کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانێکی نوێی ڕێژیم لە شاری شنۆ

14:49 - 4 خەزەڵوەر 2721

سپای تێرۆریستی پاسداران خەریکی داڕشتنی پیلان و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەی شنۆیە. ماوەی ١٥ساڵە لەنێوان دوو ئاوایی "هێیە ومیراوێ"ـی سەر بە شاری شنۆ لەسەر کانیاوێک بە ناوی "کانی تەنگە کوڕ" کە لە چیای "تەنگە کوڕ" هەڵکەوتووە ئارێشە و کێشە لە ئارادا بووە؛ پێشتر ئاوی ئەو کانیاوە بۆ ئاوایی‌یەکانی خوارتری خۆی بە ناوی "هێیە و دروو" دەڕۆیشت، بەڵام دواتر بەهۆی جۆماڵ کردنی بە "گریدێر" لەلایەن خەڵکی "میراوێ" ڕێڕەوی ئاوی کانیەکە گۆڕدراو و بەم هۆیە ئاوایی "هێیە" تووشی کێشە و قەیرانی بێ‌ئاوی بووە. لەم نێوەدا زۆرجار کەسانی خەمخۆری شاری "شنۆ" لە پێناو پێشگرتن و تەشەنە نەسەندی کێشە و ئاژاوە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی دەستی ئاشتی و سازانیان درێژ کردووە و بە هیممەتی ئەوانیش ڕێکەوتن کراوە. بەڵام سپای دژەگەلیی پاسداران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ڕێککەوتنەکەیان لەبار بردووە و هاوتەریب لەگەڵ پیلانگێڕی سپای پاسداران ڕۆشتوونەتە پێش و سەرلەنوێ ئاژاوەکە سەری هەڵداوەتەوە. جێی ئاماژەیەکە ئێستا کە شەڕ و ئاژاوە جارێکی‌تر سەری هەڵداوەتەوە ، کەسانێک کە چەندین ساڵە ماڵیان لەو دوو گوندە نەماوە و تەنانەت لە شاری شنۆش نین، بۆ خۆش‌کردنی ئاگری شەڕ و ئاژاوەگێڕی لەنێوان خەڵکدا گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە و ڕێگای هاتوچۆی خەڵکیان داخستووە و چەند کەسێک لە خەڵکی هەر دوو ئاوایی "میراوێ" و "هێیە" بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و هەروەها خۆش‌خزمەتی بە ڕێژیم، تەنانەت ئاوی خواردنەوە و ڕێگاوبانیان لەسەر خەڵکی مەدەنی ئەو دوو گوندە داخستووە، کە ڕۆڵی پیلانگێڕانەی سپای پاسداران لە هەر دوو لایەنەکە بوونی هەیە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەو پێوەندییەدا داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی ئاواییەکانی هێیە و میراوێ دەکا کە ئیزن بە سپای پاسداران و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم نەدەن درێژە بە ئاژاوەنانەوە بدەن و خۆیان بە تەبایی و برایانە کێشەکەیان چارەسەر بکەن.