کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەوە پەت نییە میداڵی ئیفتیخارە"

00:42 - 2 جۆزەردان 2724

"ئەوە پەت نییە میداڵی ئیفتیخارە" (شەهید محەممەد مەحموودی)

 

برایم چووکەڵی

پێشمەرگە کێن؟ ئەو لاوە تێکۆشەرانەن لەپێناوی وەدیهێنانی ئاشتی، ئازادی، دێموکراسی و مافە نەتەوایەتیەکانی گەلەکەیاندا، دەستیان لە خۆشییەکانی ژیان هەڵگرتوە و دەشت و دۆڵ و چیا و لێڕەواریان لە باوەش گرتوە. پێشـمەرگە کێن؟ ئەو ڕۆڵە بوێر و خۆنەویست و جوامێرانەی لە بەرامبەر هێرش و پەلامار و گڕ و باڕووت و ئاگر و ئاسنی دوژمنانی ئازادیدا سینگیان کردۆتە قەڵغانی گوللە و فشار و زەبروزەنگی چەوسێنەران لە خەبات ساردی نەکردونەتەوە، هەنگاوی پێشل نەکردون و چۆکی پێ دانەداون. کە سەیری مێژووی خەبات و خوێنی ڕۆڵەکانی کورد دەکەن، دەبینی بە هەزاران کوڕە کوردی دل پڕ لە ئاوات بونەتە قوربانی و‌، گیانیان بەختی ئامانجەکانی گەل کردوە و سەری بەرزیان کردوەتە بەردەبازی ڕێگای سەرکەوتن. یەکێک لەو ڕۆڵە قارەمانانە بۆ گەلەکەی ژیا و هەر لەو ڕێگایەشدا سەری دانا شەهید محەممەد مەحموودی ناسراو بە محەممەد هەڵانییە کە لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا یاد و ناوی بەرز ڕادەگرین. شەهید محەممەد دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەشیەتی.

شەهید محەممەد مەحموودی سالی ١٣٣٠ هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی ئاوایی ئەحمەدئاوای هەوشار چاوی بۆ ژیان کردەوە. محەممەد سەرەڕای زیرەکی و وریایی بەڵام تەنیا هەتا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندی و وەک منداڵی زۆربەی بنەماڵەکانی ناوچەی هەوشار بەهۆی نزمیی باری ئابووری وازی لە خوێندن هێنا. ئەو هەر تەمەنی منداڵییەوە شانی دا بەر کار و کاسبی و ئارەقەڕشتن و هەر لەو تەمەنەشدا بوو کە مەرگی دایکی خەمێکی قوورس و گران و لەبیرنەکراوی خستە سەر دڵی محەممەد.

محەممەد بە مێرمنداڵی و لە تەمەنی شلکی و ناسکیدا بۆ وەدەستهێنانی کارێکی باشتر و بردنەسەری باری ژیانی بنەماڵەکەی ڕووی کردە شاری تاران و لە شیرکەتەکاندا دەستی کرد بە کرێکاری. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە ئیجباری گیرا و لە پادگانەکانی تەورێز و عەجەبشێر خزمەتی زۆرە ملێی سەربازیی پێ کرا. ئەو لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی پاشایەتیدا تێکەڵ بە شەپۆلی شۆڕش بوو و لە خۆپێشاندانەکانی ناوچەی هەوشاردا چالاکانە بەشداریی کرد و ئازایانە ئەرکی سەرشانی بەڕێوە برد.

محەممەد بە ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان چەکی پڕ شانازیی پێشمەرگایەتیی کردە شان و لە ڕیزی تێکۆشەرانی هێزی شەهیدانی هەوشاردا سازمان درا. شەنگەسواری ناوچەی هەوشار لە شەڕی داسەپاوی سێ مانگە لەبەرانبەر هێرش و پەلاماری لەشکری کۆنەپەرستی بۆ سەرکوردستاندا، ئەوپەڕی فیداکاری و لەخۆبوردوویی لە خۆی نیشان دا. زۆر کەمی پێ چوو لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتیدا سەداقەت و فیداکاریی خۆی بەکردەوە سەلماند و بوو بە خۆشەویستی هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەی هەوشار. ئەوە بوو هەر لە پاییزی ئەو ساڵەدا (١٣٥٨ی هەتاوی) بەهۆی ئازایەتی و کردەوە و ئاکاری پەسند و جوامێرانەی بەرپرسایەتیی پەلێک لە پێشمەرگەکانی لکی دووی هێزی شەهیدانی هەوشاری پێ سپێردرا.

محەممەد لە ماوەی ئەو بەرپرسایەتییەدا بە بەشداری و ئازایەتی‌نواندن لە شەڕەکانی گوندەکانی ئەحمەدئاوا، حەسەن‌ئاوا‌، چەمی‌بارعەزیز، بە سزاگەیاندنی چەند خائین و گەلفرۆش ‌و، زەبر وەشاندن لە مۆڵگەکانی نێو شاری تیکاب وەک فەرماندەیەکی کارامە و بەئەزموون ناوبانگی دەرکرد. ئەو تایبەتمەندییانە وای کرد وەک جێگری فەرماندەری لک دیاری بکرێ و لەم بەرپرسایەتییەشدا بە دەست بەسەرداگرتنی مۆڵگەی نێوان ئاغەجەری و قۆزلوو لە شەوی ١٢ی بانەمەری ١٣٦١ی هەتاوی ناوبانگی پتری دەرکرد. لەو عەمەلیاتەدا کە لەسەر داوای خەڵکی ئاوایی و لەبەر بەردەوامیی جیناتەتەکانی هێزەکانی ڕێژیم کرا، هەرچی لە هێزی ڕێژیم نەکوژرا بەدیل گیران و پایەگاکە بەتەواوی داڕما.

شەهید محەممەد مەحموودی پێشمەرگەیەکی بەنەزم ‌و گوێڕایەڵ بۆ ئەرک ‌و مەئمورییەتەکانی حیزب بوو. ئەو ئیمانێکی قووڵی بە ڕێبازەکەی هەبوو، بەڵام سەد مخابن ڕۆژی یەکەمی خەرمانانی سالی ١٣٦١ی هەتاوی وێڕای ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار کە لە گەشتی سیاسی نیزامیدا بوون، لە گوندی کولتەپەی جەهانگیرخان لە ناوچەی فەیزوڵابەگیی سەقز کەوتنە گەمارۆی هێزەکانی ڕێژیمەوە. دوژمن لە شارەکانی تیکاب، ساینقەڵا، سەقز و دیواندەرەوە هێزی تەیار بە هەموو جۆرە چەکێکی ناردبووە سەر ئەو پۆلە پێشمەرگەیە. لە شەڕی دەستەویەخە و نابەرانبەری ڕۆڵەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دوژمندا کە بیست هیندەی پێشمەرگەکان دەبوون، دوژمن زەبرێکی بەژانی لە دەستی محەممەد و هاوڕێیانی پێشمەرگەی وێ کەوت و دەیان کەس لە هێزەکانی کوژران و بریندار بوون.

مخابن لە بەردەوامیی شەڕەکەدا و لە کاتێکدا هێزی لەئەژمارنەهاتووی دوژمن چوار دەوری پێشمەرگەکانی گرتبوو، محەممەد و ٥ پێشمەرگەی هاوڕێی بە ناوەکانی کەریم قارەمانی، ڕەسووڵ عەولادی، خالید جەدی، خالید مینایی، ڕەئوف وەیسی هەتا دوا فیشەک شەڕیان کرد، بەڵام دواجار بە دیل گیران و لە شاری تیکاب ئێعدام کران.