کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافیایەک بە ناوی سپای پاسداران

23:16 - 30 رێبەندان 2721

لە ماوەی چند ڕۆژی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی لە لایەن "ڕادیو فەردا"وە بڵاو بۆوە کە لەودا محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و سادقی زولقەدرنیا لە ساڵی ٩٧ باس لە گەندەڵی هەزاران میلیاردی نێو سپای پاسداران و شارەداری ئەوکاتی تاران محەممەدباقر قالیباف دەکەن کە ئێستا سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ڕێژیمە. هەر لەو فایلە دەنگییەدا ناوی قاسم سوولەیمانی و هێزەکانی قودسی سپای پاسداران هاتوە و بۆ یەکەم جار باس لەوە دەکرێ کە بە فەرمانی خامنەیی، ڕێبەری نیزام دەبێ لە سەدا نەوەدی داهاتی سپای پاسداران بۆ هێزەکانی قوسی سپا وەک باسکی نیزامیی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکرێ. شک لەوەدا نییە و نەبووە کە سپای پاسداران گەورەترین مافیای ئابووریی ئێرانە و سەردارانی سپاە وەک قالیباف و سولەیمانی و ئاخوند حوسێن تائیب و  دەیان کەس لە مۆرە درشتەکانی ئەو مافیایە هەزاران میلیارد تمەن لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانیان دزیوە و بەفیرۆ داوە، بەڵام گرینگیی ئەو فایلە دەنگییە لەوەدایە کە ئەمجارە ئەوە کەس و ڕێکخراو و ڕۆژنامەیەکی دژبەری ڕێژیم نییە کە لاپەڕەکانی گەندەڵی ئەویش لەو قەبارە مەزنەدا هەڵدەداتەوە، بەڵکوو، ئەوە فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانە کە باس لە گەندەڵیی سەرۆکی ئێستای مجلیس و باوەڕپێکراوی خامنەیی و هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و شارەداریی تاران و بونیادی تەعاونی سپاە دەکا و هیچ‌کام لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی حاشا لە ڕاستبوونی ئەو فایلە دەنگییە بکەن؛ تەنانەت ڕۆژنامەی کەیهان بە سەرنووسەری حوسێن شەریعەتمەداری، ناسراو بە "حوسێن بازجوو"ش کە زمانحاڵی خامنەییە نەک هەر نکۆڵی لەو فایلە نەکرد، بەڵکوو زۆر ڕووهەڵماڵاوانە، پاساوی بۆ هێناوە و بە کارێکی شیاوی داناوە. ئەو فایلە دەنگییە لە بوارێکی دیکەشەوە گرینگیی هەیە و نیشان دەدا خامنەیی وەک ڕێبەری دەسەڵات ئاگای لە هەموو ئەو دزی و گەندەڵییانە هەیە و لەڕاستیدا نەک هەر چاوپۆشییان لێ دەکا، بەڵکوو ڕێخۆشکەرە بۆ ئەو دیاردەیە. خامنەیی دەسەڵاتی خۆی و نیزامی کۆماری ئیسلامیی بەلاوە زۆر گرینگترە لە دیاردەی گەندەڵی و بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە دەستی سپای پاسدارانی بۆ گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی خەلکی ئێران ئاوەڵا کردوە، هەر بۆیەش ڕوون و ئاشکرایە کە گەندەڵی هەموو نیزامی کۆماری ئیسلامیی تەنیوە و شاردنەوەی مەحاڵە. لەڕاستیدا سپای پاسداران بە کەڵک‌وەرگرتن لە چەک و هێزی سەرکوت، دەزگا ئەمنیی و ئیتلاعاتیەکان، ئابوورییەکی زەبەلاح کە لەهەژمار نایە و هەروەها دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، دەستی بەسەر دەسەڵات داگرتوە و دەکرێ بڵێین دەوڵەت لە کۆماری ئیسلامیدا ڕووکەشێکە بۆ شاردنەوە و ڕووتووش‌کردنی سیمای دزێوی دەسەڵاتی مافیای سپای پاسداران و لەسەرووی هەمووشیانەوە خامنەیی. بە واتایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو دەسەڵاتانەی دراوەتە خامنەیی و سپای پاسداران، دەوڵەت و دەسەڵاتێکی ئەمڕویی و نۆرماڵ نییە و مافیایەکە کە دەستی بەسەر ئێران و چارەنووسی گەلانی ئێراندا گرتوە؛ دەسەڵاتێک کە لەپێناو پاراستن و پەرەپێدانی سیاسەتە دژی خەڵکیەکانی خۆی میلیارد میلیارد دۆڵار زیانی بە ئێران گەیاندوە، نەوت و گازی ئێرانی کە تەنیا داهاتی بەرچاوی ڕێژیمە و لەراستیدا دەبێ لە خزمەت گەلانی ئێراندا بێ بەناچاری و بۆ دابینکردنی تێچووی سیاسەتەکانی هەرزان فرۆش دەکا و ئێستاش جگە لە چارەڕەشی و بەشمەینەتی هیچی بۆ گەلانی ئێران بەدیاری نەهێناوە و سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بە بەرچاوی خەڵکی و بەئاشکرا دەدزێ. دەسەڵاتێک کە هیزەکانی قودسی سپای پاسداران و دەستە و تاقمە تێرۆڕیستی و ئاژاوەگێرەکانی ناوچەی پێ لە سفرەی بەتاڵی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران گرینگترە و ئامادەیە بۆ دژایەتی‌کردنی دونیای دەرەوە و پەرەپێدانی ئامانجەکانی لەسەر حیسابی خەڵکی ئێران تێچووی زیاتر بدا. ئەوە لە حالێک‌دایە کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران زیاتر لە هەمیشە لەگەڵ هەژاری و برسیەتی و دەیان دەرد و گرفتی دیکە بەرەوڕوون و کۆمەڵگەی ئێران تووشی دەیان قەیران و نەخۆشی کۆمەڵایەتی بووە. کۆماری ئیسلامی وەک نیزامێکی دیکتاتۆڕی و دواکەوتوو، تەنیا خەریکی دزی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گەلانی ئێران نییە، بەڵکوو زۆر بەتوندی هەرچەشنە گلەیی و گازەندەیەک و تەنانەت ڕخنەیەکیش سەرکوت دەکا و لەو بەینەدا سپای پاسداران و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی لە هیچ جینایەتیک ناپرینگێنەوە؛ ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ گەلانی ئێران و ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەر و نابەرپرسە تەنیا بەو کەلکوەرگرتن لە هێزی سەرکوت لەسەرپێ ڕاوەستاوە و درێژە بە مان و مەوجوودیەتی خوی دەدا؛ مانگرتنەکان و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانیەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە و نیشان دەدا کۆماری ئیسلامی، هیچ جێگە و پێگە و ڕەواییەکی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکیدا نییە. بەوحاڵەش خامنەیی و مافیای سپای پاسداران بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانە هەمەلایەنەکان لە نێوخۆی وڵات کە کۆمەڵگەی گەیاندۆتە ئاستی تەقینەوە و هەروەها قەیران‌خوڵقاندن لە ئاستی دەرەوە کە بۆتە هوی هاودەنگییەک لە نێوان وڵاتانی ناوچە دژ بەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیەدا، ناتوانن خۆیان دەرباز کەن و دۆخەکە بە قازانجی گەلانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە دەشکێتەوە و ئاخوندەکان و لە سەرووی هەموویانەوە، خامنەیی و مافیای سپای پاسداران لە ئاست ویست و داخوازەکانی نێوخۆ و دەرەوە ناچار بە پاشەکشێ دەکرێن.