کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ

04:04 - 16 رێبەندان 2721

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا جێژنی ٤٣ ساڵەی دامەزرانی خۆی دەگرێ، کە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا زۆر کارەسات بە سەر خەڵکی وڵات هاتوە و لە سۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن ئەم رێژیمەوە مەترسیی زۆر کارەساتی دیکەش بۆ سەر خەڵک و کۆمەڵگە هەست پێ دەکرێ. بەڵام ئەو پرسیارەش لەو کات‌وساتەدا بەجێیە بکرێ ڕێژیمێک کە کەمترین شەرعییەتی لەلایەن خەڵکەوە هەیە و ئێستا زۆرینەی ڕەهای خەڵک پشتیان تێ‌کردوە، چۆنە هێشتا دەسەڵاتی بەدەستە؟ خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ نەیانتوانیوە خۆیان و وڵات لەو دۆخە دەرباز بکەن و هۆکارەکانی چەق‌بەستوویی ئەو دۆخە و بۆنبەستی گۆڕانکارییەکان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی چین؟ بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان ناگەن بە ئاکام و بۆچی ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە ببێ بە ئالتەرناتیڤی ئەو ڕێژیمە؟ یەکەم هۆکار لێک‌بڵاویی ئۆپۆزیسیۆنە. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی نەک هەر نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی پلاتفۆڕمێکدا بچنە خانەی کاری هاوبەش و هەرەوەز و پێکهێنانی حکوومەت لە تاراوگە و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆ و ڕێبەری‌کردنی، بەڵکوو ئێستاش بەشێکی زۆر لەوان وزەی سەرەکیی خۆیان لەدژی یەکتر بەکار دێنن. بە واتایەکی دی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ گوشارێکی ئەوتۆی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری خۆیەوە لەسەر نییە، ڕێژیم پاڵی داوەتەوە و دژبەرانیشی سەنگەریان لەدژی یەکتر گرتوە. ناکۆکی و جیاوازیی قووڵی بیرکردنەوە لە نێو ڕووناکبیران و ئیلیتی کۆمەڵگە، کە کۆمەڵگە چاوی لە دەم و ڕەفتاری ئەوان بۆ شوێنکەوتنە، هۆکارێکی دیکەی مانەوەی ڕێژیمە. بەشێک لە ڕووناکبیران باوەڕیان بە شۆڕش و گۆڕانکاری قووڵ و ڕادیکاڵ هەیە، بەشێکی دی بەڵام لایەنگری ڕێفۆڕم و خەباتی ناتوندوتیژن و هەشن کە شتی تریان لە گۆڕانکاریی سیاسی پێ لەپێشترە. ئەوانەی لایەنگری شۆڕش و ڕووخانی ڕێژیمن، لایان وایە جەوهەری ئیستبدادیی ڕێژیم نەگۆڕە و هەتا کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێ، لە سۆنگەی قۆرغ‌کردنی هەموو جومگەکانی وڵاتەوەوە گۆڕانکاریی دیکە لە بەستێنەکانی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتیشدا بەدی نایە. لە بەرانبەردا لایەنگرانی خەباتی ناتوندتیژ ڕایان وایە هەر چەشنە جموجۆڵێکی ڕادیکاڵ تەنانەت ئەگەر ڕووخاندنی نیزامی سیاسیی وڵاتیشی بەدواوە بێ، حاکمییەتێکی سیاسیی سەرەڕۆ و نادێموکراتیک لەجێی ڕێژیمی پێشوو دێنێتە سەر کار و، بەو پێیە لایەنگری چاکسازیی بەشێنەیی و بەرەبەرەی دەسەڵاتی سیاسیی نادێموکرات و ئیستبدادیی ئێستاکەن! دەنگی سێهەم لە کۆمەڵگەش پێکهاتەی سیاسی لە قەوارە گشتییەکەی وڵات جیا دەکاتەوە و لای وایە بە پەرەسەندنی قووڵ لە کەرتەکانی ئابووری، کولتوور و کۆمەڵگە نیزامی سیاسییش ناچار بە گۆڕانکاری و تۆخ‌فڕێدان دەبێ. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییش بە مودیرییەتی تایبەت بە خۆیەوە ڕێی لە دروست‌بوونی دەرەنجامێک لە ئاکامی بەریەک‌کەوتنی ئەو فرەوێژمانییە گرتوە و لە بەرژەوەندیی خۆیدا لەغاوی کردوون. کێشەیەکی تر لە بەردەم دروست‌بوونی هاوپەیمانییەکی نیشتمانی بۆ گۆڕینی نیزامی سیاسی و دێموکراتیزەکردنی وڵات لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، سووڕانەوە لە جەغزی کۆمەڵێک بەها و ئیدئۆلۆژی و دوگماتیزمی وەک پاراستنی تەواوەتیی خاکی وڵات‌دایە، ئەویش لە کاتێکدا کە حکوومەتی بێ‌کیفایەت و گەندەڵ و نابەرپرس بە قۆستنەوەی ئەو هەلە؛ ئارخەیان و ئاسوودە خوێنی خەڵکی وڵاتی لە شووشە کردوە. ئۆپۆزیسیۆنی دڵ‌نیگەران کە بەشی زۆریشیان لە دڵی وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژئاواییدا دەژین و ڕۆژانە دێموکراسی و ماف و ئازادییەکانی خەڵک لەو وڵاتانە بە چاوی خۆیان دەبینن، دەبێ باوەڕ بەوە بهێنن کە تەواوەتیی خاکی ئێران لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا تەنیا و تەنیا لەسۆنگەی دابین‌بوون و پارێزراوبوونی مافە نەتەوایەتییەکان و مافی وەک یەکی هەموو نەتەوە پێکهێنەرەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر دەبێ. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێویستە زۆر زوو ئەو قۆناغە ببڕن و بە ڕێککەوتن لەسەر جەوهەری مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و میساقەکانی پەیوەست‌ بەوان، گۆڕینی قانوونی بنەڕەتیی وڵات بە قانوونێکی بنەرەتیی هەڵقوڵاو لە ئیرادەی ئازادی خەڵک، پێداگری لەسەر دێموکراسی، مافە بنەرەتییەکان و وەک یەکی هەموو نەتەوەکانی وڵات، جیایی دین لە دەوڵەت و داڕشتنەوەی نیزامی سیاسیی وڵات بەبەشداری هەمووان و بێ‌‌پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک ببن بە ئاڵترناتیڤی جێی متمانەی خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانییش. دواتر هەوڵەکانیان لەسەر ئەو چڕ بکەنەوە کە بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی شۆڕشێکی دی پێویستە، یان بە ڕێگا و شێوازی دی ئەشێ کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بهێنرێ. شۆڕش بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی پێویستیی بە ڕێکخستنێکی بەربڵاو، پلان‌بۆداڕێژراو و جموجۆڵی بەرفراوانی ئامانجدار هەیە کە بە لەبەرچاو گرتنی کۆمەڵگەیەکی لێک‌ترازاوی ژێر شاڵاوی بنیات و دامودەزگای سەرکوت و ئیستبدادی سەخت و دژوار دەنوێنێ. بەڵام هەتا ئێستاش ڕوانگەکان هەر لەسەر تەوەری جووڵەی گشتی و جەماوەریی ڕێکخراو لە سەرەوە بۆ خوارێ دەوەستێ، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەزموونی مێژوویی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە کە خەڵک جووڵە و ڕێکخراوی ژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی "ڕێبەر"ی قبووڵە و گۆڕانکارییەکانیش تەنیا لە بەستێنی سیاسیدا دەبینێ؛ بۆیە چاوەڕوانی هەل و دەرفەتی لەبارە. هەڵبەت لێرەشدا پرسیار ئەوەیە کە ئەم هەل و دەرفەتە لەبارە چۆن دروست دەبێ، کێ دروستی دەکا و خەڵک چۆن خۆی تێدا دەبیننەوە؟ بۆ هەمووان ئاشکرایە کە لە ئێستادا بوار بۆ سەرهەڵدانی جەماوەری خۆش و لەبارە. هەر ئەو ماوەیە لە کۆبوونەوەی نهێنیی "قەرارگای ساروڵلا"دا کە بەڵگەکانی ئاشکرا بوو، هاتبوو کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ١٠ مانگی ڕابردوودا سێ هیندەی ساڵی پێشوو بووە. قەیرانە ئابوورییەکان کە خۆی لە بێکاری، ئاوسان و گرانیدا دەبینێتەوە، لە تەنیشت قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و بەڕێوەبەریی ناکارامەی حکوومەتی گەندەڵ و بچووک‌بوونەوەی هەرچی زیاتری ئاڵقەکانی جێی‌باوەڕی ناوکی دەسەڵات بارودۆخێکیان پێک‌هێناوە کە ڕێژیم بۆ دامرکاندنی تەنیا و تەنیا زمانی چەک و سەرکوت شک ببا. لەو هەلومەرجەدا سەرەڕای ئیرادەی ڕێژیم بۆ سەرکوتی توندوتیژ ناڕەزایەتییەکان بە ئاکام دەگەن بێتوو چەند فاکتەرێک بایەخمەندیی خۆیان پەیدا بکەن. پێش هەموو شتێک ئەگەرچی باڵی ڕێفۆرمخوازی ڕێژیم هیچ متمانەیەکیان لای خەڵک نەماوە، بەڵام تەوەهومی ڕێفۆڕم لە حکوومت بە شێوەی ئاسان و بێ‌ژانەسەر هێشتا ئاسەواری بە کۆمەڵگەوە دیارە؛ ئەو گومان و تەوەهومە نابێ بمینێ. ئۆپۆزیسیۆن دەبێ خۆی ببینێتەوە و بتوانێ ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا ڕێبەری بکا و ڕێکیان بخا. هەروەها ئەو گومانە دەبێ بڕەوێتەوە کە ڕێژیم بەهێزە و توانای سەرکوتی هەرجۆرە سەرهەڵدانێکی هەیە. هەر ئێستا دەبینین کە هێز و توانای حکوومەت لە دەرەوی سنوورەکانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە نزمی دەدا و ڕێژیم بە هەموو توانای تەبلیغیی خۆیەوە هەوڵ دەدا شکان و هەرەسهێنانەکەی داپۆشێ. نموونەی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرانەش کە زەبروزەنگیان لە کۆماری ئیسلامییش زیاتر بووە و بە سەرهەڵدانی خەڵک ڕووخاون گەلێک زۆرە. ڕێژیم کەمایەتییەکی چەند سەد هەزار کەسیی سپا و بەسیج و هێزە چەکدار و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بە دەورەوە ماوە کە بێگومان ناتوانن لەبەرامبەر شاڵاویی میلیۆنیی خەڵکدا خۆڕاگری بکەن. بەڵام هەموو شتێک لەگرەوی پێویستیی وتووێژ، لێک‌تێگەیشتن، سازانی هێزە گۆڕانخوازەکان لەسەر بنەما هاوبەشەکان و هاتنە مەیدانی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئەرک‌وەخۆگر دایە و ئەوەش ئەرک بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم دروست دەکا.