کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوخشاندنێک بە کتێبی "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی"

22:19 - 30 سەرماوەز 2721

"سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی"، کتێبێکە لە نووسینی زیندەیاد پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور، ٢٥٦ لاپەڕە و ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن "بنکەی ژین"ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. نێوەرۆکی کتێبەکە لەم بابەتانە پێک هاتووە: - سەرەتا: زمانی کوردی وەک گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی، - پێشەکی: تەقەللا بێسوودەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ، - وتووێژێک لەگەڵ تۆفیق وەهبی - محەممەد ئەمین زەکی: دوو تەقەللای بێسوود.   گرنگیی ئەم کتێبە: کتێبی "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا..." ئاوڕدانەوەیەکە لە مێژووی زمانی کوردی لە یەک سەدەی ڕابردوودا. هەم ئاماژە بەو دەرفەتانە دەکا کە لە ماوەی سەدەیەکدا بۆ بووژانەوەی زمانی کوردی، پێک هاتن، هەم ئەو ڕووداو و ئاڵۆگۆڕانە کە دۆخێکی سیاسی و گشتیی نەخوازراو و نالەباریان بۆ زمانی کوردی دروست کردووە. ئەو کێشانەش کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زمانی کوردی بەرەوڕوویان بووەتەوە و بۆچوونەکانی نووسەر لە بارەیانەوە ڕەهەندێکی دیکە لە گرنگیی ئەو کتێبە پێک دێنن.   زمانی کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا: مێژوویەک کە پرۆفیسۆر حەسەنپوور ئاوڕی لێ داوەتەوە لە ١٩١٨ەوە دەست پێ دەکا. لەو ساڵەوە "زمانی کوردی تووشی سیاسەتی زمانیی جۆراوجۆر بووە، لە زمانکوژیی (linguicide) تورکیە و ئێران ڕا بگرە هەتا گەشەپێدانی لە یەکیەتیی سۆڤیەت لە ساڵانی٢٠ەوە هەتا ١٩٣٧. لە نێوان ئەو دوو سیاسەتەدا، لە عێراق دەوڵەتی ئینتیداب و پاش ئینتیداب لەگەڵ زمانی کوردی هەڵیان دەکرد، بەڵام ڕێگەیان نەدەدا گەشە بکا و پەرە بستێنێ. فارسی و تورکی و عەڕەبی بوون بە زمانی ڕەسمی و دەوڵەتی و کران بە ئامرازی داڕشتنی نەتەوە-دەوڵەتی تورک، ئێرانی، عێراقی و سوورییەیی و تواندنەوەی گەلی کورد."(لاپەرەی ٧) دوای دامەزرانی دەوڵەتی عێراق، زمانی کوردی لە چاپەمەنی و خوێندنی سەرەتایی و کاری ئیدارەییدا کەم و کورت دەکار هات. لە ساڵی ١٩٣١، ڕێژیمی ئینتیداب لە پڕۆسەی سەربەخۆکردنی عێراقدا، بۆ ڕازیکردنی کورد و ئاسۆڕی و تورکمەن، "قانوونی لۆغاتی محەللی"ی بە سەر بەغدا داسەپاند و کوردی وەک "زمانێکی محەللی" بە شێوەیەکی قانوونی ناسرا.   زمانی کوردی لە سەرەتاکانی دامەزرانی دەوڵەتی داتاشراوی عێراقدا: پرۆفیسۆر حەسەنپوور لە سەرەتا و پێشەکییە دەولەمەند و تێر و تەسەلەکەی بۆ ئەم کتێبەدا، ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە جیبەجێکردن یا لە ڕاستیدا جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارە و کۆمەڵێک بڕیاری دیکەی پێوەندیدار بە مافەکانی کورد لە وڵاتی عێراقدا باس دەکا. هەم هەوڵەکانی ڕێژیمی شایەتی بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەو بەڵێنانە و بەرە بەرە خۆ لێدزینەوەیان شی دەکاتەوە، هەم تیشک دەخاتە سەر تەقەللای ڕۆشنبیرانی کورد بۆ چەسپاندنی ئەو مافانە و دەنگ هەڵبڕینیان دژی پەیمانشکێنییەکانی بەغدا. تۆفیق وەهبی و ئەمین زەکی بەگ دوو لەو ڕۆشنبیرانەن. لە باسکردنی تەقەللاکانی ئەو دوو ڕۆشنبیرەش پشت بە چەند بەڵگەنامەیەک دەبەستێ. یەک لەو دۆکیۆمێنتانە، وتووێژێکی خۆی (ئەمیر حەسەنپوور) لەگەڵ تۆفیق وەهبی لە ٢٨ی تەمووزی ١٩٧٦ لە لەندەنە. حەسەنپوور ئەم وتووێژەی بەو مەبەستە بوو کە لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی زمانی کوردی لە دەوڵەتی تازەدامەزراوی عێراق و تێکۆشانی ئەو بۆ ستانداردکردنی کوردی، زانیاریی لێ وەربگرێ. دووهەم دۆکیۆمێنت نامیلکەیەکە لەژێر ناوی "دوو تەقەللای بێسوود" لە نووسینی ئەمین زەکی بەگ. "زەکی وەک مێژوونووس ناسراوە. هەڵبەت زەکی خەریکی زمان و ئەدەبی کوردییش دەبوو، و لە مێژووی بەرنامەڕۆنانی (language Planning) زمانی کوردی گەڵالە کرد, بەڵام دەوڵەتی ئینتیداب دەنگی کپ کرد. لە زانستی زماندا، بەرنامەڕۆنانیز زمان دەکرێتە دوو بەش: بەرنامەڕۆنانی پلە و پایەی زمان (Status Planning) و بەرنامەڕۆنانی جەستە یان کەرەستەی زمان (Corpus Planning). زەکی لەو دوو عەریزەیەدا کە لە ١٩٣٠ و ١٩٣١دا بۆ مەلیک فەیسەل و مەندووبی سامی نووسی، ڕەخنەی لە "لایحەی لوغاتی محەللی" گرت و پێشانی دا کە ئەو بەڵگەیە پلە و پایەی زمانی کوردی نزم دەکا و دەبێتە "مانعی تەرەقی و تەکامولی زمانی کوردی" و " عەدل و عوود تەئمین ناکا".(لاپەرەی ١٠) لە ٢٠ی کانوونی دووهەمی ١٩٣٠دا ئەمین زەکی بەگ لەو پێوەندییەدا عەریزەیەک بۆ مەلیک فەیسەل دەنێرێ. لە٢٠ی مایسی ١٩٣١یشدا ڕەخنەکانی خۆی لە عەریزەیەکدا بۆ مەندووبی سامی نارد کە دیارە لایەنە پێوەندیدارەکان بە دەنگیەوە نەهاتن. ساڵی ١٩٣٥ ئەو دوو عەریزانە لە ژێر ناوی "دوو تەقەللای بێسوود" لە بەغدا لە چاپخانەی مەریوانی چاپکران، بەڵام  دەوڵەتی بەغدا ڕێگەی بڵاوبوونەوەی نەداوە.   ڕێفۆرمی زمانی بێ پشتبەستن بە تیۆری و میتۆدی زانستی: هەر وەک لە ناوی کتێبەکەیەوە دیارە، حەسەنپوور لە ڕەوتی باسکردنی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی کورد و زمانی کوردی لە عێراق، زۆر پرس و بابەتی گرنگی دیکەی پێوەندیدار بە زمانی کوردی باس دەکا. لە ڕاستیدا "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا" لە مێژووی تێکۆشان بۆ چاککردن، ڕێفۆرمکردن یان ستانداردکردنی زمانی کوردی دەدوێ. بە گوتەی حەسەنپوور "یەکێک لە تایبەتێتییەکانی ئەو خەباتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زمانی کوردی ئەوەیە کە پشت‌ئەستوور بە تیۆری و مێتۆدی زانستی و تێبینی مێژوویی نییە." ئەو زمانەوانە کوردە لە گەڵ باسکردنی هەوڵەکانی پێوەندیدار بە چاککردنی ئەلفوبێی کوردی، ستانداردکردنی زمانی کوردی، پەتیگەرایی و دەرهاویشتنی وشە عەرەبییەکان لە زمانی کوردی، هەڵە و بۆچوونە چەوتەکان و ئاکامە زیانبارەکانیان دەستنیشان دەکا.   دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە مێژووی زمانی کوردیدا: "لە ١٩٩١ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا و ئەو کۆت و زنجیرەی دەوڵەتی عێراق و قانوونەکەی لە دەست و پێی زمانی کوردیی بەستبوو، لە بەر یەک ترازاند و زمانەکە ئازادیی سیاسیی وەدەست کەوت، و لە ساڵی ٢٠٠٥دا، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، بوو بە زمانێکی ڕەسمیی هاوشانی زمانی عەرەبی لە کۆماری عێراقدا. ئەگەر پێش ١٩٩١ ناکۆکیی سەرەکی لە نێوان  زمانی کوردی و دەوڵەتی عێراق (یان کوردی و عەرەبی)دا بوو، لێرەوپاش ناکۆکی دیش بەدی دەکرێ- ئەو جار لە نێوان ئاخیوەرانی کوردی (لەهجەکان و ناوچەکان) و لەنێوان کوردی لە لایێک و ئینگلیسی، تورکی و فارسی و سوریانی لە لایێکی دی. میراتی لەت و کوت بوونی کوردی لە ١٩١٨دا، لە گەڵ ئەوەشدا باری ژئوستراتژیی ناوچە گۆڕاوە، هێشتا لە چارەنووسی زمانەکەدا دەور دەگێڕێ. لە تورکییە و سوورییە، کورمانجی سەری هەڵێناوە، و لە گەڵ ئەوەشدا لە قەفقاز دوای تێکچوونی یەکێتیی سۆڤیەت نوشوستی کردووە، لە ئەوانەیە جێگەی پێشینی خۆی، وەکوو لەهجەی سەرەکیی کوردی بگرێتەوە. بە کورتی ئەوڕۆ دەسەڵاتی زمانی بە شێوەیێکی ئاڵۆزتر دابەش بووە و ناکۆکی نوێ هاتوونەتە گۆڕێ و چارەسەرکردنیان پێویستی بە تیۆری و زانست و سیاسەتی ئاڵۆزتر لە جارانە." (لاپەرەی ٩)   زمانەوانێکی کورد بە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە: زیندەیاد حەسەنپوور لەو زمانەوانە کوردانەیە کە لە بارەی کۆمەڵێک کێشەی پێوەندیدار بە زمانی کوردی ڕوانگەی جیاوازیان هەیە. یەک لەو کێشانە پرسی زمانی ستاندارد لەنێو کورددایە. باسەکانی ئەم کتێبەش، دەرفەت بۆ ئەو زمانەوانە دەخوڵقێننەوە کە بیروڕای خۆی لەو بارەوە، هەروەها لە بارەی ئەلفوبێ، ڕێنووس، فەرهەنگنووسی، ئەدەبیاتی زارەکی، ئیدئۆلۆژیی زمانی و هتد بێنێتەوە گۆڕێ. ئەو زمانەوانە کوردە لە گەڵ دیاریکردن و سەپاندنی دیالێکتێکی زمانی کوردی وەک زمانی ستاندارددا نییە و بڕوای بە بوونی دوو ستاندارد بۆ زمانی کوردی هەیە. ئەم ڕایە جیاوازەشی بووە بە هۆی ئەوە بکەوێتە بەر هێرشی زۆر لەوانەی کورمانجیی نێوەڕاستیان وەک زمانی ستاندارد قبووڵە و، دژایەتیی ڕاو بۆچوونەکانی دەکەن. حەسەنپوور لە "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا..." دەنووسێ: " من ڕەخنە لە سیاسەت و ئیدەئۆلۆژییێک دەگرم کە کێشەی سەرەکیی زمانی کوردی بە کێشەی (بێگانە و خۆماڵی) دادەنێ و بە دووبەرێتی وەکوو (پاک و ناپاک)، (ئاریایی و سامی) و (کورد و دژکورد) و بە پێوانەی وا چاو لە کۆسپ و گرفتەکانی زمانی کوردی دەکا. ئەوە ئیدەئۆلۆژییە پشتەستوور بە زانست نییە و بگرە بە لای زانستی زمانناسیدا نەڕۆیوە. ئاواتێکی ئەو ئیدەئۆلۆژییە "پاککردنەوە"ی زمانی کوردی لە زمانی "بێگانە"یە و ئەو بێگانەیەش زۆرتر عەڕەبییە؛ هەروەها ئارەزوو دەکا بە ڕەسمی کردنی لەهجەیێک هەر چی کوردە بیکا بە نەتەوەیێکی یەک دەست و یەک زمان و یەک لەهجە. بەڵام ئیدەئۆلۆژی زمانیی وا هەیە کە سەرباقی بایەخدانی  بە ناکۆکی دەسەڵات و بێدەسەڵاتی، سەرکوتگەریی و سەرکوتکراویی، یان زمانکوژیی و زمان گەشاندنەوە، دژایەتی هیچ زمان و لەهجە و ئەلفوبێ و دەنگ و حەرفێک ناکا، و بۆ بەرابەریی زمانەکان تێدەکۆشێ، و دەیەوێ زمان بگەشێنێتەوە و ئامادە بێ بۆ بەرەنگاربوونی دنیای ئاڵۆزی ئەوڕۆ....بیری زمانێکی ستاندارد خۆی ئیدەئۆلۆژییێکی زمانییە کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا نایەتەوە. لە سەدەی بیست‌دا، زمانی گەورە و گرینگی وەکوو ئینگلیسی، فارسی، عەرەبی و ئیسپانیایی هەر کامەی چەند ستانداردیان ی پەیدا بووە. لە بارودۆخێکی وادا، بۆچوون و سیاسەت سەبارەت بە بەرنامەڕۆنانی زمانی کوردی، ئەگەر بکرێ بەرنامەی بۆ دابنێی، دەبێ ڕێبازێکی نوێی هەبێ، و وەپێشیان بکەوێتەوە. هەم بارودۆخی مێژوویی گۆڕاوە و هەم زمانەکە و ئاخیوەرانی. لە پێشەکی‌دا باسی ئەوەم کردووە کە کێشەی زمانی کوردی کێشەی ڕەگەز و ناسنامە نییە، و دەردی زمانەکەمان تا کاتێکی باش نەناسرێ دەرمانێکیشی بۆ نابیندرێتەوە." (لاپەرەکانی ٦٤-٦٥)   پەتکردنی زمانەکەمان بەسە!: حەسەنپوور لەگەڵ پەتیگەری، گۆڕینی ئەلفوبێ لە ئەلفوبێی ئارامییەوە بۆ لاتینی و، هەروەها  چاککردن و هەنگاونانی نازانستیانەدا نییە و لەم بارەیەوە دەنووسێ: "داوای من له ئەوانەی خەریکی چاککردنی زمانی کوردین ئەوەیە: بەربینگی ئەلفوبێیەکه بەربدەن! پەتیکردن بەسه! پەتکردنی زمانەکەمان بەسه! چیدی زمانەکەمان هەژار و کۆڵەوار مەکەن! دەست له ئەوێستا و پەهلەوی و ماسی سوراتی و سومێری هەڵبگرن و وەدوای لێکۆڵینەوەی زمانناسییانەی لەهجەکان و زمانی ئەدەبیی کوردی بکەون! ئەگەر بەرژەوەندیی زمانەکەتان دەوێ، تێبکۆشن بۆ چاککردنی ڕێنووس، بۆ ڕێککەوتوویی نۆرمیی، خوڵقاندن و وەرگێڕانی زانستی نوێباو، دانانی فەرهەنگی جۆراوجۆر (به تایبەت فەرهەنگی تێروتەسەلی کوردی-کوردی)، دانان و وەرگێڕانی زانستی نوێ بۆ خوێندنی باڵا، لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی ئامار سەبارەت بە زمان و لەهجەکانی و چۆنێتی و چەندێتی دەکارهێنانیان، دانانی ئه تڵه سی زمانیی، دۆزینەوه و چاپکردنی هەرچی بەرهەمی دەستنووسه، کۆکردنەوه و بڵاوکردنەوەی کەلەپووری زارەکی گشت لەهجەکان، لێکۆڵینەوە سەبارەت به دەکارهێنانی کوردی له ئامرازه کۆمەڵییەکان و پێوەندییەکانی کوردی و زمانی دی لە بارودۆخی ئێستەدا، و زۆر بابەتی ئاوا. ئەوانه ئەرکی گرانن بەڵام بەربینگی ئەلفوبێ گرتن کارێکی هاسان، ساکار، پڕزەرەر و بێفایدەیه. کوردی پێش ئەوەی لەدنیای مۆدیرن‌دا پێ ھەڵبگرێ و بتوانێ بەرەنگاری ژیانی مۆدێرن بێ، تووشی زمانکوژیی چوار دەوڵەتان بوو و پشووی لێ بڕا. زمانێکی وا بریندار بە پەتیکردنی دەنگ، حەرف، وشه، و دەستتێوەردان و گۆڕینی ئەلفوبێیەکەی نابووژێتەوه و کۆڵەوارتر دەبێ.(لاپەرەکانی ٦٥-٦٦) د.ئەمیر هەر لەو کاتەدا ئەو خزمەتانەش کە شیاوی ئاوڕلێدانەوە و بایەخپێدانن، لەبیر ناکا. لە پەراوێزی لاپەڕەی ٦٦دا نووسیوێتی: "نموونەی ئەرکی گران و گرینگ بەرهەمی سەلاح پایانیانی، فەرهەنگی زارەکیی موکریانه که بەبێ یارمەتیی هیچ دەزگایەکی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی تا ئێستا چوار بەرگی به ڕێکوپێکی بڵاو کردۆتەوه." دیارە ئەم زانیارییە هی ئەو کاتەیە کە حەسەنپوور ئەم کتێبەی نووسیوە و،  ئێستا بە خۆشییەوە ژمارەی بەرگە چاپکراوەکانی ئەو فەرهەنگە گەیشتووەتە ١٦ بەرگ.   دۆخێک کە نووسەر بۆ ئەمڕۆی زمانی کوردی وێنای کردووە: خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەموو ئەوانەی هۆگر و تینووی سەربردەی تاڵ و شیرینی مێژووی زمانی کوردی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودان پێویستە. چونکە نووسەر وێڕای وەبیرهێنانەوە و شیکردنەوەی گرنگترین دەرفەتەکان و هەڕەشە و کۆسپەکانی ئەو سەدەیە لە بەردەم زمانی کوردی و قامکدانان لە سەر کاریگەرییەکانیان، سەرنجت بۆ لای پرسێکی ئەمڕۆی ئەو زمانە ڕادەکێشێ. حەسەنپوور ئەم پرسە بەم جۆرە وێنا دەکا: "زمانی کوردی، لە ناوەوە یەخسیری جیهانبینیی ناسیۆنالیستییە، و لە دەرەوە تووشی ناسیۆنالیسمی زمانکوژانەی نەتەوە- دەولەتەکان بووە(تورکییە، ئێران، سوورییە) و دەبێ لە هەمانکاتدا بەرەنگاری "ئیمپریالیسمی زمانی" لە نەزمی زمانیی جیهانی ببێ." (لاپەڕی ١٤٥)