کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆز لە هاوکێشەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا

19:49 - 29 رەشەمه 2721

لەوەتەی مرۆڤ بەکۆمەڵ دەستی داوەتە دروست‌کردنی شتوومەک و کەرەستەکان بۆ مانەوەی تۆرەمە و نەژادەکەی لەم گۆی زەوییە، داب‌ونەریتەکانیش لەدایک دەبن و دەگوورێن و پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان گەشە دەستێنن. نەورۆز یەکێک لەو داب‌ونەریتانەیە کە لە داوێنی چیا سەخت و هەڵەمووتەکانی زاگرۆسدا لەدایک دەبێ و دەکەوێتە بازنەی ئەم فەراژ و کامڵ‌بوونەوە. نەورۆز منداڵی سروشت (ئاگر) و مرۆڤە (سەما). ئەوکاتەی مرۆڤ دڵنیا بوو کە بۆ هەتاهەتایە ئاگری ماڵی و کەوی کردوە و دەتوانێ لە شەوەزەنگی ئەشکەوتەکان ڕزگاری بێ، بە هەڵپەڕکێ و گەڕان بە دەوریدا نەریتێکی خوڵقاند کە یادگاری هەمیشەیی گۆڕانێکی هەتاهەتایی بوو. لە تێکەڵاوی ئاگر و سەما منداڵێک لەدایک دەبێ کە هاوتەمەنی ئەم تێکەڵاوییەیە، کەوابوو نەورۆز لە هەموو کۆمەڵە مرۆییەکاندا هەبووە و تەنیا ناوی جیاوازی لە جوغرافیا و نەژادە جۆراوجۆرەکان وەرگرتوە. لەوەتەی دەوڵەتەکان لەدایک دەبن ئەم منداڵە وەکوو ئایین جارێک بەگژ دەسەڵاتدا دەچێ (دیرۆکی کاوەکان) و جارجارێک دەبێتە لافیتە بۆ ڕاگەیاندن و سەقامگیرکردنی دەسەڵات (ڕێوڕەسمی شوکرانەبژێری زوحاکەکان). ئەم منداڵە سەرگەردانە وەکوو جەستەیەکی نیوە‌خودا و نیوە مرۆڤ تاڵترین دەورانی تەمەنی لە بەرەبەرەی هاتنی ئایینی ئیسلامەوە بۆ داوێنی چیاکانی زاگرۆس دەست ‌پێ کرد. دیارە نەک لەبەر ئەوەی ‌عەرەبەکان دژ بە ئاگر و سەما بن، بەپێچەوانەوە سەما بە تایبەت و ئاگریش وەکوو ئامرازێکی گشتی لەلای سامییەکانیش وەکوو هەموو کۆمەڵگەیەکی ئینسانی پیرۆز بووە، بەڵام دەسەڵاتی  عەرەب بەهۆی جیاوازیی ئایینەوە دەرفەت و توانای ئەوەی نەبوو بەیەکجاری دەس بگرێتە سەر هەموو سیمبول و بایەخەکانی دەسەڵاتە زاڵەکەی ساسانییەکاندا، بەتایبەت کە نەوە و تۆرەمە و دەسەڵاتی ساسانییەکان هێندە چووکە و بەرتەسک نەبوون کە عەرەبەکان بە هاسانی و بێ کاولکاری دەست بگرنە سەر هەموو هێما گرێ‌خواردووکانی نێوان خەڵک و مو‌غە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکاندا. کاولکارییەکان لە شوێنی تاجگوزارییەکانەوە دەستی پێ کرد. ئەوەمان لەبێر نەچێ کە نەورۆز لە هیچ سەردەمێکی ‌حوکومڕانیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەشێک نەبووە لە ئۆل و ئایینەکان بەڵکوو ئامراز و یاریدەری ڕاکێشانی خەڵک بووە بۆ شوکرانەبژێریی دەسەڵات. لە دوای لەنێوچوونی ساسانییەکان بە چەشنێک نەورۆز ڕزگاری بوو لەدەست خزمەت کردن بە دەسەڵات لە شێوە ‌حکومەتییەکەی و جارێکی‌تر گەڕایەوە بەر درگا و نێو کۆڵانی زاگرۆس‌نشینەکان. ناخۆشترین سەردەمانی ژیانی نەورۆز لە سەردەمی خەڵافەتی خەلیفە بێڕەحم و نانەجیبەکانی (بەنی عەباس) و (بەنی ئومەییە) تێپەڕ بوو کە تەنانەت ئاگر و سەمای نەورۆزی بەر درگاکانیش قەدە‌غە کرا و یادی نەورۆز چووە نێو چیرۆک و دیرۆکە فۆلکلۆرەکانی ڕاست‌بێژەکانەوە. بەداخەوە دەبێ بڵێین تراژدیایەکی نەرم و گشتگیر لەپاش ئەو هەموو بگرە و بەردە و قاغەوە لە کەمینی نەورۆزی زاگرۆسدا بوو کە تاكوو ئێستاش هەر دەستەویەخەیەتی. مێژوو فێری کردووین کە سیاسەتی ‌حکوومەتەکان لە شیرازەدا هەر یەک جۆرە و دەسەڵات بۆ مانەوە و سەقامگیرکردنی خۆی زۆرجار ڕەوتی سروشتیی گوورانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی بە قازانجی خۆی تێک‌داوە. بۆ وێنە دیاردەی خێر و شەڕ لە هەموو کۆمەڵگەیەکی ئینسانیدا بەپێی بارۆدۆخی ماددی و ڕۆ‌حی ئەو کۆمەڵگە گەیشتووەتە جۆرە هاوسەنگیەکی تایبەت بە خۆی، بەڵام دەسەڵات لە هەر جێگایەکدا خێر بە قازانجی بووبێ پەرەی بە شاییەکان داوە (ساسانییەکان) و لە هەر جێگایەکدا شەڕ بە قازانجی بووبێ ڕووی کردووەتە چەمەرییەکان (زۆربەی حکوومەتە ئیسلامییەکان). ڕاوێژکارە ئایینییەکانی سەردەمی سەفەوی نەریتی چەمەرییان لە داوێنی زاگرۆسدا هەڵبژارد و لەگەڵ حیکایەتەکانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی سەحرای کەربەلا تێکەڵیان کرد و ئەم تازیمانە نوێیە کەوتە ڕەوتی گوورانی نیوە حکوومەتی و نیوە خەڵکییەوە کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ توانیویەتی دوو مەبەستی سەرەکیی دەسەڵاتدارانی سەفەوی بپێکێ کە یەکیان لەتکردنی ژێرخانە هاوبەشە فەرهەنگییەکانی زاگرۆس‌نشینەکان و لە ئاکامی ئەوەشدا لەتبوونی دانیشتووانی لەنێوان دوو ئیمپراتۆرییەتی گەورەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای زاگرۆسدا بوو. مەبەستی دووهەمیش کە بە یارمەتیی هەر ئەم لەتبوونە باشتر دەهاتە دی، بڕینەوەی دەستی دوژمنانی مرخ‌لێ‌‌‌خۆشکردووی ڕاست و چەپی وڵاتەکەیان بوو. شەڕی دوور و درێژی نێوان دوو ئایینزای ئیسلام (شێعە و سوننە) لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ساڵ لە دوای ساڵ نەریتی نەورۆزی لاواز و لاوازتر دەکرد و وای لێ هات کە دوو چەمکی ئاگر و سەما جگە لەلای لایەنگەرانی ئایینزاکانی یارسان و زەردەشت کە حەشیمەتێکی کەمینە بوون، لە زۆربەی ناوچەکانی زاگرۆسدا بوو بە نەریتێکی بێگانە و چەمەرییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی خۆگونجاندنێکی سروشتییان گرتە بەر و بوون بە ئەرزش و بایەخێکی گشتگیر. کاتێک شەڕە جیهانییەکانی سەدەی بیستەم دەستی پێ کرد و شۆڕشە دەوڵەت‌-نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەری هەڵدا، ئیدی دژایەتی لە گەڵ داب‌ونەریتەکانی زاگرۆسییەکاندا ڕەنگی ڕەگەزپەرەستی گرتە خۆی. لە باشووری کوردستان بەهۆی گرێبەست و هاوسەنگییە سیاسییەکانی وڵاتە زلهێزەکانەوە هەلێکی کورتخایەن بۆ سەربەخۆیی کوردان ڕەخسابوو، بۆ وێنە مامۆستا پیرەمێرد یەک لەو کەسایەتییە ڕووناکبیرانە بوو کە نەورۆزی بە شێوەی پێشکەوتووخوازانە داڕشتەوە و تەنانەت سروودێکی نیشتمانیی بۆ هۆنییەوە و بنەمای چۆنیەتیی دامەزرانی نەورۆزێکی کوردانەی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان داڕشت. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بارۆدۆخەکە تەواو جیاواز بوو، سەردەمی حکوومەتێک بوو کە بەڕواڵەت سکۆلار و بە نێوەڕۆک درێژەدەری بیرە کۆنەپەرەستانەکەی بیرمەندە ئایینییەکانی سەردەمی سەفەوییەکان بوو؛ بەڵام هەر ئەوەی کە پاڵەوییەکان خۆیان بە ئاریامێهر پێناسە دەکرد وای کردبوو کە لە پاڵ بەرزڕاگرتنی بۆنە ئایینییەکان ئاوڕێکیش لە بۆنە نەتەوەییەکانی جوغرافیای ئێران بدەنەوە کە ئەمە جارێکیتر هەنگاوێکی بەرو پێش بوو بۆ زیندووکردنەوەی نەورۆز. دیارە هەرچەند بە شێوەی دەوڵەتی و بە لاسایی‌کردنەوەی حکوومەتەکانی پێشوو لە سەرناوی (سڵاوی نەورۆزی) لە شای شاهان و زۆرتر کارناواڵێکی دەسەڵات‌نوێنی بوو، بەڵام هەڵکردنی ئاگر (تەنیا بە مۆم) و ئیزنی سەماکردن (بە شێوەی تەڵخەک قەشمەری) هەرچەند سووکایەتی بوو بە نەریتێکی مێژوویی و تا ڕادەیەکی هاوبەش لە نێوان میللەتانی ئێرانیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چۆکدادانی دەسەڵاتێکی بە ڕواڵەت پێشکەوتوو بوو لە هەمبەر بزووتنەوەی ڕووناکبیریی نێوان شۆڕشی مەشرووتە تا شوڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 57دا.   کورد، کۆماری کوردستان و نەورۆز لە خاکەلێوەی ١٣٢٥ی هەتاوی بۆ یەکەم‌جار بەردی بناغەی نەورۆزێک دانرا کە دەتوانین بڵێین بەرهەمی گەشە و گوورانی ئەم نەریتە مێژووییە بوو کە دوای زیاتر لە 2600 ساڵ ئاڵوگۆڕ بەسەرداهاتنی لە سەردەمی حکوومەتی مادەکانەوە کە ئەوکات جێژنی نەورۆزیان کرد بە هێمای یەکگرتوویی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دژ بە ئیمپراتۆرییەتە زاڵمانەکەی ئاشوورییەکان. ئەم نەورۆزە کە بە "نەورۆزی ڕزگاری" پێناسە دەکرێ لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد و بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەممەد بەڕێوە چوو‌ کە هەڵگری چەند تایبەتمەندیێکی ناوازەیە کە دەتوانین بڵێین بوو بە خاڵی وەرچەرخانی یەکگرتنەوەی ژێرخانە فەرهەنگییە لەتکراوەکەی زاگرۆس‌نشینەکان لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە هەتاکوو ئێستا. تایبەتمەندییەکانی نەورۆزی کۆماری کوردستان لە ساڵی 1325ی هەتاوی ئەمانەن: یەکەم، کەڵک‌وەرگرتن لە بۆنەیەکی نەتەوایەتی بۆ پیشاندانی یەکەم ئوتۆریتەی سەربەخۆخوازانەی میللەتێکی ژێردەستی چەند دیکتاتۆریەتی ڕەگەزپەرەست و ئیدۆلۆژیک بە لێدوانە مێژووییەکەی پێشەوای موعەزەم لەمەڕ پووچەڵ‌کردنەوەی بەڵێننامە شووم و نگریسەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان (پەیمانی سەعداباد) و هەروەها بەشداری‌کردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێژەیەکی جوانی نیزامیدا. دووهەم: دیاریکردنی نەورۆز وەکوو جێژنێکی نەتەویی بە شێوەی فەرمی و دەوڵەتی. سێهەم: خوێندنەوەی وتار لە لایەن ڕووناکبیرانی ئامادەبوو لەو جێژنە لەسەر تایبەتمەندییەکانی نەورۆزی کوردان، وکوو هەڵکردنی ئاگر و سەما و هەڵپەڕکێ کردن و... چوارەم، لەبەرکردنی جلوبەرگی سێ ڕەنگ بە نیشانەی ئاڵای کوردستان لە لایەن ژنان و کچانی بەشداربووی جێژنەکەوە. پێنجەم، بەڕێوە‌بردنی ئەم بۆنە بەشێوەی کۆڕ و کۆمەڵ بۆ یەکەمجار لە گۆڕەپانی یەکێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی کوردستان (مەهاباد). شەشەم: بەشداری‌کردنی نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە جێژنێکی نەتەوەییدا. حەوتەم: تۆمارکردنی ئەم ڕۆژە مێژووییە لە ژمارەی27ی ڕۆژی یەکشەممەی مانگی خاکەلێوەی ساڵی 1325ی هەتاوی. لە پاش خۆرنشینی کۆماری کوردستان بە دەست پیلانگێڕییەکانی وڵاتە زلهێزەکانی تەیار و هەمیشە ئامادە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەرای خۆیبوونێکی پێشکەوتوو بۆ نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕژایە مێشکی تاکی ڕووناکبیری کوردەوە و بە هیچ هێزێک تەنانەت ئیرادەی واوەسروشتییەکانیش لەنێو نەدەچوو. لە خەباتی نیوسەدەی ڕابردووی کوردان لە هەر چوارپارچەی کوردستان هاوکات کە داخوازە سیاسییەکانی ئەم نەتەوە کە هەڵگری ناسنامەی گەلێکی بێ‌دەوڵەتە لەسەر شانی پێشمەرگە و شەڕوانان و کەسایەتییە سیاسی و ڕووناکبیرانی کورد پارێزراوە، چارەنووسی داب‌ونەریتەکانی ئەم گەلەش لە هەر پارچەیەک بەسەرهاتی تایبەت بە خۆی هەبووە. لە باکووری کوردستان بە ئازایەتی و بەرخۆدانی لاوان و پاڵپشتی هێزە سیاسییە کوردەکانی ئەو بەشەی نیشتمان، نەورۆز بەوپەڕی پاراستنی تایبەتمەندییەکانییەوە لە دێهاتەکانەوە گەیشتە شارەکانی کوردستان و دەوڵەتی تورکان سەرەڕای سەرکوتی بێڕەحمانەی بەردەوامی خۆی نەیتوانی بەر بە "نەورۆزی ڕزگاری" بگرێ. تەنانەت بە میلیونها میلیون لیرەی لە ئاو کرد تا نەورۆزێکی دەوڵەتی بۆ تورکان بەڕێوە بەرێ، بەڵام نەبوونی سەرچاوە و بنەماییەکی سیمبولیک لە سەردەمی نەتەوەخوازی پێشکەوتووی ئاتاتورکدا ئەم سیاسەتەی بێ ڕیشە هێشتەوە و بوو بە هیچ. لە ڕۆژاوای کوردستان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا کوردەکان توانیان بە یارمەتی شەڕوانان و ڕووناکبیران و خەڵکی وڵاتپارێز لە داوی دەوڵەتی ڕەگەزپەرەستی بەعسی ئەسەدەکانەوە ڕزگاریان بێ و تەنانەت بۆ نیشاندانی "نەورۆزی ڕزگاری" و هاودەنگی لەگەڵ کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان پەیکەری کاوەی ئاسنگەریان لە گۆڕەپانی یەکێک لە شارە ڕزگارکراوەکاندا دانا. لە باشووری کوردستان ئازادییەکان بڕکەبڕکە و بەشێوەی چاوەدێریی وڵاتە زلهێزەکان بوو کە ئەمەش هەلێکی لەبار بوو کە نەورۆز لەسەر بنەماکانی سەردەمی کۆمار و لەسەر دەستی مامۆستا پیرەمێرد بێتە پێش. باشوری کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە کە مەلا مستەفای بارزانی وەک میوانی تایبەت لە جێژنی نەورۆز داوەت کرا تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ هێلانەیەکی دڵخۆشکەر بووە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی "نەورۆزی ڕزگاری" کوردانی  هەر چوارپارچەی کوردستان . لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لانکە و هەوێنی نەورۆزی پێشکەوتووی کوردانە، پیلانەکان بۆ سڕینەوەی ئەم سەرچاوە مێژووییە ڕادیکاڵتر و گشتگیرتر بوون. دەسەڵاتی ئیسلامی حکوومەتی بۆ ماوەی 20 ساڵ لە شەڕی چەکداری و زیاتر لە 40 ساڵە لە شەڕی پاکتاوکردنی فەرهەنگی‌دایە لەگەڵ کوردان. لە ماوەی 20 ساڵی ئەوەڵی شەڕی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەورۆز لەنێو خەڵکدا جارێکیتر گەڕایەوە بەر دەرک و نێو ماڵان، سەما و هەڵپەڕکێ بۆ یەکەم جار لە ئاگر دەستی دابڕا، چونکە مەلاکان مۆسیقا و سەمایان دژ بە دین و ئایین تەفسیر دەکرد. بەڵام لەنێو پێشمەرگەکاندا لە داوێنی چیا سەرکەشەکانی زاگرۆس هەموو ساڵێ بە سەما و هەڵپەڕکێ پارێزگاری لە هەوێنی یادگارەکەی نەورۆزی 1325 دەکرا. لە 20 ساڵی دووهەمی خەباتی ‌حیزبەکاندا کە بەرەبەرە پێشمەرگەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کشانەوە ئەم هەوێنە لە گوندەکانی سەر بە سنوور کرا بە بنەمای هەڵکردنی نەورۆزێکی نیشتمانی. لەم ماوەدا ڕێژیم نەتەنیا گوشارەکانی بۆ سەر خەڵکی ڕۆژهەڵات و بەندکراوە سیاسی و فەرهەنگییەکان کەم نەکردەوە بەڵکوو دەستی کرد بە تۆڵەسەندنەوەیەکی بێ‌وێنە، هەر بۆیە خەباتی تەشکیلاتی دەستی کرد بە پتەوکردنەوە و گشتگیرکردنەوەی چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکان. نەورۆز وەک هێما و سیمبولی هاوبەش لە خەباتی نەتەوەخوازانەی ‌حیزبەکان و خەڵکی وڵاتپارێزدا لە گوندەکانی سەر سنوورەوە باڵی کشا بەرەو دوورترین گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وای لێ هات کە ڕێژیم بۆ بەرگری‌کردن کەوتە دەستبەسەرکردنی چالاکانی بەڕێوەبەری نەورۆزەکان، بەڵام پشتگیری کاناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە حیزبە کوردییەکان  هەم بوو بە ڕێگر لە هەمبەر گوشارەکانی دەزگا ئەمنییەکان لەسەر گیراوان و هەم بوو بە بانگەوازێکی گەورە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات کە داکۆکی بکەن لە بەرزڕاگرتنی نەریت و سیمبولە نەتەوایەتییەکانی خۆیان. دەسەڵات ئەمجارە لە دووپاتبوونەوەی ئەزموونی کوردەکانی باکووری کوردستان و دەسەڵاتدارانی تورک ترسا و بە دەمامکە کۆنەکەی خۆی هاتە مەیدان و بە دروشمی کورد و فارس لە یەک ڕیشە و یەک بنەچەن دەستپێشخەر بوو لە بەڕێوەبردنی نەورۆز لەو گوندانەی تا ئێستا بەکۆمەڵ ئاگری نەورۆزیان هەڵنەکردبوو، ئەمەش بە خەیاڵی دوور خستنەوەی خەڵک لە هێما و پەیامی نەتەوەخوازانەی حیزبە کوردییەکان بوو، بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەم سیاسەتەش شکستی هێنا و ئەو گوندانەی ڕژێم بۆ نەورۆز دەستنیشانی کردبوو ورەی بەڕێوەبردنی نەورۆزیان زووتر تێ‌زایی و ئیدی بوو بە نەریتێکی هەمیشەیی و لە "نەورۆزی جامانەکان" بۆ هەمیشە ئاوی پاکی کرایە دەستی ڕێژیمدا کە واز لە پێکهێنانی نەورۆزی حکوومەتی بێنێ. بەڵام باڵکێشانی نەورۆزەکان لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان گرفتێکی نوێیە بۆ ڕێژیم کە لەم چەند ساڵە سەرقاڵی پیلان داڕشتنە بۆ ئەوەی لە ژووری هۆڵە دەوڵەتییەکان نەچێتە دەرەوە، بەڵام بەشداریکردنی لەڕادەبەدەری خەڵک لەم شوێنانە و هەڵکردنی‌ هێما نەتەوەییەکان، نەورۆزی لە چواردیواری ژووری سالونە دەوڵەتییەکانیش هێنایە دەرەوە و لەم دواییانەدا ستادیۆم و یاریگاکان پێشوازی لە نەورۆزی هەمیشە پیرۆز دەکەن؛ ئەمەش سەرکەوتنی خەڵکە بەسەر دەسەڵات لە قۆستنەوەی ئەم نەریتە سروشتییە. بێگومان لە داهاتووی نزیکدا جارێکیتر گۆڕەپانی شارەکان دەبێتە لانکەی "نەورۆزی ڕزگاری" لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئەم نەریتە مێژووییە پێشوازی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵک و ڕۆڵە قارەمانەکانی دەکا.