کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆ بڵێی ئەم شێوازە خۆشەی تۆڵەسەندنەوەیە ببێتە باو؟

19:44 - 29 رەشەمه 2721

دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتای دروست‌بوونی ئەم ئێرانەوە لە تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانیان بەردەوام بوونە و ڕێبازی هەمەچەشن و جۆربەجۆریان بۆ تۆڵە‌سەندنەوە گرتووەتە بەر. لەم بابەتەدا مەبەست لە سەردەمی دروست‌بوونی ئێران هاوکات لەگەڵ دامەزارانی دەسەەڵاتی حەمەڕەزای قزڵباش دەست پێ‌دەکا. هەروەک ئاماژەی پێ کرا، دەسەڵاتی ئەم ئێرانە هەتا هەنووکە بۆ ئەستاندنەوەی تۆڵە دەستی داوەته گەلێک شێوازی جۆربەجۆر، بەڵام لەم دواییەنەدا شێوازی زۆر مۆدێرن و نوێی دۆزیوەتەوە. هەندێک لەم جۆرە تۆڵەسەندنەوانە ئەوەندە مۆدێرن و سەردەمیانه و پێچەڵپووچن، هەر پیاو نا، تەنانەت ژنیش سەری لێ سوڕ دەمێنێ. دەسەڵاتی ئەم چل‌ساڵەی دوایی ئێران بە جۆرێک تۆڵەسەندنەوەکانی "ترش‌وخوێ" کردوە هەر مەپرسە. بەڵام لە تەنیشت ئەم شێوازه نوێیانە کەم‌تازۆر شێوازە کۆنەکانیش هەروا بەردەوامن. ئەوەی پێی دەگوترێ تێرۆر و تۆقاندن و لە جۆری وەک تەقەلێکردن بە چەکی وەک تۆقتۆقە و دەمانچە و تفەنگ و ڕەشاش و تۆپ و فڕۆکە و تەنانەت مووشکی دوورهاوێژیش ئەنجام دەدرێ، تەنیا بۆ دوژمنانی نێوخۆی ئێران و دەسەڵاتی کەم‌هێزی دەروجیرانان کەڵکی لێ وەردەگیرێ. شێوازە کۆنەکە لە دوو جۆری بێدەنگ و بە هات‌وهاواردا جێبەجێ دەکرێ. لە جۆری یەکەمدا بە بێدەنگی نەیارێک یان چەند نەیاری دەسەڵات بە کەڵک‌وەرگرتن لە نامرۆڤانەترین شێوازی گونجاو دەکوژرێن و لەسەر ڕێگە لا دەدرێن و دەسەڵات وەک بکەری تیرۆرەکە قەراقوپ دەکا و دەمی هەموو دامودەزگاکانی دەبن بە تەڵەی تەقیو. بەڵام لە جۆری دووهەمدا کە گەلێک جاران دەسکەوتی کەم یان پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە، دەیکەن بە هات‌وهاوار و پێداهەڵدان. بۆ ئەمەیان دوو نموونەی لێدانی بنکە‌ی عەینولئەسەدی عێراق و ئاخرین مووشەک‌بارانی قەراغ و بیجاغی هەولێر بەرچاون. لەمەی دواییاندا دوای کورژانی دوو چەکداری سوپای قودس لە سووریە بە دەست ئێسرائیل کە پێچەوانەی هەزاران کوژراوی لەم شێوەیە هەر ڕۆژی یەکەم ناویان ئاشکرا کرا، کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەسەندنەوە پەنای بۆ تیۆریی "بکوتە کورتانی" برد و ڕێگەی بکوته کورتانی گرتە بەر. لەم ئاراستەیەدا لە دوو قۆڵی نیزیک تەورێز و نزیک کرماشانەوە بە مووشەکان داگژایە بنکەیەکی گەورەی خەیاڵیی ئیسرائیل لە نزیک شاری هەولێر. ئەم بنکە ستراتیژییە خەیاڵییەی کە ئێران بە تۆڵەی کوژرانی دوو پاسدارەکەی چەند ڕۆژ پێش دایە بەر ڕێژنەی ١٢ مووشەک، بریتی بوو لە بنکەیەک کە گەورەترین پلان‌داڕێژەرانی ئیسرائیل لەوێ‌وە پلانی بەڕێوە‌بردنی ئیسرائیل و هەموو جیهانیان دادەڕشت. ئەم بنکەیە ئەوەندە ستراتێژی بوو، سەردانی ئەم دواییەی "نەفتالی بێنێت"ی سەرۆک‌وزیرانی ئیسرائیل بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕووسیە و فەرەنسە لەوێ‌وە داڕێژرابوون. بەگوێرەی خشتەی ناوی ئەو جوولەکانەی ئێران دەڵێت لەم هێرشە مووشەکیەدا کوژراون و هەمووشیان هەر یەکەو بە جۆریک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کاریان دەکرد، لەمەودوا کاری لۆبیی ئیسرائیلی لە ڕووسیە، ئورووپا، ئەمریکای نێوەندی و کانادا و ئەمریکای باشوور و ئەفریقا و ئاسیا و وردە دوڕگەی دووری نێو قووڵایی جەمسەری باکووری زەویش بێ‌ئاکام دەمێننەوە. ئەمە هەمان پێشەکی و سەرەتای نەمان و پووکانەوەی ئیسرائیل لە ٢٣ ساڵ و چەند مانگی دیکە دایە. پێشتریش نازانم ساڵێک و چەند مانگ لەمەوبەر بوو ئێران ڕایگەیاند ئیسرائیل ٢٥ ساڵی دیکە لەنێودەچێ. ئەمەی لەسەرەوە باسی کرا، ئاخرین هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە بە شێوازی کۆن یان کلاسیک بوو کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دا. بەڵام شێوازە نوێ یان مۆدێرنەکە شێوازێکی سەرنجڕاکێشە و پێوسیتیی بە هەڵوێستە و لێکدانەوەی زیاترە. ئەمەیان دەکرێ ناوی بنێین، شێوازی "ئانتی شەکدەم". کاترین شەکدەم ئەو خانمە جوولەکە بە ڕەگەز فەرەنسەییە بوو لە ماوەی ڕابردوودا دوای چەند ساڵان خەپخەپێن و تێکەڵ‌بوون لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کرد لەم چەند ساڵەدا کڵاوێکی وای ناوەتە سەریان هەر دووک گوێ و چاوانیشیان دابپۆشێ. دوای ئەمە کۆماری ئیسلامی ویستی لە "پاتەک" یان دژە هێرشێکی "برق‌آسا"دا تۆڵەی بستێنێتەوە و شێوازە مۆدێڕنەکە‌ی بەم جۆرە دەستی پێ کرد: خاتوونێکی ٢١ ساڵەی بە ڕەچەڵە ئێرانی به ناوی "نیکا نیکۆبین" لە شاری "لاسڤێگاس"ی ئەمریکا، لەناکاو بیری کەوتەوە بە شێوەیەکی خۆش تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە نزیکترین کەسی ئەمریکایی بکاتەوە. لەو جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەدا سیاسەتی "نە شیش بسووتێ، نەکەباب" سیاسەتێکی سەرکەوتووانەیە. خانمە بە ڕەچەڵەک ئێرانییەکە زۆر لێزانانە نەخشە دادەڕێژێ و پیاوێکی ئەمریکایی بۆ تۆڵەسەندنەوە بە بیانووی خۆشەویستی دەستنیشان دەکا و دوایە بە بیانووی خۆشەویستی دەبیاتە ژووری هوتێلێک. لەوێ چاوی دەبەستێ و سەرەتا بەئارامی خۆشیی پێ‌دەگەیەنێ و لە درێژەدا بەئارامی خەریک دەبێ ملی ببڕێتەوە. ئەمریکاییەکە دوای ئەوەی ئازار بەملی دەگا، واز لە خۆشییەکە دەهێنێ و لە دەست ژنە ٢١ ساڵە ئێرانییەکە ڕا دەکاتە دەرەوە و بەمجۆرە لەنێو دڵی دوژمندا تۆڵە‌سەندنەوەی کۆماری ئیسلامی بە وردی و بە نەرمی ئامانجی خۆی دەپێکێ. پرسیارێکی گرینگ: لە نێوان "نیکا نیکۆبین" و "کاترین شەکدەم" کامیان لە ئەرکی قورسیاندا سەرکەوتووتر بوون؟ پرسیارێکی گرینگتر: تۆ بڵێی لەمەودوا ئەم شێوازە تۆڵەسەندنەوەیەی "نیکاگیان" ببێتە باو؟