کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی ئەخلاقیی کۆمەڵگە لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا

23:14 - 30 رێبەندان 2721

٤٣ ساڵ لەوەپێش گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بە ئامانجی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک کۆتاییان بە دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی پاشایەتی هێنا، بەڵام چێژی ئەو سەرکەوتنە زۆر کورت‌خایەن بوو، چونکە ئایەتوڵڵا خومەینی و دارودەستەکەی بە دانی وەعدە و بەڵێنی کۆمەڵگەیەک کە لەودا ئەخلاق و پاراستنی کەسایەتیی تاک تاکی کۆمەڵگەی تێدا پارێزراو دەبێ و لە بواری ئابوورییەوە وڵاتێک بونیاد دەنرێ کە لە سەردەمی ئیستادا لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستی و هەژاری و بێکاری لە وڵات بنەبڕ دەبێ و ئەوەش تەنیا لە ڕێگای بە دەسەڵات گەیشتن و پێکهێنانی حکوومەتێک کە لەسەر بنەما و قانوونەکانی ئیسلام و ویلایەتی ڕەهای فەقی لە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی دامەزرابێ، دێتە دی. بەو شێوەیە دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی، ئایەتوڵڵاکان لەژێر سێبەر و بە ناوی دین و مەزهەب حکومەتیان بەدەستەوە گرت. هەر ئەوکات واتا ٤٣ساڵ لەمەوبەر زۆر بوون ئەوانەی لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەسەڵاتی دینی لە بواری ئابوورییەوە ناتوانێ موعجیزە بکا وکۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی ئابووری بونیاد بنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا باوەڕیان وابوو کە لانی‌کەم حکوومەتی ئیسلامی پێش بە داڕمانی ئەخلاقیی کۆمەڵگە دەگرێ. بە تێپەربوونی زەمان گەلانی ئێران بەباشی بۆیان دەرکەوت کە دەسەڵاتدارانی دینی بەپێی باوەڕە دینییەکانی خۆیان بە جێگای ئەوەی لەگەڵ گەندەڵیی ئەخلاقی و ئابووری بەربەرەکانی بکەن خۆیان بوونە سەرچاوەی پەرەگرتنی گەندەڵی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و خەریکی کۆکردنەوەی سامان وماڵی دنیان و بۆ مانەوەی دەسەڵاتداریەتیی خۆیان پێویستیان بە کۆمەڵگەیەکی شێواو هەیە. ماوەی چەند ڕۆژێکە هەواڵی سەربڕینی ژنێک لە شاری ئەحواز کە ناوەندی پارێزگایەکە لە باشووری ئێران، لەلایەن کۆنەمێردەکەی و گێڕانی سەری بڕاوی ئەو ژنە بە شەقامەکانی شار و بە ڕۆژی ڕووناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە بۆتە ڕۆژەڤی هەواڵەکان. کاتێک بینەر و بیسەر ئەو هەواڵە لە ڕاگەیەندنەکانەوە دەبیسن و دەیبینن، حەتمەن دادەچڵەکێن و سەریان سووڕ دەمێنێ، کە ئەو کۆمەڵگەیە دەبێ چەندە لە بواری ئەخلاقی کۆمەڵایەتییەوە داڕماو بێ کە کوشتنی ژنان بە بیانووی بێ‌مانای پارێزگاری لە نامووس ببێتە کولتووری کۆمەڵگە و ئەوجار ئەو کۆمەڵگەیە ئیزن بدا سەری بڕاوی ژنان بە دەستی بکوژەوە وەک قارەمانی سەرکەوتووی شەڕ بە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا بگێڕدرێ. کە لە بواری قانوونییەوە لەو کردەوە قیزەونە دەروانی دوو توخمی سەرەکی تاوانکاری تیدایە: یەکەم؛ بکوژ بێ‌ئەوەی ڕوو لە ناوەندە دادوەرییەکان بکا بۆ وەدەست‌خستنی مافی خۆی (ئەگەر مافێکی هەبێ) بۆخۆی ڕاستەوخۆ بە پاساوی پارێزگاری لە نامووسی خۆی و بنەماڵە، ئەو تاوانەی ئەنجام داوە. دووهەم تاوان ئەوەیە کە سەری بڕاوی ژنە کوژراوەکەی بە دەستەوە گرتوە و بە نێو خەڵکدا دەیگێڕێ کە ئەو کردەوەیە پێشێلکردنی حورمەت و کەرامەتی ئەخلاقیی کۆمەڵگەیە و ڕوح و ڕەوانی کۆمەڵگەی بریندار کردوە کە هەر دوو تاوان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن قانوون کە کەرامەتی مرۆڤەکانی تێدا پارێزراوە هەڵگری سزای قورسن. بەڵام ئەو جۆرە کردەوە دوور لە ئەخلاقی دینی و ئینسانی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شتێکی نۆی نییە و یەکەم جار نییە کە ژنان تووشی ئەو چارەنووسە ناخ‌هەژێنە دەبن و بەدەستی هاوسەر و برا و باب... دەکوژرێن و ئەوەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قانوونانەی لە چوارچێوەی باوەڕەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە داڕێژراون و لە دەزگای دادی ئێران کاریان پێ دەکرێ. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەی تەمەنی ئەو نیزامەدا نەک نەیانتوانیوە لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران سەقامگیریی سیاسی بۆ خۆیان دەستبەر بکەن بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی قانوون و کردەوە نامرۆڤانەیەکانیان دەرحەق بە گەلانی ئێران و نەبوونی بەرنامەیەکی ئابووریی هاوسەنگ لەگەڵ پێوانەکانی ئابووریی جیهانی و سووربوون لەسەر هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، تووشی دابران لە کۆمەڵگەی ئێران و جیهان بوون. بۆ نموونە لە نێوخۆی ئێران کاتێک ماوەی ٤٣ ساڵە حکومەتی دینی بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێران، قانوونەکانی ئەو نیزامە کە باس لە نەزمی ئیسلامی دەکا، بەڕێوەبەرن، بە دەیان دامودەزگای پۆلیسی و ئینتزامی لەژێر ناوی جۆراوجۆر هەناردەی شەقامەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران کردوە کە چاوەدێریی شێوەی پۆشینی جلوبەرگی ژنان و ڕادەی جوانکارییان بکەن و ئیزن نەدەن تاڵە مووی سەریان بە دەرەوە بێ، لە هەمان کاتدا دەزگا پۆلیسی و ئینتیزامییەکان وریا و چاوەدێر بن کە گەنج و لاوی ئێرانی گوێ لە ئاهەنگ و مۆسیقای خۆش و شاد ڕانەگرن و.... کە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی مەئموورینی دەوڵەتی بە تایبەتی دەرحەق بە ڕەفتار و کرداری ژنان، بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕاستەوخۆ ماف دەدا بە پیاوان کە ژن و خوشک و دایکیان بەندە و بەردەی ئەوانن وهەر جۆرێک بیانهەوێ دەتوانن بەو شێوەیە ڕەفتاریان لەگەڵ بکەن. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆیان و درێژبوونی تەمەنی دەسەڵاتیان کۆمەڵگەی ئێرانیان بە جۆرێک لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی داماڵیوە کە هەموو کەس بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی‌دایە، بە چەشنێک ئەگەر بەرژەوەندییەک ببێتە هۆکاری تێداچوونی تەنانەت گیان و ماڵی کەسی دیکەش زۆر جێگای تێڕامان نەبێ و کەسی بەرژەوەندیخواز لەژێر هەر ناوێکدا بێ لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە سڵ نەکاتەوە و بە پاساوی جۆراجۆریش لە دەستی دادگا و لێپرسینەوەی قانوونی و سزادان بۆی دەرباز دەبێ. کاتێک لە کۆمەڵگەیەک بە هۆی گەندەڵکاری و بێ‌توانایی بەڕێوەبەرانی قەیرانی ئابووری و سیاسیی سەر هەڵدەدا و بۆ ماوەیەکی زەمەنی وەک تەمەنی کۆماری ئیسلامی دڕێژە دەکیشێ، ئەو قەیرانانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان دەبێ لە سەر ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و تەنانەت باوەڕە دینیەکان و ئەوە دەبێتە هۆی هاتنەخوارێی باوەڕ و ئیعتمادی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگەدا واتە بنەماڵە و تاکەکانی کۆمەڵگە باوەڕ و ئیعتمادیان بە یەکتر نامێنێ کە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک ئەوە دیاردەیەکی مەترسیدارە بۆ شێواوی و لێک‌ترازانی ئەو کۆمەڵگەیە. چونکە لەوکاتەدا هیچ شتێک بە سڵامەت دەرناچێ و پارێزراو نابێ و لەو حاڵەتەدا مرۆڤایەتی هەرەس دێنێ و لە لایەنی جۆراوجۆرەوە کارەسات ڕوو لەو کۆمەڵگەیە دەکا وەک هەڵکشانی ئاماری توندوتیژی، شەڕ و پێک‌هەڵپرژان، گەندەڵیی ئابووری و فریودانی خەڵک، گەندەلیی ئەخلاقی، تێکچوونی بنەماڵە و... . هەروەک پێشتر باس کرا کوشتنی ژنان لەژێر پاساوی پارێزگاری لە نامووس لە کۆمەڵگەی ئێران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لێ هاتووە کە ڕۆژانە لە ڕاگەیەنە گشتییەکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگاداریان دەبێنەوە و بە داخەوە ڕێژەی ئەو کردەوە نامرۆڤایەتی و دوور لە ئەخلاقی ئینسانییە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشانە، بەڵام قانوونە بەرکارەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی نەک نەیانتوانیوە بەرگری لەو جۆرە تاوانە دەرحەق بە ژنان بکەن بەڵکوو خودی قانوون و قانوون‌بەڕێوەبەر و دەزگای دادوەری تاوانبارن، چونکە نێوەرۆکی خودی قانوونەکانن یارمەتیی ئەویان داوە کە لە سەردەمی ئێستادا کە سەردەمی زانست و تێکنۆلۆژیایە ئەو کولتوورە کۆنە کە پیاو مافی ئەوەی هەیە چۆن پێی خۆش بوو ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن بکا و تەنانەت دەتوانێ گیانیشی لێ بستێنی. بەپێی تەجروبە و ئامارەکان قانوونی سزادانی کۆماری ئیسلامی (قساس، گرتن و ئێعدام) لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا نەک نەیانتوانیوە لە ڕێژەی تاوان کەم بکەنەوە بەڵکوو خۆیان هۆکار بوون بۆ پەرەگرتنی تاوان و تاوانکاری. کاتێک لە قانوونی سزادانی ئیسلامیدا جیاوازی دادەنێ لە نێوان سزای ژن و پیاو، هەربۆیە تاوان نیشانەی ئەوەیە کە گرفت لە قانوون‌دایە و ئەوە قانوون‌دانەر و جێبەجێکاری قانوونن دەستی پیاویان ئاواڵە کردوە کە بێ‌ترس وخۆف لە سزا بەو جۆرەی پێیان خۆشە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن بکەن. ماددەی ٢٠٩ لە قانوونی سزادانی ئیسلامی دەڵێ: "هەرکاتێک پیاوێکی موسوڵمان ژنێکی موسوڵمانی بەئانقەست کوشت محکووم بە "قساس" دەبێ، بەڵام دەبێ خوینگری ژنە کوژراوەکە پێش لە قساسی بکوژەکە نێوەی خوێنباییەکە بدەن بە ئەو پیاوە." واتە نێوەی خوێنبایی بدرێ بە بکوژ و لە ماددەی ٢٢٠ی قانوونی مجازاتی ئیسلامیدا هاتووە کە باب و باپیر لە بابەوە بە هۆی (قتل عمد) کوشتنی بەئانقەستی منداڵیان قساس ناکرین و ئەگەر کوژراو ژن و منداڵی لەپاش بەجێ مابن لەسەر بکوژە (باب یا باپیر)ە  خوێنبایی بدا بە منداڵەکانی. تەنیا ئەو دوو نموونە لە قانوونی سزادانی ئیسلامی بە ڕوونی بۆمان دەردەخەن کە پێکهاتەی نیزامی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتییە لە داڕمانی ئەخلاقی کۆمەڵگە، بەتایبەتی پێشێلکردنی مافی ژنان.