کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەگبیر یان تەقدیر

05:04 - 16 رەشەمه 2721

بەشێک لە بیرمەندانی بەستێنی مرۆڤ‌ناسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە هۆز و عەشیرەتەکان قۆناغێکن لە گەشەی کۆمەڵگە لە نێوان دەستە و کۆمەڵگەیەکی مەزنتر و، ئەم یەکەیەی جڤاکی بەردەوام لە حاڵی گەشە و گۆڕانکاریدا بوون. بەشێکی تر پێیان وایە ئەوە هۆزەکانن کە دوابەدوای ئەو بەشەی دیکە لە کۆمەڵگە گەشەیان کردوە و دەبێ لە بواری پێوەندییان بە دەستە و کۆمەڵگەی بەربڵاوتر هەڵسەنگێندرێن و پێناسەیان بۆ بکرێ. هۆز و عەشیرە وەک قۆناغێک بۆ گەشەی وەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی نوێ بە تایبەتمەندییەکانی خۆی پێناسە دەکرێ کە لە ئاکامدا بەرەو گوورانی دەسەڵات بە مانایەکی نوێ وێنا دەبن. لەم نێوەدا، عەشیرە وەک جۆرێک کۆمەڵگەی کەمتر گەشەسەندووی سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆ دامەزراندنی دەسەڵات باسی کراوە. بەجۆرێک، دامەزراوەی حکوومەتی پێشکەوتوو بە مانای نەمانی عەشیرە و هۆزەکانە. زاراوەی هۆز و قەبیلە و عەشیرە کەرەسەگەلێکی باش بوون بۆ دەوڵەت-نەتەوەکانی وەک ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە، هەتا بەوانەوە خۆیان پێناسە بکەن. ڕووناکبیرانی حاکم بەردەوام بزووتنەوە مافخوازی و ڕەواکانی کوردیان بە شکڵی هۆز و عەشیرە پێناسە کردوە کە غەریزی دژی یاسا و پرەنسیپەکانی پێکهێنان و دامەزراوەی حکوومەتن! و هەر ئەو دەسەڵاتدارانەش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پشتیوانی لەو هۆزانە دەکەن (کە بە گەشەنەسەندوو و دژە یاسا دەیانناسێنن). یان دەنا تێکیان شکاندوون و لە کێشەی نێوانیان کەڵکیان وەرگرتوە و وەک کەرەسەیەک بە قازانجی خۆیان بۆ لاوازکردنی هەستی ناسیۆنالیستی، ئاژاوە و گێرەشێوێنی و دووبەرەکی لەنێوان ئەوان و بزووتنەوە سیاسییەکان بەکاریان هێناون. لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەم و دواتردا لەو چوار وڵاتە وەک یەک و بە شێوەی جۆراوجۆر کەڵکی خراپیان لە پرسی عەشیرە کوردەکان وەرگرتوە و کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام تووشی دووپاتەبوونەوەی ڕووداوە تاڵە مێژووییەکان بووە کە نەوەی ئەمڕۆ بە خیانەت پێناسەی دەکا و ئارەقەی شەرم تک تک لە تەوێڵی ئەو توێژەرانە دێتە خوار کە دێڕەکانی دیرۆکی گەل دەنووسنەوە. چ لە سەردەمی شا و چ لە ڕێژیمی ئێستادا بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵ دراوە ئەم ماتەوزەیە بەدژی بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەیی کەڵکی لێ­وەرگیرێ، بەجۆرێک لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییدا بە ئەزموون‌وەرگرتن لە نیزامی پاشایەتی هەر لە سەرەتاوە هەوڵی ئەوە درا جۆرێک هۆزتەوەری ڕێک بخەن، دەسەڵات بە شێوازی جۆراوجۆری وەک گواستنەوەی حەشیمەتی هەتا پێدانی هەڤیازیی ئابووری هەوڵی ئەوەی دا عەشیرەتەکان لە بەرامبەر بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی قوت بکاتەوە و چەکداریان بکا. دەسەڵات هەوڵی دا بۆ بووژاندنەوەی سیستەمی عەشیرەیی "چاکسازیی ئەرزی"ـی شا هەڵوەشێنێتەوە کە ئەمە بووە هۆی دووبەرەکی لەنێوان خاوەن زەوییەکانی پێشوو و جووتیاران­دا. ئەو هۆزانە لە ناوچە و شوێنیی دانیشتنی خۆیاندا چەکدار کران، بنکەیان بۆ دامەزرا و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرییشیان پێ­ درا و بە پڕوپاگەندەیەکی زۆر تەنانەت لەلایەن خومەینییەوە چ بە درووشم و چ بە کردەوە عەشیرەتەکان وەک پشتیوان و قەڵای قایمی "شۆڕش" پێناسە کران و چەندین دامەزراوەی تایبەت بە عەشیرە و هۆزەکان دامەزران. دواتریش لە ڕەوتی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا بەشێک لەو هۆز و عەشیرەتانەی پشتیان بە نیزام سپاردبوو جگە لەوەیکە لە چوارچێوەی سپای پاسداراندا ڕێک‌خران و کرانە چاوساغ و بەشێکیشیان لە ئیدارە و دامەزراوەکانی دیکە کاریان پێ‌ درا و لە شار و ناوچەکانی خۆیان سووکە دەسەڵاتێکیان پێ درا هەتا ئەو پەیامەش بە کۆمەڵگە بدەن کە ئەوانەی دەگەڵ ئێمەن، دادەمەزرێن، چەکیان دەدرێتێ، پشتیوانییان لێ دەکرێ و ئەمانە بەرزترن هەتا ئێوە کە بەدوای مافی ڕەوای گەلەکەتان دەکەون! لە سەردەمی تێکنۆلۆژی، چاخی پێوەندییەکان و جیهان‌ژینێکی شووشەییدا هەتا هاتوە ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەرەو نەمان دەچن و بە برەودان بە زانست و جۆری پێوەندییەکان و ئاوێتەبوونی خەڵک دەگەڵ یەکتر سنووری نێوان ئەو چینانەی کۆمەڵگە لەچاو پێشوو کاڵتر بۆتەوە و خەریکە لە زۆربەی ئەم وڵاتانەی کە ئەم دیاردەیەیان تێدا هەیە ڕەوشی خۆی دەگۆڕێ و خۆی دەگەڵ پرەنسیپەکانی جیهانی سەردەم ڕێک دەخا. هەڵبەت ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بە پلانی جۆراوجۆر دژی ئەو گۆڕانکارییەن و بەشێوازی جۆربەجۆر هەرنەبێ هەوڵی ئاژاوە و تەنانەت هەڵگیرساندنی شەڕ لەنێوانیاندا دەدەن بۆ زیندووڕاگرتن و باڵانسی هێز بە قازانجی خۆیان. لەبەر جوغرافیای تایبەت و مێژوویی بوونی ئەو مەڵبەندە لە بواری ژیار و شارستانییەتی کۆنەوە، کوردستان بە گشتی لەم یەکە و دامەزراوەیەی کۆمەڵگە نەک بێبەش نەبووە بەڵکوو پشکێکی زۆری وەبەرکەوتوە. بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە بەدوای گرتنەدەستی جڵەوی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن ئاخوندەکانەوە بەردەوام خەتی خوار لەبن سەری گای پیردا بووە و، لەو جۆغرافیایەی بە موکریان پێناسە دەکرێ بە هۆکاری مێژوویی (دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێرن و ئەمڕۆیی "حیزبی دێموکراتی کوردستان" و دامەزرانی کۆماری کوردستان و تێکەڵ‌بوونی ڕاستەوخۆی خەڵک بە بزووتنەوەکان) یەکێک لە ناوچەکانی نفووزی حیزبی دێموکرات بووە کە بە شێوەی نەریتی زیاترین پێگەی کۆمەڵایەتیی تێدا هەبووە. ئەم ناوچەیە لە بواری پێکهاتەی عەشیرەییشەوە چەندین هۆز و عەشیرەی جیاواز و ناسراوی تێدا ژیاون کە لە زۆربەی کاتەکاندا پەنا و پشتیوانی بزووتنەوەی کوردی بوون و یەکێک لەو عەشیرە ناسراوانەی کوردستان و ئەم جوغرافیایە، عەشیرەتی مەنگوڕە کە مێژوویەکی کەون و پڕ لە بەسەرهات و جوامێرییان هەیە. هەندێک ڕووداوی مێژوویی هەن کە نەک­هەر مەنگوڕەکان بەڵکوو نەتەوەی کورد لەم بەشەی کوردستان بەگشتی ناتوانێ هیچ کات لەبیریان بکا، ئەویش کارەساتی قەتڵوعامی باپیرئاغای مەنگوڕ و سەدان سواری ڕەشید و ئازا لە دەڤەری مەراغە بە دەستی ئەحمەدئاغای موقەدەم، حاکمی مەراغە لە ساڵی ١٧٨٣ی زایینییە (١١٦٢ی هەتاوی)، (باپیر ئاغا کە گیانی لەدەست داوە هەر کوڕەی ژن و مناڵی خۆی هەبووە کە دواتر جگە لە بەرەی خدری ئەوانەی دیکە بە ناوی دایکیان ناسراون (تایفەی زێڕنێ، شەمێ، مرۆتێ، زێنێ، ئامانێ) کە ئێستا ئاغا مەنگوڕەکانی دەڤەری مەهاباد، پیرانشار و هەندێکیش لە دەڤەری سەردەشت لەم شەش بەرەیەن و ئەمانەش جیاوازییان هەیە دەگەڵ ئەو بەشەی دیکە لە عەشیرەی ئاسایی مەنگوڕ (دیارە بەشێکی زۆریش لە دیوی باشووری کوردستان نیشتەجێن). یان بەشداریی مێرانەی حەمزەئاغای مەنگوڕ، کوڕی باپیرئاغا وەک پیاوێکی شۆڕشگێڕ، ئازا، چاونەترس و گەلدۆست لە ڕاپەڕینی ڕزگاریخوازانەی شێخ عوبەیدوڵلای نەهری­دا. یان کەسایەتیی مەزنی وەک سوارەئاغا (١٨٧٩)، کاکەڵڵاغا (١٨٩٢) باپیرئاغا کوڕی هەمزەئاغا (١٩١٧) و... دەیان و سەدان ڕۆڵە کە گیانی خۆیان لەپێناو پیاوەتی و کورد و کوردستان­دا بەخت کردوە. لە بزووتنەوە چەکدارییەکەی ساڵانی 46-47یشدا ماڵی ئاغا مەنگوڕەکان شوێنی داڵدەدان و حاوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی شۆڕش بوون و لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانیشدا هەمدیسان سەرجەم حێلی مەنگوڕ (بە ئاغا و ڕەعیەتەوە) شانبەشانی کۆمەڵگەی کوردی بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕابوون و بەشی زۆریان تەڤڵی شۆڕشی مافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات بوون. بەڵام بەهۆی هەندێک لێک‌تێنەگەیشتنی تاکەکان و ڕەخساندنی دەرفەت لەو ڕەوشە ئاڵۆز و قەیراناوییەی کوردستاندا کە ڕێژیمی تازە بەدەستەڵات­گەیشتوو هێرشی دێنا و سەرکردایەتیی کورد لەوکاتە ناسکەدا سەرقاڵی وتووێژ بوون بۆ ئەوەیکە ڕێگایەکی ئاشتییانە بۆ چارەسەری پرسی کورد ببیننەوە، بەکرەشۆفارەکان لە گڕژییەکی بچووک کەڵکیان وەرگرت و هەوڵیان دا بەشێک لەوان لە بەرامبەر بزووتنەوەی ڕەوای کورددا ڕابگرن کە مەخابن لەو هەوڵەیان هەتا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون. بۆ ئەم مەبەستە لایەنە پێوەندیدارەکانی دەسەڵات بەتەواو مانا پشتی ئەو بەشە لە ئاغا مەنگوڕەکانیان گرت و مەودایەکی نەخوازراویان خستە نێوان خەڵک و ئەوان. ئەگەرچی لەو شەبەنگەی کۆمەڵگەش چەندین کەس لە باشترین فەرماندەران و قارەمانانی حیماسەخولقێن، سەر بە ئاغا مەنگوڕەکان بوون (نەمر قادرئاغای چوارگا، شەهید حەمزە بێهنام و...)، بەڵام بەشێکی دیکەشیان فریوی ناحەزانیان خوارد و بە قینێکی پەنگخواردوو و بە بیرێکی چەوت هەوڵیان دا لە بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردستان ڕابوەستن. ئەمە باشترین دەرفەت بوو کە ڕێژیم کەڵکی لێ‌وەربگرێ و هەوڵ بدا ئەو درزە بچووکە مەزنتر بکاتەوە و بە هەموو جۆرە نەخشە و پیلانێک و تەنانەت ڕشتنی خوێنی لاوان ڕق و بوغز و هەستی تۆڵەی پتر تاو بدا. دوای ٤٣ ساڵ لە دەسەڵاتی شومی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەو هەمووە زوڵم و ناحەقی و گرتن و کوشتنەی خەڵکی کورد لەلایەک و وەرددانەوەی ڕابردوویەکی نەخوازراو و پیلانمەند هەنووکە بەشی هەرەزۆری لاوانی سەربەم بەشەی ئاغا مەنگوڕەکان بە ئاگاهی و بیرێکی کراوەوە دەڕواننە ڕابردووی ئەو پێوەندییانە و جیا لەوەی کە بەباشی هەستیان بە پیلانە مەترسیدارەکانی ڕێژیم کردوە، چاوکراوەتر دەڕواننە پرسی کورد و نەک هەر لەو گەڕەکانەی حکوومەت بە مەبەستی هەڵاواردنیان لە کۆمەڵگەی کوردی بۆی دابین کردوون نەماونەوە، بەڵکوو گەڕاونەوە نێو خەڵک و بازار و گەڕەکەکانی دیکەی شار و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە تێکەڵ بە خەڵک بوونەتەوە و تەنانەت ژن و ژن‌خوازییان دەگەڵ خەڵک پێک‌هێناوە کە ئەمە نیشانەیەکی باشە بۆ بەگژداهاتنەوەی پیلانەکانی دوژمن. ئەو بەشە کەمەش کە هەتا ئێستاش پاڵیان وە ڕێژیم داوە و کردەوەی نەشیاو بەدژی خەڵک و بزووتنەوەی سیاسی کورد ئەنجام دەدەن، ئەوانەن کە لە داوی فریوبازیی ڕێژیم­دا ماون و هەروا چەکی دوژمنیان لە شان­دایە و گەلی خۆیان دەبوغزێنن و بەرەوڕووی دەبنەوە و بە فیتی بەرپرسانی سپا ئازار و ئەزییەتی خەڵک دەدەن هەتا ئەو دۆخە ئاسایی نەبێتەوە و بەردەوام هەستی تۆڵە و تۆڵەی بەرامبەر لە نێوان خەڵک و ئەواندا بمێنێتەوە (ئاژاوە بنێوە و حکوومەت بکە). ئێمە هیوادارین ئەو بەشە بچووکەش هەوڵ بدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانیان ڕیزی خۆیان لە ڕیزی دەسەڵاتی حاکم جیا بکەنەوە و کارێک بکەن کە لە بارەگای گەل و نیشتمان ڕووسوور بێنە دەر و هەنگاوەکانیان بۆ نزیک‌بوونەوە لە خەڵک توندتر باوێژن هەتا لە دواڕۆژی ئازادیدا بتوانن خۆیان لە ڕیزەکانی گە­لدا ببیننەوە و بەتایبەتی پەیوەندیی مێژوویی لەگەڵ حیزبی دێموکڕات زیندوو بکەنەوە. با لە کەشێکی لێبووردەیی و پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەدا بەرەو ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی شەهیدان تێ‌بکۆشین و هەموو وزە و تواناکانمان پێکەوە بۆ تێکشکاندنی نادادپەروەری و ستاندنەوەی مافی خوراومان کۆ بکەینەوە.