کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و بژێوی ژیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی قەیران

15:17 - 4 خەزەڵوەر 2721

بەهۆی بێکاری و قەیرانی ئابووری، توانایی کڕینی شتومەکی پێویستی ژیان لە نێوان کرێکاران لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئاستێکی زۆر دابەزیوە. ماوەیەک پێش ئێستا وەزیری کشتوکاڵی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: نرخی شیر و لەبەنیات ١٠ بۆ ١٥ لەسەد دادەبەزێندرێت؛ بەڵام تاکوو ئێستا نەک هەرزان نەبووە، بەڵکوو دوای ئەو بەڵێنە گرانتریش بووە. گرانبوونی شیر و بەرهەمەکانی بووە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک نەتوانن ئەو خواردەمەنییە پێویستە بۆ بنەماڵەکانیان دابین بکەن و یەکەم قوربانی گرانییەکان هەمووکات خەڵکی ئاسایی و کەم‌داهاتی کۆمەڵگان و چکۆلەبوونەوەی سفرەی کرێکاران و داهاتی ئەوانەی کە بەشێوەی حەقدەسی ڕۆژانە کار دەکەن، بەشی ئەوە ناکات بیر لە کڕینی شیر و بەرهەمەکانی بۆ بنەماڵەکەیان بکەنەوە و ئەوە دەسکەوتی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی دنیا. بەرهەمهێنەران و چالاکانی بەشی ئاژەڵداری ئەو بەڵێنانەی کە لەلایەن وەزیری کشتوکاڵ دراوە، تەنیا بە قسەیەکی بێ‌بنەما و خەیاڵی دەزانن، چوون کێشەکە لە گرانی تفاق و داودەرمانی ئاژەڵان دایە کە دەبێتە هۆی ئەوە کە لە کۆتایی‌دا نرخی تێچووی شیر بڕواتە سەرەوە و قازانجێک لە بەرهەمهێنانی‌دا نەبێ. ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باس لەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان بووەتە هۆی نەمانی چەندین خۆراکی سەرەتایی وەکوو هێلکە و شیر و ماست و پەنیر لەسەر سفرەی خەڵک و بەدخۆراکی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.