کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەڵدای خواوەندی خۆر

22:41 - 30 سەرماوەز 2721

لە درێژترین شەوی ساڵدا کە خۆر و مانگ بە یەک دەگەن، هەر ئەو شەوەش یەڵدا لەدایک دەبێ، لەو شەوە باڵابەرزە ئەنگوستەچاوەی ئەوکاتەوە تا هەنووکە خۆرێک لە ئاسمانی یەڵدا هەر وا گەز گەز باڵا دەکا. ئەو کاتانەی کە خۆر تین و گوڕی دەخاتە گەڕ دژی تاریکی و خواوەندی شەڕ، کاتێ هەتاو چاوی پڕ تیرێژی هەڵدەهێنێ و کۆتایی بە شەوگاری درێژترین شەوی ساڵ دێنێ، خەڵک لەبەر ئاگردانی ئەشکەوت و خانوە قوڕینەکانی ئەو سەردەم و کۆشک و تەلاری خانەدانان چاوەڕێی دیداری تیرێژ و گزینگی خۆری بەیانین. ئەو شەوە ئاشق و مەعشووق بە یەک دەگەن، لە دێر زەمانەوە لەنێو کورددا ئەم شەوە بە گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکە کۆنەکان کە ئازایەتی و قارەمانەتیی تێیدا ڕەنگی داوەتەوە، تێپەڕ دەکەن. دوای هەر نسکۆیەک تێهەڵچوونەوە و بەرگریکردن سەرمەشقی خەبات و خۆڕاگری شابەیتی ئەو داستانانە بوون، زۆر جاران قارەمانانی ئەو چیرۆکانە کچانی شەنگەباڵا و لاوانی مێرخاس و قارەمانانی نەتەوەکەمان بوون کە لە شۆخ و شەنگی و ئازایەتی و جوامێریدا نموونەیان دەگمەن بووە. چیرۆکەکانی وەک: مەم و زین، شیرین و فەرھاد، قەڵای دمدم و خانی لەپ زێرین و دوازدەسوارەی مەریوان و زۆر بەسەرهات و سەربردەی تر وێردی سەر زار و زمانان بوون. هەگبەی هۆزان و هۆنراوە، لایەلایە و گۆرانی و لاوک و هۆرە و بەستە و حەیران ڕازێنەرەوەی شەوچەلەی درێژترین شەوی ساڵ بوون، لەو کاتەدا بووکی سپی پۆشی بەفر خۆی دەکا بە هەموو ماڵێکا و کۆتایی بە شەوەزەنگ و تاریکی دێنێ و هێدی هێدی خۆر وەک زاوا زێڕینە لە کەل سەر دەردێنی. بووکی سپی‌پۆش و خۆری زێڕین ئاوێتەی یەک دەبن و خەزانی زەرد و کلووی بەفر دەبنە ملوانکە و گەردانەی گەردنی یەڵدا و، سپێدە ئەو ڕۆژە خەڵک تۆوی هیوا دەچێنن و دوور دەڕوانن هەتا بووکەخان کراسێکی گوڵ گوڵی سەوز دەپۆشێ و سروشت جوانی بە گوڵان دەبەخشێ و هیوای دڵان وەدی دێنێ. گەلێک زۆرن داستان و ئەفسانە، لە ئایینی مەسیحییەتدا دەڵێن لەم شەوەدا مەسیح لەدایک دەبێ، لە ئایینی میتراییدا میترای خواوەندی خۆر دێتە سەر دنیا و مەرگی ئەهریمەنیش هەر لەو شەوەدا ڕوودەدا. لە ئایینی زەردەشتدا زەرتوشت لەدایک دەبێ و ئاگر دەبێتە سیمبولی خواوەندی سروشت و جوانی. ئەمانە بەشێکیان هەر حیکایەت و ئەفسانە بوون و لە ڕۆژەژمێری مێژوودا وەک حەقیقەت تۆمار نەکراون. بەڵام نۆ دەیە بەر لە ئێستا لە دەڤەری زەرتوشت، لە ڕۆژەژمێری ئێمەدا، لە داوێنی گۆلی  ورمێ و لە باوەشی ئاگری‌دا، لە مەڵبەندی سەرهەڵدان لە پەنا کۆمارەکەی ئارارات‌دا، لەگەڵ تریفە مانگ و ورشەی ئەستێرەکان یەڵدا موژدەی ڕوحێکی نوێ و حەقیقەتێکی ڕوون و هەواڵی دوور لە ئەفسانە و خەیاڵی‌دا بە ئێمەی کورد. لەو کاتەدا کە لە کۆشکی شاکانەوە دەنگی ئازادی لە گەروودا دەخنکێنرا، لە داوێنی دایکێکی ڕووسوردا، لە باوەشی ئەو یەڵدا باڵا بەرزە ئەگریجە قەترانییەدا، ئەو کاتەی کە هەموویان بە دیار دیداری ڕووناکی و گزینگی خۆری خواوەندی گەردوونەوە بوون، لە شەوی شێعر و هەڵبەست و ئەشق و ئەوین و چاوەڕوانیدا، لە کەناراوەکانی مەڵبەندی زەرتوشتی پێغەمبەردا، لەنێو ئاپۆرای جەماوەر و هەگبەی هۆزان و هۆنراوەدا، لەو کاتەدا کە هەردوو بورجی کەوان و کاژۆڵە لە یەک تێدەپەڕن، لەو کاتەی کە لاوەکان تا سپێدە ئاگر دەگڕێنن، دڵدار پەیڤی ئەشق و ئەوین بە گوێی یەکدا دەچرپێنن، ئەو دەمانەی کە هۆزانڤان هۆزان دەچڕن و هەڵبەستوان هۆنراوە دەهۆننەوە، هاواری کۆرپەیەک ئاوێتەی شێعر و شەو و شەوچەلە و زەردەخەنە و پێکەنین و ئاهەنگ و مۆسیقایان دەبێ و موژدەی کۆتایی شەوگاری تار لەو دەڤەرە دەنگ دەداتەوە. هەرچەند کڕێوە و سەهۆڵبەندان بەڕێوەیە، بەڵام هیوا هەروا بە پێوەیە، هەرچەند گەل هەر لەژێر نیری چەوسانەوەیە، بەڵام ئاڵای ئاگری هەر لە شەکانەوەیە، لەو سەردەمە هەستیارەدا مناڵێک هیوای هەستانەوەیە، ئا لێرەدا وەرزی خەزان ماڵاوایی دەکا و شەوگاری ڕەش کۆتایی دێ، هەرچەند خاتوو زەمهـەریر شیوەن دەگێڕێ و ڕوومەتی دەڕنێ، بەڵام وەرزی شەختەش کۆتایی دێ. ئێستا ئیتر بەهارە و وەرزی سەوزی جوانیی سروشت و ئاوازی ئازادی و مۆسیقای هەستانەوە و سروودی ڕابوون و ڕاپەڕینە. ئێستا ئیتر نە بڕنۆکەی سمکۆ بێ‌خاوەنە و نە داگیرکەر ئەرخەیانە. لاوێکی کورد لە بەهاری کوردستان و لەگەڵ زایەڵەی سروودی "ئەی ڕەقیب"ی کۆماری کوردستاندا سەنگەری سەرهەڵدان و سەروەری هەڵدەبژێرێ. لەگەڵ ناودێرکردنی پێشمەرگە دەبێتە هاوڕێ و هەڤاڵی سەروەران و خەون بە ئازادییەوە دەبینێ. ئەو دەبێتە پێشەنگ و پێشمەرگە و دەبێتە ڕێبەر، دەبێتە کاریزما و دەبێتە چقڵی چاوی داگیرکەر، کەژ و چیا دەکاتە سەنگەر، دەبێتە نێزەی دژ بە لەمپەر، بۆ کورد دەبێتە قەڵغان و سپەر. خامە بە دەست، چەک لە شان لە مەیداندا و لەگەڵ زانست باڵا دەکا. لە نیشتمان وەدەر دەنرێ، ئاوارەی هەندەران دەکرێ، سەرۆک‌کۆمارەکەی لە دار دەدرێ، کۆمارەکەی ئاگر دەدرێ، بە تاوانی ئازادی تاوانبار دەکرێ بەڵام ئەو بەرگەی هەموو ئازار و ژانێ دەگرێ. زوو بە ڕێبەر دیاری دەکرێ بەڵام سەد حەیف و مخابن لە پەنا خاچەکەی مەسیح، لە باوەشی بووکی ئورووپا لە ڕێی ئاشتیدا لە خاچ دەدرێ. سەروەر سەری هێندە بەرزە لای بورجەکەی ئیڤێڵ لە باوەشی پێرلاشێزدا دوور لە دایکی نیشتمان بۆ ساتێ بۆ سەرخەوێک ئارام دەگرێ. ئەو کۆرپەیەی خاتوو یەڵدا بە ئێمەی بەخشی،کورد بوو، عەوداڵی ئازادیی وەتەن و ئازادیخواز بوو، لە دەڤەری سمکۆی شەهید و قوتابیی پێشەوای مەزن و هاوخەباتی گەلێ مێرخاس و پێنووس بەدەست و نووسەر و ڕێبەر بوو. مامۆستای گەلێ وانەی بەرەنگاری و خۆڕاگری و بەرگری بوو. ئەو ڕێبەر بوو، سەرکردە بوو، خاوەن لۆژیک و فکر و ئیدە بوو، ڕێبەری گەلێکی بندەست و خاوەن ئیمان و ئیرادە بوو. سەد حەیف و هەزار مخابن، زۆری مابوو و زوو لە دەست چوو. لەنێو سەران سەری دیارە، بۆ ئێمە ڕێبەر و ڕێنوێن و سەردارە، ئێستا لەنێو دڵ و هزری هەموومانە، لای هەموومان بووەتە قارەمانی ئەم داستانە. لە درێژترین شەوی ساڵدا بوو بە هیوای گەلی بندەستی کورد، بوو بە دوکتۆر، بوو بە خاوەنی "کوردستان و کورد"، ئەو پێشەنگی خەباتی گەلێکی بێ‌بەش و ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کەس هەیە نەزانێ کێ بوو؟ ئەو زاتە نەمرە شـــــــــــــــــــەهیـــــــــــــــد دوکتــــــــــــــــــــــــۆر عــــــــــــــــەبدولـــــــــــــــــــڕەحمــــــــــــــــــــــانی قـــــــــاسملوو بوو. قاسملوو بوو، کە ناوی چووە ڕیزی نەمرانی مێژووەوە، درێژترین و تاریکترین شەوی میللەت لە سایەی وی ڕووناک بۆوە.