کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد موخبێر و عەلی باقری کەنی بە شێوەی کاتی جێگای ڕەئیسی و ئەمیرعەبدوڵاهییانیان گرتەوە

13:04 - 1 جۆزەردان 2724

بە نامەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە ٣١ی بانەمەڕ، محەممەد موخبێر وەک سەرۆککۆماری کاتیی ڕێژیمی ئیسلامی دەستنیشان کرا، ئەو دەستنیشانکردنە بەپێی ماددەی ١٣١ی دەستووری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە باس لەوە دەکات کە جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەتوانێت لە ئەگەری مردن، نەخۆشکەوتن، دەرکردن، یان نەمانی توانایی سەرۆککۆمار بە ڕەزامەندیی ڕێبەری ڕێژیم ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها عەلی باقری کەنی، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی تیمی دانوستانکارانی ئەتۆمی ئێران، دوای کوژرانی حوسێن ئەمیرعبدوڵڵاهیان و بە فەرمانی محەممەد موخبێر بوو بە سەرپەرەستی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، و لە ئێستاوە تا لانیکەم ٥٠ ڕۆژی داهاتوو لە سەرۆکایەتیی وەزارەتی دەرەوەدایە.

عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، وتەبێژی دەوڵەتی ١٣ی ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگوڕەنگی ئێران باسی لە ڕێکخستنەکانی دەوڵەتی کاتی کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا دەستبەکاربوونی عەلی باقری کەنی و پێکهێنانی کۆمیتەکانی دیکەی لە شەوی یەکشەممەدا ڕاگەیاند ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا هەواڵی مردنی ڕەئیسی بە فەرمی پشتڕاست نەکرابووەوە.

هەروەها ئەوەش جێگای سەرنجە کە خامنەیی لە پەیامەکەیدا کە بڵاوی کردەوە بە پێچەوانەی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی کە مردنی ڕەئیسیی بە "شەهیدبوون" ناو برد، خامنەیی ئەم ڕووداوەی بە "مەرگ" ناو بردووە و ڕاستەوخۆ وشەی شەهید و شەهیدبوونی بۆ ڕەئیسی و ئەوانەی کە کوژراون بەکار نەهێنا، هەروەها لە پەیامەکەیدا زۆر ئاسایی وتی کە مەرگی ڕەئیسی هیچ کاریگەریەک لەسەر ڕەوتی کار لە ئێراندا دانانێ.