کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربەخۆیی سیاسی بۆ حیزبی دێموکرات هەم ئەخلاقە، هەم پڕەنسیپ

23:23 - 30 رێبەندان 2721

شەهید د. قاسملوو: "ئێمە بە خاتری دۆستایەتی قەت واز لە سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ناهێنین. بەڵام لەبەر خاتری سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ئەگەر پێویست بوو، واز لە دۆستایەتی دەهێنین. کەوابوو مێعیاری بۆ ئێمە قازانجی حیزب و گەلی کورد و سەربەخۆییمانە. مێعیاری ئەساسی سەربەخۆیی بڕیاردانە. دۆستایەتی دەکەین بەڵام لە گەڵ پاراستنی سەربەخۆیی. ئەگەر پێویست بوو دۆستایەتی‌یەکە فیدای سەربەخۆیی دەکەین، بەڵام هەرگیز سەربەخۆیی فیدای دۆستایەتی ناکەین." *** یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەکانی کوردستان بەستراوەیی سیاسی و فکرییانە بووە بە دەوڵەتان و هێزە شوێنەدانەرەکانەوە کە ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە ئەگەر لە لایەک پێوەندیی بە فکر و ئایدیای سیاسی یان مەزهەبییەوە هەبێ، بەشی زۆری بەرهەمی جەبرێکی جوغرافیاییە کە لە ئاکامی شەڕی جیهانیی دووهەمدا بەسەر نیشتمانی کوردان‌دا سەپێندراوە. بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و مودێرن، ئەسڵ و مێعیارێک لە بزووتنەوەی کوردستاندا خۆی دەردەخا کە تا ڕادەیەک بزووتنەوە لەم خەسڵەتە زیانبەخشە دوور دەخاتەوە کە ئەویش سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژوویی دەیان ساڵەی پڕ لە هەوراز و نشێوی خۆیدا، نەتەنیا خاوەنی پاک و بێ‌گەرترین کارنامەیە، بەڵکوو لە بەهێزکردن و ئەرزش و بایەخ بەخشین بەم مێعیارە لە بزووتنەوەی کوردستاندا، ڕۆڵی داهێنەر و بەهێزکەری پێ بڕاوە. لە مەرامنامەی هەشت خاڵیی حیزبی دێموکراتی کورستان‌دا پشتبەستن بە هێزی لەبڕاننەهاتوویی گەل و لەبەرچاوگرتنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و بەئەساس‌گرتنی ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردستان، بناغە و بنچینەی سەربەخۆیی سیاسیی بزووتنەوەی نوێی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبە و هەروەها سنووری دۆستایەتییەکان دادەڕێژرێ. کەوابوو ئەم ئەرزشە موبارزاتییە لە حیزبی دێموکراتدا لە دامەزرانیەوە تا ئێستا بە خوێندنەوە لە ڕابردووی بزووتنەوەکانی کوردستان و قازانجەکانی بۆ داهاتووی خەباتی نەتەوەی کورد، ئەسڵێکی نەگۆڕ و چەسپاوە. بەڵام لە کەس شاراوە نییە کە کاریگەریی کەسایەتی و بیرو ئەندێشەکانی ڕێبەری زانا و هەڵکەوتووی کورد، دوکتور قاسملوو لە تەتەڵەکردن و بەهێزکردنی ئەم ئەسڵە لە باوەڕەکانی حیزبی دێموکراتدا، بەرچاوه. شەهید قاسملوو ئەم مێعیارە لە باوەڕە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتدا دەبەستێتەوە بە دوو ئەسڵ و مێعیاری هەرە ئەساسی لە باوەڕەکانی دیکەی حیزب و وەک بەها و ئەرزشێکی سیاسی- نەتەوەیی پێناسە دەکا و لادان لەم ئەسڵە بە خەتایەکی گەورە دەزانێ. کاتێک کە دەڵێ؛ " لەبەر خاتری سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان، ئەگەر پێویست بوو واز لە دۆستایەتی دەهێنین" و،  هەر دوو ئەسڵی "سەربەخۆیی" و "قازانج" لە پەنا یەک دادەنێ، دەقیقەن دەیهەوێ بایەخ و بەهای سەربەخۆبوون لە حیزب و بزووتنەوە‌دا دەربخا بۆیە دەیبەستێتەوە بە قازانجی میللەتەکەی و پێکەوە پێناسەیان دەکا. قازانجی میللەت و ویست و داخوازتەوەری بۆ حیزبی دێموکرات پڕینسیپە و ناوەزێڵ و کاکڵی باوەڕەکانی ئەم حیزبە لە کۆمەڵێک پڕینسیپی نەتەوەیی پێک هاتوون کە پاراستن و زیندوو هێشتنەوەیان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. بێگومان پاراستنی ئەم پڕینسیپە بەبێ تێچوو و هەزینە نابێ و حیزبی دێموکرات لەم پێوەندییەدا زۆر بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە لەپێناو پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیارەکانیدا، باوەڕی بە هیچ جۆرە سازش و نەرمی‌نواندنێک نییە. بۆیە شەهید قاسملوو دەڵێ: "ئەگەر پێویست بوو دۆستایەتی‌ فیدای سەربەخۆیی دەکەین، بەڵام هەرگیز سەربەخۆیی فیدای دۆستایەتی ناکەین". واتای ڕوونی ئەم ڕستەیە ئەوەیە کە؛ قازانجی میللەتەکەمان به هیچ شتێک ناگۆڕینەوە و ئامادەین لەپێناویدا تێچوو هەزینەش بدەین تەنانەت ئەگەر لە دەستدانی دۆستەکانیشمان بێت. لێرەدا ئەخلاق وەک ئەسڵ و مێعیارێکی دیکە بۆ بزووتنەوەی کوردستان حیزبی دێموکرات زیاتر لە هەمیشە مانا پەیدا دەکا. خەباتی ئەخلاق‌تەوەر، سیاسەتی تێکەڵ بە ئەخلاق، پاراستنی ئەخلاقیانەی بەرژەوەندییەکانی خاک و خەڵک، پابەندبوونێکی ئەخلاقی بە ئەرزشەکانی موبارزە و لە کۆتاییدا تەحەموولکردنی بارگرانییەکی ئەخلاقمەدارانە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکاندا؛ هەموو ئەمانە پێناسەی حیزبی دێموکراتن بۆ مێعیاری سەربەخۆیی سیاسی. بەشێکی دیکەی ئەم ڕوانینە لە کەسایەتی بەخشین به ئینسانی کوردەوە سەرچاوە دەگرێ کە خۆی بەرانبەر بە حیزب و گەلەکەی بە بەرپرسیار بزانێ و بە بڕیار و سیاسەتە هەڵەکانی میللەتەکەی تووشی بارگرانی و شەرمەزاری نەکات. بڕیاری درووست و بەسوود لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو کەس و حیزب و ڕێکخراوانەی کە خۆیان بەرانبەر بە چارەنووسی میللەتەکەیان و ئاکامی بڕیارەکەیان بە بەرپرسیار نازانن، نە دەتوانن سەربەخۆبوونیان بپارێزن و دەتوانن بڕیاری درووست هەڵبژێرن، بۆیە لە پێناو دەسکەوتێکی چووکەڵەی کورت‌خایەندا ئامادەن؛ به پشتکردنە بەها ئەخلاقییەکان، چاو و گوێیان لە حاست بەرژەوەندیی نەتەوەکەیان کوێر و کەڕ دەبێ و پشت بە هێزی دوژمن، تەسلێمی داواکارییەنی دەبن و بە لەدەستدانی سەربەخۆییان دەست لە ڕۆڵەکانی گەل دەوەشێنن و لە کۆتاییدا تووشی شەرمەزاری و خیانەت دەبن. حیزبی دێموکرات بە وەپێشدانی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەی وەک پڕینسیپێکی نەگۆڕ، هەوڵی داوە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی بپارێزێ. هەرچەند لەم پێناوەدا تووشی خەسار و هەزینەی زۆر و کورتخایەن بووە، بەڵام وەک سەلمێندراوە، لە وێژدانی هەموو تاکێکی خەڵکی کوردستاندا، سەربەرز و ڕووسوورە. لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتان، هێز و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هەمیشە ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی کردوە و لەم پێناوەدا نەتەنیا تووشی کەوتنە ژێر نفوز و کاریگەریی هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو لە پێناو باوەڕ و بڕیارەکانیدا زۆر جار وازی لە دۆستایەتییەکانی هێناوە. بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، حیزبی دێموکرات لە پێوەندی و بڕیار و سیاسەتەکانیدا ئەساس قازانج و بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورد لە هەرکام لە پەشەکان و پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاردانی بووە. پێوەندیی و بڕیارەکانی حیزب بە ئێعترافی هەموو لایەک و بە پێی فایل و بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بە پێوەندییەکانی حیزب لە گەڵ دەوڵەتانی دەورووبەر –بەتایبەت دەوڵەتانی عێراق لە کۆنەوە تا ئێستا– نەتەنیا زەڕڕەیەک لادان لە پڕینسیپە نەتەوەییەکانی تێدا بەدی ناکرێ، بەڵکوو جێی شانازی و سەربەرزییە.