کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا

15:42 - 3 خەزەڵوەر 2721

یەکێک لەو ژنانەی کە لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە زستانی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕۆیا جەلالی، چالاکی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە. ڕۆیا جەلالی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، دەسبەسەر کرابوو. ئەم چالاکە کوردە دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی دوای مانگێک دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا تەواوبوونی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، ئازاد کرابوو، جێگای ئاماژەیە کە ڕۆیا جەلالی دایکی دوو منداڵە و نەخۆشیی MS ی هەیە و لەو ماوەی کە دەسبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.