کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوان و جینایەت لە سایەی شەرع و قانوون‌دا

23:12 - 30 رێبەندان 2721

دڕەندەیی مرۆڤەکان ناکرێ و ناشبێ لە گەڵ ئاژەڵە دڕندەکان بەراورد بکەین، لێرەدا ئێمە هیچ وشەیەکی جێگرەوە نابینین و بەناچار کەڵک لەو وشەیە وەردەگرین. دڕەندەیی مرۆڤەکان، تەنیا بە کوشتن و ئەشکەنجە کردن و... نابەسترێتەوە و پێناسە و خوێندنەوەیەکی گشتگیر لە پێنەگەیشتن و دواکەوتوویی مرۆڤەکانە. دەکرێ بڵێین هەر چەندە مرۆڤەکان لە سڵامەتیی دەروونی و پێگەیشتوویی کەسایەتی و هزری بەهرەمەند بن، ڕێژەی ئازار و زەرەریان دژی مرۆڤ و سروشت کەمتر دەبێتەوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە. کردەوەکانی ئێمە بەرهەمی ڕوانینی ئێمەیە، بەگشتی و ڕێژەی خۆبەزلزانی مرۆڤەکان و تێکۆشان بۆ نواندنی کەسایەتیی خویان، ئاکامی دەبێتە شێوە ڕەفتارێکی دڕندانە، ئەوەیکە ئێمە لەپێوەندی لەگەڵ بابەتێک چۆن بیر دەکەینەوە، لێکۆڵینەوە دەکەین و خۆمان لە ڕوانگەیەکی جودادا هەڵدەسەنگێنین، لە شێوە کرداری ئێمەدا کاریگەرە و خۆدەنوێنێ.   خۆنواندن ڕێشەی لە ئیگەریسم (چێژ بردن لە خۆ) دایە و بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ڕوو دەدا و دەتوانێ ئاوێتەی درۆ و دەلەسە، سووک‌کردنی خەڵکی و خۆبەزلزانی و... زۆر خوو و خدەی مرۆیی دیکە بێ کە مەبەستی داڕووشاندن و تێکدەرانە لە ناخی‌دایە. بەخۆداهەڵگوتن، خۆ نواندن و هەوڵدان بۆ باشتر نیشاندانی خۆت، لە نموودەکانی دڕەندەییە و بەهەر حال سەرەڕای ئەوەی کام لەو دیاردانە زیانی زۆرتر بە کۆمەڵگە دەگەیەنی کە لەو بابەتەدا جێی نابێتەوە. پرسیار ئەوەیە هۆکاری ئێمە بۆ خۆنواندن چییە؟ ڕیشەی خۆنواندنی ئێمە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئێمە بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئامرازی بوون و تێکۆشان بۆ خۆ هەڵکێشان و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی بە هەموو نرخێک، لە چی دەگەڕێین؟ ئێستا پرسیاری بنەڕەتی بوونی هەر کەسێکە کە لە ڕێچکەی زانینەوە هەنگاو دەنێتەوە.   ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئێمە لەدوای کۆکردنەوەی جێگە و پێگە و سەروەت و سامانین بۆ ئەوەی ڕێز و حورمەتی زیاترمان لە کۆمەڵگەدا هەبێ، ڕێزێک کە پێوەندیی بە ڕێژەی هێز و پێگە و نازناو هەیە و بەو پێیەش لەهەڵکشان و داکشان‌دایە. ئێستا پرسیاری بنەڕەتی‌تر ئەوەیە کە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ زۆر بەڕژدی و تەماحەوە عەوداڵی ڕێزلێگرتنن و بۆچی ڕێزلێنانی گشتی بەبێ نازناوە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگە لە هیچ جێگەیەکی گۆی زەوی نەبینین؟ بەوحاڵەش لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان دیاردەی ڕێزلێنان لێکۆڵینەوەی تایبەتی بۆ کراوە و تێکۆشاون زۆر کار و پیشەی کۆمەڵایەتی کە لە ڕوانگەی زۆرینەی خەڵکی سووک و بەئەرزیش بێ، بایەخی تایبەتی دەدرێتێ. تاوانکاری کۆمەڵایەتی، پێوەندیی قووڵی لەگەڵ ڕێز و پڕەنسیپەوە هەیە، ویستێک کە بۆ دەستەبەرکردنی تەنانەت دزێوترین کردەوەکانیش ئەنجام دەدرێ، قەتڵە نامووسییەکان بەرهەمی ترسی ئەنجامدەران لە بێ‌ڕێزبوون و سەرشۆڕبوون لە کۆمەڵگەدایە. ئێمە دەبینین جار ناجاریک هەواڵی دڵتەزێنی کوژرانی ژنێک لە کۆمەڵدا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئازاردانی بیر و هزری گشتی و ویژدانی کۆمەڵگە دەهەژێنێ. لەو وڵاتانەی کە داب و نەریتەکان ئاوێتەی پیرۆزییەکان بوون، ژن بۆ ئاستی ئامراز دادەبەزێ؛ لە ڕوانگەی ئەو کەمەڵگەیانەدا ژن وەک ئامرازێک بۆ زاوزێ و ماڵداری سەیر دەکرێ، بەبێ ئەوەی بۆخۆی پێی‌ ڕازی بێ و لە ڕاستیدا کوژران هەمیشە وەک هەڕەشەیەک لەسەر سەریەتی. قەتڵەکانی کە بە نێوی نامووسەوە ئەنجام دەدرێن وەک بەربەرەکانیی نێرینەیە لە وشەکان و تێکۆشانێکە بۆ پاراستنی کەسایەتی و ڕێز و زۆرتر لەو شوێنانە ڕوو دەدەن کە یاسای عەشایری و داب و نەریتی کۆن بەسەریاندا زاڵن و پێکهاتەی نەریتی، ڕوانینی پیاوسالارانە، ڕاونینی ئامرازی بۆ ژنان و دیفاع لە دژە بایەخە بێ‌ماناکان ئەنجام و ئاکامی ئەو ڕوانینە دواکەوتوویانەن. پەڵەی شەرم و شوورەیی، بێ‌ڕیزی و سەرشۆڕیی کۆمەڵایەتی، سەرەکیترین هۆکارەکانی قەتلەنامووسییەکانن و ڕاکردن لە ناو و ناتۆڕەیەکن کە لەڕاستیدا هیچ نین جگە لە چەند دەستەواژە و واتایەک! ئەگەر چاو لە ژێرنووسەکانی خەڵکی لە پێوەندی لەگەڵ قەتلەنامووسییەکان بکەین، جگە لەو بۆچوونانەی کە هیوابەخشن، زۆرێک لە بەکارهێنەرانی توڕەکۆمەڵایەتییەکان سزا بۆ ژنان بەڕەوا دەبینن و کەڵک لە وشەی "خەیانەت" وەردەگرن؟! هەر گرێبەستێک، تەنانەت ژیانی ‌هاوبەش، ئەگەر یەکێک لەلایەنەکان مەیلی لەسەر نەبێ، لەباری ئەخلاقییەوە ڕەت‌کراوەیە و گرێبەستێک کە بە زۆرەملی بێ، چووکترین بایەخێکی نییە. بەڵام چی وا دەکا کەسێک وەک خائین بناسرێ؟ چەمکی خیانەت لە کۆمەڵگەی جیاواز مانای جیاوازی هەیە و شیکردنەوەکان و کاردانەوە کردەوییەکانیشی جیاوازن. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەڵگری پەرستن‌سازکردنە و بۆ پاراستنی هەر داب و نەریتیک باری پەرستنی (تقدس) پێوە هەڵدەبەستی؛ هە دابێک لەنێو کۆمەڵی مرۆڤەکان لە سەرتاوە تا ئێستا تەنیا دەروەستییەکە و بە درێژایی مێژوو تابۆی لێ ‌شین بۆتەوە. تابۆ شکێنەکان تێچووی بۆ دەدەن، لەگەڵ پەراوێزخرانی کۆمەڵایەتی، خوێن‌ڕژان و کوژران و...بەرەوڕوو دەبن. دیارە هەر گرێبەستێک سەردەمێک دەبەسترێ و سەردەمێکیش هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام هێندێک لە گرێبەستەکان ڕواڵەتێکی ڕێسایی و ژێرخانێکی پێرۆزیان هەیە، بەشێوەیەک کە کەسێکی لە ژێرپێیان بنێ سزا دەدرێ وەک تاوانبارێک کە بێڕێزیی بە یەکێک لە پیرۆزییەکان کردبێ. زۆر جاران خوین دەڕژێ و ئەوەش تۆڵەی داب و نەریتە پیرۆزەکانە لە تاوانباران. پیرۆزکردنی هەر داب و گرێبەستێک و ڕوانینی ئامرازی بۆ پێوەندییەکان لە کاتی ڕێککەوتن، تەنیا بۆ زیادکردنی تێچووی هەڵوەشاندنەوەیە و خەیانەتیش درێژەکێشەوەی ئەو پیرۆزکردنە مانادارەیە. کۆمەڵگەیەک کە ئاوێتەی داب و نەریتە کۆنەکان بێ، بە واتا و دیاردەکان، پیرۆزییەکان دەپارێزی و بە جنێو و بوختان و بێڕێزی کردن بەو کەسانەی لایان داوە و تاوانبار کراون و کەڵک‌وەرگرتن لە وشەکانی وەک نامووس و شەڕەف، بەتەمای پاراستنی داب و نەریتی جێکەوتوون، هەرچەند دژ بە ئەخلاقیش بن. دەکرێ بڵێین هەر جینایەتێک کە وەک قەتڵی نامووسی نێوی لێ دەندرێ و دەیناسین و ئەنجام دەدرێ، تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە لێی‌ بەرپرسیارن و دەستیان تێیدا هەیە، قامکی تاوان لێرەدا ڕووی لە ویژدانی گشتییەکە لە کەشێکی تووڕەدا، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە جنێو و قسەی سووک و شەرمەزارکردن دەبنە هوکاری خولقاندنی جینایەت. جنێودەر ئەو توخمە لە ناخی کۆمەڵگەدا دەچێنی کە ژن ئامرازێکە و پیاویش خاوەنەکەیەتی. هەر نامووس ناولێنانێک، بانگەوازێکە بۆ پێشگیری لە لادان لە نەریتەکان، کەوابوو هەر دیاردە و کردەوەیەک کە لەو چوارچێوەیەدا بخوێندرێتەوە دەچێتە خانەی پیروزە نەگۆڕەکان و لە ئاکامدا جینایەت و توندوتیژی لێ‌دەکەوێتەوە. جاری وایە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردەیەک پێویستە سەرنج بدرێتە نێولێهینانە ڕەوابەخشەکان و ئەو دیاردانە لە کاکڵەی پیرۆزییەکان بێنینە دەرێ، لەنێو ببرێن یان بیانگۆڕین، ئەوە ڕەنگە شاراوەترین هەنگاوەکان بن.