کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوەستاو لەسەر دوندی مێژوو

23:27 - 30 رێبەندان 2721

(چەمکی سەربەخۆیی‌خوازی لە ئەندیشەکانی شەهید دوکتور قاسملوودا)       ئاماژە: ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی گشتی و بەپەلەیە بۆ ئاوڕدانەوە لە هەندێ دەقەکانی شەهید دوکتور قاسملوو سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی مافی چارەنووس، وەک یەکێ لە ڕەهەندە فکرییەکانی دوکتور قاسملوو لە دەڤەری سیاسەتدا. واتە ئەم مافە وەک حەز و خولیا، وەک ئارەزوویەکی دوورەدەست لە زەینی سەرکردەیەکی سیاسیی کورددا چۆن لەگەڵ چەمکی ڕێئال پۆلیتیک واتە واقیع‌بینیی سیاسی بە شێوەیەکی هاوتەریب بوونیان هەبووە. هەروەها چۆن تێرمی "پێکەوەلکاندنی جوغرافیایی" دەکا بە دەستەواژەیەکی کلیدی بە ناوی "یەکیەتیی نەتەوەیی" بۆ ئەوەی سەرلەنوێ یەکگرتنەوەی نەتەوەیەکی پارچەپارچەکراو وەک مافێکی سروشتی پێناسە بکا. لەم وتارەدا ئاوڕ دراوەتەوە سەر ڕۆڵی شەهید دوکتور قاسملوو وەک کارگێڕێک کە ئاستی شوێندانەرییەکەی بۆ پرسی "مافی دیاری کردنی چارەنووس"تا چ ڕادەیەک بووە چ وەک بیردۆزێکی سیاسی، چ وەک ستراتیژیستێکی سیاسی و چ وەک ڕووناکبیرێکی ئۆرگانیک. *** هەموو پرسێک لەدایکبووی سەردەمی خۆیەتی، واتە دەبێ بە پێوەری دووانەی کات – شوێن پرسەکە شرۆڤە و ئانالیز بکرێ. ئەگەر ئەمڕۆ نەغمەی سەربەخۆیی لە شەقامی کوردی دێتە بەر گوێ و، لە زەینەوە هاتووە بەرەو عەین و ئەم تابۆیە چیی تر بڤە نییە، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا و لە گوتاری هیچ هێزێکی سیاسیدا ئەم پرسە بوونی نەبوو. تەنانەت ئێستاشی لەگەڵدا بێ لەهەر چوار پارچەی کوردستان وەک دیسکۆرس نادیترێ. بۆیە زۆر گرینگە ئەگەر بکرێ بە فاکت و بەڵگەوە بتوانین پرسی دیاریکردنی مافی چارەنووس لە زەینی دوکتور قاسملوودا شەن‌وکەو کەین. پێداگری لەسەر ئەم خاڵە بە پێویست دەزانم کە خوێنەری بەڕێز بۆ ماوەیەکی زەمەنیی نیزیک بە پەنجا ساڵ بۆ دواوە بگەڕێنمەوە و لە کەش‌وهەوای ئەو کاتدا سەیری بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو بکا. مەبەستم ئاوانگاردی زەینی شەهید دوکتور قاسملوویە هەم بە نیسبەت پرسی دیاریکردنی مافی چارەنووس، هەم بە نیسبەت کۆمەڵگای ئەوان سەردەمان. ***   لە ماوەی سەركردایەتیی شەهید دوكتور قاسملوو وەك سكرتێری حیزبی دێموكرات، بەهۆی كەسایەتیی ناسراوی لە ئورووپا و هەروەها ناسیاویی لەگەڵ سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان، پرسی كورد لە ڕۆژهەڵات ببوو بە ڕۆژەڤ، بە جۆرێ كە میدیا هەرە بەناوبانگەكانی دنیا بەردەوام هەواڵەكانی كوردستانی ئێرانیان دەگواستەوە، وەك نموونە: گاردییەن (بریتانیا)، لۆمۆند (فەڕانسە)، دێیلی تێلیگراف (بریتانیا)، لوسوار (بلژیك)، ئیكۆنۆمیست (بریتانیا)، هیراڵد تریبیۆن (ئەمریكا)، سەندەی تایمز (بریتانیا)، زوددۆیچە (ئاڵمان)، نیوزویك (ئەمریكا)، فاینانشاڵ تایمز (بریتانیا)، فیگارۆ (فەڕانسە)، فرانكفۆرتر ئاڵگماینێ (ئاڵمان) و... تەنانەت ساڵی 1974 لە یەكێك لە ڕۆژنامە پڕتیراژەكانی ئەمریكادا بە قەڵەمی خۆی بابەتێك لەسەر كۆماری كوردستان بڵاو دەكاتەوە. بۆ نموونە ڕۆژنامەی فیگارۆ وەك پڕتیراژترین ڕۆژنامەی فەڕانسە لە كاتی لە لووتكەدابوونی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرواری 20/8/1979 ئاوا دەنووسێ: "ئەگەرچی كوردستان وەك وڵات لەسەر هیچ نەخشەیەك بوونی نییە، بەڵام 500 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە خاك و زیاتر لە 20 میلیۆن حەشیمەتی هەیە و لە مێژووی هاوچەرخ‌دا هەركات كوردستان ڕادەپەڕێ، پێنج وڵات دەلەرزێن..." فیگارۆ لە درێژەدا دەنووسێ: "نەتەوەی كورد بەسەر پێنج وڵاتی توركیە، ئێران، عێراق، سووریە و یەكیەتیی سۆڤییەت‌دا دابەش كراوە كە بەدرێژایی مێژوو بەردەوام لە شۆڕشدا بوون و هەمیشە وەك ئەرمەنییەكان سەركوت كراون." ئەمە واتە لە سەردەمی نەبوونی سۆشیال میدیادا، لە سەردەمی نەبوونی تۆڕی بەربڵاوی ئینتێرنێت تەنیا ستراتیژیستێک دەتوانێ سەرنجی میدیای زەبەلاحی سەردەم بۆ پرسی کورد ڕابکێشێ و سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە باس لە وڵاتێکی لەت‌وکوتکراو بکرێ کە لەسەر نەخشە بوونیان نییە! ***   ئەگەر سەرجەم ئەو پێناسانەی بۆ ڕووناکبیران كراون بخەینە تای تەرازوویەكەوە، دەكرێ دوو خاڵی سەرەكی و هاوبەشیان تێدا بەدی بكەین كە بریتین لە: داهێنان و شوێندانەری. ڕێك ئەم دوو خاڵەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی كوردستان بەدی ناكرێن. دیارە داهێنانی فكری لە فەزایەكی تاكەكەسی و ئیزۆلەدا سازدەبێ، بەڵام شوێندانەری لە فەزایەكی گشتی و پەرەگیردا دواجار دێتەدی، واتە ئەگەر وەك پڕۆسەیەك سەیری ئەم چەمكە بكرێ، دەتوانین بڵێین كە لە تاكەوە بەرەو كۆمەڵ ڕێچكە دەبەستێ. بەدەر لەم ڕەوتە، ڕۆشنبیری دەبێتە پرۆسەیەكی سەقەت و ناتەواو! شوێندانەری دوکتور قاسملوو لە دوای خۆی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی، حیزبی دێموکرات و تاکی کورد، شتێکی حاشاهەڵنەگرە. هەر ئەوەی ئێستا ئێمە خەریکی خوێندنەوەی سەرلەنوێی چەمکی دیاری کردنی مافی چارەنووسین لە ڕوانگەی شەهید دوکتور قاسملووە، واتە شوێندانەری ئەو لەسەر نەوەکانی دوای خۆی. ***   پەیمانی پیرۆز‌ ڕووداوێکی گرینگە کە بە سەرپەشتی و کارزانیی ئەمیربەدرخان، میری بۆتان لەنێوان میرنشینەکانی بۆتان، وان، حەککاری، مووش، خێزان، سەعرەد، قارس و... واژۆ دەکرێ و تەنانەت پەلهاوێژی دەکا بۆ میرنشینی ئەڕدەڵان. واتە بەجۆرێ سنوورە دەسکردەکان و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەبڕێ و دەچێ بەرەو کوردستانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی. بڕینی ئەم سنوورە دەسکردانە لە ڕاستیدا پلانێکە بۆ داهاتوو بە مەبەستی سازکردنی وڵاتێکی سەربەخۆ. بۆیە لێکۆڵەرە بیانییەکانیش ئەم حکوومەتە بەم دەستەواژەیە پێناسە دەکەن: Semi-Independent Emirate کە گوزارە لە حکوومەتێکی نیوەسەربەخۆ دەکا و بە تەعبیری ئەمڕۆیی وەک بوونێکی دیفاکتۆ سەلمێندرابوو. ئەمە ئەو حەز و ئارەزوویەیە کە سەرکردەی کورد عەوداڵێتی، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع میری کورد لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی دەکەوێتە گفتوگۆ، هەمان ڕەچاو کردنی هاوسەنگی هێز لە ڕێئال پۆلیتیکی ئەمڕۆدا. یان لە سەردەمی کۆماری کوردستان، کە سەیری ڕۆژنامەی کوردستان دەکەی، بە ڕاشکاوی وشەی "ئیستقلال" دەبێتە مۆتیڤی ڕۆژنامە. "ئیستقلال" واتە سەربەخۆیی، قەزائەن هەردوو وشەی سەربەخۆیی و ئیستقلال بەیەکەوە دەبنە مانشێت: جێژنی سەربەخۆیی و ئیستقلالی کوردستان. تەنانەت لەوە سەرنج‌ڕاکێشتر ئەوەیە، پێشەوای نەمر لە قسەکانیدا ئاماژە بە مەنشووری ئاتڵانتیک دەکا، مەنشوورێک بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکانی پاش شەڕی جیهانی دووهەم! تۆ پێشەوای نەتەوەیەک بی و ئەوکات باس لە پەیمانی ئاتڵانتیک بکەی کە لەوێدا ئاماژە بەوە کراوە دەبێ مافی چارەنووسی گەلان ڕەچاو بکرێ، بە باوەڕی من نیشان لەوەیە کە لە زەینی پێشەوا قازی محەممەددا بیرۆکەی سەربەخۆیی بەتەواوی هەبووە. یان ئەو وێنەیەی کە خەریتەی کوردستانی گەورە، لە پشت سەری پێشەوا قازی محەممەد هەڵواسراوە (وێنەکە ئاڕچی ڕۆزڤێڵت گرتوویەتی) ئەوانە و زۆر هێمای تر، ئەوە دەسەلمێنن کە لە زەینی پێشەودا چەمکی سەربەخۆیی بە تۆخی هەبووە. بەڵام دیسان لێرەدا دەگەڕێمە سەر ناوهاوسەنگیی هێز و چەمکێکی ژئۆپۆلیتیکی و دواجار سیاسەتی دانوستاندن با لەڕووی ناچاریشەوە بووبێ! دیارە زۆر نموونەی هاوشێوەی تر هەیە بۆ باسکردن، بەڵام ئەم نموونانەم بۆیە هێنا گۆڕێ کە بڵێم بەردەوام ئەم حەز و خولیایە لە زەینی سەرکردەی کورددا هەبووە. بەڵام ڕێئال پۆلیتیک دواجار بەربەستی سەرکردە بووە بۆ ئەوەی نەتوانێ ئەم خەونە بێنێتەدی. بەهەر‌‌حاڵ من پێم‌وایە هیچ کەس وەک شەهید دوکتور قاسملوو نەیتوانیوە ئەم پرسە هەم لە ڕوانگەی تیۆریکەوە هەم لە ڕوانگەی پراکتیکییەوە شەن‌وکەو بکا و من بە پشت بەستن بە دەقەکانی خۆی وەک نووسراوەکان و قسەکانی، ئەوە دەسەلمێنم. ***   با ئاوڕێک بدەینەوە سەر فاکتەکان: شەهید دوکتور قاسملوو لە کەلێنی نێوان بۆچوونەکانی لێنین سەبارەت بە دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلان و ڕۆزا لۆکزامبۆرگی سۆسیال دێموکراتدا، قسەکانی لێنین وەک بەڵگەی سەلماندنی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەخاتە بەر باس بۆ کیش‌ومات‌کردنی چەپی ئێرانی لەسەر ئەم پرسە. چون ڕۆزا لۆکزامبۆرگ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، بزووتنەوەی نێونەتەوەیی سۆسیالیستی لاواز دەکا، کەچی لێنین ئەم بۆچوونە نەک بە بۆچوونێکی سۆسیالیستی دانانێ و تەنانەت وەک ئینتێرناسیۆنالیستیش (وەک ڕۆزا دەڵێ) پێناسەی ناکا، بەڵکوو دەڵێ ئەمە ڕێک شۆڤێنیزمە و بۆیە ئەم مافە و دواجار سازدانی دەوڵەتی سەربەخۆی گەلانی ژێردەستە دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ!   کاتێ شەهید دوکتور قاسملوو واز لە مێتافیزیکی کۆمۆنیزم دێنێ، ئیتر لەبری کێشەی چینایەتی ئەوە پرسی نەتەوەییە کە دەبێتە دڵەڕاوکێی قاسملوو. بۆیە زەق‌بوونەوەی کێشەکانی قاسملوو لەگەڵ حیزبی توودە دەبێ لەم ڕەهەندەوە سەیر بکرێن. تەنانەت شەهید دوکتور قاسملوو بۆخۆی دەڵێ ئەوان من بە ناسیۆنالیست و لادەر دەزانن وەک نەمر کەریم حیسامی لە بیرەوەرییەکانیدا باس دەکا. ئیتر کار دەگاتە ئەوەی یەکی وەک ئێحسانی تەبری وەک لووتکەی چەپی ئێرانی بڵێ بۆ قاسملوو کوردی پێ ئێرانی نییە! لە گرتەیەکی دەنگیدا دوکتور قاسملوو دەڵێ: "ئێمە داوای مافی دانانی چارەنووس دەکەین، "حق تعیین سرنوشت"، دیارە ئێمە ڕوونمان کردۆتەوە کە بۆ ئێمە مافی دانانی چارەنووس دەتوانێ چ شکڵی سەربەخۆیی و ئیستقلالی هەبێ، چ شکڵی فێدراتیوی هەبێ چ شکڵی خودموختاری هەبێ." یان لە شوێنێکی تر باس لەوە دەکا لەگەڵ داریووشی فرووهەر لە کاتی وتوێژەکاندا مشتومڕمان هەبوو لەسەر وشەی قەوم و میللەت! قاسملوو دەڵێ قەوم هیچ مانایەکی نییە و ئەوان دەیانگوت "اقوام ایرانی"! بەڕواڵەت قەوم واتە میللەت، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە و قەوم وەک چەمکێکی نەژادییە واتە ئەوانەی نەژادی ئێرانیان هەیە، قاسملوو لێرەدا زیرەکانە کورد لە ئێران دادەبڕێ. لەگەڵ ئەوەدا کە باس لە ئیستقلال و سەربەخۆیی دەکا، کە باس لەو خولیایە دەکا کە لە زەینی ئەم سەرکردەیەدا هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێئال‌پۆلیتیک ئاماژە بەوەش دەکا کە هیچ دەوڵەتێک ئێمە بەڕەسمی ناناسێ کە پشتیوانی لەوە بکا کە کورد حەقی سەربەخۆیی و ئیستقلالی هەیە و بە خشکە باس لە سەرهەنگ قەززافی دەکا کە چەند جارێک درکاندوویەتی کە کورد مافی خۆیانە سەربەخۆ بن. لە کتێبی کوردستان و کورد‌دا دەڵێ: "دەستەبەرکردنی مافی دیاری کردنی چارەنووس لە عێراق، بە واتای جیابوونەوەی کوردستانی عێراق نییە، بەڵکوو بە مانای یەکگرتنەوەی کوردستانی عێراقە لەگەڵ کوردستانی ئێران و تورکیا..." سەیر کە، قاسملوو باس لە سەربەخۆیی پارچەیەک ناکا، بەڵکوو باس لە مافی سەرلەنوێ یەکگرتنەوەی پارچەکانی نەتەوەیەکی لەت‌وکوت‌کراو دەکا! یان دەڵێ: "کوردیش وەکوو هەموو نەتەوەیەکی دیکە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی تا دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەیە و ئەو مافە بۆ نەتەوەی کورد بە مانای مافی یەکخستنەوەی نیشتمانەکەیەتی." لێرەدا قاسملوو ڕێک وەک بیردۆزێکی سیاسی خویا دەبێ، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد ئەو تەنیا باسی سەربەخۆیی پارچەیەک ناکا، بەڵکوو باسی یەکگرتنەوەی هەموو پارچەکان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکا. یان لەو شوێنەی کە دەڵێ: "پێکەوە یەکگرتن مافی جودابوونەوە نییە، مافی یەکگرتنەوە و جودابوونەوە لە میللەتەکانی دیکەیە، لە واقیع‌دا حەقی یەکگرتنەوە تەنانەت لە حەقی جودابوونەوە زیاترە. کەوابوو ئەو مافەمان هەیە، چونکە دابەش‌بوونی کوردستان، لە واقیعدا دابەش‌بوونێکی دەسکردە و سروشتی نییە." دیسان لێرەدا دوکتور قاسملوو وەک بیردۆز دەیەوێ زەینی تاکی کورد ئامادە بکا بۆ پێکەوە لکاندنی جوغرافیایی کورد، هەرچەند مەحاڵێش بێ. لێرەدا ئێمە باس لە ئەمری واقیع ناکەین باس لەوە دەکەین کە سەرکردەیەک دەیەوێ سەرنجی تاکی کورد ڕابکێشێ بۆ ئەوەی کە بڵێ کوردستان وڵاتێکە کە دابەش کراوە. ڕەنگە ناوی کتێبەکەی خۆیشی "کوردستان و کورد" لەبری کورد و کوردستان، باشتر بتوانێ ئامانجەکەی ئێمە لەم باسەدا بپێکێ. مەنشوورە دەڵێن بۆ ئەوەی ببی بە دەوڵەت – نەتەوە، لە پێش‌دا ئیتالیا ساز بکە دواتر ئیتالیایی، هەر بۆیەش دوکتور قاسملوو خاک وەپێش مرۆڤ دەدا، واتە کوردستان و کورد. قاسملوو لە زۆر شوێنی تر، ئەم چەمکە واتە پێکەوەلکاندنی جوغرافیایی وەک "یەکیەتیی نەتەوەیی" پێناسە دەکا، بەڵام هەلومەرجی گونجاو و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و کاتی شیاویشی بۆ ئەم تێزە دەربڕیوە. بۆیە لەگەڵ ئێران و چەمکی ئێرانی بووندا ڕەنگە هەندێ جار بەردەنگ تووشی چەشنێ دژوازی بێ و ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر سیاسەت‌کردن لەسەر ئەرزی واقیع نەک دروشم و خەیاڵ! تەنانەت هەر لە نامیلکەی کورتەباسدا سەبارەت بەو سۆسیالیزمەی مەبەستێتی لە دۆخی عەینی و بەرهەستی وڵات خافڵ نییە و دەڵێ ئێمە دەمانەوێ سۆسیالیزمێک دابمەزرێنین کە لەگەڵ هەلومەرجی تایبەتی وڵاتەکان ڕێک بکەوێ، واتە لێرەش لاقی تێزەکان لەسەر عەرزی ڕێئال‌پۆلیتیکە و وەک خۆی دەڵێ سیاسەت بە ڕەش و سپی نابینێ و بە هونەری مومکینی ناوزەد دەکا! لە کتێبی "٤٠ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی"‌دا، سەبارەت بە کۆماری کوردستان دەڵێ: "کوردستانی ئێران بوو بە جێی هیوا و ئومێدی هەموو ئازدیخوازانی بەشەکانی دیکەی کوردستان." پێداگری لەسەر ئەوە کە هەوڵی دوکتور قاسملوو لەسەر ئەوە خول دەخوا کە بەشەکانی دیکەش، لە زەینی بەردەنگی خۆی کە تاکی کورد بێ، زۆر سەرنج‌ڕاکێشە.   لە درێژەدا دیسان ئەم بۆچوونەمان دەسەلمێنێ: "نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردییەکان، هەروەها شەخسییەتی زۆر بەرزی کورد لە کوردستانی تورکیە، سووریە و عێراقەوە، پەیتاپەیتا بۆ سەردان دەهاتنە مەهاباد. شاری مەهاباد ببوو بە جێگای هیوا و قیبلەی ئازدیخوازانی کورد. هەموو کورێکی نیشتمانپەروەر و پێشکەوتوو بەدڵەوە ئاواتی ئەوە بوو، ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد سەرکەوێ. چونکە دەیانزانی ڕووناکایی مەهاباد ئاسمانی تاریکی هەموو پارچەکانی کوردستان، لە دواڕۆژدا ڕوون دەکاتەوە." لە وڵامی نوێنەری کوردەکانی تورکیە‌دا، کە پاش پێکهاتنی کۆماری کوردستان هاتبووە مەهاباد، پێشەوا قازی لەسەر پارچەیەک نووسیبوی: "ڕووناکایی ئێرە لە دواڕۆژدا بۆ ئێوەش تیشک دەداتەوە." هەروەها لە کۆتایی ئەم بەشەدا، ئاماژە بە هاتنی بارزانییەکان دەکا و دەڵێ: "هاتنی بارزانییەکان تێکەڵبوونی بەم شێوەیەیان لەگەڵ کۆماری کوردستان ئەم ڕاستییەی پتر دەرخست کە کۆماری کوردستان سیمبولی هاوکاری و تەنانەت یەکگرتنی هەموو نەتەوەی کورد بوو." دوکتور قاسملوو سازبوونی کۆماری کوردستان ئەوەندە بە دەسکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی دەزانێ کە کارتێکەری ئەم دەسەڵاتە کوردییە بۆ سەر پارچەکانی تر بە شتێکی ‌حاشاهەڵنەگر دادەنێ و پێی وایە ئەمە جۆرێ یەکگرتنی هەمووی نەتەوەی کورد بووە. لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا، دوکتور قاسملوو سەفەرێک بۆ ئورووپا دەکا کە نیزیکەی سێ مانگ دەخایەنێ، لەو سەفەرەدا لە ئیسپانیا لەسەر بانگهێشتی ئەنیستیتۆی هاودەردی لەگەڵ گەلانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا، کۆنفڕانسێک لەسەر ئاگربەسی ئێران و عێراق و شوێنەواری ئەم تەقەوەستانە، لەسەر جووڵانەوەی گەلی کورد وتارێک پێشکەش دەکا، کە ئاماژە بە دوو خاڵان دەکەم: یەکەم: "ئێستا ئەگەر مێژوو دووپات بێتەوە و ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، جارێکی دیکەش بۆ تێکشکاندنی جووڵانەوەی نیشتمانی گەلی کورد، پێکەوە ڕێک‌کەون (هەرچەند ئیمکانی شتێکی ئەوتۆ کەمە)، کوردەکان دەبێ چ بکەن؟ لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، بۆ کوردەکان تەنیا یەک ڕێگا دەمێنێتەوە، ئەویش بریتییە لەوە کە یەک بگرن و بە هەموو هێزیانەوە دیفاع لە خۆیان بکەن. بەئاشکرا دەبێ ئەمجارە بڵێین کە باسی ئاشبەتاڵ و خۆبەدەستەوەدان لە گۆڕێدا نییە. بەربەرەکانی و خۆڕاگری گەلی کورد لە شار و لادێدا هەر درێژەی دەبێ و لە تەواوی شێوەکانی خەباتیش دەبێ کەلک وەرگیرێ." دووهەم: "پێویستە مەسەلەی کورد لە هەموو لایەنەکانییەوە بخرێتە بەرچاو. مەسەلەی ٢٠ تا ٢٥ میلیۆن ژن و پیاو بێتە گۆڕێ کە نەتەوەیەک پێک دێنێ و مافی بە دەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان هەیە. ئاشکرایە کە ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کردوە خاوەنی ڕێژیمی سیاسی لێک ‌جیاوازن." بەم شێوەیە دەست پێ‌دەکا و دواتر باسی تورکیە و عێراق دەکا.   دوا وتە ئەمە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بوو بە کەلک وەرگرتن لە ماتریاڵە کاڵەکانی بەردەست، وەک دەقی کتێب و نووسراوە و گرتەی ڤیدیۆیی و فایلە دەنگییەکانی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ پرسی دیاری کردنی مافی چارەنووس. دیارە فاکت و بەڵگەکان زۆر لەوە زیاترن، بەڵام ڕەنگە هەر ئەوەندە لە تاقەتی وتارێکی ڕۆژنامەدا بگونجێ. لە سەرانسەری ئەم وتارەدا من کەلکم لە وشەی "سەرکردە" وەرگرتووە و مەبەستم زیاتر سکرتێری حیزبێک بووە کە لە بازنەیەکی سنوورداردا وەک حیزب دەکرێ پێناسەی بۆ بکەین، بەڵام کە ورد دەبییەوە بۆ ناو ئەندیشە و بیروبۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو، سیمای "ڕێبەر"ی نەتەوەیەک دەبینی کە لە زەمانی خۆی لە پێشتر بوو. ڕەنگە ئەو چەند ڕستەیەی گاریباڵدی فەرماندەی شەڕەکانی سەربەخۆیی ئتیالیا ڕوو لە هاوسەنگەرانی کە دەڵێ: ئەو ڕێبەرەی بەدووی سەربەخۆیی نەتەوە و وڵاتەکەیەوە بێ جگە لە چەک و جلوبەرگەکەی هیچی تری نییە، ئەوەی ئیدیعای سەربەخۆیی و ڕيێەری هەیە خۆی لە کۆشک و تەلار دانانیشێ و خەڵکەکەی کەپر و ساباتێکیان نەبێ... ئەم قسانە ئەگەر بگوازینەوە بۆ ئەمڕۆ بە پێوەرەکانی خەباتی سیاسی ئەم سەردەمە، ڕەنگە ئاوای لێکدەینەوە گرینگ‌ترین میراتی ڕێبەرێکی سیاسی ىیروبۆچوونەکانێتی و لە هەمان کاتیش‌دا هۆکاری بیرکردنەوە و لێکدانەوە لەسەر میراتە فکرییەکەیەتی، تایبەتمەندییەک کە جگە لە قاسملوو لای کەم بۆ من هیچ کەسی تر نەیبووە.