کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کەسایەتییەکی کولتووری و هونەری لە مەهاباد

14:04 - 5 خەزەڵوەر 2721

"کەریم تەلایی" چالاکی کولتووری و خاوەنی تۆمارگەی تەلایی لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، "کەریم تەلایی" کەسایەتیی فەرهەنگی و خاوەنی تۆمارگەی تەلایی لە شاری مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک کەریم بە دامەزرانی تۆمارگەی تەلایی لە ڕێگای ئارشیوکردن و پاراستنی بەرهەمە نەتەوەییەکانی هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی کورد و هەروەها تۆمارکردنی دەیان ئاڵبۆمی هونەرمەندانی بەناوبانگی کوردستان، خەزێنەیەکی دەوڵەمەندی لە بواری کولتوورییەوە لە چوارچێوەی وێنە و دەنگ، لەدوای خۆی بۆ گەلەکەی بەجێهێشت. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچێ‌دوایی کەسایەتیی فەرهەنگی، خوالێخۆشبوو کەریم تەلایی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و هۆگرانی هونەر و چاندی کوردی و سەرجەم چالاکانی کولتووری لە کوردستان‌دا دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.