کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی وتووێژەکان لەمەڕ بەرنامەی ناوکیی ئێران

23:19 - 30 رێبەندان 2721

ئەنستیتۆی نونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١۵ دەگەڵ ئێران دەرکەوتوە لەوە دژوارتر بێ کە زۆر لە لایەنگرانی چاوەڕوان بوون و نەیارانی لێی دەترسان. وتووێژەکانی نێوان ئەو لایەنانەی لەنێو ڕێککەوتنی بەرجام مانەوە (چین، یەکیەتیی ئورووپا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئێران، ڕووسیە و بریتانیا) و وڵاتە یەکگرتووەکان کە لە مای ٢٠١٨ ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە جێ‌دەهێڵێ، لە ئاپریلی ٢٠٢١ دەستیان پێ کرد. لایەنەکان نەیانتوانی پێش هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران، لە مانگی جوون، بگەنە ڕێککەوتن و لە مانگی نۆڤەمبەردا دەوڵەتی توندئاژۆی کۆنەپارێزی سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی، هەڵوێستێکی بەرزەفڕانەی گرت (ئەگەرچی لەو کاتەوە ویستی خۆگونجاندنی نیشان داوە). لەو ماوەیەدا بەرنامەی ناوکیی ئێران بە شیوەی بەرچاو خێراتر بووە کە بەشێک لە سوودەکانی پێشگرتن بە بڵاوکردنەوە بە بەرجامێکی زیندووکراوە، خەوشدار بووە. لە کاتێکدا کە هێشتا ئەگەری ڕێککەوتن هەیە، بەڵام زۆر وێدەچی سێناریۆی ئەمساڵ لەبەر بێ‌بەرهەمی یان وەستانی وتووێژەکان لە پەلوپۆ بکەوێ و دەگەڵ ڕەچاوکردنی ستراتێژیی بێ‌ڕێککەوتن لە لایەن ئێران، ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕێگا بۆ قووڵبوونەوەی گرژییەکان بکرێتەوە.   ڕێککەوتن یان ڕێک‌نەکەوتن؟ لە نێوان ئاپریل و جوونی ٢٠٢١، وتووێژەکانی ڤییەن شەش جار بەڕێوە چوون و بۆ گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ نێو بەرجام،  پێشوەچوونی هەبوو. لەسەر داوای ئێران، ئەمریکا و ئێران ناڕاستەوخۆ و بە نێوبژیوانی وڵاتانی ئورووپایی، وتووێژیان دەکرد. لە کاتێکدا کە ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانە بۆتە هۆی وەدرەنگی کەوتن و بەهەڵە لێک‌حاڵێبوون، تاران بەردەوامە لە خۆبواردن لە دیداری ڕاستەوخۆ دەگەڵ واشینگتۆن. ئەگەرچی لەکاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران لە مانگی جوون لایەنەکان ڕێک نەکەوتن، هێندێک دیپلۆمات لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ناهومێد نەبوون. چەند مانگ دوای هەڵبژاردن، ئێران نەگەڕایەوە سەر مێزی وتووێژ، بەرنامە ناوکییەکەی گەشەی کرد و چاودێریی نێونەتەوەیی کاریگەریی نەما. ڕەئیسی کە، لە کێبەرکییەکی گەلێک سنووردار بە بەشدارییەکی کەمی دەنگدەران کە لە مێژوودا بێوێنە بوو هەڵبژێردرا، دەڵێ ئامانجی ئێران گەڕانەوە بۆ نێو بەرجامە. بەڵام ئەو هەروەها گوتوویەتی نایهەوێ داهاتووی سیاسی و ئابووریی ئێران بە ڕێککەوتنێک دەگەڵ واشینگتۆن ببەستێتەوە و ڕەخنەگرێکی دیاری ڕێککەوتنەکە، عەلی باقێری کانیی، وەک سەرۆکی وەفدی دانوستانکار لە ڤییەن دیاری کردووە. دەوری حەوتەمی وتووێژەکان لە کۆتاییەکانی نۆڤەمبەر دەستیان پێ کرد. وەفدی ئێرانی، تاقمێک داواکاریی بەرزەفڕانەی پێوەندیدار بە بەرنامە ناوکییەکەیان و سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی پێشکێش کردن کە پاشەکشە لە پێشوەچوونەکانی بەهاری پێشوو بوو. سیاسەتوانانی خۆراوایی پێیان وابوو کە پێشنیارەکان جیددی نین و لە دێسەمبەری ٢٠٢١ و جانیواری ٢٠٢٢، دیپلۆماتەکان گوتیان پێشوەچوونێکی کەم بەرەو تێکهەڵکێش‌کردنی داواکانی ئێران لەو نووسراوەیەی لە مانگی جوون لەسەری ڕێک‌کەوتبوون هاتۆتە ئاراوە. زۆر لەو خاڵانەی ماون، لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرجامن. ئێران داوای مێکانیزمێکی کردوە کە سووک‌کرانی ئابلۆقەکانی پێ مەزەندە بکرێ و داوای گارانتی لە سەرکۆماری ئەمریکا جۆ بایدن یان جێگرەوەکەی کردوە کە لە ڕێککەوتنەکە نەکشێنەوە. ئەو هەروەها داوای لابردنی سەرجەم ئابلۆقەکانی سەردەمی سەرکۆماریی پێشوو دۆناڵد ترامپی کردوە و دەیهەوێ لە داهاتووشدا هیچ ئابلۆقەیەکی نوێ زیاد نەکرێ. دانوستانکارەکانی ئەمریکایی جیبەجێ‌کردنی زۆر لەو داوایانە لە ڕوانگەی یاسایی یان کردەیی بە مومکین نازانن. مـشتومڕێکی بەربڵاو لە ئارادایە کە ئاخۆ ئێران بەڕاستی حەزی لە ڕێککەوتنە یان تەنیا کات دەکڕێ بۆ گەشەپێدانی بەرنامە ناوکییەکەی. هێندێک لێکدەرەوە گوتوویانە کە بێتوو ئێران بەو ئاکامە گەیشتبا کە ڕێککەوتن ناکرێ، ڕەنگبێ درێژەی بە بەشداری لە وتووێژەکاندا نەدابا. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، لێدوانەکانی ڕەئیسی ئەو بووچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. ئەوانی دیکە دەڵێن دەوڵەتە توندئاژۆیەکە، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیکەوە نەگۆڕە و نایهەوێ سازش بکا، چونکە ئەمریکا ئەو لایەنە بووە کە بەرجامی جێ‌هێشتووە. ڕەنگبێ بەو شێوەیە بێ کە تاران خوازیاری ڕێککەوتنە بەڵام تەنیا بە مەرجی گەلێک دیاریکراوەوە، واتە مەرجی باشتر لەوەی لە ٢٠١۵ لەسەری ساغ بوونەوە. تاران لە درێژەدان بە وتووێژەکان سوود وەردەگرێ، تەنانەت ئەگەر پێشوەچوونی ڕاستەقینەشیان نەبێ، چونکە ئەوان زەختی نێونەتەوەیی و نێوخۆیی کەم دەکەنەوە و قەڵخانێکن دژی هێرشی سەربازیی لەلایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێران ڕوونی کردۆتەوە کە نیگەرانی شکستی دانوستانەکان نییە؛ ڕەئیسی بودجەی داهاتی ٢٣-٢٠٢٢ی بە گریمانەی مانەوەی ئابلۆقەکان داڕشتوە. ئەگەری ئەوەش هەیە کە ڕێبەری، لە نێویاندا ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی، هێشتا بڕیاری لەسەر باشترین هەڵوێست نەدابێ.   نیگەرانییە ناوکییەکان بۆ دەوڵەتانی خۆراوایی، ڕەوتی هێواشی وتووێژەکان گیروگرفتە، چونکە بەرنامەی ناوکیی ئێران بەخێرایی گەشەی کردوە. کاربەدەستانی ئەمریکایی گوتوویانە بێتوو ئەو گەشەکردنانە بەو خێراییە درێژەیان هەبێ، سوودەکانی بڵاونەکردنەوەی بەرجام ڕەنگبێ لە وەرزی یەکەمی ٢٠٢٢ بکەونە ژێر پرسیار. ئێران چیدیکە ملکەچی سنووردانانەکانی بەرجام بۆ بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆمەکەی نییە. کاتی دەرچوونی ئەو، کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی فرە پێتێندراو بۆ دروست‌کردنی بۆمبێکی ناوکی، لە ساڵێک یان زیاتر، لە کاتی بەرجامدا بۆ نزیکەی مانگێک دابەزیوە و، ئەگەری گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوە بۆ کاتی دەرچوونی پێشوو کەم بۆتەوە. ئەگەرچی پێوانەی یەک ساڵ لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە شتێکی گۆترەیە، لانی کەم لە واشینگتۆن لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێوەرێکی گرینگ بۆ بەراوردکردنی ڕێککەوتنی داهاتوویە. کاربەدەستانی خۆراوایی بۆ سێ پرسی نێونەتەوەیی زەختیان خستۆتە سەر تاران: ١) مەترسیی دەرچوونی دەستبەجێ ٢) ئاستی پێشکەوتوویی گەشەکردنی بەرنامەی ناوکی و ٣) دەست‌ئاواڵایی بۆ پشکنینە نێونەتەوەییەکان. لە پرسی یەکەم، کاتی دەرچوونی ئێران، بە گوتەی کاربەدەستێکی ئەمریکا  "سنووری هەڵە" لە کۆتایی ٢٠٢١ ـە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران لەوانەیە توانایی گۆڕانی خێرای سانتریفیوژەکانی هەبێ و بتوانێ بەشی بۆمبێک ئۆرانیۆمی بەکەڵک، پێش دیتنەوەی لە لایەن پشکێنەرانی نێونەتەوەیی، دروست بکا. بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی پشکێنەران کە لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ، لە ٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بڵاو بۆوە، ئێران نزیکەی ١٦٨،٣ کیلۆ ئۆرانیۆمی هێکسافلۆریدی (UF6) پیتێندراو بە پلەی ٪٢٠ هی ئیزۆتۆپی  U-235ی هەیە. زیاتر لە ٪٢۵ ئەو ڕێژەیە لە سێ مانگی پێش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە بەرهەم هێنرابوو. بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ئێران هەروەها ٢٦،٢ کیلۆ UF6 ی پێتێندراو بە پلەی ٪٦٠ ی هەیە. بەو خێراییەی بەرهەمهێنان، ئێران دەتوانێ سنووری دەستڕاگەیشتن بە ڕێژەیەکی بەرچاو  UF6ی پینتێندراو بە پلەی ٪٢٠ (نزیکەی ۵٠-٢٤٠ کیلۆ) لە سەرەتای ی ٢٠٢٢ ببەزێنێ. دوای بڵا بوونەوەی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە نۆڤەمبەر، ئێران دەستی بە پیتاندنی U-235 بە پلەی ٪٢٠ بە کەڵک‌وەرگرتن لە سانتریفیوژی  IR-6لە فۆردۆ، بنکەیەکی پیتاندنی بەتوندی قایمکراو، کردوە. بێتوو ئێران سنووری دەرچوون ببەزێنێ و ئۆرانیۆمی پێویست بۆ بۆمبێک بپیتێنێ، بەگوێرەی هێندێک بەراورد، ڕەنگبێ پێویستی بە یەک یان دوو ساڵی دیکە بێ تا لە ئامێرێکی هەڵگری بۆمبی قایم کات. بەڵام کاتێک قۆناخی پیتاندن تەواو بێ، توانایی وڵاتان بۆ ئاشکراکردنی هەوڵی چەک‌دروست‌کردن لە ئورانیۆم بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێ، چونکە ئەو چالاکییە لە ژێر چاودێریی نێونەتەوەییدا نییە. دووهەم، ئێران خەریکی وەدەست‌هێنانی توانایی ئەوتۆیە کە بناخەیەکی نوێ و پێشکەوتووتر بۆ بەرنامە ناوکییەکەی دەستەبەر دەکات.  لە ٢٠٢١، ئێران بۆ یەکەم جار ئۆرانیۆمی U-235 ی پێتێندراو بە پلەی ٪٦٠ی بەرهەم هێنا و تاقیکاریی بە سانتریفیوژی پێشکەوتوو، لە نێویاندا IR-6ی دەست پێ کرد. لە کاتێکدا ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کەڵەکەکراوی ئێران دەتوانێ لە تیۆریدا لەنێو ببردرێن و سانتریفیوژەکانی لێک هەڵوەشێندرێن، سڕینەوەی زانیاریی وەدەست‌هاتووی زانا ئێرانییەکان لە ڕێگای ئەو توێژینەوە، مومکین نییە. ئێران، لێهاتوویی لە بواری نوێشدا گەشە پێ داوە، لە نێویاندا لە بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم، کە ڕاستەخۆ پێوەندی بە گەشەپێدانی چەکی ناوکیەوە هەیە. سێهەم، ئێران چاودێریی ناوەنەتەوەیی بەسەر بەرنامە ناوکییەوەیەوە سنووردار کردووە، لە ناویاندا بە وەستاندنی پرۆتۆکۆلی زیادکردنی چاودێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە فێبریواری ٢٠٢١  و، پێشگرتن و جاڕزکردنی پشکێنەرەکان. بەڵام، تەنگەتاوترین پرس دەستڕاگەیشتن بە بنکەی دروست‌کردنی پارچەی سانتریفیوژان لە کەرەجە، کە دوای زەختی ڕووسیە، لە کۆتایی ٢٠٢١ چارەسەر کرا. (ئێران دوای هێرشێکی سابۆتاژی لە مانگی جوون، کامێراکانی لە بنەکەکە لابردبوون و لەبەرانبەر زەختی نێونەتەوەیی بۆ دانانەوەی ئەوان، تەنانەت دوای دەست‌پێکردنەوەی بەرهەمهێنانی پارچەی سانتریفیوژ، خۆی ڕاگرتبوو.)   پلانی Bی واشینگتۆن درەنگانێکی ٢٠٢١، ئێران، ئیسڕائیل و ئەمریکا  دەستیان بە داڕشتنی بناخەی هەڵوێستێکی سیاسیی نوێ  لە ئەگەری شکستی وتووێژەکان کرد. لەو سێناریۆیەدا، ڕەنگبێ واشینگتۆن زەختی سیاسی و ئابووری بۆ سەر ئێران زیاتر بکا بۆ ئەوەی قەناعەتی پێ بێنێ ڕێککەوتنێکی ناوکیی بەتەواوی نوێ کە هێشتا ڕوون نییە پەسەند بکا. کەمپەینی "ئەوپەڕی زەخت" کە ترامپ دەستی پێ کرد تا گرەوەکانی ئێران بە شیوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە، وای کردوە کە ئامانجێکی زۆر کەم بۆ خستنە نێو لیستەی ئابلۆقە مابن. لەجیاتان وڵاتە یەکگرتووەکان ڕەنگبێ جەخت بکاتە سەر جێبەجێ‌کردنی سزا دژی ئەو تاک و ناوەندانە کە ئابلۆقەکانی ئەمریکا پێشێل دەکەن. بە هاوکاریی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا، ڕەنگبێ ئەمریکا هەروەها بیهەوێ مێکانیزمی "پەلە پیتکە" بەگوێرەی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێنێ، کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای سەپاندنەوەی ئابلۆقەکانی نەتەوە یەگرتووەکان، ئێران هەمان ئابلۆقەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە سەردا دەسەپێندرێ کە پێش ڕێککەوتنی بەرجام لە ئارادا بوون. ئابلۆقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوە کەمترن کە لە لایەن ئەمریکاوە سەپێندراون، بەڵام ئەو پەیامە سیاسییە کە بەرجام مردوە و ئێران گەڕاوەتەوە ناو جەغزی سزای سیاسی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بۆ تاران زەبرێکی گورچوبڕ دەبێ. چین مەزنترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، بۆیە ئابلۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر پیشەسازیی نەوتی تاران پێشێل دەکا. ئە لە ٢٠٢١ بە شێوەی مامناوەندی ڕۆژانە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو و گازی شلەمەنیی ئێرانی کڕیوە. کاریگەرترین ئامراز بۆ زەخت‌ خستنە سەر تاران ئەوەیە کە قەناعەت بە بەیژینگ بێنی کە کڕینی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە. بەڵام وێدەچی چین دۆخی هەنووکەیی بەدڵ بێ و زۆرترین هەڵوێستی دڵخوازی ئێرانی لە وتووێژە ناوکییەکان گرتوە. بەڕیوەبەرایەتیی بایدن ئابلۆقەکانی سەپێندراو بەسەر لایەنە چینییەکانی تێوەگلاو لەو ئاڵووێرانەوە نەسەپاندوە و ڕوون نییە ئاخۆ بێتوو وتووێژەکان شکست بێنن ئەو کارە بکا یان نا. وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها ئاشکرای کردوە کە زەختی سەر ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی زیاد دەکا چونکە بەشێک لەو نەوتەی بۆ چین دەچێ بە ئاوەکانی ئەودا تێپەڕ دەبێ. (ئیماڕات هەروەها هاوبەشی مەزنی مامەڵەی کاڵای غەیری نەوتی و کاروباری بانکیی ئێرانە.) لە کۆتاییدا، ڕەنگبێ وڵاتە یەکگرتووەکان بەئاشکرا باسی بژارە سەربازییەکان بۆ پێشگرتن بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لە لایەن ئێران بکا، هەم بۆ ئەوە کە ئێران چاوترسێن بکا و هەروەها هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەمریکا دڵنیا بکاتەوە. بەگوێرەی هێندێک ڕاپۆرت پێنتاگۆن لە مانگی دێسەمبەر پلانی هاوبەشی دەگەل ئیسڕائیل داڕشتوە و هەنگاوی زۆرتر چاوڕوان دەکرێن، وەک ڕاهێنانی سەربازیی زیاتر دەگەڵ وڵاتانی ناوچە.   پلانەکانی ئیسڕائیل بێتوو وتووێژەکان تووشی شکست بن، ئیسڕائیل ڕەنگبێ بیهەوێ بە قووڵ‌کردنەوەی گرژییەکان و چڕکردنەوەی هەوڵە تێکدەرانەکانی و هێرشی سایبەری دژی ئەو وڵاتە، دەوڵەتی ئێران ناسەقامگیر بکا. ئەگەرچی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران وێناچی ڕوو بدا، بەڵام ئەگەری ئەو ڕووداوە نابێ ڕەت بکرێتەوە. دەوڵەتی نوێی ئیسڕائیل، کە لە جوونی ٢٠٢١ هاتە سەر کار، تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕای ڕوانگەی هێرشبەرانەی سەرۆک‌وەزیرانی پێشوو، بنیامین ناتانیاهوو، دژی ئێران و دژایەتیی بەرجامە. بەڵام سەرۆک‌وەزیرانی نوێ، نەفتالی بێنێت، کەمتر لە ناتانیاهو خوازیاری مشتومڕی ئاشکرا دەگەڵ ئەمریکا لەو بارەوەیە. هۆی ئەوە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی ئاشتییانەی یائیر لاپید، وەزیری کاروباری دەرەوە و گرینگترین هاوپەیمانی بێنێت و ئەو ڕاستییە کە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن هێشتا نوێیە. ئەو هەڵوێستە جیاوازە لە ساڵی داهاتوودا و لە ئەگەری چڕبوونەوەی گرژییەکانی دەگەڵ ئێران تووشی تاقیکاری دەبێتەوە. هێزە سەربازییەکانی ئیسڕائیل ڕاهێنانەکانیان بۆ ئامادەکاریی هێرشێک بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران دەست پێ کردۆتەوە و دەوڵەت ۵،١ میلیارد دۆڵاری بۆ باشترکردنی ئامادەیی بۆ هێرشێکی ئەوتۆ تەرخان کردوە. ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە وێدەچی بۆ ئاشکراکردنی هێز بێ، لەگەڵ ئەوەشدا دەیسەلمێنن کە پلانی هێرش لەو ساڵانەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرا، چەندە لاواز بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرت، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی لە جانیواری ٢٠٢٢ بە کابینەی گوتوە کە هێرش بۆ سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران کاریگەرییەکی ناڕوونی دەبێ و ڕێککەوتنێکی سیاسی زۆر لە سێناریۆی ڕێکنەکەوتن بە سوودترە. (بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرت موساد هاوڕا نییە.) لە ١٢-٢٠١٠، ڕووداوێکی ئەوتوو قەوما. کاتێک ڕێبەرانی هێزە سەربازییەکان و هەواڵگریی ئیسڕائیل بۆچوونی جیاوازیان دەگەڵ ناتانیاهو لەمەڕ شێوەی بەڕێوەبردن و ئاسەوارەکانی هێرشێک بۆ سەر ئێران هەبوو. لە کۆتاییدا، ئیسڕائیل ئەوساڵ هەڕەشە و ڕاهێنان بۆ هێرشێکی ئاسمانی دەکا. بە شێوەی هاوتەریب، بێتوو وتووێژەکان ناسەرکەوتوو بن، وێدەچێ شێوە جەنگی دەیان ساڵەی ئیسڕائیل و ئێران بە سابۆتاژ و ئۆپەراسیۆنی سایبەری چڕتر بێتەوە. ئیسڕائیل توانایی هێرش بۆ سەر بنکەی بە چڕی پارێزگاری‌کراوی ئێران، لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، کاتێک زانای ناوکیی موحسین فەخریزادەی کوشت و لە ٢٠٢١ کاتێک هێرشی کردە سەر بنکەکانی پیتاندن لە نەتەنز و کەرج نیشان داوە.   تاران باوەش بۆ "مقاومەت" دەکاتەوە     هەڵوێستی دەوڵەتی ڕەئیسی بەرانبەر بە پلانی ئابووری جەخت‌کردنەوە لەسەر ئەوەی بە "ئابووریی مقاومەتی" ناسراوە بووە، کە لەویدا ئێران جەخت لەسەر بەرهەم‌هێینانی نێوخۆیی، بازرگانیی غەیری نەوتی دەگەڵ دراوسێکان و کەمترکردنەوەی بەستراوەیی بە هاوردەکردن دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بۆچوونە، کە خامنەیی برەوی پێ دەدا، ڕەنگبێ ستراتێژییەکی ئابووریی سەرکەوتوو نەبێ، لانی‌کەم لە کورت‌ماوەدا و، ڕەنگبێ لەجیات چارەسەرکردنی گیروگرفتە ئابوورییەکان، ببێتە هۆی ئارێشەی زۆرتر. دەوڵەت پێشنیاری کەمکردنەوەی ڕاستەقینەی تێچووەکانی کردوە، لە نێویاندا مووچەی کارمەندانی دەوڵەت، بەڵام تەنانەت جێبەجێ‌کردنی ئەو بەڵێنییەی کەمکردنەوە و هاوکات کۆنتڕۆڵ‌کردنی هەڵاوسانی نرخەکان ئالنگارییەکی مەزنە. بێتوو وڵات درێژە بە کەم‌هێنانی بەرچاوی بودجە بدات، پێویستی بە قەرزکردنی ناڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندی دەبێ، ئەوەش دروست نوسخەی هەڵاوسانی زۆرتر و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتییە. وێدەچێ پەرەپێدانی ناوکیی ئێران هۆشدارییە نێونەتەوەییەکان زیاتر بکا. دەوڵەتی شەڕانیی ئێران دەتوانێ بڕیار بدا لێبڕاوانەتر وەدوای ئەو پرسە بکەوێ، ئۆرانیۆم تا پلەی ٪٩٠ بپیتێنێ یان دەستڕاگەیشتنی پشکێنەرە نێونەتەوەییەکان سنووردارتر بکا یان وەدەریان بنێ، ئەو هەنگاوانە بەزاندنی هێڵی سووری ئیسڕائیلن. تاران هەروەها دەتوانێ بڕیار بدا وشیارانەتر بجووڵێتەوە، کۆی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٪٢٠ و ٪٦٠ زیاتر بکا، پەرە بە کەڵک‌وەرگرتن لە سانتریفیوژی پێشکەوتوو و تاقیکاریی لەسەر بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم بدا. هەڵوێستێکی ئەوتۆ ئەو باشییەی هەیە کە نابێتە تاکە بیانوو بۆ ورووژاندنی پەرچەکرداری یەکگرتووی نێونەتەوەیی. هەرچۆنێک بێ، نیگەرانییە نێونەتەوەییەکان لەمەڕ ئەوە کە ئاخۆ دەکرێ بێ کەڵک‌وەرگرتن لە هێزی سەربازی، ڕێبازی ناوکیی ئێران بوەستێندرێ کەڵەکە دەبێ و ڕەنگبێ وا بکا کە ئەمریکا یان ئیسڕائیل بەزاندنی هێڵی سوور لە لایەن ئێرانەوە ڕاگەیێنێ. لە کۆتاییدا، ئێران وێدەچێ وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی سابۆتاژی سایبەری بە هەڵمەتێکی ناڕاستەوخۆ، ئەنجامدەرانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە تووشی تێچوو بکا (ئەگەرچی ئێران لەو ساڵانەی دواییدا هەوڵی داوە بە شێوەیەکی بەرچاو تۆڵە لە ئیسڕائیل بکاتەوە). لە کاتێکدا کە وێدەچێ نیگاکان ئاراستەی ئیسڕائیل بکرێن، هێرشی تۆڵەئەستێنەوە دەتوانێ ئاراستەی ئەمریکا و هێزە سەربازییەکانی لە ناوچە بکرێنەوە و ببنە هۆی بەرزکردنەوەی مەترسیی لێکدانەوەی هەڵە یان کێشەیەکی بەربڵاوتر. هەروەها عەڕەبستانی سعودی یان ئیماڕات بکەونە ژێر هێرش، ئەگەرچی لەوانەیە ئێران کە دەیهەوێ پێوەندییەکانی لەوێ باشتر بکا، لە بەرینکردنەوەی کێشەکە بەرەو خەلیج بەگومان بێ (ئەگەرچی هاوپەیمانانی یەمەنیی ئێران هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ژێرخانەکانی سعودین).   دوورەدیمەن پێچەڵپێچی و مەترسییەکانی پێوەندیدار بە پلانی سێناریۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ دەوڵەتانی خۆراوایی، ئەگەر نەڵێێن بۆ ئێران، گرینگیی زیندووکردنەوەی بەرجامی سەلماندوە. هێشتا نەخشە ڕێگایەکی سیاسی لەبەر دەست‌دایە و لە حەوتوو و مانگەکانی داهاتوودا جموجۆڵی بەرچاو نابێ حیسابی بۆ نەکرێ. ئاماژەی سەرەکیی بۆ پێشوەچوون تێکەڵاوێک لە هێواش‌کردنەوەی بەرنامەی ناوکیی ئێران و خۆ گونجاندنێکی زۆرتر بۆ ئەو داوایانن کە لەوپەڕی بەرجامن. ئەوە ڕەنگبێ سازشی زیاتر لە لایەن واشینگتۆن بۆ قەناعەت هێنان بە ئێران بێ کە بەڕاستی سوودی ئابووری پێ دەگا، و بە ڕێککەوتنەوە بەستراونەوە. تەنانەت ئەگەر وتووێژەکانی ڤییەن شکست بهێنن و ئێران، ئیسڕائیل و ئەمریکا دەست بە جێبەجێ کردنی پلانی 'B'ی خۆیان لە ٢٠٢٢ بکەن، ڕەنگبێ ‌هێشتا دیپڵۆماسی بە شیوەی وتووێژی فەرمی و نافەرمی بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بچووکتر و کاتی بۆ دیاریکردنی میچی ناوکیی یان ئاستی گرژیی ناوچەیی، درێژەیان هەبێ.