کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەریاچەی زرێبار مەترسیی وشکبوونی لەسەرە

13:30 - 13 خەزەڵوەر 2721

ئاوی دەریاچەی زرێباری شاری مەریوان چل لە سەت کەمی کردووە و مەترسیی وشکبوونی لەسەرە. بەپێی خەسارناسیی کارناسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاوی دەریاچەی زرێباری شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا بیست میلیۆن میتری سێجا کەمی کردووە و ئەم ڕێژیەش چل لە سەتی ئاوی ئەو دەریاچەیە دەکات. کارناسان کەمکردنی ئاوی ئەو دەریاچەیە بەو ڕێژە زۆرەوە، بە مەترسییەکی جیددی بۆسەر دەریاچەکە دەزانن و ئەمەش خەسارێکی زۆر گەورەیە بۆسەر ژینگەی کوردستان و بە تایبەت شاری مەریوان؛ ئەگەرچی ئاوی دەریاچەی زرێبار بەرەو وەشکبوون دەچێت و پێشتریش ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان و پارێزگای سنە و هەروەها کارناسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەیەوە چەندین جار ئاگادارییان بڵاو کردبووە، بەڵام تاکوو ئێستا بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم هیچ بایەخێکیان ئەوتۆیان بە چارەسەرکردنی ئەو مەترسییە نەداوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێیەکانی مەریوان؛ "ئیبراهیم هێمت‌بولەند"، بەرپرسی بەڕێوەبەریی پاراستنی ژینگەیی ڕێژیم لە شاری مەریوان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە ڕایگەیاند: "دەریاچەی زرێبار کە شەست میلیۆن میتری سێجا ئاو دەگرێت، هەنووکە بیست میلیۆن کەمی کردووە و تەنیا چل میلیۆن میتریسێجا ئاوی تێدا ماوە و سەرەڕای وشکەساڵی لە ناوچەکە، بەڵام ئێکۆسیستەمی ئاویی ئەو گۆلە زیندووە و ڕوو لە گەشەکردنە".