کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەش‌بوون لە مافی مەرەخەسی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئەردەبیل

13:43 - 11 رەزبەر 2721

بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لە مافی مرەخەسی و مافی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بێبەشە و لە دۆخێکی دەروونی نالەباردا ڕاگیراوە. بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی "حەسەن جووجە گەڵوانی" تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ڕاگیراوە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ و ٦ مانگ لە ماوەی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی، لە مافی مرەخەسی بێبەشە و بەپێی بڕیاری دادگاش، مافی ئازادی مەرجداریش نایگرێتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار لە بەندیخانەی ئەردەبیل، ئەم بەندکراوە سیاسییە ددانەکانی خراپ بوون بە جۆرێک کە بەهۆی ژان و ئازاری زۆری ددان ناتوانێت نان بخوات. بەم حاڵەشەوە و سەرباری ڕەزامەندی پزیشکەکانی بەندیخانە، بەرپرسانی بەندیخانەی ئەردەبیل ئیزن نادەن کە ناوبراو بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بگوازرێتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە. شایانی باسە کە حەسەن جووجە گەڵوانی، خەڵکی پیرانشار و ئەندامی سپای پاسداران و فەرماندەی پایەگایەکی سپا لەسەر سنوور بووە. ناوبراو رۆژی شەممە ٢٩ ی بانەمەڕی ٩٧ی، هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ دەسبەسەر کراوە. ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی" سیخوڕی بۆ حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم"، حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بەسەردا سەپا و ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.