کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کرێکارانی دەروازەی سنووریی شێخ سڵە

14:00 - 4 خەزەڵوەر 2721

کرێکارانی دەروازەی سنووریی "شێخ سڵە" لە شاری سەلاسی باوەجانی، لەسەر ڕادەستکردنی ئەو دەروازە سنوورییە بە کۆمپانیایەکی ناخۆجێی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی. ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کرێکارانی دەروازەی سنووریی "شێخ سێڵە" لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەسەر ڕادەستکردنی ئەو دەروازە سنوورییە بە کۆمپانیایەکی ناخۆجێی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە لەسەر داواکارییەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە مانگی ڕابردوودا کاروباری دەروازەی سنووریی "شێخ سڵە" لە شاری سەلاسی باوەجانی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانی و هاریکاریی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان، بە کۆمپانیایەکی ناخۆجێی سپێردراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە ڕادەستکردنی ئەو دەروازە سنوورییە بەو کۆمپانیایە، تاکوو ئێستا بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایە هیچ سەردانێکی ئەو دەروازە سنوورییەیان نەکردووە و بەفەرمی وەریان نەگرتووە. وێڕای ئەوەی کە کرێکارانی ئەو دەروازە سنوورییە پێشتر دوو جاری دیکە ناڕەزایەتییان دەربڕێوە و بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان بایەخیان بە داواکاری و ناڕەزایەتییەکانیان نەداوە، ڕۆژی دووشەممە بۆ جاری سێهەم ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و مانیان لە کارکردن گرتووە. شایانی باسە کە بایەخ‌نەدانی بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم لە شاری سەلاسی باوەجانی و پارێزگای کرماشان و هەروەها بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایە بە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی دەروازەی سنووری "شێخ سڵە"، بووەتە هۆکاری داخرانی ئەو دەروازە سنوورییە.