کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھەو ھەوی سواران

18:56 - 3 رێبەندان 2721

ڕێبەندانە! کلووە بەفرەکان لە سەمادان بەرەو پێدەشت و لەند و کێوی زێد و وڵات، بەفر سپی‌ڕێزی کردوە ناوچەی موکریان، تروسکایی وردیلە بەفری قەدپاڵان ئاوێنەی جوانیی سروشتە لەم دەڤەرە دڵگیرەی نیشتیمان، ھەو ھەوی سوارانە و خرینگەی ناڵی کەحێلی سوارانی پارێزەری نیشتیمان خۆشترین ئاوازی خۆڕسکی سروشتە بۆ دەڤەری موکریان، ڕێبەندانە و تازە ڕۆژێکی ھەڵبردوە لە سەرەتای مانگێ ڕێبەندانێ، خەمڵوە لە خۆشیی ئەم نیشتیمانە لە شار و لە دێ، دەژەنن دەھۆڵ و زوڕنای شادیی لەدایک‌بوونی کۆمار، دەگێڕن شایەر گەڕی گۆڤەند و دیلان، دڵەکان لەجۆشن بۆ لە‌دایک‌بوونی نۆبەرە کۆماری جوان، گەڕی ڕەشبەڵەکە لە کۆچە و کۆڵانی شار، پڕ لە قریوەی خۆشییە لادێ و داوێنی نسار، ئای چ ڕۆژێکی خۆشە ئەم دووی ڕێبەندانە، ھەرگیز ڕۆژی خۆشی ئاوای بەخۆیەوە نەدیوە ئەم نیشتیمانە. بزە و خەندە لە سەر ڕووخساران ناکەون، دڵەکان گەرمن و ھەستی کوردان ناسرەون، ڕێبەندانە و جێژی خۆشی و شادییە لە دایکبوونی کۆمارە و ڕۆژی دڵگەشییە. داباریون بۆ مەھاباد کوردانی چوار پارچەی برا، ڕازاونەتەوە سفرە و خوانی کوردانی دڵ سەخی، ئەی چ ڕۆێکە ئەم ڕۆژە خۆشە لە دیرۆکی کوردان، کەمتر ئەم ڕۆژەی بەخۆیەوە بینی، ئاگر کراونەتەوە لەسەر شاخان، لە پێدەشتان دەگەڕێ گۆڤەند و دیلان، شەیپوور ژەنان دەژەنن شەپیووری لەدایک‌بوونی کۆمار، دێن چین بە چین و دەستە دەستە لە جحێڵ و ڕیش سپیانی دێ و شار، ھەموو چاوەڕوان لە سەربانان و مەیدانی چوار چرای مەھاباد ئاخۆ کەی دەر دەکەوێ نووری ڕووناکیی پێشەوای یەکەم نۆبەرە کۆماری کوردان، ئاخۆ کەی دەدا جاڕی ڕاگەیاندنی کۆمار. ئای چ ڕۆژێکی خۆشە دووی ڕێبەندان کەمتر گەلی کورد بە خۆیەوە دیوە لەو ڕۆژە خۆشان، مەھابادە و خەمڵێوە بە کوردانی چوار دەستە برا، ھەموویان شادن نابینن کەوشەن و سنووری دروست‌کراوی داگیرکەران، ھەی بابایە و بڕژێتە نێو مەیدانی چوار چرا، چاوەڕوان بۆ دەرکەوتنی پێشەوا. ھەناسەکان پەنگیان خواردۆتەوە لە سینگەکاندا، گوێچکەکان لەسەر ھەست بۆ بیستنی موژدانە ھەواڵ بۆ ڕاگەیاندنی یەکەم نۆبەرە کۆمار. لە پڕ لە چوارچرا دەبێتە چەپڵەڕێزان، ڕمبازێنی شۆڕەسوارانی کوردستان، ڕادەوشێن دەسرۆکەی ئاڵاوواڵای جوان، جێژنانەیە چ جێژنانەیەکی خۆش و جوان، یەکەم پێشەوای کورد دێتە نێو ئاپۆڕای کوردانی تینووی سەربەخۆیی و ئازادی، دەبێتە ھەلهەلە و جێژن و شادی، ڕادەگەیەنێ موژدەی کۆماری کوردستان لە چاوان دەڕژێن فرمێسکی شادی ڕۆڵەکانی نیشتیمان، دێنەدەر لە سینە نەغمەی بەستەی جوان، دەگوڕێنن دڵ پڕ لە ھەستانی کوردستان، یەکەم پێشەوای کورد بە زەردە خەنەوە دەردەکەوێ، لە خۆشیانا پێکەنینی لە سەر زاران ناکەوێ، دەدا جاڕی نۆبەرە کۆماری کۆماری کوردان لەو کاتەوە خۆشترین ڕۆژە ڕۆژی دووی ڕێبەندان، چوونکە ڕۆژی دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستانە، ڕۆژی جاڕی سەربەخۆیی و ڕزگاری لە دەست دیلی و یەخسیری کوردانە، ڕۆژی سەربەستی و ئازادی گەلە، موژدەی کۆماری کوردانە و پێشەوا قازیمان سەروەرە. ***