کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەمکی پارێزگاری "سیانەت" لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە

04:56 - 16 رەشەمه 2721

(شیکارییەکی پڕۆژە یاسای مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ "پارێزگاری لە مافی بەکاربەران لە دنیای مەجازی"دا)

  کۆمیسیۆنی هاوبەشی "سیانەت"ی مەجلیس لە دوای مشتومڕ و ئاڵنگارییەکی زۆر، رۆژی سێشەمە ١٠ی ڕەشەممە بە 18 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر دەنگێکی دژ پڕۆژە یاسای "پارێزگاری لە مافی بەکاربەران لە دنیای مەجازی" ناسراو بە "پارێزگاری لە ئینتەرنێت"ی پەسند کرد. لە دوای پەسندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن "شوڕای نیگابانەوە"، دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردنی دەدرێ بە کۆمیسیۆنێک بە ناوی "کۆمیسیۆنی بەرزی ڕێکخستنی یاساکانی ئینتەرنێت" کە لە 20 ئەندام پێک هاتوە و نوێنەرانی هێندێک لە ناوەندەکانی وەک: ناوەندی میللیی فەزای مەجازی، وەزارەتی پێوەندییەکان، وەزارەتی ئیتلاعات، سپای پاسداران، هێزی ئینتیزامی و... تێدایە. پڕۆژە یاسای "سیانەت" چییە و کارکرد و بەربەستەکانی لەپێوەندی لەگەڵ ئینتەرنێت و فەزای مەجازی لە ئێراندا چین؟ لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵی سەرەکی لە ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە دەکەین: - لە کاتی خۆنەگونجاندنی شیرکەتە بیانیەکانی بواری ئینتەرنیت لەگەڵ بڕگەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە، داخستنی هەرجۆرە خزمەتگوزارییەکی بیانی لەبواری ئینتەرنێتدا. - داخستن و ڕێگری لە بەکارهێنانی سێرڤیسەکانی وەک: گووگل، ئینستاگرام، لینکدن، واتس ئاپ، گووگل پلەی، پلەی ستۆر، ئەپ ستۆر و هتد. - ناچارکردنی خەڵک بە مەبەستی کەڵک‌وەرگرتن لە پەیام‌گەیەنەرە نێوخۆییەکان. - لە پاش وەرگرتنی تایبەتمەندی و پێناسەی بەکاربەران، ئەوکات پشتگیریی کەڵک‌وەرگرتن لە ئینتەرنێتیان پێ دەدرێ. - کۆنترۆڵی تەواو بەسەر هەموو شیرکەتە نێوخۆییەکانی چالاک لە بواری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت.   ئینتەرنێت لە ئیستادا بۆتە بەستێنی دروست‌بوونی جیهانێکی هاوتەریب لەگەڵ دونیای حەقیقی (بەڵام بە کارکرد و توانایی زۆر زیاتر لە دونیای حەقیقی)یەوە. بۆیە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هەموو شێوەکی مومکین بە دانانی ڕێوشوێن و یاسای تایبەت بە ڕێکخستن و بەڕێوەبەریی ئینتەرنێت توانیویانە کەڵک لە دەرفەتەکانی ئەم جیهانە نوێیە وەربگرن. بەڵام جیاوازیی سەرەکی مودیرییەتی وڵاتانی ئازاد و وڵاتانی دواکەوتووی وەک ئێران لە مەبەست و ئامانجی یاساکانی تایبەت بەم بوارەدایە، کە لە چوارچێوەی پارێزگاری لە خەڵک یان پارێزگاری لە دەسەڵاتدا پێناسە دەکرێن. بۆ شیکردنەوەی زیاتری نێوەرۆک و ئامانجەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە ئاماژەیەک بە وڵامی چەند پرسیاری سەرەکی لەم پیوەندییەدا دەکەین. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم خاڵە کە زۆرێک لە بەرپرسان و نوێنەرانی مەجلیس لە دژی ئەم پڕۆژە یاسایەن، بە ڕاستی کێ لە پشت پەسندکردنی یاسایەکی لەم جۆرەیە؟ ئایا ئامانجەکان تەنیا ئەمنیەتی و کۆنترۆڵ‌کردنی کۆمەڵگەن؟ هەروەک "ئەحمەدحوسێن فەلاحی" یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە تایبەتە گوتی: "نامانەوێ شاهیدی دووبارەبوونەوەی ٩٨ و ئابانێکی تر بین". پڕۆژەی "سیانەت" بە پێداگری لەسەر شێوازێکی تایبەت لە دەسەڵاتدارەتی، ڕاستەوخۆ پشتگیری لە ڕەوتێکی سیاسیی تایبەت کە خۆی لە "بەیتی خامنەیی"دا دەبینێتەوە، دەکا. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە ناڕەزایەتی گشتیی کۆمەڵگە و هەروەها بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ڕێژیم لەپێوەندی لەگەڵ پەسندکردنی لە ئارادایە. گرینگتر لەوەش بە دەستێوەردان لە پێکهاتەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت بەشوێن دابەش‌کردنی دووبارەی سەرچاوەکانی ئابوورین. پڕۆژەی "سیانەت" سالی 1397 لەلایەن چەند ناوەندی بەناو فەرهەنگیی وەک: "کانون اندیشه جوان، پژوهشکده فرهنگ و هنر اسلامی، پژوهشگاه فرهنگ و اندیشه اسلامی، مرکز مطالعات راهبردی ژرفا، موسسه پژوهش و تبیین گفتمان انقلاب اسلامی" بە سەپەرستیی کەسانی وەک: "کۆمەیل خۆجەستە (خزمی نزیکی خامنەیی و بەڕێوەبەری گشتیی بەشێک لەم ناوەندانە)، محەممەد قومی بەرپرسی (سازمان تبلیغات اسلامی) و مەسعوود فەییازی (بەڕیوەبەری بەشێک لەم ناوەندانە)" ئامادە کراوە. ئەم ناوەندانە ڕاستەوخۆ سەر بە "بەیتی خامنەیین" و ساڵانە بودجەیەکی زۆر لە داهاتی گشتیی وڵات وەردەگرن. بۆ نموونە بودجەی ساڵی ١٤٠٠ی ناوەندی "پژوهشکده فرهنگ و هنر اسلامی" جیا لە داهاتی پڕۆژەکانیان، بڕی ٢٩ میلیارد و ٣٥٣ میلیۆن تمەن بوە، (بوودجەی ناوەندی لێکۆڵینەوە بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە لە زانکۆی تاران لە هەمان سا‌دا تەنیا ٥ میلیارد تمەن بوە). ئەگەرچی ئامانجی (ئەمنیەتی-سیاسی) یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیەیە، بەڵام نێوەرۆکی "سیانەت" تا ڕادەیەکی بەرچاو گرینگی بە لایەنی ئابووری دەدا. واتە کۆنترۆڵ‌کردنی هەموو خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دونیای مەجازی و بەڕێوەبردنی ژیانی مەجازی خەڵکی ئێران بەو شێوەیە کە خۆیان دەیانەوێ. ئەم پڕۆژەیە بە بەرتەسک‌کردنەوە و سنووردارکردنی ئەپڵیکەیشێنە بیانییەکان، دەیەوێ هەموو چالاکییە ئابوورییەکانی خەڵک وەک: (کاروباری بازرگانی و بانکی) لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشێنە نێوخۆییەکانەوە بێ. هەڵگرتنی شوێن‌پێی یەکێک لەم ئەپڵیکەیشێنە نێوخۆییانە بە ناوی "رۆبیکا" سەر لە "بەیتی خامنەیی" دەردێنێ. "ڕۆبیکا" جیا لە هەموو چالاکیە جۆراوجۆرەکانی (لە بواری ئینتەرنێت، بازرگانی و بانکی)، خاوەنەکەی شیرکەتی "توسکا"یە کە هەموو ڕێکلامە بازرگانیەکانی "سەدا و سیمای" ڕێژیم لە دەسەڵاتی ئەم شیرکەتە‌دایە. یەکێک لە پشکدارە سەرەکیەکانی شیرکەتی "توسکا" ناوەندی "ستاد اجرایی فرمان امام"ە کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێری خامنەیی‌دایە. تێکنۆلۆژیی پێوەندییەکان لەسەر بەستێنی ئینتەرنێت، خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی گرینگە کە کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو بوار و تواناکانی ئەم دەسکەوتە مۆدێڕنە، بۆتە بابەتێکی حاشاهەڵنەگر بۆ هەموو کۆمەڵگەکان. تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە مافیای دەسەڵات لەم پێوەندییەدا خاوەنی بەرژەوەندییەکی زۆری ئابوورین. هۆکاری سەرەکی دژایەتی بەشێکی بەرچاو لە ناوەند و بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ ئەم پڕۆژە یاسایە دەگەڕێتەوە بۆ بەریەک‌کەوتنی بەرژەوەندی و تەریک‌کەوتنەوەیانە لە دەسەڵات. نەک خەمی خەڵک. چەمکی پارێزگاری لە پانتایی بیری ڕێژیمدا، تەنیا بریتی بوە لە پاراستنی خۆی. هەربۆیە سەپاندنی بابەتی "سیانەت"، سەلمێنەری ئەم خەمە گەورەیەیانە. بەڵام دەردی گرانیان لەم پێوەندییەدا بەتایبەت ئەمەیە کە هێڵی سیاسیی بەیتی خامنەیی بە بیر و زانستێکی وەهمی و بێ‌ماناوە دەیەوێ شەڕ لەگەڵ پانتایی زانست و تێکنۆلۆژیی جیهانیی بکا. پڕۆژە یاسای "سیانەت" تەنیا شێوازێکی نوێیە بۆ بەتاڵان‌بردنی سەرمایەی وڵات و کۆنترۆڵ کردنی زیاتری فەزای مەجازی. بەڵام تا ئیستاشی لەگەڵدا بێ، یەک پڕۆژەشیان (بەتایبەت لەبواری فەننی- تێکنۆلۆژیک) سەرەڕای بەهەدەردانی سەرمایەکی ماددیی خیاڵی بۆ زاڵبوون بەسەر ئینتەرنێتی نێوخۆیی و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی زانیاری و ئاگایی لە نێو فەزای مەجازی‌ و پێشوازی بەرفراوانی کۆمەڵگەدا، سەرکەوتوو نەبووە.