کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیباری ژاراوی بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەی هەژاران

22:30 - 15 بەفرانبار 2721

ئەرێ لەبیرتانە ڕێبەری یەکەمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران چۆن باسی کۆخ‌نشینانی کرد؟ هیوادارم خوێنەرانی بەرێز و وشیار و "همیشە در صحنە"ی بەتەمەن و بەساڵاچوو، ئەو دیمەنانەی چەند ڕۆژ دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتییان لەیاد مابێت. خۆ ئەگەر ئیمام خومەینی و دەسەڵاتدارانی دواتری "کۆ-مار"ی ئیسلامی زوو خۆیان بەخەبەر نەهێنابایە، ڕێژێمی سەرەڕۆ و تاغووتیی پاشایەتی بەتەمابوو یەک موستەزعەف و کۆخ‌نشینیش نەهێڵێت. ڕێژێمی پاشایەتی تەنیا یەک کاری باشی دەزانی، ئەویش سەرکوتکردنی هەستی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران بوو. ئەو کورد و مورد و بەلووچ ‌و مەلووچ و عەرەب و مەرەب و ئازەری و مازەری و تورکمەن و مورکمەنانە ئەگەر سەرکوت نەکرابان، ئێرانیان پارچە پارچە دەکرد. دیارە شای ڕەحمەتییش جوان بیری لەوە کردبۆوە و دوای ڕۆیشتنیشی گۆپاڵی سەرکوتکردنی ئەم قەوم و مەومانەی دایە دەست بەرپرسانی هۆشمەند و تێگەیشتووی "کۆ-مار"ی ئیسلامی. شای گۆڕبەگۆڕ لەلایک بە دروست‌کردنی ڕێکخراوی تێک‌سڕماو و ڕێکوپێکی وەک ساواک خزمەتی "یەکپارچەگی" خاکی ئێرانی دەکرد و لەلایەکی دیکەو‌ه خەریکی هێندێک هەڵەی درێژخایەن بوو. ئەو خەریک بوو بە کەمکردنەوەی هەژاری و زیادکردنی چینی مامناوەندی، هێڵی هەژاری نەوی بکات و وا بکات خەڵکی تێروتەسەل بیر لە هیچ نەکەنەوە و وەک مەڕ سەر بەر بدەنەوە و هەر خەریکی خواردن و کردن و ڕیتنەوە بن. بەڵام خوا یارمەتی ئینقلابی ئیسلامیی دا و بەشێکی بەرچاوی خەڵک بە هەژاری و کۆخ‌نشینی مانەوە و بوونە دەستمایەی سەرەکیی ئینقلابی ئیسلامی. بیرمەندانی "کۆ-مار"ی ئیسلامی زۆریان لێ‌جوانە دەڵێن موستەزعەفان و کۆخ‌نشینان ئەم ئینقلابەیان کرد. ئەم قسەیان تەواو ڕاستە و هیچ درۆی تێدا نییە. ئەگەر نەسل و تۆرمەی موستەزعەفان خوا بەوێ ڕۆژێ نەکات لەبن هاتبایە، کێ وەک مێگەل بە سەر مەیدانی مینان و بە سەر چاڵەقیری پووشبەسەرکراودا لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق خۆی دەتەقاندەوە؟ هەر دوور نەڕۆین دوای ڕووخانی دەستەڵاتی سەدامیش ئەگەر موستەزعەفان و کۆخ‌نشینان نەبوایەن چۆن ئەم لەشکرە زۆرە ساز دەبوو بەپێیان و بە برسیەتی خۆیان بگەیننە نەجەف و کەربەلا و هەیبەتی کۆماری ئیسلامی بە جیهان بگەیەنن؟ بەڵێ ئەو کۆخ‌نشیانەی ڕێژێمی پێشوو بەهەڵە خەریک بوو نەیانهێڵێ، ئێستا سەرمایە و کۆڵەگەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامین. ئەوان نەبوایەن کێمان هەبوو بۆ دووسێ میلیۆن تومەن مووچەی مانگانە خۆی بگەینێتە شام و لوبنان و وڵاتانی دەوروبەر و لەپێناو تێرکردنی سکی برسیی منداڵانی، مانەوەی "کۆ-مار"ی ئیسلامی‌ بە خوێنی خۆی نەکڕێ؟ ئەم هەژارانە نەبوایەن چۆن دەکرا بەگژ ئەم هەموو کوردە چەکدارەدا بچینەوە و نەهێڵین سەروملی نەخشە پشیلەئاساکەی ئێران بپەڕێنن؟ بەم هۆیانەی لەسەرەوە باس کران، بوونی موستەزعەف و هەژار و کۆخ‌نشین لە هەبوونی هەموو شتێک پێویستترە. باشترین ڕێگەش بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئەم سەروەت و سامانە بەردەستەی کۆماری ئیسلامی تەنیا یەک شت پێویستە، ئەویش بەرزکردنەوەی هێڵی هەژارییە. بەرزکردنەوەی هێڵی هەژاری بۆ مانگانەی ١٠ میلیۆن تومەن بۆ خێزانێکی ٥ کەسی بۆ ئێستا شتێکی خراپ نییە. لە ئاخرین ڕۆژانی سەرەمی ڕێژێمی پێشوودا ئەگەر ١٠ ملیۆن تومەن بە ئۆتۆمبێلی ساپیا درابایە، هەر ماڵێک مانگانە دەیتوانی  ٢٨٥ ساپیا بکڕێ و ٧١٥ تومەنیشی بۆ دەمایەوە. تەنەکەی ڕۆن بە ٢٩ تمەن و تەلیسە برینج بە ١٢ تومەن و کیلۆی گۆشت بە ٧ تومەن، هەر خێزانێک ٧١٥ تومەنەکەش لەسەرو ماڵی زیاد بوو. بەڵام ئێستا ئەگەر ئەندامانی خێزانێکی سەر لێواری هێڵی هەژاری بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک هیچ شتێک نەخۆن و نەخۆنەوە دەتوانن ماشێنێکی پڕاید بکرن و هەتا ئەوەندە پارەیەش کۆ دەکەنەوە، ئەگەر خوا لەکۆڵیان نەکاتەوە، لەبرسان ئەوەندە باریک دەبن جێگەی خۆیان و خێزانێکی دیکەش لەنێو پرایدەکەدا دەبێتەوە. ئێستا بەهۆی فشاری دەرەکی و ئاڵەدین‌بوونەوەی دانیشتووانی وڵاتانی دراوسێ و هێرشە پەیتا پەیتاکانی ئیسرایل لەلایەک و گەیشتنی خۆمان بە مووشەک و فرۆکه‌ی بێ‌فرۆکەوان و دەستەونەزەر ڕاوەستانی بەشیک لە هەژارانی وڵاتانی ناوچە هەست دەکەین بەشیکی زۆری هەژارانی خۆمان زیادەن. ئەوانی وڵاتانی دیکە لە شەڕاندا بشکوژرێن، ئێمە ناچار نابین بیانکەین بە شەهید و مانگانە مووچە و حقوقیان بۆ ببڕینەوە و منداڵە تەنبەڵ و نەخوێندەوارەکانیان بێ ئەملاو ئەولا بنێرینە زانکۆکان و بیانکەین بە شتی سەیر و سەمەرە. جا لەبەر ئەمە پێویستە ژمارەی هەژارانی خۆمان دابەزێنین و کەمیان بکەینەوە، خۆ ناشتوانین هێڵی هەژاری داببەزێنن. بۆیە وا باشترە ئەو بیبار و میوە ژاراوییانەیان بەسەردا دابەش بکەین کە وڵاتانی هیچ و پووچ لێمان ناکڕن. مردنی هەژاران بەم بیبارە ژاراویانە هەر هیچ نەبێت، کێشەی شەهیدانە و شتی وامان لەکۆڵ دەکاتەوە و ئەگەر زانیشمان بەشی ڕاگرتنی دەسەڵاتی پیرۆزی "کۆ-مار" ئیسلامی کەم دەبێتەوە، لە بیبار بەشینەوە دەست ڕادەگرین. خۆ ئەگەر نەمانتوانی میوەی ژاراوی وەک چەک دژی خەڵکی بێگانە بەکار بهێنێن خۆ دەتوانین ئەوا کێشەی وڵاتی خۆمانی پێ چارەسەر بکەین.