کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەشیعری ڕەنگاڵ تایبەت بە منداڵان بڵاو کرایەوە

14:06 - 4 خەزەڵوەر 2721

کۆمەڵەشێعری "ڕەنگاڵ" تایبەت بە منداڵان، لە نووسینی خاتوو "زڵێخا بەهمەنی"، بە شیوەیەکی ڕەنگاڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە. بەپێی هەواڵی لێژنەی ڕاگەیاندنی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، کۆمەڵەشێعری "ڕەنگاڵ"، کە تایبەت بە جیهانی منداڵانی کوردستانە، لە نووسینی خاتوو "زڵێخا بەهمەنی"، شاعێر و نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە نیگار و وێنەی ڕەنگاڵەی تایبەت بە منداڵان، لەلایەن خاتوو "سومەیە عەلی‌پەنا" ئامادە کراوە و لەلایەن دەزگای چاپەمەنیی "ئیدەئال" و وەشانگەی "پەرتووک" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراوەتەوە. لە هەواڵەکەی ناوەندی نووسەرانی کوردستاندا هاتووە: خاتوو "زڵێخا بەهمەنی" لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاندووە کە لەم کۆمەڵەشێعرە بۆ زارۆکەکانی نیشتمان، ڕەنگەکانی سوور، زەرد، نارنجی، لەگەڵ سەوز و ئاوی (شین) و نیلی و بەنەوش یەک ‌بەدوای یەک دەستەمەلانی شێعر دەبن و دەبنە میوانی منداڵان، هەر یەکەیان بە تام و بۆنێکەوە لە چوارچێوەی تابلۆیەکی جواندا خۆیان دەنوێنن و باوەش بۆ خۆزگەی منداڵانی دڵپڕ لە خۆزگەی نیشتمان دەکەنەوە. شایانی باسە کە ئەم کۆمەڵەشێعرە بە دیاری بەسەر منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دابەش دەکرێت.