کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئوکراین و داهاتووی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان

04:55 - 16 رەشەمه 2721

"کەواتە، شەڕ کردەیەکی توندوتیژانەیە کە دوژمن ناچار بە جێبەجێ‌کردنی ئیرادەی ئێمە دەکا."  (کارل فۆن کلاوزویتس)   لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕووسیە شەڕێکی ناهاوسەنگی -کە بۆخۆی بە "ئۆپەراسیۆنی تایبەت" ناوی دەبات- لەدژی ئۆکراین ڕاگەیاندوە و هێرشێکی بەرفراوانی لە چەند قۆڵەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە دەست پێ کردوە کە تا ئێستا جیا لە تێچووە ئینسانییەکەی، بووەتە هۆی وێرانی و ئاوارەبوونی خەڵکانێکی زۆر. لەجێدا پێویستە بڵێین کە ململانێی نێوان ڕووسیە و ئوکراین مێژوویەکی کۆنی هەیە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری هێرشەکانی ڕووسیە، دەکرێ ببێتە تەوەری چەندین گوتاری زانستی و ئەرکی ئەم نووسینە نییە. هەربۆیە، لێرە هەوڵ دەدرێ تەنیا بەکورتی باس لە دەرهاویشتەکانی ئەو ‌هێرشانە لە بواری وزە (بەتایبەتی گازی سروشتی) و ئاماژەکانی بۆ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بکرێ. یەکێک لە خێراترین دەرهاویشتەکانی ئەو هێرشانە، کاردانەوەی بازاری وزە و بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت و گازی سروشتی لە بازارە جیهانییەکاندا بووە. گەیشتنی نرخی بۆشکەیەک نەوت بۆ زیاتر لە ١٠٥ دۆلار- بەرزترین ئاست لە ٢٠١٤ بەملاوە- بەرزبوونەوەی ٣٠٪ی نرخی گازی سروشتی، خەریکن شەپۆلەکانی شۆکێکی نوێ لە بازاری وزەدا لەگەڵ خۆیاندا دێنن. ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ئورووپا ٤٠٪ گازی خۆی لە ڕووسیەوە هاوردە دەکا و هەر جۆرە شۆک، یان وەستانێک لەو هەناردەکردنەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پیشەسازی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دەبێت. خاڵی هەرە گرنگ لێرەدا، ئەوەیە کە ئەو وڵاتەی کە بۆتە هۆی هاتنەئارای ئەو ڕەوشە، دووهەمین گەورە دابینکەری گاز و سێیەمین دابینکەری نەوتی جیهان، واتە ڕووسیەیە. جێگای ئاماژەیە کە بەرزبوونەوەی بەهای سووتەمەنی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین و هەڵگیرسانی شەڕ، گوزارشت لە هەستیاریی کەرتی وزە لە هاوکێشەکاندا و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و گازی سروشتی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکا، واتە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە یەکێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاری جیهانی وزە و وڵاتانی بەکارهێنەری وزە دەبێ. بەمشێوەیە وڵاتانی بەرهەمهێنەر دەبنە خاوەن هێزێکی یەکلاکەرەوە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکەندا کە دەتوانن لەڕێگەی هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی وزەوە، بەئاسانی کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتانی دیکە دابنێن و ئەوان ملکەچی سیاسەتەکانی خۆیان بکەن. یەکێک لەو ئەکتەرە نوێیانەی کە دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆرتری لەبارەوە ببیستین، هەرێمی باشووری کوردستانە، کە لە ڕووی یەدەکی گازەوە، ٣٪ی سەرچاوەکانی گازی سروشتیی جیهانی لەخۆ گرتوە. بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان دەتوانێ تا ساڵی ٢٠٢٦ ببێتە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گازی سروشتی لە ناوچەکەدا کە جیا لە دابینکردنی کارەبای نێوخۆیی، دەتوانێ ببێتە ڕکابەرێکی گرنگی گازی سروشتیی وڵاتانێکی وەکوو ڕووسیە، ئێران و ئازەربایجان. هەرە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، تا ساڵی ٢٠٢٦، کوردستان سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییە نێوخۆییەکان، توانای هەناردەکردنی ٢٠ تریلیۆن میتری سێ جا گازی سروشتی بۆ عێراق، تورکیە، یان ئورووپای دەبێ. شایانی باسە کە یەکێک لە کێشەکانی دەست‌پێڕاگەیشتن بە سەرچاوەی سەقامگیری وزە بۆ وڵاتانی پیشەسازی ئەوەیە کە زۆربەی سەرچاوەکانی وزە لە جیهاندا لە وڵاتانێکدا هەڵکەوتوون کە دێموکراسی بۆیان شتێکی نامۆیە و دەوڵەتەکانیان هەڵگری گوتارێکی پێداچوونەوەخوازانە و جارجار هێرشبەرانەن لە ئاستی سیاسەتێکی دەرەکی دا. ئەوەش واتە بەردەوام ئەگەری بەچەک‌کردنی وزە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە لەدژی کڕیاران بوونی هەیە. لەبەر ئەوە، چەمکی تەناهیی دابینکردنی وزە و دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی بێ کێشەی وزە بۆ وڵاتە ڕۆژاواییەکان و وڵاتانی پیشەسازی خاوەن گرنگییەکی زۆرە. نموونەیەکی هەرە بەرچاوی بەچەک‌کردنی وزە لە سیاسەتی نێودەڵەتیدا، هەڕەشەی چەند ڕۆژ لەمەوبەری سیاسەتمەداری ڕووس، دیمیتری مێدڤێدێفە لە ڕۆژاواییەکان، کاتێک کە دەڵێ: "بەم زووانە ئەوان (ڕۆژاواییەکان) دەبێ بۆ کڕینی هەزار میتری سێ جا گاز دوو هەزار یۆرۆ دابنێن". هەر لەو بارەوە، دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان وەک دابینکەرێکی گازی سروشتی کە هاوکات پێوەندییەکی باشی دیپلۆماتیکی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەیە و تەنانەت وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەناسێنرێ، دەتوانێ کۆمەڵێک دەرفەتی نوێ بەرەوڕووی هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە. بەتایبەت لەدوای شەڕی دژی تیرۆر، دەکرێ پێویستی وڵاتانی ڕۆژاوایی بە وزەی کوردستان ببێتە هۆی لەیەک‌گرێدانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و چێ‌بوونی پێکەوەبەستراوەیی لەنێوان کوردستان و وڵاتانی ڕۆژاواییدا. میناک، هەناردەکردنی گازی سروشتیی کوردستان بۆ تورکیە یان ژی لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە بۆ ئورووپا دەتوانێ بەشێک لە سیناریۆکانی داهاتوو بێت. ئەوەش لەجێی خۆی تورکیە، کە ئێستا پێویستیی گازی خۆی لە ئێران، ڕووسیە و ئازەربایجان-ەوە دابین دەکا، یەکێکە لەو وڵاتانە کە دەمێکە مرخی خۆی لە گازی سروشتیی هەرێم خۆش کردوە. دەگوترێ لە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیروان بارزانی بۆ تورکیە، بابەتی گازی سروشتیی کوردستان یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی سەردانەکە بووە. هەروەها دوابەدوای ئەو سەردانە، سەرۆک‌وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی بە سەردانێک گەیشتە قەتەر، کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گازی سروشتیی جیهان و ئەگەری زۆرە کە ئەو سەردانەش هەر لەو چوارچێوەیەدا بووبێ. کۆتایی مانگی ژانوییە، ئێران، یەکێک لە ٣ وڵاتی دابینکەری گازی تورکیە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ هەناردەکردنی گازی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت. ئەوەش بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بڕینی ٤٠٪ گازی پێویست بۆ کەرتی پیشەسازی و داخستنی چەندین کارگا و کارخانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە تورکیە. لە لایەکی دیکەوە، لەدوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین و خستنی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ڕووسیە لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ گازی ڕووسیە لە داهاتوودا لە بازارەکاندا زیادی کردوە و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە قەتەر و عەرەبستان دەکرێ کە ئاستی  بەرهەمی نەوت و گازی ڕۆژانەیان زیاد بکەن کە هەڵبەت ئەوانیش پێشوەختە زۆربەیان فرۆشتوە. لە ئاستی ناوچەییدا، ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ تورکیە، و هەرزانبوونی بەهای گازی سروشتیی کوردستان لەلایەکی دی، بۆتە پاڵنەری تورکیە بۆ بیرکردنەوە لە گازی کوردستان وەک جێگرەوەیەک بۆ گازی سروشتیی ئێران لە داهاتوودا. هەڵبەت تورکیە تەنیا وڵاتێک نییە کە پێویستی بە گازی سروشتیی کوردستان هەیە، بەڵکوو عێراقیش، سەرەڕای ئەوەیکە گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکا، هەمدیسان پێویستی بە گازی سروشتیی زیاتر هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش، هەرێمی کوردستان دەتوانێ یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بێ. هەر لەو پێوەندییە ئەوەش جێی بایەخە کە رێککەوتنی بیست و پێنج ساڵەی گازی نێوان ئێران و تورکیە لە ساڵی ٢٠٢٦دا کۆتایی پێ دێ. ئاماژەکان دەری دەخەن کە تورکیە چاوی بڕیوەتە گازی سروشتیی کوردستان وەک جێگرەوەیەک بۆ گازی ئێران. ئەگەر هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا بتوانێ سەرەڕای ئەو بڕەی کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستی نێوخۆیی و ئەو بەشەش کە ڕەنگە ڕەوانەی بازارەکانی عێراقی بکا، ڕۆژانە ١٠ تریلیۆن میتری سێ جا گاز هەناردە بکا، ئەوە ئەو ڕێژەیە دەبێتە نزیکەی ٢٠٪ی ئاستی وزەی بەکارهاتوو لە وڵاتێکی وەکوو تورکیە. هەر ئەوەشە کە بۆتە مایەی نیگەرانی و تەنگاوبوونی ئێران و وای کردووە کە ئێران، کە ناتوانێ تورکیە ناچار بکا کە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ واژۆ بکا، کار لەسەر سیاسەتی تر دەکا تاکوو نەهێڵێت کوردستان ببێتە ڕکابەرێک بۆ ئێران و گازی کوردستان جێگای گازی ئێران لە بازارەکاندا نەگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئێران، لەپاش ڕووخانی ڕێژێمی بەعسەوە، لە نفوزی خۆی لەنێو شیعەکانی ئێراق کەڵکی وەگرتوە تاکوو بە هەر جۆرێک بێ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆلێ دەوڵەتی عێراقەوە و بەمشێوەیەش ڕێگە لە سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی کوردستان بگرێ. گەمارۆخستنە سەر کوردستان، بڕینی بەشە بودجەی کوردستان، تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کڕیارانی وزەی کوردستان، ‌هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی تر و هتد... هەموو ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی سیاسەتی دژبەرانەی ئێران بە نیسبەت هەرێمی کوردستاندا جێ دەگرێ. نوێترینی ئەو هەوڵانەش، بڕیاری دادگای فیدرالیی عێراق پەیوەست بە "بەنایاسایی ناساندنی" دەرهێنان و فرۆشتنی وزەی کوردستان بوو. لەڕاستیدا، بڕیاری دادگای فیدرالی، نموونەی هەرە بەرچاوەی "حوکم‌کردن بە یاسا"یە، نەک "حوکمی یاسا". جێگای ئاماژەیە، یاسا لە وڵاتانێکی داڕماوی وەکوو عێراق، زۆرتر ڕۆڵێکی فۆرماڵیتەی هەیە و هەروەک شارەزایەک دەڵێ، یاسا نەک بۆ جێبەجێ‌کردن، بەڵکوو بۆ جێبەجێ‌نەکردنە. نموونەی ئەمەش، پشتگوێ‌خستنی بەردەوامی داخوازییە دەستوورییەکانی هەرێمی کورستان و خەڵکی عێراق، و لەجیاتان، وەڵامدانەوەی ئەو داخوازییانە بە زمانی زەبر و چەکە. لەڕاستیدا، کێشەی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، نەک سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەرهەمهێنانی وزە و هەناردەکردنییەوە، بەڵکوو "بوونی" ستاتوویەکە بە ناوی هەرێمی کوردستان. واتە، داخوازی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم، سەرەتای قۆناخێکە کە ئامانجەکەی، هەڵوەشاندنەوەی سیستێمی فیدرالی لە عێراق و پاشان دابەزاندنی ستاتووی هەرێم بۆ ئاستی پارێزگا یا چەند پارێزگایەکی عێراقە. نەخشەی ئەو سیاسەتەش نەک لە عێراق، بەڵکوو لەلایەن دراوسێکانی عێراقەوە داڕێژراوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشەیەک بۆ دەسەڵاتی خۆیان دەبینن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدەن. هەڵبەت، ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، کە دەری خست کە گرووپەکانی سەر بە ئێران دۆڕاوی سەرەکین، و دانووستاندنی نێوان ڕەوتی سەدر، پارتی دێموکراتی کوردستان، و سوونەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و کورتکردنەوەی باسکەکانی ئێران لە عێراق، دەتوانێ وەڵامێکی گونجاو بێت بۆ دەستێوردانەکانی ئێران لە کاروباری ئێراق و ئەگەرچی بە شێوەیەکی کورتخایەن، شکست بە سیاسەتی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بهێنێ. *** [email protected]