیکتاتۆرێکی لە چەشنی ئیبراهیم ڕەئیسی ، ئەوە هەر جێگەی خۆشحاڵییە، چوونکە ئیبراهیم ڕەئیسی کارنامەیەکی ڕەش و پڕ لە جینایەتی لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تا کۆتایی مەرگی لە ئاست گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد دا هەیە.
خۆزگە لەبەردەم دادگایەکی عادڵانەی گەلی دا محاکمە و لێپرسینەوەی لێدەکرا و وەک باقی دیکتاتۆرەکانی دیکە بە دەستی عەداڵەت بە سزای خۆی گەیشت با