کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێما نەتەوەییەکان، ڕەمز و نیشانی نیشتمانن

23:19 - 15 سەرماوەز 2721

نیشتمان ئەو سەرزەمینەیە کە مرۆڤ لێی لەدایک دەبێ. ئەو خاکەیە کە بەلای ئینسانەوە پیرۆزە. ئەو وڵاتەیە کە تێیدا گەورە دەبێ. ئەو مڵکەیە کە ئیتر دانیشتووی ئەوێی. لە زۆربەی شوێنەکانی ئەو جیهانە بە نیشتمان دەڵێن: "دایک". کەوابوو نیشتمان لەباری ڕێز و خۆشەویستی و گرینگی و جوانییەوە هاوتەرازە لەگەڵ دایک. دایک، ئەویش نۆ مانگ کۆرپە لە هەناوی خۆیدا پێ دەگەیەنێ و کاتێک جگەرکۆشە چاویشی بە دنیا دەپشکوێ و بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێ، ئەوە هەر دایکە پتر لە هەر کەسێک چاوی لەسەر هەڵناگرێ و هەر خۆشەویستیی دایکە دەبێتە هەوێنی ژیانی ئەو مرۆڤە. کەوابوو ئێمەی مرۆڤ، وەختێک لە هەناوی ئەو نیشتمانەدا پێ دەگەین و چاومان بە دنیا دەپشکوێ و دەژین، پێویستە هەمان خۆشەویستی‌ کە بۆ دایکمان هەیە، بۆ نیشتمانیشمان هەبێ. ئا لێرەدا وێژەکانی "نیشتمانی دایک جوانە، باوەشی نیشتمان گەرمە، دڵی نیشتمان بەسۆزە، فێرگەی نیشتمان بەوەجترین شوێنی پەروەردەیە و..." لەخۆڕا نەهاتوونەتە نێو ئەدەبیاتی گەلانی جیهان. یونانی و ڕۆمییەکان لە سەردەمی خۆیاندا، نیشتمانیان بە باوک شوبهاندووە، چونکە باوکیان بە ڕەمز و نیشانەی باروەری زانیوە و هیچ شتێک بەقەرا نیشتمان بەلایانەوە پیرۆز نەبووە. وێژەکانی پاتریدا(١) و پاتریۆتیسم، نیشتمان و نیشتمانپەروەری بەرلە هەر خەڵکێکی‌تر لەلایەن ئەوانەوە پێناسە کراون. ئەوان هەردەم گوتوویانە کە هیچ شتێ پیرۆزتر لە نیشتمان لەگۆڕێدا نییە کە بایەخ و گرینگیی ئەوەی هەبێ تۆڵەی بۆ بستێنییەوە و خۆی بە قوربان بکەی. بەلای ئەوانەوە ماقوڵ نییە کەسێکی خاوەن ڕێز کە لە سەر خاکێکی پیرۆز لەدایک بووە، گەورە بووە و پەروەردە کراوە و بە ئامانجەکانی گەیشتووە، بێ و بڵێ نیشتمان هیچ و بێ‌بەهایە و بە چاوی سووک سەیری بکا. ئەوان دەڵێن نیشتمان واتە ئەو سەرزەمین و خاکەی لەسەری دەژین و لێی لەدایک بووینە و ئەرکی سەر شانمانە بیپارێزین و ناخوازین چ جارێ کۆچ بکەین و جێی ‌بهێڵێن، چونکە کەس حەز ناکا بێشکەی بەختەوەرییەکانی خۆی جێ بهێڵێ. ئەو سەرزەمینە وڵاتێکە، دایکێکە شیر بە کۆرپەی خۆی دەدا و هیچ جگەرگۆشەیەکیش دڵی بەرەدایێ نادا دایکی تووشی ئازار بێ. هەر لەو بابەتەوە یووانیس پۆلێمیس یەک لە شاعیرەکان بەو جۆرە دەدوێ: " نیشتمانی ئێمە چییە؟ نەکا چەند دەشتێک بێ؟ یا هەر تەنیا کۆمەڵە شاخێکی هەڵنەکۆڵدراو، خۆرێکی تیشک‌زێڕین و چەند ئەستێرەیەکی درەوشاو؟   نەکا دەڤەرێک و چەند گوندێ یا دوورگەیەکی تەماوی و بەحرێکی تەنک و دەشتێکی پان‌وگۆڕ بێ؟   نەکا هەرتەنیا خاکێکی کاول و چۆلکراو کە پڕ بێ لە ئاسەوارە کۆنی ئاوزێڕکراو لەو ئاسەوارانەی دەستکردی هونەرن و هونەریش ئەبەدییەتی پێ‌بەخشیون بەڵێ، نیشتمانی من هەمووی ئەوانەن! ئەمیش و ئەویش و گەلێکی‌تر کە نەدیون   لەگەڵ هەستێک لە دڵماندا ئەو هەستەی وەکوو تیشکی خۆر دەدرەوشێ، هاوارە و دەخرۆشێ: "بۆ پێشەوە هاوڕێیان" زۆر بە نهێنی لە هەناوی یەک‌یەکماندا   کە لێمان ڕوون بۆوە وڵات چییە، ئەوکات نیشتمانپەروەرییش خۆی لە خۆیدا دەبێتە فەرهەنگ و تێگەیشتنێک لە زەینی تاک‌تاکی کۆمەڵگاکەدا. ئەویش تێگەیشتنێکی گرێدراو بە عەشق و خۆشەویستی بۆ گەل و خاکەکەی و ئامادەبوون و فیداکاری ئەو تاکانە بە مەبەستی پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریی ئەو نیشتمان و خاکەی باسی‌ دەکەین و بەرگری‌کردن لە شوناسی میللی نەتەوەیی فەرهەنگییەکەی دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی بەسەر شانی هەمووماندا. دیارە زۆربەی جاران لە کات و ساتی ئەو فیداکاری و قوربانیدانەدا نەیارەکانیش ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن و تێکۆشانی میللەت بە زێدەخوازی دادەنێن. وەک ڤۆڵتێری فیلۆسۆف و نووسەری فەڕانسەوی لەوبارەوە قسەیەکی بەجێی هەیە و دەڵێ: "ئەوە چارەنووسی مرۆڤەکانە، هەرکات گەورەیی نیشتمانی خۆیان ئارەزوو بێ، خێرا مانای خراپەویستیی دراوسێیەکانی لێ دەکەوێتەوە." بەڵێ، ئەوە یەک لەو هەستە نەگریسانەیە کە بەدرێژایی سەدەکان لەلایەن دراوسێیەکانەوە بووەتە مایەی خوڵقاندنی چارەڕەشی بۆ کورد لەسەر خاکەکەی خۆی، چونکە چاویان بە سەربەستی و باڵاکردنی ئەو نەتەوەیە هەڵنایە. وەختێک لێمان ڕوون بۆوە نیشتمان چ نرخێکی هەیە، پێویستە ئەوەش بزانین هەر ئەو نیشتمانە، ئەو مەوتەنە چەند هێمایەکی بەوەجیشی هەیە کە وەکوو پێناسەی نەتەوەیی کەڵکیان لێ وەردەگیرێ و بە هێما نەتەوەییەکان ناسراون. ئەوانە بە هێمای ئەو کۆمەڵگەیە دەگوترێن کە دەخوازێ وەکوو وڵات و نەتەوەیەک خۆی بناسێنێ، جا سەربەخۆ بێ یا ژێردەستە، خاوەن دەوڵەت بێ یا لە هەوڵی خۆڕزگارکردندا. ئەو هێمایانە لە هەمووی ئەو حاڵەتانەدا دەبنە هۆکارێک بۆ یەکگرتوویی تاکەکانی ئەو گەلە لە کۆمەڵگەدا، ئەویش بە خوڵقاندنی تابڵۆیەکی عەینی و زێهنی و زیندووکردنەوەی نرخ و ئامانج و مێژووی مرۆڤەکان. سێ لە سەرەکیترین و گرینگترین هێماکانی نەتەوەیی گەلانی جیهان دەبێ بڵێم ئەوانەن: سروود، نیشانی نەتەوەیی و ئاڵا. نەتەوەی کورد لە کۆنەوە لەگەڵ سروود و ئاڵا ئاشنایە. گزنفۆن لە کتێبی مێژوویی "ئاناباس"دا بەڕوونی ئاماژەی پێ دەکا و دەڵێ وەختێک گەیشتینە وڵاتی کاردوخەکان، هەموویان سەر دوندی چیاکانیان گرتبوو و ئامادەی شەڕ و بەربەرەکانی دژی ئێمە بوون. ئەوان پێیان‌وابوو ئێمە داگیرکەرین. هەرکە شەڕ دەستی پێ کرد، ئەوان بە ئامێرێکی بلوێری هەوایەکی موسیقییان ژەنی و "سروود"ێکیان دەگەڵ گوتەوە و پەلاماریان دەست‌ پێ کرد... . بۆ بابەتی ئاڵاش، کورد وەکوو گەلانی‌تر خاوەن کەوڵێکی چەرمی و دواتر پارچە بووە و هەرجارێ بە هێما و بابەتێک نەخشاندوویەتی. ئەوەی کەمتر لەلای کوردەکان دیتراوە، هێمای سەرکەوتنی نەتەوەییە، یا هەمان نیشانی نەتەوەیی ئەمڕۆ، کە زۆربەی زۆری گەلان هەیانە. یونانی و ڕۆمی و میسرییەکان هەرکاتێ لە شەڕێکدا سەرکەوتبن، خێرا هێمای سەرکەوتنی وڵاتەکەیان لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا چەقاندووە. هەر ئەو هێمایە لە سەردەمی مۆدێڕنی ئێستادا بووەتە میداڵی ئیفتیخاریش و لە بەرۆکی قارەمانەکانی نەتەوەیی دەدرێ. سروود و ئاڵا و نیشانی سەرکەوتن (نیشانی نەتەوەیی)، مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێویان تێپەڕ کردووە و بەردەوام ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، هەڵبەت هەوڵی تەواو دراوە نێوەرۆکی ڕەسەنی خۆیان وەکوو ڕەنگ و مەبەست و مێژوو و بەیتە شێعرییەکانیان بپارێزن. ئەوەش لەبەر ئەوە بووە، کە ئەو هێما نەتەوەییانە خاوەن ڕێز و نرخی تایبەت تا سنووری پەرستن لەلایەن گەلانی خۆیانەوە بوون. بۆ وێنە ئاڵای یونان لەبەر ئەوەی خاوەن ڕەنگی شینی بەحرە و سەلیبی ئایینەکەیان و نۆ خەتی سپی کە واتای نۆ پیتی وشەی ئازادی دەدا، ڕووبەرەکەی ڕازاندووەتەوە. هەرکات حکوومەتەکانی ئەو وڵاتە گەرەکیان بووبێ شتێکی لێ کەم و زیاد‌ بکەن، ئەو سێ خاڵەی باسم لێوەکردن، خەتی سوور بوونە و کەس بۆی نەبووە بیان‌گۆڕێ. بە هەمان شێوە ئاڵای فینلەندییەکان ئەوەندە بەلای خەڵکی خۆیانەوە خاوەن ڕێزە تەنانەت کۆمپانیا خاوەن دەسەڵاتەکانیش بەپێی یاسا بۆیان نییە وەکوو ڕێکلام بۆ کەرستەکانیان کەڵکی لێ وەرگرن. ئەگەر بڵێین تەمەنی ئاڵا بەپێی زانیارییەکان بەقەرا مێژووی مرۆڤە، ڕەنگە زێدەڕۆییمان نەکردبێ، هەڵبەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جسنی ئاڵاکە. چوونکە وەختێک گەشتێک بە نێو مێژوودا دەکەین لە قوڵایی هەناوی ئەودا چاومان بە گەلانێک دەکەوێ، لەجیات ئاڵای چەرم، کەللـەسەری ئاژەڵ و مرۆڤەکانیان بەسەری دارەکانەوە کردووە و چەقاندوویانە. لەو پێوەندییەدا لە کتێبی "ئەنسیکلۆپێدیای سوودا"ی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی بیزانسی ڕۆمی، هاتووە کە هۆزە سکیتییەکان بەردەوام کەللـەسەریان بەسەری دارێکەوە کردووە و ئەوە ئاڵای ئەوان بووە. تەنانەت هێرۆدۆتیش لە مێژووی خۆیدا باسیان دەکا. ئەوەش بڵێم، کە ئاڵا تەنیا هێمایەک نەبووە کە لە ویشکایی کەڵکی لێ وەرگیرێ، دواتر گەلانی سەر ئاوەکانیش بوونەتە خاوەن ئاڵا و لەسەر گەمییەکانیان شەکاوەتەوە. بەپێی هەندێ زانیاری باس لەوە دەکرێ یەکەمجار لە سەردەمی کۆندا چینییەکان بوون ئاڵایان بەرز کردووەتەوە و دواتریش بەپێی ئینجیلی قەدیم یونانییەکان لەجیات ئاڵا، هەندێ سیمبۆلیان دەست‌ داوەتێ کە یا ئەلفوبێیەکەیان بووە یا هێمای ئاژەڵانی وەکوو شێر، کەڵەکێوی و هەڵۆ و هتد. بەپێی توێژینەوەکان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو ئاڵایانە پتر لە مەیدانەکانی شەڕدا بەدەست سپای وڵاتانەوە بووە و بەمانای ئەوڕۆیی ئەگەر لێی بڕوانین، ئەوانە هەر لەو گۆڕەپانانەدا ڕەسمییەتی خۆیان دەستەبەر کردووە و لەوێشەوە بوونەتە ئاڵای پاشایەتی و ئیمپراتۆریەتەکان. ئاڵای فەرمی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ساڵی ١٧٧٦ی زایینی لە وڵاتی ئەمریکا چەقێندراوە و ساڵی ١٧٧٧یش لەلایەن گۆنگرێس بەڕەسمی ناسراوە. دوای ئەمریکییەکان، ئەوجار فەڕانسەوییەکان ئاڵای سێ‌ ڕەنگیان لە ساڵی ١٧٩٠ی زایینی کردە هێمای ڕەسمیی وڵاتەکەیان. وەختێک سەیری ئاڵای زۆربەی وڵاتان دەکەین، بێ‌ئارایشییەکی جوانیان تێدا بەدی دەکەین و گەلێک سادەن و ڕەنگە ئەوەش لە سادەبوونی ئاڵای فەڕانسەوییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێ. هێماکانی سەر ئەو ئاڵایانە ڕیشەیان لە کولتووری نەتەوەکانیان ‌داکوتاوە. یونانییەکان ئازادی و دەریا و خاچیان بەلاوە گرینگ بووە. کاناداییەکان گەڵای پەنجەیی پێنج‌گۆشەی داری ئەفرای قەندییان کردووەتە سیمبۆل، چونکە بە فراوانی کوێستانەکانی ئەو وڵاتەی داپۆشیوە و جوانە و لە پاییزدا جوانتریش دەنوێنێ و بۆ دروستکردنی کەرستە چێوییەکان نەخشی گرینگی هەیە. ئاڵمانییەکان کەڵکیان لە سێ ڕەنگی ڕەش و سوور و زێرین وەرگرتووە و ساڵی ١٨٤٨ وەکوو ئاڵای فەرمی ناسێندراوە. هەرچەند ئەو وڵاتە دواتر دابەش ‌بوو، بەو حاڵەش ئاڵاکە هەروەکوو خۆی مایەوە و تەنیا بەشی ڕۆژهەڵات چەند هێمایەکی کۆمۆنیستییان پێوە زیاد کرد، ئەگەرنا ڕەنگەکان لەجێی خۆیاندا دەستیان لێ ‌نەدرا. تەنانەت جاری واهەبووە کە وڵاتێک کەڵکی لە ڕەنگ و هێماکانی وڵاتێکی‌تر وەرگرتووە و بە ئاشکراش ڕایگەیاندووە. وڵاتی سویس، لەسەر ئاڵای سوور، خاچێکی سپیی داناوە کە ناسراوە بە خاچی یونانی، چونکە یونانییەکانیش هەمان خاچیان لەسەر ئاڵاکانیان هەیە و هەموو قۆڵەکانی بەقەرا یەکن. یا سویدییەکان ئێستاش بەلایانەوە گەلێک ئاساییە کە ئاڵاکەیان ساڵی ١٤٤٢ ئیلهامی لە ئاڵای دانمارک وەرگرتووە و تەنیا ڕەنگی شینی ئاسمانی بووەتە تەختی ئاڵا و خاچەکەشی بە ڕەنگی ئاڵتوونی نەخشێندراوە. سروودیش وەکوو ئاڵا پیرۆزیی خۆی هەیە. ڕیزی لێ ‌گیراوە و ڕێگەپێنەدراو بووە کە ئاڵوگۆڕی تێدا پێک‌بێنن. لە بەشی هەرە زۆری سروودی گەلاندا باس لە ئازادی و سەربەخۆیی گەلی خاوەن سروودەکە کراوە. خۆشەویستیی خاک و مەوتەن زەق کراوەتەوە و بە شتێکی پیرۆز داندراوە. لە نێوەرۆکیدا کەمتر لە وشەی خوێن کەڵک وەرگیراوە، بەڵام خۆشەویستی بۆ نیشتمانی تێدا کراوەتە بنەما. بۆ وێنە وەختێ گوێ لە سروودی وڵاتی سوید دەگرین، هەرچەند ناوی سوید بە زەقی تێیدا نەهاتووە، بەڵکوو لەجیات ئەو وشەی باکوور دێ، بەو حاڵەش وەسفی جوانی ئەو بەشە لە گۆی زەوی‌ دەکا: ئەی بەساڵاچوو، ئەی سەربەست، ئەی باکووریی کوێستانی ئەی ئارام، ئەی تژی لە جوانی و شادمانی سڵاوت لێ بێ، ئەی ڕازاوەترین سەرزەمینی ئەو جیهانە بە خاکت، بە ئاسمانت، بە شیناورد و دارستانت تۆ لەسەر مێژووی پڕشکۆی رابردووت دانیشتووی وەختێ ناوی تۆ بە سەرفیرازی لە سەرتاسەری دنیا دەنگ دەداتەوە ئەوکات دڵنیا دەبم تۆ هەی، دەبی و چی بوویە بەڵێ، بۆیە دەخوازم لە باکوور بژیم و لە باکوور بمرم.   هەر ئەو سروودە فەرمییەی وڵاتی سوید سەرەتا ساڵی ١٨٤٤ لە دوو بەشدا نووسراوە، لە یاسای سویددا وەکوو سروودی نەتەوەیی دیاری ‌کرا. ساڵی ١٩١٠ هەوڵ درا چەند بەیتێکی پێوە زیاد بکرێ و ساڵی ٢٠٠٠یش ژمارەیەک پارلەمانتار ویستیان بەیتی یەکەم دەستکاری ‌بکەن، بەڵام نە جاری هەوڵێ ڕێگە بە زیادکردنی درا و نە جاری دواییش کۆمیتەی پارلەمانی ڕێگەی دا دەستکاری بکرێ. نیشانە نەتەوەییەکان شێوەی سروود و ئاڵاکان سادە نیین و زۆریش ئاڵۆزن، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن هێما میتۆلۆژییەکانن. پیاو کە سەیری نێوەرۆک و مێژووی هەرکامیان دەکا، دەبینێ خوێن، هەڵۆ، شمشێر، ئەژدیها، گۆڕەپانی شەڕ، ئاگر و زۆر بابەتی دیکە لەواندا دەبینێ. لە نیشانی نەتەوەیی سویددا دوو شێری تووڕە تاجی پاشایەتی دەپارێزن، لە هی فەڕانسەوییەکاندا شێر و هەڵۆ پاسەوانی لە دوو پیتی "ف" و "ڕ" دەدەن و داربەڕوو و داری تیروێ زەق ‌کراونەوە. ڕووسەکان نیشانی نەتەوەیی خۆیان بە هەڵۆی دوو سەری تووڕە و حەزرەتی جرجیسی موقەددەس کە خەریکی کوشتنی ئەژدیهایە، ڕازاندووەتەوە و هۆلەندییەکانیش پشتیان بە شێرەکانیان بەستووە و سێ شێریان داناون کە دوویان تاجی پاشایەتی ڕادەگرن و شێری سێهەم بەدەستێک شمشێری ڕاگرتووە و بەدەستێکیش کۆمەڵێک تیر. ئۆتریشییەکان کە ئەوانیش وەختی خۆی خاوەن ئیمپراتۆری بوون، هەڵۆی ڕەشی زمان سوور کە بە دەستێک داس و بە دەستێکیش چەکوچ ڕادەگرێ، زنجیری کۆیلەتی دەپسێنێ. ئینگلیسییەکان لەوەشدا جیاوازن، لەسەر پاشخانی سوور، سێ شێری دڕندە دیارن کە چنگ و ددانەکانیان زەق کراونەوە. کەوابوو لەخۆڕا نییە کە بەدیتنی هەرکام لەو نیشانە نەتەوەییانە، مرۆڤ خێرا شەڕ و خوێنی بیر دەکەوێتەوە و کە لە زەینی خۆشیدا مێژووی ئەو دەوڵەتانە وەرد‌دەداتەوە، دەبینێ کە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا چۆن خوێنی گەلانی ژێردەستەی خۆیان ڕشتووە و لە ئازادی بێ‌بەشیان کردوون. بە واتایەک نیشانی نەتەوەیی بە قیمەتی خوێنی میللەتانی ژێردەست، کە ئەمڕۆ تەنانەت وەکوو میداڵی ئیفتیخار لە یەخەی قارەمانەکانیان دەدرێن. ناتوانم بڵێم کوردیش ئەگەر خاوەن دەسەڵاتێکی ئەوتۆ بایە بەو جۆرە هەڵسوکەوتی دەکرد، چونکە بە خوێندنەوەی میژووی ئەو نەتەوەیە، بە دەست‌نیشان‌کردنی هێماکانی بۆمان دەردەکەوێ جیاوازییەکی بەرچاو هەیە. کورد نە لە سروودەکەیدا و نە لە سەر ئاڵاکەی ڕەمز و نیشانی زێدەخوازی دانەناوە و نیشانی نەتەوەییشی نییە کە شێر و هەڵۆکانی هەڕەشە بکەن و چنگ و ددانیان بەخوێن بێ. خاوەن ئاڵایەکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٧ی زایینی، واتە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئارارات بە سەرکردایەتیی ئیحسان نووری پاشا. هەر ئەو ئاڵایە، بەو ڕەنگانەی هەیبوو لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد کەڵکی لێ وەرگیرا و دوایین جار لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ی زایینی لە پارلەمانی باشووری کوردستان پەسند ‌کرا. ڕەنگەکانی ئەو ئاڵایە گەشترین ڕەنگن. کە باسی جیاوازیی ئەو ئاڵایەم لەگەڵ ئاڵای زۆر نەتەوەی‌تر کرد، هیچ هێمایەکی ئایینی، نیژادی، جوغرافیایی لەسەر نییە. هەموو شاعیرە کوردەکان تەنانەت لە وەسفی ڕەنگی سووری ئەو ئاڵایەدا باسی خوێنی گیانبەختکردووانی ڕێگای ڕزگاری دەکەن، لەحاڵێکدا ڕەنگی سوور لە ئاڵای ڕەسمیی کانادادا، تەنیا لەبەر ئەوەی ساڵی ١٩٢١ پاشا جۆرجی پێنجەم حەزی‌ لێ بووە، دایانناوە و دەکرێ بڵێم هیچ پاشخانێکی ڕوحیی لە پشت نەبووە وەکوو ئەوەی کوردستان کە ڕێزگرتنی شەهیدانی مەبەستە. وەختێک سەوزەکەی دێنینە بەرچاو، شانازییەک بە مێشک و دڵماندا تێ‌دەپەڕی، لەبەر ئەوەی خاوەنی یەکێک لە جوانترین شوێنە جۆغرافییەکانی ئەو جیهانەین. بەدڵنیاییەوە قەت هەوڵیشمان نەداوە چەوسێنەر بین، داگیرکاری بکەینە فەرهەنگ و لە ڕەفتار و کرداریشدا خەیانەت بکەین، بەڵکوو هەردەم وەکوو ڕەنگی سپی ئاڵاکەمان دڵ و دەروونمان گەش و پاک و خاوێنە. خۆرمان کردووەتە جوانترین هێما، وەرگیراو لە فەرهەنگی ڕۆشنایی مێشک و ڕوح، ئەویش بە کۆمەڵێک تیشکی زێڕین کە پێمان دەڵێ نەورۆزی هەستانەوەی سروشت و ئینسان کەیە. کەوابوو پرسیارێک دێنمە گۆڕێ، ئەگەر ئاڵای کوردستان بەو جوانییە لەهەر بارێکەوە، کوتەپەڕۆیەک زیاتر نەبێ، ئەی ئاڵای بێ‌نێوەرۆکی زۆربەی وڵاتان دەبێ چی بێ کە ئەوەندە زۆر لەلایەن خەڵک و دەسەڵاتەکانیانەوە ڕێزی لێ دەگیرێ. خۆ پێشتر باسی نیشانی ئیفتیخاری ئەو دەوڵەتانم کرد کە چەندە خوێن لە داوێنیان دەچۆڕێ و لەژێر سایەی ئاڵاکانیشیان چۆن بە ڕووبار خوێنی خەڵکی بێدەسەڵات ڕشتراوە. خۆ سروودی نەتەوایەتی کورد واتە "ئەی ڕەقیب" هەڕەشەی لە کەس نەکردووە. تەنیا دیالۆگێکە لەنێوان تاکی کورد و نەیارەکەی. تاکی کورد بە زمانێکی سادە پێی ‌دەڵێ کە تۆ ناتوانی من بفەوتێنی، چونکە تۆپی زەمانیش نەیتوانیوە ئەو کارە بکا: ئەی‌ ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان   کە باسی خوێنیش دێتە گۆڕێ، مەبەستی هەڕەشە نییە و دەڵێ: لاوی کورد ھەستایە سەر‌ پێ وەک دلێر تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان   واتە خوێنی لاوی کورد دیسانیش لەپێناو گەشەی ژیاندا بەخت‌ دەبێ نەک بەدیاری هێنانی مەرگ بۆ مرۆڤەکانی‌تر. ئەگەر وایە، ئاڵای کورد لەباری ئەخلاقی و مانا و نێوەرۆک و ئامانجەوە ئەگەر لە ئاڵای وڵاتانی‌تر بستێک سەرتر نەبێ، نزمتر نییە. ئەگەر ئەوان دەزانن ڕێز لە ئاڵای خۆیان بگرن، تاکی کوردیش دەبێ لەگەڵ ئەو فەرهەنگە ڕابێ. تاسۆس لیڤادیتیس لە وەسفی دەستکەوتنی ئاڵادا جوانی گوتووە:   "ئاڵاکان " شەو دادەنیشتین و لەسەر کراسی خوێناویی گیان‌بەختکردووان، تابڵۆی بەختەوەریی داهاتووی جیهانمان نەققاشی دەکرد، ئا بەو چەشنە ئاڵاکان لەدایک بوون.   تاکی کورد با بۆ جارێکیش بێ قەناعەت بە خۆی بێنێ کە ئاڵای کوردستان مڵکی ئەو نەتەوە و نیشتمانەیە. مڵکی هیچ حیزب و حکوومەتێک نییە. سەیری وڵاتانی پێشووی سەر بە سۆڤییەت بکەن، ئەگەر سیستەمی دەسەڵاتداریەتیشیان گۆڕاوە، تەنیا چەکوچ و داسێک یا ئامێرەکیان بە ئاڵای پێشوویانەوە زیاد کردووە، بۆ وێنە ئاڵمانی شەرقی. میللەتانی دیکە هیچ‌کات بۆخاتری تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لە سیستەم و حوکمڕانی نەکردووەتە ڕق و کین بەرامبەر ئاڵا و سروود و نیشانە نەتەوەییەکانیان. ئەوان فێری ڕێزگرتنی هەر شتێکی خۆیانن. تەنانەت سەگێکی ئاوی، ڕێوی، ماسی یا دار و گوڵێک، چیا و ئەشکەوت و ڕووبارێک، ڕووەک و پێلاو و کڵاوێکیش دەکەنە نیشانی نەتەوەیی و بەوپەڕی ڕێزەوە دەیکەن بە وەسیلە بۆ ناساندنی خۆیان بە میللەتانی جیهان. تورکی دراوسێی ئێمەی کورد، بە چێشتی دۆڵمە و فارس بە قۆرمەسەوزی و یونانی بە خەیارماست دنیایان تێگەیاندووە کە نەتەوەیەکی خاوەن سەروەرین، بەڵام ئێمە سەدان بابەتی بەنرخمان هەیە و خۆمان لێ‌ بێبەری کردوون و گاڵتەیان پێ دەکەین و تەنانەت بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە ئاگریشیان تێبەر دەدەین. هەر تاکێکی کورد ئەگەر چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە کە سەربەست و بەختەوەر وەکوو میللەتانی جیهان بژی، سەرەتا دەبێ ئەو پەروەردەیە وەرگرێ کە نیشتمانەکەی بە هی خۆی بزانێ. خۆی لە هێماکان، شەهیدەکان و مێژووەکەی بە ڕەش و سپییەوە بەساحێب بکا. نابێ سامانی نەتەوەیی خۆی لەلا سووک بێ و گڵی خاکی بێگانە سوورمەی چاوی بێ. هەرکات لەو بارەوە سەرکەوت، ئەوسا بەدڵنیاییەوە شێرکۆ بێکەسەکانی ئەو وڵاتە، چارەنووسی نیشتمان وەکوو داهاتووی بێوەژنێک نابینن و ناڵێن: ئااااخ نیشتمان! ئه‌ی بێوه‌ژنه‌ به‌دبه‌خته‌ چاوسه‌وزه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. شووت به‌ هه‌موو وه‌رزکان کرد، شووت به‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌کان، ده‌نگه‌کان و بۆنه‌کان کرد، مەخابن گشتیان دەستیان بڕی و دەریان ‌کردی. *** ١- پاتێرا واتە باوک، پاتریارخی (باوک‌سالاری)، پاتریۆتیسم (نیشتمان‌دۆستی، نیشتمان‌پەروەری)