کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حەوتەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعیی کوردستاندا

17:45 - 6 خەزەڵوەر 2721

هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداری لە حەوتەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعیی کوردستاندا کرد. ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەر  ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ی زایینی، هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حەوتەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعیی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداری کرد. لەو کۆنگرەیەدا دەیان حیزب و کەسایەتی لە ئاستی بەرزدا بەشدارییان کرد و کۆنگرەکە چەند ڕۆژێک لە بەرنامە و کار و ئەرکەکانیدا بەردەوام دەبێ. شایانی باسە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان دوو دۆستی لەمێژینەن و هاوپێوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ یەکتر هەیە. هەر بەم بۆنەیەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی حەوتەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعیی کوردستان کرد کە دەقی پەیامەکە بەمشێوەیە. بەڕێز مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان! لەگەڵ سڵاو و ڕێز، بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی شیوعیی کوردستان، دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ئه‌ندامانی به‌شدار، هیوادارین کۆنگره‌که‌تان بە ڕاپەڕاندنی ئەرکە دەست‌نیشانکراوەکان بە سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی بێنێ. حیزبی شیوعیی کوردستان وەک حیزبێکی خاوەن ڕابردووی پرشنگدار و حیزبێکی بەهەڵوێست لە پرسی نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا، لە بارودۆخێکدا کۆنگرەی خۆی دەبەستێ کە گۆڕانکارییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و عێڕاق بەتایبەتی بەردەوامن و ئەم ئاڵۆگۆڕانە سەرنجەکانی لەسەر هەرێمی باشووری کوردستانیش زیاد کردووە. هێوای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ کۆنگره‌ی حەوتەمی حیزبه‌که‌تان، ئه‌رکه‌کانی خۆی چ له‌ بواری هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه‌، چ له‌ بواری په‌سندکردنی بڕیار و ڕاسپارده‌کان لەپێناو سەرخستنی بەرنامە و پڕۆژەکانی ڕێکخراوەیی و سه‌رجه‌م کار و ئه‌رکه‌کانی دیکه‌دا، به ‌سه‌رکه‌وتوویی جێبه‌جێ بکا. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی شاره‌زای مێژووی پڕ له‌ قوربانیدان و سه‌روه‌ریی حیزبی شیوعین، ئاره‌زوو ده‌که‌ین ئه‌و حیزبه‌ ڕۆڵی شیاوی خۆی له‌ ئاڵوگۆره‌کانی ئێستا و له‌مه‌ودوادا ببینێ و بڕیار و پەسندکراوەکانی کۆنگرەکەتان لەپێناو گەیشتنی گەلی کورد بە مافە ڕەواکانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، وەڵامدانەوە بەو گۆڕانکارییانە بێ کە لە ناوچەکە ڕوو دەدەن. حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان پێوەندییەکی لەمێژینەی پشت‌قایم و گەرموگوڕ و هاوپێوەندیی نەتەوەییان لەگەڵ یەکتر هەیە و لەگەڵ بەرزنرخاندن و پێداگریمان لەسەر ئەو پێوەندییە لەمێژینەیە، جارێکی دیکەش سه‌رکه‌وتنی کۆنگرەکەتان بۆ به‌ئاوات ده‌خوازین. حیزبی دێموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی