کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوکراین و گرینگیی خۆڕاگری

04:44 - 16 رەشەمه 2721

ئەنستیتۆی ناونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک گریمانەی ئاراستەی کێشەی ئوکراین ڕەنگبێ بە قەد زانیاریی ئەوەی کە تا ئێستا ڕووی داوە گرینگ نەبێ. بەکورتی، ئەو هەڵمەتەی وڵاتە یەکگرتووەکان، بریتانیا و ئەوانی دیکە دەمێک بوو هۆشدارییان لەبارەیەوە دەدا، وەک پێشبینی دەکرا، بەڕێوە چووە. ئەوە ئاراستەی زانراوە. وەستاندن و پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەکە، لە ئابلۆقە زیاتر دەخوازێ. بۆ ئەو مەبەستە خۆڕاگریی ئوکراینیان یەکلاکەرەوە دەبێ.   چاونەترس و لەسەر ڕێچکە تا ئێستا، پوتین ئاشکرای کردوە کە نە گوێ دەداتە چاوترسێن‌کردن و نە لۆژیکی ستراتێژیک کە زۆر کەس هیوادار بوون جێبەجێ‌کردنی پێش بە دەستدرێژییەکی وەها ئاشکرا بگرێ. بەڵام لەوە گرینگتر، ئەو هەنگاوەکەی دژی ئوکراینی لە چوارچێوەی چیرۆکی ترسناکی "گێڕانەوەی ناتۆ"دا بەڕێوە بردوە. ئەو بە شێوەیەکی دەستدرێژیکارانە، وەک یەکەم هەنگاوی ستراتێژیی بەربەرین‌کردنەوە و دروست‌کردنەوەی دەسەڵاتداریی یەکیەتیی سۆڤیەت، دژی وڵاتە دراوسێیەکانی جووڵاوەتەوە. ئەوە گرەوەکە لە چارەنووسی سەربەخۆیی ئوکراین بەولاوە بەرز دەکاتەوە. پوتین هۆی بڕوابەخۆبوونی هەیە. ئەو چەند دەیەی بۆ بەڕۆژکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە تەرخان کردوە، بۆ ئەو هەڵمەتە شکڵ و شێوەی نوێی بەوان داوە، پاشان سیستەمەکانی، بە کەڵک‌وەرگرتن لە مرۆڤ و کەرەستە لە شەڕی سووریەدا، دەستکاری و تاقی کردوونەوە. بێجگە لەوە، ئەو لە ئوکراین بەرەوڕووی وڵاتێک دەبێتەوە کە تواناییە سەربازییەکانی گەلێک لە هی خۆی لاوازترن و تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر کەرەستەی ئاشنای ڕوسی دامەزراون. لەوەش گرینگتر، ناوبراو لەلایەن وڵاتانی خۆراواییەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە ئەوان لەنێو ئوکراین هێزی سەربازیی دانابەزێنن. ئەو بەردەوام وەبیری هێنراوەتەوە کە خۆراوا، بە هۆی سیاسییەوە، ناچار دەبێ لە ئابلۆقە وەک ئامرازی بەرپەرچدانەوە کەڵک وەرگرێ. دوای نائومێدبوون لە هەوڵەکان بۆ تێکەڵاوکردن و لە نێوەوە کاریگەری لەسەر دانان، لە ٢٠٠٨ بەولاوە، ئابلۆقە و تەریک‌خستنەوە هیچ بایەخێکی لە لێکدانەوەی ستراتێژیکی پوتیندا نییە. لە کاتێکدا کە ئەو لە هەڵبژاردنی چەکدا ئازادە، دژبەرەکانی، بێجگە لە یەکیان ئەو ئازادییەی نییە، ئەویش لە ڕوانگەی ناوبراوەوە نەتەنیا مەترسیی نییە بەڵکوو توانای چاوترسێن‌کردنیشی نییە.   بەڵام پوتین ڕیسک و خاڵی لاوازی هەن    مەزنترین ڕیسکی پوتین ئەوەیە کە ئەو لێکدانەوەی هەڵەی بۆ توانایی ئوکراین لە زەرەر گەیاندن بە کەلوپەلی هێزە سەربازییەکانی لە ڕێگای خۆڕاگری هەبوو. لە ژووری زایەڵەی کۆمەڵگای ئاسایشیی ڕووسیە، وێدەچی ئەو پێی ڕاگەیەندرابێ کە ستراتێژیی هێرش، چارەسەرکردن و پاشەکشە، وەک لە گورجستان بەڕێوە چوو، دەتوانێ لە ئوکراینیش جێبەجێ بکرێ. لەو پلانەدا، ئوکراین بە داگیرکارییەکی تاسێنەر و کورت بۆ هێنانە سەر کاری ڕێژیمێکی دەستەمۆ، دەتوانێ تێک بشکێ و بەچۆک دابێ و پێویست ناکا داگیر بکرێ. خۆڕاگرییەک کە بتوانێ هێزەکانی ڕووسیە بریندار بکا، گەلێک بۆ پوتین زەرەری دەبێ و ناچاری دەکا خۆی بگونجێنێ. ئەو دەتوانێ پێش ڕوودانی سێناریۆیەکی ئەوتۆ پاشەکشە بە هێزەکانی بکا، بەڵام خۆراگرییەکی خێرا و کاریگەر ناچاری دەکا هێز لە وڵاتەکە بۆ پارێزگاریی لە ڕێژیمێکی دەستەمۆ بەجێ‌ بهێڵێ. ئەو هێزانە بە نۆرەی خۆیان دەبن بە ئامانج. خۆڕاگریی درێژخایەن ئەوان پەلکێشی کێشەی زۆر، وەک شەڕی سووکی ناڕێکوپێکی شەقام بە شەقام دەکا، کە پوتین زۆری پێخۆش دەبێ خۆی لێ ببوێرێ. باڵادەستیی سەربازیی ناوبراو کەڵکێکی ئەوتۆی نابێ، مەگەر ئامادە بێ پەلکێشی گرۆزنییەکی دیکە بکرێ. تێچووی مرۆڤی یەکێک لەو شتانەن کە پوتین بە دژواری بتوانێ لە ماڵەوە هەڵسوکەتیان لەگەڵدا بکات. دووهەم مەترسی ئەوەیە کە هاوپەیمانییەک دژی ڕوسیە پێک بێ کە مەزنترین زەخت دەخاتە سەری. ئەو هاوپەیمانییە لە دەوری یەکیەتییەکی پێشووتر نەبینراو لە نێوان دوو ڕێکخراوی سەرەکیی فرەلایەنە، ناتۆ و یەکیەتیی ئورووپا، و پشتیوانیی وڵاتانی بێ یان کەم‌بایەخی ستراتێژیک بۆ ڕووسیە، دروست دەبێ. چین دەورێکی گرینگی دەبێ. پوتین زەخت دەخاتە سەر شی جینپینگ کە ئەگەر هاوکار نابێ، بێلایەن بمێنێتەوە. لە کاتێکدا کە ڕەنگبێ ناوبراو ببێتە هۆی بێدەنگیی "شی"، دەگەڵ گەشەی کێشەکە، بە لەبەر چاو گرتنی ئاکاری پوتین لە ئوکراین، وێدەچێ ئەوە کارێکی هاسان نەبێ. پێشترییەتیەکانی "شی" لە شوێنی دیکەن. ئەو کارێکی ئەتۆ ناکا کە زەرەر بە ئامادەکارییەکان بۆ بیستەمین کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیست، کە لەو ساڵدا دەگیرێ و بەتەمایە بۆ جاری سێهەم وەک سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە، بگەیەنێ. هاوکاریی نزیکتر دەگەڵ ڕێبەری تەریک کەوتووی ڕوسیا دەبێتە هۆی مەترسی ناپێویست. ئەرکی دیپلۆماتیک ئەوەیە کە هەر نیگەرانییەکی چینی بە زەخت لە لای خۆرهەڵاتەوە وەڵام بدرێتەوە. ئەوە دەرچەیەکی گەلێک مەزنە کە پوتین حیسابی بە ئاواڵایی مانەوەی بۆ دەکا. مەترسیی سێهەم بۆ پوتین ئەوەیە کە ناوبراو پێشدەستییەکەی لە هەموو لایەنەکانی هێرشەکە لەکیس بدا. تا ئێستا ئەو توانیویەتی پێشدەستیی سەربازیی بپارێزێ و زەختەکە بەگوێرەی نەخشە ڕێگای کاتیی خۆی بەرز بکاتەوە. ئەو هێشتا پەشۆکان، ترس یان تێچووی کەرەستەیی نەدیتوە. نیشانەی پێش ئاسەوارەکانی گریمانەیان بۆ دەکرا، کە قەرار بوو ببنە هۆی چاوترسێن‌کردن، لە جیاتان لەلایەن ناوبراوەوە وا لێکدراونەوە کە ئەو ئازادە کاتێک ئیرادە بکا، هەنگاوی دواتر هەڵینێتەوە. ئەو هەروەها دڵنیا کراوەتەوە کە ئاسەوارەکان دەکرێ مامەڵەیان دەگەڵدا بکرێ. ڕەنگبێ ڕیزپەڕێک لەو پرسەدا، کەڵکی بەهێزی واشینگتۆن و هاوپەیمانانی لە زانیاریی هەواڵگری بێ کە لانیکەم لە دەروەی ڕووسیە دەستی باڵایان هەبوو و مۆسکۆیان ناچار بە پاشەکشە کرد. وانەکە دەتوانێ ئەوە بێ کە هەنگاوێکی لەناکاو، بەهێز و نەزانراو دژی ناوبراو لە شوێنی دیکە و هی ئەوتۆ کە بۆی نامۆ بێ، ئەو دەخاتە دۆخی ناخۆش و نەناسراوی لەکیس‌چوونی دەستپێشخەری. ئەو ناچار دەبێ خۆی بگونجێنێ، لێهاتووییەک کە نە بۆخۆی و نە هێزە سەربازییەکانی لێی شارەزا نین و ئەوە دەبێتە هۆی لێ ئەستاندنەوەی ئەو تەوژمە ستراتێژیکییەی ئێستا کەڵکی لێ وەردەگرێ. بەڵام لە داهاتووی نزیکدا، وێدەچێ ئەو تەوژمە هەنووکەییە بۆ هەنگاونان بەرەو قوناخەکانی دیکەی پلانە سیاسییەکەی، واتە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و سنووردارکردنی جوغرافیایی دەستدرێژییەکەی، بەس بێ. نە بەرهەڵستکارانی نێونەتەوەیی و نە خۆڕاگریی ئوکراینی ئێستا هێندە خێرا نین کە بتوانن تەوژمەکە بوەستێنن.   گرینگیی بەرگریی چەکدارانە و ئالنگارییەکان بەڵام لە کاتێکدا کە ڕەنگبێ ئوکراینییەکان بە هێزی سەربازیی ڕووسیە تاسابن، ئەوە ئەو کێبڕکێیە نییە کە بڕیاردەری کێشەکەیە. ئەوە ئەگەری ناچارکردنی ڕووسیە بە دانی تێچووی کەرەستەیی دیار بۆ بەرفراوان‌کردنەوەی ڕووبەری کێشەکە بە خۆڕاگرییەکی کاریگەری سەربازییە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ناتۆ خۆ لە پیادەکردنی هێزی سەربازی لە ئوکراین دەبوێرێ، تەنیا خۆڕاگرییەکی کاریگەری ئوکراینییە کە بتوانێ ئەو کارە بکا. پشتگیری‌کردن و توانامەندکردنی خۆڕاگری یەکلاکەرەوە دەبێ، بەڵام ئەوە بە هاسانیی خاسبێژیی پشتگیری و هاوپشتی نییە کە ڕێبەرانی خۆراوا باسی دەکەن. گەیاندنی کەرەستە ویستی سیاسی دەخاتە ژێر تاقیکاری، پارامیتری یاسایی و توانایی پسپۆڕانە بۆ شەڕ بە دەستی لایەنی سێهەم پێویستە. ئەوە تاقیکارییەکە کە هاوپەیمانییە بەربەرینەکەی دژی ئەسەد، پێکهاتوو لە ئەندامانی ناتۆ، لە سووریە شکستی هێنا. لەنێو وانەکانی وەرگیراو لە سووریە، گرینگیی ژینەکی گەیاندنی سیستەمی چەکۆچۆڵ و هەوڵی بەردەوام و لێبڕاوانە لە درێژمەودایە. ئەوە هەوڵ و سەرمایەی سیاسی بۆ دروست‌کردنی چوارچێوە سیاسی و یاساییەکانی پێویست دەخوازێ. ئەوە بە زەرەری هاوپەیمانانی ئوکراین دەبێ کە بەڵێنی پشتگیریی ئەوتۆ بدەن کە نەتوانن جێبەجێیان بکەن، یان جێبەجێی بکەن، بەڵام نەتوانن بەردەوام بن. هاوپەیمانییەکەی ژێر ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە سووریە و کوردستان پشتیان لە هاوبەشەکانیان کرد. ئەو هاوپەیمانییە ئێستا دەرفەتی ئەوەی هەیە کە ڕەوایی نێونەتەوەیی وەک هاوبەش لە جەنگە ناڕێکوپێکەکاندا وەدەست بێنێتەوە. لە ئوکراین شتی زۆرتر لە سووریە لەگرەو دان. بێتوو خۆڕاگریی ئوکراین سەرکەوتوو بێ، دەتوانێ هیوای پوتین بۆ سەرکەوتن لە هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕاندنەوەی دەستڕۆیشتوویی بەربڵاوی یەکیەتیی سۆڤیەت، بکاتە دوایین قوماری دیکتاتۆرێکی تاوانکار. وەبەرهێنان لەو سەرکەوتنەدا بەنرخە.