کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکه‌ساڵی و قه‌یرانی بێ‌ئاوی به‌شێوه‌ی‌ جیددی لە بانە

16:13 - 21 خەرمانان 2721

وشکه‌ساڵی و قه‌یرانی بێ‌ئاوی، ژیانی لە دانیشتوان و جەماوەری بانە تاڵ كردووە. هەر لە دەسپێکی سەرەتای ساڵی ١٤٠٠هەتاوی تا ئێستا خەڵکی ئەم شارە لە ئاوی خواردنەوەی پاک‌ بێبەش بوون و لەلایەن حکومەت و دامودەزگا پێوەندیدارەکان هیچ هەنگاوێک بۆ داخوازی خەڵکی بانە و دابینکردنی ئاو هەڵنەگیراوە. سەرەڕای نەبوونی ئاو لە شەو و ڕۆژێکدا و کاتێک بە شێوازی کاتی ئاو ئەگاتە دەست خەڵک، لەگەڵ ئاوێکی پیس و قوڕاووی ڕووبەروو دەبنەوە کە تام و بۆنی هیچکات لە ئاوی خواردنەوە ناچێت و دەیان نەخۆشی خستووەتە نێو ئەم شارە. بەپێی وتەی خەڵکی بانە ئاوی ئەم شارە چەندین جار تاقیکاری بۆ کراوە و دەرکەوتووە ئاوی بانە بۆ خواردنەوە نابێت، بڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە ئاست ئەم کێشەیەدا کەمتەرخەمییان هەڵبژاردوە. جێی ئاماژەیە کە دو بەنداوی کێلە و سەبدڵو کە ساڵانێکە وەک کۆگایەک بۆ پاشە‌کەوت‌كردن و ڕاگرتنی ئاوی خواردنەوەی بانە دابینکراوە بەهۆی گەندەڵی لە کاتی دروستکردنیدا و هەروەها کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیدارەی ئاو بۆ پاشکه‌وت لە کاتی پێویستدا، ناتوانێت ئەم کێشە گەورە چارەسەر بکات.