کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێروبێری سازان لەگەڵ ئێران بۆ کێ دەبێ؟

04:49 - 16 رەشەمه 2721

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕێکی دیکەی دانووستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام دەستی پێ کردەوە. هەرچەند لایەنەکان دەڵێن پێشکەوتن و تێگەیشتنێک لە وتووێژەکاندا لە ئارادایە، بەڵام خاڵی ناکۆک هێشتا هەرماون و ڕەنگە بۆ بە ئاکام‌گەیشتنی ژیاندنەوەی بەرجام لایەنەکان، بەتایبەت کۆماری ئیسلامی نەرمیی زیاتر بنوێنێ؛ ئەوە لە حالێک‌دایە کە ئەمریکا ڕازی بووە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی بە مەرجێک واز لە سەرکێشییە ناوکێەکانی بێنی لابەرێ، و داراییە بلۆکەکراوەکانی ئازاد بکا. پێشنیارەکانی ڕۆژئاوا بە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی ئەم ڕێژیمە گرینگن، چونکی کۆماری ئیسلامی لە ئیستادا لەگەڵ گەورەترین قەیرانی ئابووریی بەرەوڕوویە و ئابووریی ئەم وڵاتە داڕووخاوە و ڕێژیم پێویستی ژیانەکیی بە پارە بلۆکەکراوەکان و سەرچاوەی داهاتی نەوت هەیە؛ هەربۆیەشە کە دەبینین لە ڕەوتی دانووستانەکانی ڤییەن‌دا بەردەوام لە پاشەکشێ‌دایە و ناچارە بەرەبەرە واز لە مەرجەکانی بێنێ. دیارە شک لەوەدا نییە کە ڕەوتی وتووێژەکان هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاوەدیری خامنەیی‌دا بووە و لەڕاستیدا ئەوە ڕێبەری نیزامە کە تەنگەتاو بووە خەریکە قوم‌قوم جامە ژەهرەکە دەخواتەوە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام و هەڵگرتنی گەمارۆکان چ کاریگەرییەکی لەسەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئابووریی ئێران و کۆمەڵانی خەڵکی دەبێ؟ بەلەبەرچاوگرتنی ئاستەنگەکانی دیکەی وەک مۆرنەکردنی پەیمانی نێونەتەوەیی" ئێف‌ئەی‌تی‌ئێف" کە دوو بڕگە و خاڵی گرینگی وەک بەربەرەکانی لەگەل سپی‌کردنەوەی پارە و بەرگری لە دابینکردنی ماڵی و دارایی دەستەو تاقمە تێرۆڕستییەکانی تێدایە و هەروەها خۆبواردن لە ملدان بە کۆنڤانسیۆنی "پالێرمۆ" کە ئەویش باس لە دەروەست‌بوون بە بەربەرەکانی لەگەڵ تاوانی ڕێکخراوەیی نێونەتەوەیی دەکا و ... ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بەرۆکی خۆی لەهەموو کاریگەرییەکانی گەمارۆکان داڕنێ و بەهاسانی دەستی بە دەیان میلیارد دۆڵار ڕابگا کە لە بانکەکانی دەرەوە دەستیان بەسەر داگیراوە؟ ئەوانە و چەند ئاستەنگێکی دیکە وەک بەرنامە مووشەکییە دوورهاوێژەکان، سیاسەتی ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدانی دەستەوتاقمە تێرۆریستییەکان و هەروەها لە نێوخۆی وڵاتیش، سەرکوتی ئازادیخوازان و نەیارانی و لەژێرپێنانی زەقی مافی مرۆڤ، لەداهاتوودا و پاش کۆتایی‌هاتنی کێشەی ناوکی و زیندووکردنەوەی بەرجام، دەتوانن کاریگەریی زۆریان هەبی لەسەر داهاتووی ڕێژیم و بەگشتی هەڵوێست و هەڵسووکەوتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی و هەوپەیمانەکانیان لە ئاست ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە لە ناوچەدا. فاکتەرێکی دیکەش ئیسرائیلە کە وەک خۆیان بەئاشکرا دەڵێن دەستەوئەژنو دانانیشێ و بۆ پووچەڵ‌کرددنەوەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خۆی، دەست بۆ هەموو چەک و کردەوەیەک دەبا و هەروەک بەدەیان جار گوتویانە و بەکردەوە نیشانیان داوە بۆ پاراستنی خۆیان سنوور ناناسن. با لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە بۆ وەڵامی پرسیارەکە بچین! وای دابنێن ڕێککەوتنی بەرجام زیندوو کراوتەوە و ئەمریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی لەسەر ئێران هەڵگرتوە و پارە بلۆک‌کراوەکان بۆ ڕیژیم گەڕاونەتەوە و هەناردەکردنی نەوتیش گەیشتۆتەوە ئاستی نۆرماڵ، ئەو ئاستەنگانەی سەرەوەش وەک ئێف‌ئەی‌تی‌ئێف و کۆنڤانسیۆنی پالێرمۆش لەبەردەم کۆماری ئیسلامیدا نین، ئەوکات ئابووری ئێران و دۆخی ژیانی کۆمەلانی خەڵکی ئێران چۆن دەبێ و کۆماری ئیسلامی چ لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی دەکا کە دەستی دەکەوێ؟ ئابووریی ئێرانی پێ دەگەشێنێتەوە و کێشەی بێکاری و برسیەتی و گرانی چارەسەر دەکا، یان قەیرانەکان بەردەوام دەبن و دۆخی ژیانی خەڵکی ئیران، بەتایبەت کریکاران، مامۆستایان و بەگشتی چەوساوەکان هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ لە ڕاستیدا لابردنی گەماڕۆکان لە کورت‌خایەندا دەتوانێ تەزوویەک بخاتە لەشی ئابووریی ئێرانەوە، بایەخی دراوی نیشتمانی بچێتە سەرتر و ئەمەش کاریگەری هەبێ لەسەر داشکانی نرخی پێداویستییەکان، بەڵام دارمانی ئابووریی ئێران کە بەرهەمی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتی گەندەڵی ئاخوندەکانە، هەروەها بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گەلانی ئێران، هەژاری و برسیەتی و داماوی زیاتر لە نیوەی خەڵکی، کردەوە و سیاسەتە چەوت و دژی گەڵییەکانی ئاخوندەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، پێمان دەڵێن نابێ بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام و وەلانانی گەمارۆکان زۆر گەشبین بین و پێمان وابێ لە داهاتوودا ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن و کۆتایی قەیرانەکان دەڕوا و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەحەسێنەوە. داهاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا و لەپێش گەمارۆکان چەند قاتی داهاتی ئێستای بوو، بەڵام دۆخی ئابووریی ئێران و کۆمەڵانی خەڵکی زۆر لەوەیکە هەیە باشتر نەبوو. تەنیا لە سەردەمی هەشت ساڵەی سەرۆک‌کۆماری ئەحمەدی‌نەژاددا داهاتی ڕێژیم ٨٠٠ میلیارد دۆڵار بووە لە هەناردەکردنی نەوت، باسی داهاتی میلیاردی کەرتەکانی دیکەی ئابووریی ئەو وڵاتەش ناکەین کە بۆ دەسەڵات گەڕاوەتەوە، بەڵام کریکاران و مامۆستایان و بەگشتی نیوەی خەڵکی ئێران لە دۆخێکی نالەبار و قەیراناویدا دەژیان و دیاردەکانی وەکوو بێکاری و هەژاری و زۆربەی ئەو قەیرانانەی کە ئێستا کۆمەڵگەی ئێرانی لەخۆیەوە تەنییوە، زەق و بەرچاو بوون. ڕاستە گەڕانەوەی گەمارۆکان کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هەبووە و قەیرانەکان قووڵتر و رێژەی هەژاری و برسیەتی لەهەڵکشاندا بووە، بەڵام جیاوازیی ژیان و گوزەرانی خەلکی لەو کاتدا لەگەڵ دوای گەڕانەوەی گەمارۆکان لەئاست قەبارەی ئەو پارە زۆرە نەبوو کە رێژیم دەستی کەوت و بۆ مەرامە سیاسی و نیزامییەکانیان بەفیرۆیان ‌دا، بە واتایەکی دیکە ئەو سەرمایانەی دەوڵەتی ڕوحانی پاش مورکردنی بەرجام دەستی کەوتن، لەخزمەت ئابووریی ئێران و کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا خەج نەکران و ئەوە لەڕاستیدا مافیای سپای پاسداران و بنیاتە زل و زەبەڵاحەکانی سەربە خامنەیی بوون کە لێی‌ سوودمەند بوون. لە پێوەندی لەگەڵ سیاست و کردەوەکانی رێژیم و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی دەتوانین ئاماژە بە دەیان نموونە بکەین کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت دوای مردنی خومەینی و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەلایەن خامنەییەوە دیتراون و ڕوویان ‌داوە و لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بە چەند نموونە دەکەین: خامنەیی لەسەر حسێبی گیرفانی خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی ئێران لە ساڵی ١٣٨٧ ناوەندی "جامیعەتول ‌مستەفا"ی دامەزراند کە ئێستا لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیهان لقی هەیە و خەریکی بەشێعەکردنی خەڵکن. بە وتەی عەلی‌ڕەزا ئێعرافی، سەرۆکی پێشوی جامیعەتول مستەفا، ئەو ناوەندە هەتا ساڵی ١٣٩٧ پەنجا میلیۆن کەسی کردۆتە شیعە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تێچووی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای دەسپێکی هەتا ئێستا نیزیکەی دوو تریلیۆن دۆڵار بووە، بەرنامەیەک کە جگە لە برسی‌کردنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانیان هیچی ‌لێ ‌شین نەبۆتەوە و ئێستا خامنەیی و ڕێژیمە دژی گەلییەکەی ناچارن لەژێر گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکان و بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام وازی ‌لێ ‌بێنن، یانی ئەو پارەیە کە دەیتوانی لەخزمەت خەڵکی بەشمەینەتی ئێران و بووژانەوەی ئابووری داتەپیوی وڵاتدا بێ، بوو بە تۆز و چوو دەهەناوی برسییەکانەوە. تێچووی دەیان میلیاردی پشتیوانی لە دیکتاتۆڕە خوین‌ڕێژەکەی سووریە، بەشار ئەسەد و هەزینەکردنی سامانی خەڵکی ئێران بو کوشتاری خەڵکی ئەو وڵاتە بەڵالێدراوە، تێچووی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و هێزە ئەفغان و پاکستانییەکان و هەروەها  دەستە و تاقمە ئاژاوەگێر و تێرۆریستییەکانی وەک حەماس، حیزبوڵای لوبنان و جهادی ئیسلامی و هەروەها تێچووی شەڕی نیابەتی لە یەمەن و یارمەتییە لەهەژمارنەهاتوەکەیان بۆ حووسیەکان، نموونەگەڵێکن لە سیاسەت و کردەوەکانی ئاخوندەکان و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گەلانی ئێران. بۆیە دەکرێ بە دلنیاییەوە بڵیین زیندووکردنەوەی بەرجام و هەڵگرتنی گەمارۆکان زۆرتر خێروبێری بۆ مافیای دەسەڵات و دەستەوتاقمە ئاژاوەگێر و تێرۆریستەکان لە ناوچەدا هەیە هەتا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران.