کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی زمانی لە حیزبی دێموکراتدا (٢-٢)

19:52 - 29 رەشەمه 2721

ئاماژە: ئەم باسە لە سمینارێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پێشکێش کراوە.     هەڵوێست بەرامبەر دڵسۆزانی بواری زمان لە نێوخۆی کوردستاندا بوارێکی دیکە بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتی زمانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵسوکەوتی ئەو حیزبە لەگەڵ کەسانێک بووەکە لە نێوخۆی ئێران و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خزمەتی زمانی کوردییان کردوە. ئەگەر کەسێک سەیری ئەدەبیاتی حیزب بکا، ئەو ئەدەبیاتەی بە نووسین و بە شێوەی زارەکی هەیەتی (ڕۆژنامەی کوردستان، گۆڤارەکانی، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، بەیاننامە و هەڵوێستەکانی)، هەروەها سیاسەتی ئەو حیزبە لە کردەوەدا، بۆی دەردەکەوێ کە حیزبی دێموکرات بەردەوام خەڵکی هان داوە گرنگی بە زمانی خۆیان بدەن، بە زمانی خۆیان بدوێن، بنووسن و بخوێننەوە. ئەو کەسانەی توانایان هەیە و دەتوانن کاری فەرهەنگ‌نووسی بکەن، وشەی کوردی کۆ بکەنەوە، تۆێژینەوە لەسەر زمان بکەن، دڵگەرمیی پێداون و پشتی گرتوون. بە زۆر شێوەی جۆراوجۆری دیکە، خەڵکی کوردستان هان دراوە بۆ ئەوەی دڵسۆزی زمانەکەی خۆیان بن و بەرگریی لێ بکەن. ئەو ڕاستییەی لەگەڵ باس کردوون کە کاتێک دوژمنەکەتان هەوڵ دەدا زمانەکەتان لێ بستێنێتەوە و بیسڕێتەوە و نەیەڵێ گەشە بکا، ئەوە بۆ خۆتان دەبێ بە گیان و دڵ خەم لە زمانەکەتان بخۆن و بیپارێزن. حیزبی دێموکرات لەم بارەیەوە نەتەنیا غافڵ نەبووە، بەڵکوو هەمیشە پشتیوان بووە، هەمیشە ڕێنوێن و هاندەر بووە. دەتوانم بڵێم هەڵسوکەوتی حیزب بە جۆرێک بووە کە ئەو کەسانەی لە نێوخۆی وڵات خزمەتی زمانی کوردییان کردوە (جا بە فێربوون و فێرکردنی زمانەکە بووە، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نووسین و وەرگێڕاندا بووە، شێعریان پێ هۆندۆتەوە، چیرۆک و ڕۆمانیان پێ نووسیوە، توێژینەوەیان لەبارەی کردوە، فەرهەنگی زمانی کوردییان ئامادە کردوە و هتد) هەستیان بەو پەڕی ڕێزلێگران لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە کردوە. ئەو هەستەیان تێدا پێک هاتوە کە ڕێز و نرخیان لای ئەو حیزبە لەگەڵ پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی حیزب کە تەمەنی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان لە شاخ و چیا و دەربەدەری تەرخان کردوە، کەمتر نییە. ئەو گرنگییەی لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بەوان دراوە، ئەو ڕێزەی لەوان گیراوە، ئەو ستایشەی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوان و بۆ زەحمەتەکانی ئەوانی هەبووە، هەر بەو جۆرەیە کە بۆ تێکۆشەرێکی لەمێژینەی خۆی  هەیبووە. چونکە کارەکەیان و خزمەتەکەیانی بە گرنگ زانیوە. بۆخۆم لەو باوەڕەدام ئەم جۆرە ڕیزلێگرتن و پێزانینەی حیزبی دێموکرات، کاریگەریی یەکجار زۆری هەبووە لەسەر وشیاریی نەتەوایەتی و وشیاریی زمانیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرنگیدانیان بە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان و بەرگری‌ لێ‌کردنیان.   خوێندن بە کوردی لە قوتابخانە لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی حیزبی دێموکراتدا بوارێکی دیکە کە ڕوانین و سیاسەتی حیزبی دێموکرات لەبارەی زمانی کوردی نیشان دەدا، ئەو سەردەم و قۆناغانەیە کە حیزبی دێموکرات لە دەسەڵاتدا بووە. حیزبی دێموکرات هەر کات دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووە، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، زمانی کوردیی کردوە بە زمانی خوێندن لە قوتابخانە.   ئەلف: دەرفەتی یەکەم، سەردەمی کۆماری کوردستان لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا دوو قۆناغی وامان هەیە، یەکیان سەردەمی کۆماری کوردستانە، کە بۆ یەکەم جار زمانی کوردی لە کۆماری کوردستان‌دا دەکرێ بە زمانی ڕەسمی، دەکرێ بە زمانی خوێندن، دەبێتە زمانی ڕۆژنامەنووسی، دەبێتە زمانی پێشمەرگایەتی، دەبێتە زمانی کاری دادوەری، دەبێتە زمانی هەموو بوارەکان. یانی هیچ بوارێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان‌دا نییە کە زمانەکەی زمانی کوردی نەبێ. هەروەک لە سەرەتاوەش ئاماژەم پێ کرد، حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی دامەزرانیەوە، ڕێزی لە مافە زمانی و کولتوورییەکانی کەمایەتییە نەتەوایەتییەکانی کوردستان گرتوە و بە ڕەسمیی ناسیون. هەوڵی داوە ئەوانیش لە کوردستان ئەو مافەیان هەبێ بە زمانی خۆیان بخوێنن، ئەو مافەشی بۆ دابین کردوون. ئەو دەورانە (سەردەمی کۆماری کوردستان) بەداخەوە زۆر کورت‌خایەن بووە. لەگەڵ ئەوی هەوڵ دراوە کە کتێبی کوردی بۆ خوێندن لە قوتابخانەکان چاپ بکەن، بەڵام تا کتێب چاپ دەبێ و دەگاتە دەست قوتابیانی کورد، بەداخەوە کۆمار دەگاتە دوا ڕۆژەکانی تەمەنی. ئەو سەردەم گرنگیدان بە زمانی کوردی و خوێندن بەو زمانە تا ئەو ڕادەیە بووە کە هەوڵ دراوە لە باشووری کوردستانەوە کەسانێک کە شارەزا بوون، ئەزموونیان لە خوێندن بە زمانی کوردی و مامۆستایەتی بە زمانی کوردی هەبووە، باوەشیان بۆ بکرێتەوە و کاریان پێ بسپێردرێ. لە کۆماری کوردستاندا خوێندنی منداڵان ئیجباری بووە. کۆمار هەوڵی داوە بۆ ئەو منداڵانەی دەخوێنن جلوبەرگ و پێداویستییەکانی خوێندن دابین بکا. دیارە بەداخەوە ئەو دەورانە زۆر کورت بووە و حیزبی دێموکرات و کۆمار فریا ناکەون کە ئەو ئامانجانەی هەیانبووە جێبەجێیان بکەن. بەو حاڵەش خزمەتەکانی ئەو سەردەمەی کۆماری کوردستان بە زمانی کوردی، کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر تاکەکانی کۆمەڵ بەجێ دێڵن و شوێنەواری ئەو کاریگەرییە لە ژیانی داهاتوویاندا خۆ دەنوێنێ.   ب: دەرفەتی دووهەم، سەردەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ جاری دووهەم کە حیزبی دێـموکرات دەرفەتی بۆ دەرەخسێ جارێکی دیکە زمانی کوردی لە کۆمەڵی کوردستان بکاتەوە خاوەنی جێگە و پێگەی شیاوی خۆی، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی تازە بەرەوڕووی داخوازەکانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێتەوە. لە پێشەوی ئەو هێزانەش، حیزبی دێموکراتە کە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بەڕەوڕووی ڕێژیمی تازە دەکاتەوە. بەڵام بەداخەوە ئەو داخوازانە نەتەنیا ڕێزیان لێ ناگیرێ، نەتەنیا جێبەجێ ناکرێن، بەڵکوو بە سەرکوت و لەشکرکێشی وڵامیان دەدرێتەوە. لێرەدایە کە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات، بەرامبەر بە دەسەڵاتی تازە ڕادەوەستن، بەرگری لەو ناوچانە دەکەن کە ئازادن و بە دەست خەڵکەوەن. دەسەڵاتی تازە بۆ ئەوی تۆڵەی لەو خەڵکە ستاندبێتەوە کە تەسلیمی نەبوون و چەکەکانیان ڕادەست نەکردۆتەوە و ئامادە نەبوون دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکەن، گەمارۆ دەخاتە سەر کوردستان؛ گەمارۆی ئابووری، فەرهەنگی، دەرمانی و... هتد. واتە شانبەشانی لەشکرکێشی، شەڕفرۆشی و پیلانگێڕی، گەمارۆش دەخاتە سەر خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بەچۆک دابێن. یەکێک لە ئاسەوارەکانی ئەو گەمارۆیانە ئەوە بوو کە لەو شار و ناوچانەی بە دەست حیزبی دێموکرات و خەڵکەوە بوون، کاروباری ئیدارەی "ئامووزش و پەروەرش" (پەروردە و فێرکردن) ڕادەگیرێ و دادەخرێ. کارمەندان و مامۆستایانی ئەو ئیدارەیە حقووقیان پێ نادرێ، هیچ ئیمکاناتێک بۆ قوتابخانەکان تەرخان ناکرێ، لەڕاستیدا  "پەروەردە و فێرکردن" هەڵدەوەشێندرێتەوە و هەڵدەپەسێردرێ. لێرەدایە کە حیزبی دێموکرات قۆڵ لە کردنەوەی قوتابخانەکان و خوێندن بە زمانی کوردی هەڵدەماڵێ. دیارە بیرۆکەی دابین‌کردنی کتێبی کوردی بۆ خوێندن لە قوتابخانە هەر لە یەکەم مانگەکانی هەلومەرجی تازە لەنێو ڕێبەریی حیزبدا هەبوو و پێشتر ژمارەیەک کەسی بەئەزموون و شارەزا بۆ ئامادەکردنی ڕادەسپێرێ. ساڵی خوێندنی١٣٦٠-١٣٥٩(١٩٨١-١٩٨٠) بە هەر جۆرێک بووە دۆخەکە بەڕێ دەکرێ، لە هێندێک شار و ناوچە بە ئیبتکاراتی حیزب و تەشویقی مامۆستایان خوێندن هەر بەردەوام دەبێ، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ١٣٦٠ حیزبی دێموکرات کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان پێک دێنێ. هاوکات لە هەوڵی ئەوەشدا دەبێ کە کتێبی کوردی بۆ خوێندن لە قوتابخانەکان ئامادە و چاپ بکا. بانگەواز بڵاو دەکاتەوە و بە سەدان کچ و کوڕی لاوی خوێندەوار دەعوەت دەکا بۆ ئەوەی بێن لە کۆڕی پەروردە و فێرکردندا بەشدار بن. لەو خولانەی کە ئەو سەردەم بۆ پەروردەکردنی مامۆستا پێک هاتن، سەدان کەس هەر لە ناوچەی ورمێ‌وە هەتا دەگاتە هەورامان، بەشدار بوون. کەسانێک بە هەست و دڵگەرمییەکی بێ‌وێنەوە وەکوو مامۆستای شۆڕش دێن هەتا فێری مامۆستایەتی بن و بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بکرێن. لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددابوون، قوتابخانە و خوێندن بە زمانی کوردی دەکرێتەوە. لێرەدا ئاماژە بە ئامارێک دەکەم کە کاتی خۆی من لە زیندەیاد کاک محەممەدڕەسووڵ حەسەن‌پوور وەرم گرتوە. کاک حەمەڕەسووڵی نەمر زەمانی شای وێڕای ئەوەی کە بە نهێنی ئەندامی کۆمیتە ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، لە ئێران مامۆستاش بوو، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشیش ڕۆڵی دیاری هەبووە لە کاروباری فێرکردن و کۆڕی پەروردەی حیزبدا. ئامارەکە پێوەندیی بە ساڵی خوێندنی ١٣٦١-١٣٦٢(١٩٨٢-١٩٨٣)ەوە هەیە. لەو ساڵەدا کۆڕی پەروەردە و فێرکردن سەرجەم ٢٦١ قوتابخانەی سەرەتایی بەڕێوە بردوە، ٢٩٠٣ قوتابیی هەبووە کە لە پۆلی یەک تا پێنج خوێندوویانە. ٢٠١ مامۆستای سەرەتایی هەبووە.  ٦٢ قوتابخانەی ناوەندی(پۆلی یەک هەتا سێ)ی هەبووە کە لە ٨١٠ قوتابی و ٦٣ مامۆستا پێک هاتوون. ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٢ (ژانویە-فێوریەی ١٩٨٤) لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی شەشەمیشدا باسی ئەوە کراوە کە بەشی پەروردەکردن پێش هێرشی ئەو ساڵە، ٢٥٠ مەدرەسەی ئیدارە دەکرد کە ٨٠٠٠ شاگردیان هەبووە. مامۆستایانی شۆڕش بە یارمەتییەکی کەم، هەر ئەو یارمەتییە کە حیزب داویەتی بە پێشمەرگە، خزمەتیان کردوە. قوتابخانەکانی کۆڕی پەروەردە و فێرکردن، بە "قوتابخانەی شۆڕش" و مامۆستایانی ئەو قوتابخانانەش بە ناوی "مامۆستایانی شۆڕش"، بە ناوبانگ بوون. شتێکی دیکە کە بەجێیە لەو پێوەندییەدا باسی بکەم، کتێبە دەرسییەکانی کۆڕی پەروەردەیە. ئەوکات کۆمەڵێک کتێبی دەرسی بە زمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەم و دووهەمی سەرەتایی، چاپ بوون. ناوەکانیان بەو جۆرە بوو: ١-"خوێندنی کوردی" بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی، ٢-"زانستی ئەزموونی" بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی. ٣-"ئەژمێر" بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی. هەر بەو ناوانەوە ٣ کتێب بۆ پۆلی دوویەمی سەرەتایی چاپ بوون. هەروەها کتێبی "ژیان و خەبات" هەبوو کە تایبەت بوو بە گەورە ساڵان، گەورەساڵانێک کە نەخوێندەوار بوون و دەیانەویست بە زمانی کوردی فێری خوێندەواری بن. کتێبێکیش هەبوو بە ناوی "ڕێنوێنی مامۆستا"، کە شێوازی وانەوتنەوەی نیشانی ئەو مامۆستایانە دەدا کە "ژیان و خەبات"یان بە دەرس دەکوتەوە. بەگشتی لە ساڵی ساڵی ١٣٦٠ەوە، تا دەگەینە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦٣، لە هەر جێگایەک ناوچەی ئازاد بە دەست حیزبی دێموکراتەوە بووە، قوتابخانەی شۆڕشیش هەبووە، مامۆستای شۆڕش ئەرکی خوێندن بە زمانی کوردیی بەڕیوە بردوە. دواتر کە ناوچەی ئازاد لە دەست حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەدا نامێنێ و هێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی خەباتکارانی حیزبی دێموکرات لەسەر سنوورەکان دەگیرسێنەوە، کار و ئەرکی کۆڕی پەروردە و فێرکردن، لەو گوندانە کە بە دەست حیزبی دێموکراتەوە بوون درێژەی هەبووە. هەتا ئەو سەردەمەی کە ئێمە دێینە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان و، قوتابخانەکانی ئێمە دەکەونە ژێر سەیتەرەی سیستەمی پەروردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کاری پەروردە و فێرکردن لە لایەن "کۆڕی پەروەردە" هەر درێژەی هەبووە. ئەو دامەزراوەیە توانیویەتی لە پەروردە و فێرکردنی منداڵانی بنەماڵە حیزبییەکان و ئەو بنەماڵە ڕۆژهەڵاتیانەی لەسەر سنوورەکان و لە تەنیشت حیزبی دێموکرات گیرسابوونەوە، بەردەوام بێ.   ئەنجام: وەک دەبینین حیزبی دێموکرات بە درێژایی مێژووی خۆی و لە هەموو بوارەکاندا گرنگیی داوە بە زمانی کوردی. ئەم گرنگیدانەش لەو تێگەیشتنەوە دێ کە ئەم حیزبە، کوردی وەک نەتەوەیەک و، زمانی وەک فاکتۆرێکی زۆر گرینگ لە ناسنامەی ئەو نەتەوەیەدا سەیر کردوە. وای بیر کردۆتەوە کە هەتا پتر گرنگی بە زمان بدەین پتر ئەو وشیارییەمان دەبێ بۆ نەتەوەکەمان خەبات بکەین و شوناسە نەتەوەییەکەی خۆمان بپارێزین. ئاکامی گرتنەبەر و بەردەوام‌بوون لەسەر ئەو سیاسەتە زمانییەش، زیندووبوونی پرسی زمان لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەوەبوونی وشیاریی زمانی لەو بەشەی کوردستان و، وەڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی ڕوولەگەشەی ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزییە کە بەرگری لە زمان لەڕیزی هەرە پێشەوەی ئامانەجەکان و داواکانی دایە.   ڕاسپاردەکان: لە کۆتایی و لە ژێر ڕووناکایی ئەو باسەدا کە پێشکەشم کردن دەمەوێ چەند خاڵێک وەک پێشنیار و ڕاسپاردە باس بکەم: یەکەم، وەک حیزبی دێموکرات پێویستە بایەخ بە سامانی زمانیمان بدەین. ئەو مێژووەی لە بواری پەوردە و فێرکردن بە زمانی کوردی، بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی بەو زمانە و هەوڵەکانمان بۆ خزمەتی زمانی کوردی هەمانە، سامانی زمانیی ئێمەن. سامانێکی زمانیی دەوڵەمەندمان چ بە شێوەی نووسراو چ بە شێوەی زارەکی هەیە. خاڵی جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردن ئەوەیە کە زۆر کەم کاری پێویستمان لەسەر ئەو سامانە کردوە. گرینگە ئەو سامانەمان وەکوو ئارشیڤ بپارێزین، ڕێکوپێکی بکەین، ناتەواوییەکانی پڕ بکەینەوە، بیانخەینە بەردەستی توێژەران و کەسانێک کە حەز دەکەن توێژینەوەیان لەسەر بکەن. ئەو کارەی ئەمساڵ کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کردی (بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی لە دوو بەرگدا چاپ کردەوە) کارێکی زۆر بەنرخ بوو. ئێمە ئەگەر بتوانین بەشێک لە ئیمکاناتی ماددی و مەعنەویی خۆمانی بۆ تەرخان کەین، زۆر شتی وامان هەیە. بۆ وێنە ئەوەی کۆڕی پەوردە و فێرکردن و حیزبی دێموکرات بە گشتی لە بواری زمانی کوردید کردوویانە، دەتوانن هەوێنی زۆر توێژینەوە و کاری دۆکیۆمێنتی بن. لەو بوارەدا حیزبی دێموکرات سامانێکی زۆری هەیە، بەڵام دەبێ کاری توێژینەوەی لەسەر بکرێ و ئەوەش کاتێک دەکرێ کە بەڵگەنامەکان بخەینە بەر دەستی کەسانێک کە شارەزان. دووهەم، لە ڕووی ڕوانینمان بۆ زمان بەڕاستی دەبێ خۆمان نوێ کەینەوە. ئەگەر تێکەڵاوییەکی زۆرمان لەگەڵ باسەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە زمانەوانییەکان هەبێ، ئەگەر لەگەڵ خەڵکی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئاخێوەرانی دیالێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردی تێکەڵاو بین، بۆمان دەردەکەوێ کە خوێندنەوە و چاوەڕوانیی ئەوان لەبارەی مافە زمانییەکانیان و جێگە و پێگەی دیالێکتی خۆیان، جیاوازە لە خوێندنەوە و تێگەیشتنێک کە ئێمە لە کۆنەوە پێی گەیشتووین. لەنێو حیزبی دێموکرات و لە دەرەوەی حیزبیش، ساڵانێکی زۆر بەو دیدەوە سەیری زمانمان کردوە کە نەتەوە وا دروست دەبێ کە یەک زمانی ستانداردی هەبێ. پێمان وابووە ئەگەر هەر دیالێکتێک پێی بخوێندرێ و پێی بنووسرێ، دەبینە چەند نەتەوە و ئەوە زیان بە یەکیەتیی نەتەوەییمان دەگەیەنێ. بەڵام ڕوانین بۆ زمان و نەتەوە و چاوەروانیی  ئاخێوەرانی دیالێکتەکان، ئێستا هەم لە ئاستی جیهان و هەم لە ئاستی کوردستاندا، هەروەها زۆر فاکتەری دیکە ئەوەندە گۆڕانیان بە سەردا هاتووە کە بە بڕوای من ئەم بۆچوونە باو و نەریتییەی ئێمە، ئێستا ناتوانێ وڵامدەر بێ. لەگەڵ زۆر لە چالاکانی کولتووری و زمانەوانانی سەر بە ئاخێوەرانی دیالێکتە جیاوازەکانی کوردی کە قسە دەکەی، لە بارەی زمانی ستانداردی کوردی بەو جۆرە بیر ناکەنەوە کە من و تۆ بیری لێ دەکەینەوە. ئەگەر سەردەمێک بۆ پێشگرتن لە پەرتەوازە و بەش بەشبوونی نەتەوەی کورد بە سەر زارەکاندا، زمانێکی ستاندارد بۆ هەمووان بە ڕیگەچارە و هەوێنی لێک کۆکردنەوە دەزانرا، ئێستا ئەوە دەبینین پێداگری لە سەر دیالێکتێکی دیاریکراو وەک زمانی ستاندارد و ناچارکردنی ئاخیوەرانی زارەکانی دیکە بە خوێندن و نووسین بەو دیالێکتە، خەریکە دەبێتە هۆی بەشبەشبوون و لێک دوورکەوتنەوە. دیارە من کە دەڵێم پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێمان لەو بارەوە هەبێ، ڕێگەچارەیەکی دیاریکراوم پێ نییە. بەڵام لەو باوەڕەدام حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی کوردستان دەبێ نیگەرانی و قسەی ئەوانەش کە بە دیالێکتی جۆراوجۆر قسە دەکەن و نایانەوێ لە سۆنگەی زاڵبوونی یەک دیالێکت وەک زمانی ستاندارد، دیالێکتی ئەوان پەراوێز بخرێ، ببیستن. بۆ وێنە ئەوان دەڵێن زمانی کوردی کامەیە؟ دیالێکتی کرمانجیی نێوەڕاستە؟ یان هەموو دیالێکتەکان بەشێکن لە زمانی کوردی؟ ئەگەر هەمووان زمانی کوردین، ئەدی لە کوێدا کاریان پێ دەکرێ و چ سوودێکیان لێ وەردەگیرێ؟ لە خوێندندا؟ لە نووسیندا؟ لە ڕۆژنامەنووسیدا؟ چۆن سەیریان دەکرێ؟ بیستنی ئەم جۆرە نیگەرانی و پرسیارانە، وادەکا ئێمە بە دیدێکی کراوەتر بەرەو داهاتوو بچین. ئەگەر نامانەوێ نەتەوەکەمان پەرتەوازە بێ، دەبێ دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتن و ڕێککەوتن هەبێ. بە زۆر و زۆرداری بتەوێ دیالێکتێکیان بەسەردا زاڵ بکەی و بڵێی تۆ دەبێ پێڕەویی لێ بکەی، ئاکامەکەی ئەوە دەبێ کە خۆی لە تۆ هەڵداوێرێ و وەدوای دیالێکتەکەی خۆی دەکەوێ و لە بڕیاری گشتیدا لەگەڵت نابێ. ئەوەشمان لە بیر بێ کە دەوڵەت و لایەنی وا هەن کەلک لەو جۆرە کەلێنانە وەردەگرن و بۆ مەبەستی خۆیان دەیانقۆزنەوە. من قبووڵمە کە ڕەنگە هەموو داوا و چاوەڕوانییەک لەم پێوەندییەدا لە جێی خۆیدا نەبێ. بۆ وێنە سبەینێ بتەوێ لە ئێرانێکی فیدڕاڵدا، پووڵ یا تەمر یا پاسپۆرت چاپ بکەی و بتهەوێ زمانی پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران لەواندا دیار بن، ڕەنگە بکرێ بە ٥ تا ٦ زمانی نەتەوەکانی نێو ئێران لەسەریان بنووسرێ. بەڵام  ئەگەر هەر زمانێک پێنج یا شەش یا زیاتر دیالێکتی هەبێ و هەر ٣٠ -٣٦ دیالێکت بیانەوێ پێیان بخوێندرێ، یا لە پووڵ و پاسپۆرتدا، ڕەنگدانەوەیان هەبێ، شتی وا ناگونجێ. یا ئەگەر کەسێکی بیانی بیهەوێ زمانی کوردی فێر بێ، خۆ ناتوانێ هەموو دیالێکتەکان فێر بێ، دەبێ زمانە ستانداردەکە فێر بێ. بێگومان بۆ داهاتوو دەبێ ساغ ‌ببینەوە لە کوێدا زمانی ستاندارد بەکار دێنین و پرسی زمانی ستانداردیش دەبێ بە جۆرێک چارەسەر بکەین کە ببێتە هەوێنی یەکگرتووییمان و دیالێکتەکانی دیکە هەست بە پەراویزخران و وەلانران نەکەن. من ئەو بۆچوونەم لە هێندێکیان بیستوە و لێم خوێندوونەوە دەڵێن ئێمە وەک کورد ئەوە بە سیاسەتێکی سەرکوتکەرانە دەزانین کە لە وڵاتێکی چەند زمانیدا، تەنیا یەک زمان حاکم بێ و ڕەسمییەتی هەبێ، بەڵام ڕێگە دەدەین لە چوارچێوەی زمانێکدا، تەنیا دیالێکتێک دیار بێت، زاڵ بێت، پێی بخوێندرێ و ئەوانی دیکە پەراوێز بخرێن. ئەگەر هەر زمانێک، سامانێکی کولتووریی گەورەیە، هەر دیالێکتێکیش سامانێکی کولتووریی گەورەیە و نابێ لەنێو بچێ. ئەو باسە لەنێو ئێمەدا بەکەمی کراوە و کەمتر گوێی پێ دراوە. بەڵام ئەوە کێشەیەکە لە داهاتوو حیزبی کوردی و بزووتنەوەی کوردی و دەسەڵاتی کوردی بەڕەوڕووی دەبێتەوە و هەر ئێستاش بەرەوڕووی بووەتەوە. ناکرێ هەر بەو تێگەیشتنەی ڕابردوو ئەو پرسە چارەسەر بکەین. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لەو بارەوە دەبێ کراوە بین و بواری دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتنێکی نوێ بڕەخسێنین. دووبارەی دەکەمەوە من ڕێگەچارەیەکی دیاریکراو ناخەمەڕوو. بەڵام پێم‌وایە پێویستە واقیعی نەتەوە و زمانەکەی خۆمان ببینین. ئەوە کە لە چوار پارچەی کوردستان تەنیا لە یەکێکیان زمانی کوردی بەڕەسمی ناسراوە، ئەوە کە زمانی کوردی هەتا ئێستاش بە چەند ئەلفوبێ دەنووسرێ، ئەوە کە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و گشتگیربوونی ئیمکاناتی پێوەندی، دەرووی تازەی سەرەڕای پێناخۆش‌بوون و دژایەتیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بۆ هەناسەهەڵکێشانی زمانی کوردیی کردۆتەوە، دەبێ وامان لێ بکا خوێندنەوەیەکی نوێمان بۆ کێشە و پرسە زمانییەکانمان هەبێ.  سێهەم، یەکێک لەو هەنگاوانەی وەک تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکرات و وەک تاکێکی کورد پێویستە هەڵی بگرین، ئەوەیە دیالێکتەکانی دیکەی زمانی کوردی، لانیکەم هەر کامێکمان یەکێکیان فێر بین. خۆمان فێر کەین بە ئەلفوبێیەکەی دیکەش(ئەلفوبێی لاتینی) زمانی کوردی بخوێنینەوە. ئەگەر لەگەڵ ئاخێوەرانی دیالێکتەکانی دیکەی زمانی کوردی لێک تێ بگەین، بتوانین ئەدەبیاتی یەکتر بخوێنینەوە، دیوارێکی ئەستوور لە نێوانماندا پێک نایە و ئەو کەلێنەی جیاوازیی دیالێکت و ئەلفوبێ لە نێوانماندا دروستی کردووە، کەمتر دەبێتەوە و زۆر باشتر دەتوانین دیالۆگ بکەین و بە لێک تیگەیشتن بەرەو دروستکردنی داهاتوویەکی هاوبەش بچین. چوارەم، سیاسەتی پشتگیری و پشتیوانی لە چالاکی و تێکۆشانی ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبی دێموکرات هەتا ئێستا شێلگیرانە گرتوویەتە بەر، سیاسەتێکی دروستە و شایانی درێژەپێدانە. بە دڵنیاییەوە ئەو خەباتە هەم لە کوردستان پتر دەگەشێتەوە،  هەم هەتا دێ پتر نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێرانیش دەگرێتەوە و کۆماری ئیسلامی لە شوێنەکانی دیکەی ئێرانیش بەرەوڕووی خەباتی ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزی دەبێتەوە. بۆیە پێویستە ئەو خەڵکەی لەو خەباتەدا بەشدارن لێمان بوێن کە ئاستی داواکانیان بەرزتر کەنەوە. بۆ نموونە جێی خۆیەتی لە بنەماڵەکانمان بوێ، لە ماڵێدا بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن، ناوی کوردی لەسەر منداڵ و دوکان و شوێنی کارو کاسپی دابنێن. لە قوتابی و خوێندکاری کوردمان بوێ لەسەر کلاس با هەر چی زیاتر بە زمانی کوردی وڵامی مامۆستاکەیان بدەنەوە. ئەگەر وردە وردە بە کوردی قسەکردنت بەسەردا سەپاندن و لەسەر ئەم مافەت پێداگر بووی سەرئەنجام ناچار دەبێ  لێت قبووڵ بکا. با خەڵکەکەمان هەر بەوە ڕازی نەبن کە ڕێژیم ئیزنی داوە لە ماڵی خۆیان و بە ئیمکاناتی خۆیان فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن. دەبێ دەسەڵات ناچار بکرێ مل بۆ ئەوە بدا کە کوردی ببێتە زمانی خوێندن لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و هەروەها جێگایەکی تایبەتی لە خوێندنی زانکۆدا پێ بدرێ. ئەو پوتانسیەلە کە لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوە نافارسەکانی دیکەی ئێران بۆ خەبات لە پێناوی بە ڕەسمی ناسرانی زمانەکانیان بە تایبەتی خوێندن بەو زمانانە هەیە، ئەگەر کاری لەسەر بکەین -هەرچەند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆخۆی لە ماهییەتیشیدا نەبێ- دڵنیام دەسکەوتی دەبێ. من ئەو هێز و ئیرادەیە لە خەڵکی خۆماندا بەدی دەکەم. پێنجەم، وەکوو حیزبەکانیش پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ داهاتوویەک کە ڕووبەڕووی ئەو  جۆرە پرس و کێشانە دەبینەوە. پێویستە گوتارمان لە پێوەندی لەگەڵ زمان و مافە زمانییەکان و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دیالێکتەکانی زمانی کوردی، دوای لێکدانەوە و ڕاوێژ لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کەسانی شارەزا ، نوێ بکەینەوە و لەم پێوەندییەدا ببین بە خاوەنی سیاسەتێکی ئەمڕۆیی هاوبەش کە هەم تەبایی و یەکگرتوویی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات پتەوتر و بە هێزتر بکا، هەم بەرزبوونەوەی جێگە و پێگەی زمانەکەمان لە ئاستی ڕۆژهەلات و ئێرانیدا  لێ بکەوێتەوە.