کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی زمانی لە حیزبی دێموکرات‌دا (بەشی یەکەم)

04:53 - 16 رەشەمه 2721

ئاماژە: ئەم باسە لە سمینارێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پێشکێش کراوە

***

  پێشەکی: حیزبی دێموکرات لە گرنگیدان بە پرسی زمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە. بەرزڕاگرتنی پێگەی زمانی کوردی و پاراستنی ئەو زمانە و هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی گرنگیدان بە زمانی کوردی ببێتە کولتوورێک لە کۆمەڵی ئێمەدا، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو حیزبە لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانیەوە هەتا ئێستا بووە. دەتوانین بڵێن ئەم حیزبە هەر لە دامەزرانیەوە تا ئەمڕۆ خاوەنی سیاسەتی زمانی بووە. کە باسی سیاسەتی زمان دەکرێ، سیاسەتی زمان بە کۆی ئەو باوەڕ و بۆچوون و ڕوانگانە دەگوترێ کە دەوڵەتێک، حیزبێک، لایەنێک تەنانەت بنەماڵەیەک، دەیکەنە بنەمای هەڵوێست و کردەوە و ڕفتاری خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ زمان و کۆمەڵگەدا. بەم پێیە حیزبی دێموکراتی کوردستانیش خاوەنی سیاسەتی زمان بووە و هەیە. ئەگەرچی ڕەنگە دەقێکی پەسندکراوی تایبەت لە ژێرناوی" سیاسەتی زمان" لەنێو حیزبدا نەبێ، یان حیزب بۆخۆی پێناسەی ئەو سیاسەتەی نەکردبێ و نەیگوتبێ ئەوەیە "سیاسەتی زمان"ـیم، بەڵام ئێمە کە لە بواری جۆراوجۆردا سەیر دەکەین دەبینین حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزرانیەوە خاوەنی سیاسەتی زمانی بووە و، بە ئیلهام‌وەرگرتن لەو سیاسەتەی کە هەیبووە بەرنامەی کار و کردەوەی خۆی لە بواری زماندا داڕشتوە و بەڕێوەی بردوە. بۆ ئەوەی بتوانین سیاسەتی زمانی حیزبی دێموکرات باش هەڵسەنگێنین، دەبێ سەرنج بدەینە ئەو بوارانە کە حیزبی دێموکرات مەجالی ئەوەی هەبووە تێیاندا باس لە زمان بکا و هەنگاو لە پێوەندی لەگەڵ زماندا هەڵێنێتەوە. یەکەم بوار، بەرنامە و پەسندکراوەکانی حیزبە تا بزانین لەواندا چۆن سەیری زمان دەکا. دوویەم بوار، ئەو ڕێککەوتننامانە یان گەڵاڵەی ئەو داخوازیانەن کە حیزبی دێموکرات بەڕەوڕووی دەوڵەتی مەرکەزی و هەروەها بەرەوڕووی لایەنە ئێرانییەکانی- ئەو کاتی ویستوویەتی لەگەڵیان هەوپەیمانی دروست بکا- کردوونەوە. بوارێکی دیکە، کار و تێکۆشانی ڕۆژانەی حیزب بۆ وێنە پێوەندیی نێوان ئۆرگانەکان، ڕاگەیاندن، پەروەردە و هتد دەگرێتەوە کە دەری دەخا حیزب چۆن لەگەڵ زمانی کوردی هەڵسوکەوتی کردوە. لەو بوار و مەیدانەشدا دەردەکەوێ کە لە ژیانی ئەو حیزبەدا، مەسەلەی زمان چ جێگایەکی هەیە. یەکێک لە بوارەکانی دیکە، هەڵوێست و چونیەتیی تەعامولی حیزب لەگەڵ ئەو کەسە دڵسۆزانەی نێوخۆی کوردستانە کە لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدا کار و ئەرک دەگرنە ئەستۆی خۆیان و، خزمەتی زمانەکەیان دەکەن. لە هەمووی ئەو بوارانەش بەرچاوتر ئەو کاتانەیە کە حیزبی دێموکرات دەسەڵاتی بەدەست بووە و زمانی کوردیی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندندا بەکار هێناوە. من ئەم پێنج بوارەم لە نەزەر دایە کە باسیان بکەم، ڕەنگە هێندێکیان تێروتەسەلتر باس بکەم بەڵام هێندێکیان  بەکورتی.   زمانی کوردی لە بەرنامە و پەسندکراوەکانی حیزبی دێموکرات‌دا یەکەم بوار، کە ڕەنگدانەوەی گرنگیدانی حیزب بە زمانی کوردیی تێدا دەبینین، پەسندکراوەکانی حیزبی دێموکراتن. با بزانین لەواندا ئەم پرسە چۆن ڕەنگی داوەتەوە؟ سروشتییە حیزبی دێموکرات کە حیزبێکی نەتەوەییە، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشێک لە نەتەوەی کورد دەزانێ؛ نەتەوەیەک کە خاکەکەی بەسەر چەند وڵاتێکدا، دابەش کراوە و جگە لەوی خاکەکەی داگیرکراوە، هەوڵ دراوە مێژووەکەشی بشێوێندرێ و چەواشە بکرێ. سەرەڕای داگیرکرانی خاکەکەی و چەواشەکرانی مێژووەکەی، هەوڵ دراوە زمانەکەشی لێ بستێندرێتەوە. ئەوەش نەک هەر لە بەشێکی کوردستان بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی کوردستان، هەر یەک لەو دەوڵەتانەی کوردیان لەژێر دەستدا بووە، هەوڵی سەرکوت و سڕێنەوەی ئەو زمانەیان داوە، دیارە لە هەر وڵاتەی بە جۆرێک. لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هەوڵە بەو شێوەیە بووە کە خوێندن بەو زمانەیان لە کورد قەدەغە کردوە، بە ڕەسمییان نەناسیوە و هەوڵیان داوە وەکوو زاراوەیەکی زمانی فارسی پێناسەی بکەن و سامانی ئەو زمانە کە وشەکانیەتی، دەستەواژەکانیەتی، دەستی بەسەر دابگرن و بیکەن بە بەشێک لە سامانی زمانیی نەتەوەی حاکم. ئەو کەسانەش کە ویستوویانە خزمەتی ئەو زمانە بکەن بە شێوەی جۆراوجۆر کێشەیان بۆ دروست کردوون. تەنانەت هەتا ئێستاش دەبینین لە سەر دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان یا لەسەر شوێنی کار و دووکان و بازار، ڕێگری و کۆسپ هەیە و کەسەکان لەگەڵ کێشە بەروڕوو دەبن. واتە هەر لە ڕێژیمی شایەتیدا ئەو سیاسەتە بەڕێوە نەچووە، لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییشدا ئەو سیاسەتە هەر دریژەی هەیە. دیارە حیزبێک بەو ناسین و تێگەیشتنەی لەسەر نەتەوەبوونی کورد هەیەتی و، بەو مەترسییانەی لەسەر ڕێگای ئەو نەتەوەیە بەدیی کردوون، سروشتییە کە گرینگی بە زمان بدا. لە یەکەم بەیاننامەی حیزبی دێموکرات‌دا کە بەیاننامەی دامەزرانی حیزبە و لە ٨ خاڵ پێک هاتووە، یەکێک لە خاڵەکان، تایبەت بە زمانە. لە خاڵی دوویەمی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە "گەلی کورد دەبێ مافی خوێندن بە زمانی زکماکی هەبێ و تەواوی کاروباری ئیدارەکانی بە هۆی زمانی کوردییەوە بەڕێوە بچێ." بەم جۆرە لە یەکەم بەیاننامەی حیزبدا باسی زمانی کوردی بە زەقی هاتووە. پاشان لە مەرامنامەی حیزبی دێموکرات کە پەسندکراوی یەکەم کۆنگرەیەتی، دوو خاڵ پێوەندییان بە زمانەوەیە، خاڵی سێزدەیەم دەڵێ: "بەمەبەستی پەرەپێدانی زانست و شارستانییەت لەنێو خەڵکی کوردستان‌دا، خوێندنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی دەکرێتە ئیجباری و لە هەموو قۆناغەکاندا دەبێ بە زمانی کوردی دەرس بخوێندرێ." لە خاڵی ٢٢شدا دەڵێ: "مافی کەمە نەتەوەییەکان وەکوو ئاشووری، ئەرمەنی کە لە کوردستان‌دا دەژین دەبێ بەتەواوی دابین بکرێ." یانی دەبینین لە دوو خاڵدا باسی زمان هەیە و ئەوەش بەڕاستی جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە کە حیزبی دێـموکرات لەو سەردەمیشدا، مافی زمانی تەنیا بۆ کورد ناوێ و، بۆ کەمە نەتەوەکانی کوردستانیشی دەوێن. ئەوە خاڵێکی زۆر گرینگە ئەو وەختی کە حیزبی دێموکرات و دوای ئەو کۆماری کوردستان دامەزران هێشتا بیاننامەی جیهانیی مافی مرۆف پەسند نەکرابوو. بەڵام تێگەیشتنی ئەم حیزبە بەجۆرە بووە کە کەمە نەتەوەکانی دیکەش دەبینێ و دان بە مافەکانیاندا دەنێ. تەنانەت لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا ئیمکانی خوێندن بۆ جوولەکەکان بە زمانی خۆیان لە مەهاباد پێک دێنێ. لە خاڵەکانی ١٣ و ٢٢ی مەڕامنامەی پەسندکراوی یەکەم کۆنگرەی ئەو حیزبەدا هاتووە: "١٣_ بە مەبەستی پەرەپێدانی زانست و شارستانییەت لەنێو خەڵکی کوردستان‌دا، خوێندنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی دەکرێتە ئیجباری و لە هەموو قۆناغەکاندا ئەبێ بە زمانی کوردی دەرس بخوێندرێ. ٢٢_ دەبێ مافی کەمە نەتەوەییەکانی کە لە کوردستاندا دەژین، وەکوو ئازەربایجانی، ئەرمەنی و ئاسووری، بەتەوای دابین بکرێ." بە داخەوە پرۆگرام و پێڕەوی نێوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی دووهەم لە دەستدا نیە تا بزانین پرسی مافە زمانییەکان لەوێدا چۆن هاتووە. بەڵام کە دێینە سەر پەسندکراوەکانی کۆنگرەی سێیەم‌، زۆر بە دیاریکراوی باسی زمان لەوێدا، بەرجەستە دەبێتەوە و لە چەند خاڵدا ئاماژەی پێ دەکرێ. من لێرەدا ئاماژە بەو خاڵانە دەکەم چونکە کاریگەریی درێژخایەنیان لەسەر بەرنامە و پەسندکراوەکانی داهاتووی حیزب دەبێ. لە به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران)، پەسندکراوی کۆنگرەی سێهەم  لە بەشی "ئامانجەکانی گشتی، هەڵسووڕاندنی کاروباری دەوڵەتی"دا هاتووە: "١١) زمانی کوردی زمانی ڕه‌سمیی حکوومه‌تی میللیی خودموختاری کوردستانه‌. له ‌هه‌موو قۆنا‌غه‌کانی خوێندندا فێربوون به‌ زمانی کوردییه‌ و له‌ ئیداره‌کانی ده‌وڵه‌تیشدا ئه‌و زمانه‌ به‌ڕه‌سمی به‌کار ده‌هێندرێ. زمانی فارسی هه‌روه‌ک له‌ ناوچه‌کانی تری ئێران له‌ حکوومه‌تی میللیی خودموختاری کوردستانیش زمانێکی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تییه‌ و له‌ قوتابخانه‌کان پاش ساڵی چواری سه‌ره‌تایی، منداڵانی کوردستان وێرای زمانی کوردی ده‌یخوێنن. ١٢) که‌مایه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وایه‌تیی دانیشتووی کوردستان ده‌گه‌ڵ کورده‌کان مافیان وه‌ک یه‌که‌. مافی فه‌رهه‌نگییان دابین ده‌کرێ و منداڵه‌کانیان له‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا به‌ زمانی زگماکی خۆیان ده‌خوێنن و مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ و کتێب به‌ زمانی خۆیان ده‌بێ." لەژێر سەرباسێک بە ناوی "سیاسەتی فەرهەنگی و لەشساغی"یشدا هاتووە: "٢٨) په‌ره‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، پشتیوانی له‌ نووسه‌ران و زانایانی کورد ڕێبازی داییمی سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگیی حکوومه‌تی میللیی خودموختاری کوردستان ده‌بێ." ئاماژە بەو خالانەی پەسندکراوی گۆنگرەی سێیەم‌ بۆیە پێویست بوو تا وەبیر بێنمەوە لێرە بەدواوە جەوهەری ئەو خاڵانە بە بەردەوامی لە بەرنامەی حیزبدا هاتوونەوە. یانی ئەو کاتانەی لەتبوون و دابڕانیش لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا ڕوویان داوە و، دوو لایەن بە ناوی حیزب دێموکرات تێکۆشانیان هەبووە، لە بەرنامەکانیاندا جەوهەری ئەو خاڵانە دەپارێزن.   مافە زمانییەکان لە گەڵاڵەی دانوستان و ڕێککەوتن لە گەڵ لایەنە ئێرانییەکان دێمە سەر بواری دووهەم. لەو گەڵاڵە و پلاتفۆرمانەی دراون بە دەوڵەتی مەرکەزی  یا هێز و لایەنە ئێرانییەکان، ئەوەندەی حیزبی دێموکرات تەڕەف بووە لەگەڵیان، باسی زمان هەمیشە هەر هەبووە. ساڵی ١٣٥٧-١٣٥٨، چەند گەڵالەی داخوازەکانی خەڵکی کوردستان  لەلایەن نوێنەرانی سیاسیی خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکرات و دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد، خرانە بەر سەرنجی کاربەدەستانی تاران (گەڵاڵەی ٨ ماددەیی ڕەشەمەی ١٣٥٧، گەڵالەی ٢٦ ماددەیی/سەرماوەزی١٣٥٨، گەڵاڵەی ٦ ماددەیی/ زستانی ١٣٥٨). لە گەڵاڵە ٨ ماددەییەکەدا باسی مافە نەتەوایەتییەکان بە شێوەی گشتی هاتوە و بە دیاریکراوی خاڵێک یا ماددەیەک لە سەر زمانی کوردی نەهاتوە. دوای پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی خومەینی ڕوو لە خەڵکی کوردستان، قۆناغێک لە وتووێژ و دانوستان لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دەوڵەتی ئێران دەستی پێ کرد و "دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد" پێک هات. حیزبی دێموکرات، ئەندامی ئەو هەیئەتە و د.قاسملوو وتەبێژی هەیئەتەکە بوو. لە ٤ی سەرماوەز، دەستەی نوێنەرایەتی بەیاننامەیەکی لە ٨ خاڵدا بڵاو کردەوە. ئەو ٨ خاڵە داوا سەرەکییەکانی گەلی کورد بوون و دەستەی نوێنەرایەتی داوای لە خەڵک کرد بۆ پشتیوانی لەو داخوازانە، خۆپێشاندان وەڕێ بخەن. لە خاڵی ٤دا هاتووە: "زمانی کوردی، زمانی رەسمیی خوێندن و نامەنووسینی ئیدارە و دامەزراوەکانی کوردستان دەبێ. لە دوای پۆلی ٤ی سەرەتاییەوە، زمانی فارسییش لە تەنیشت زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەخوێندرێ و، زمانی رەسمیی ئیداری لە سەرانسەری ئێران و کوردستانە."(لە ڕووی دەقی فارسییەوە وەرمگێڕاوە) هەم لە گەڵالە ٢٦ مادەییەکەدا، هەم لە گەڵاڵە ٦ مادەییەکەدا بە زەقی باسی پرسی زمان و مافە زمانییەکان هەن و گوتراوە زمانی کوردی لە ناوچەی خودموختار، زمانی ڕەسمی دەبێ، زمانی خوێندن دەبێ، زمانی ئیداریش دەبێ بۆ پێوەندیی نێوان ئیدارات لە کوردستان. هەروەها شتێکی دیکە کە دەبێ باسی بکەم ئەوەیە هەمیشە حیزبی دێموکرات ئەو لایەنەی لەبەرچاو بووە کە خوازیاری چارەسەری پرسی کورد لە نێو ئێران‌د‌ایە و لە بەڵگەنامەکانیدا، وەڵامی بۆ ئەو پرسیارە هەبووە کە زمانمان بۆ پێوەندی‌گرتن لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران و دەوڵەتی مەرکەزی چی دە‌بێ. بۆیە بە بەردەوامی لەو گەڵاڵە و پلاتفۆرمانەدا باسی ئەوە کراوە کە لە تەنیشت زمانی کوردی (هێندێک جار گوتراوە لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە)، زمانی فارسی دەخوێندرێ. ئاماژە بەوەش کراوە کە فارسی زمانی پێوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی و لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران دەبێ. هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش لە هێندێک قۆناغ و سەردەمدا حیزبی دێموکرات، ڕێککەوتن و هاوپەیمانی هەبووە. بۆ وێنە لەگەڵ شوڕای بەرگریی نیشتمانی (شورای ملی مقاومت) کە لە ڕێکخراوی موجاهیدین و چەند شەخسیەت و ڕێکخراوی دیکە پێک‌هاتبوو. لەوێشدا پێداگریی حیزبی دێموکرات لەسەر مافە نەتەوەیییەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی مافە زمانییەکان، بووە هۆی ئەوە کە لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٢، "گەڵاڵەی شوڕای بەرگریی نیشتمانی بۆ خودموختاری" پەسند کرا. لە ڕاستیدا ئەوەی لە بەرنامەی حیزبدا، لە بارەی مافە زمانییەکان‌ هاتبوو، لە چوارچێوەی گەڵاڵەی شورا بۆ خودموختارییشدا پەسند دەکرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەر ئێستا لە ژمارەیەک یەکگرتن و هاوپەیمانی‌دان بۆ نموونە "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ"، "شوڕای دێموکراسیخوازەکان" و پێشتریش "اتحاد عمل برای دمکراسی" (یەکیەتیی کردەوە بۆ دێموکراسی). لە هەموو ئەو ڕێککەوتنانە و هی پێشووتردا پرسی زمان ئاماژەی پێ کراوە و مافە زمانییەکان- ئەوانەی کە مەبەستی حیزبی دێموکرات بوون و لە بەرنامەکەیدا هاتوون - دانیان پێدانراوە، قبووڵ کراون  و بەڕەسمی ناسراون.   زمانی کوردی لە ئەدەبیات و تێکۆشانی ڕۆژانەی دامەزراوەکانی حیزبی دێموکراتدا دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆری بەڵگەنامەکانی حیزب لە سەرەتاوە تا ئێستا بە کوردی ئامادە کراون و، دوایە کراون بە زمانی دیکە. ئەمە ڕەنگە بۆ هێندێک کەس شتێکی ئاسایی بێ و بڵێ جا حیزبێکی کوردستانی هەر دەبێ بە زمانی کوردی بەڵگەنامەکانی ئامادە بکا. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش حیزبی کوردستانی هەبوون کە زمانی کوردی ئەو جێگە و پێگەیەی لای ئەوان نەبووە و، کوردی زمانی سەرەکیی ئەدەبیات و بەڵگەنامەکانیان نەبووە، ئەدەبیاتیان بە زمانی دیکە بووە، دوایە کردوویانن بە کوردی. بەڵام حیزبی دێموکرات، هەمیشە زمانە سەرەکییەکەی، زمانی کوردی بووە؛ بەیاننامەکانی، بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی، ڕۆژنامەکەی، گۆڤارەکانی، ڕادیۆکەی و هەرچی هەیەتی، بابەت و بەرنامەکانیان بە پلەی یەکەم بە کوردی ئامادە کراون و دوایە کردوونی بە فارسی. پێوەندیی ئۆرگان و دامەزراوەکانی حیزب، هەر بە زمانی کوردی بووە، ڕێبەری لەگەڵ ناوەندەکان، کۆمیتە شارستانەکان، لەگەڵ مەڵبەندەکان، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، لە گەڵ ڕێکخراوە حیزبییەکان و ئەندامانی شانە و بەگشتی هەر پێوەندییەک لە نێوخۆی حیزبدا هەیە، بە زمانی کوردی بووە. کلاس و دەورەکانمان هێندێک حاڵەتی تایبەتی لێ دەرچێ-بۆ نموونە دوکتوری فەڕانسەوی هاتوون کلاسی دەرمانییان بۆ پێک هێناوین، ئەوان چونکە کوردییان نەزانیوە، بە فەڕانسەیی قسەیان کردوە وکادرەکانمان ناچار بووین بۆیان وەرگێڕنەوە سەر زمانی کوردی. بە گشتی هەموو جۆرە پەروردەیەکی حیزب بە زمانی کوردی بووە. تەنانەت ئەگەر پێشمەرگەی نەخوێندەوارمان هەبووە بە زمانی کوردی خوێندەوار کراوە. پێشمەرگەی خوێندەوارمان هەبووە، لە ئێران بە زمانی فارسی فێرە خوێندەواری بووە، بەڵام حیزب فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردیی کردوە. خوێندنەوە و نووسینی کوردی بەشێکی هەمیشەیی بووە لە کلاس و دەورەکانی حیزب بەتایبەتی ئەو دەورە سەرەتاییانەی بۆ پێشمەرگە پێک‌هاتوون. کوردی زمانی سەرەکیی ڕاگەیانەکانی حیزب بووە. دیارە قۆناغی وا بووە حیزبی دێموکرات بۆ وێنە بە زمانی تورکییش بەرنامەی لە ڕادیۆکەی بڵاو کردووەتەوە. هەر لە جێدا لە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتدا زمانی فارسی هەمیشە بایەخی پێ دراوە، چونکە لایەنی ئێرانی، چ دەوڵەت و چ ئۆپۆزیسیۆن، بەردەنگی ئێمە بوون، بۆیە هەمیشە هەوڵمان داوە، سیاسەت و بەرنامە و ئەدەبیاتمان بە فارسی بڵاو بێتەوە. بەڵام زمانە سەرەکییەکە لە چاپەمەنیمان، لە ڕادیۆ و لە تەلەڤیزیۆن زمانی کوردی بووە. جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بکەم کە حیزبی دێموکرات سەرەڕای سنوورداربوونی  ئیمکاناتی دارایی و چاپ و بڵاو کردنەوە و لە گەڵ ئەوەی بەردەوام لە خەباتی نهێنی و دوورەوڵاتیدا بووە، دەزگای چاپەمەنیی حیزب هەوڵی داوە بە کوردی کتێب، گۆڤار و نامیلکە چاپ بکا. نەک هەر نامیلکە و گۆڤاری حیزبی، بەڵکوو کتێبی ئەدەبی و میژوویی و هتد. حیزبی دێموکرات، سەردەمانێک -لە نیوەی یەکەمی دەیەی حەفتای زایینی- لەژێر ناوی "بنکەی پێشەوا" دا، کۆمەڵێک کتێبی چاپ کردوون و ئەو کات بڵاو بوونەتەوە. وەکوو "کوردستان و کورد"، "تاریک و ڕوون"، "کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئێران"، "پێکەنینی گەدا". لەڕاستیدا چاپی ئەو کتێبانە بەو مەبەستە بووە خەڵک شێعری کوردی، ئەدەبیاتی کوردی و چیرۆکی کوردی ببینێ و بیخوێنێتەوە و، لەم ڕێگایەوە خزمەتی بە زمانی کوردیی کردبێ. *** کۆتایی بەشی یەکەم