کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند وێستگەیەکی مێژوویی حیزبی دێموکرات لەدوای شۆڕشی ١٣٥٧ (١ـ٣)

19:56 - 29 رەشەمه 2721

ئاماژە: خه‌بات و فیداکاریی خه‌باتگێڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانیان به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م بەردەوام بووە. بەڵام لەو پڕۆسەیەدا ته‌نیا دوو جار ئاڵوگۆڕی سیاسیی ئەوتۆ هاتۆته پیش که کورد توانیبیتی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بیقۆزێته‌وه. یەکەم دەرفەت بەدوای شەڕی دووهەمی جیهانیدا بوو کە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانی لێ‌ کەوتەوە و حیزبی دێموکرات توانی مۆدێلێکی مۆدیڕن و پێشکەوتوو لە حوکمڕانیی نەتەوەیی پێشکێش بکا. دووهەم دەرفەتیش له‌پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ئێران هاته پێش کە بووژانەوەی حیزب و دەسپێکی قۆناغێکی دیکه‌ی خه‌باتی به‌دوادا هات. بەڵام بەداخەوە گوتاری ئاشتیخوازیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بە سیاسەتی سەرکوت و هێرش و پەلامار بۆ لەبن ‌دەرهێنانی ئەو جووڵانەوەیە وەڵام درایەوە. لەم نووسینەدا کە لە سێ بەشدا بڵاو دەبێتەوە، وەک پانۆڕامایەک، ئاوڕ لە چەند وێستگەیەکی مێژوویی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران و سیاسەت و هەڵوێستی ئەم حیزبە لەهەمبەر ڕووداوە سیاسییەکانی ئەوکاتدا دراوەتەوە:   بەشداریی کورد لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵەکانی پێش ١٣٥٧ی هەتاوی، گەلانی وەزاڵەهاتوو لە ستەمی ڕێژیمی پاشایەتی کە چەقۆ گەیشتبوو سەر ئێسکیان، لە شار و ناوچە جیاجیاکان ناوەناوە بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی شا دەردەبڕی، بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان لەژێر فەرمانی خومەینی‌دا خۆیان ڕێک‌خستبوو و ئامادەی شۆڕش بوون. بە سەرنجدان بە ڕابردووی دوورودرێژی ستەمی بنەماڵەی پەهلەوی، هەر لە شەهیدکردنی سمایل ئاغای سمکۆ و ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و شەهیدکردنی پێشەوای کوردان و هەروەها سەرکوتی بزووتنەوەی ٤٦-٤٧، نەتەوەی کوردیش بۆ کۆتایی‌هێنان بەو ڕێژیمە ئامادەی ڕاپەڕین بوون. بەتایبەت کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران زیاتر لە سێ دەیە بوو خاوەن ئەزموونی سیاسی و حیزبایەتی بوون. لەو سەر و بەندەدا و لە سێ ڕۆژانەی کۆچی ‌دوایی کاک عەزیز یوسفی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧، خۆپیشاندانێکی بەرین لە مەهاباد بەڕێوە چوو. ئەم خۆپیشاندانە دەسپێکی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان بوو بەدژی ڕێژیمی شا. لەو بارودۆخەدا ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە گەرمێن، بە تێگەیشتنی ورد و هەمەلایەنە لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەو سەردەم، بەشێک لە ڕێبەرایەتی و کادرەکانی خۆی لە پاییزی ١٣٥٧ی هەتاوی، لەژێر ناوی کۆمیتەی زاگرۆس ناردەوە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب و جەماوەر کرد. ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنان سەرلەنوێ بووژانەوە و ئیتر پۆل‌پۆل خەڵک پەیوەستی ڕیزەکانی حیزبی خۆیان دەبوون.   گرتنی پادگانی مەهاباد شۆڕش دژی ڕێژیمی شا لە سەرکەوتندابوو، لەگەڵ ئەوەیکە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هات، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە مۆڵگە سەربازییەکان لە شار و ناوچەکانی ئیران هێشتا لەدەست پاشماوەی ڕێژیمی پاشایەتیدا بوون. حیزبی دێموکرات ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ بە یارمەتیی ئەفسەرانی شۆڕشگێڕی ئەرتەش، دەستی بەسەر پادگانی مەهاباددا گرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی نگریسی پاشایەتی لەم ناوچەیە هێنا.   میتینگی جەماوەری حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد لە یەکەم ڕۆژ و حەوتووەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕش و لە کاتێکدا کوردستان ڕووی ئازادی بەخۆیەوە دەدی و حیزب و ئۆرگانەکانی بەرەو سەقامگیری دەچوون، ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرنامەیدا بوو کە لە میتینگێکی گەورەدا دەست‌پێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای خۆی بەڕەسمی ڕابگەیەنێ. ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، پتر لە سەد هەزار کەس لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕوویان کردە شاری مەهاباد، ئەو جێگایەی کە حیزبی دێموکرات، یەکەمین جار کۆماری کوردستانی لێ دامەزراندبوو. هەتا چاو هەتەری دەکرد هەر جەماوەر بوو، دەرزیت حەوادابا وەعەرز نەدەکەوت، خەڵک دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، تامەزرۆی میتینگی حیزبی خۆیان بوون. بەڵێ ئێرە وێستگەی ئاشکرابوونی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. میتینگ بە پەیامی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخراوی حیزب لە مەهاباد دەستی پێ کرد و پاشان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وتارێکی مێژوویی پێشکێشی جەماوەر دەکا. دوکتور قاسملوو لە پەیامەکەیدا، مانیفێستی دەوڵەتێکی دێموکراتیک و ئازاد وێنا دەکا. ئەو باس لە ئاشتی و برایەتیی گەلان و ئازادیی ئایینەکان دەکا و بە بەرجەستەکردن و بەرزنرخاندنی ڕۆڵی جەماوەر خاوەنە ڕاستەقینەکانی حیزبی دێموکرات وەبیر خەڵک دەهێنێتەوە. جۆش و خرۆشێکی لەڕادەبەدەر لەنێو جەماوەر دیارە، دوکتور قاسملوو بەردەوام دەبێ لە وتاردان و چوارچێوەی قەوارەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری دەکا. ئیتر ئەوجار جەماوەر کەیف خۆشن، لە دێوەزمەی پەهلەوی ڕزگارییان بووە و بەرەو بەهاری ئازادی دەچن. دڵیان لە جۆشە و ئەسرینی گەشیان دێتە خوارێ، دڵیان خۆشە بە ڕەنگی بەهارێ.   شەڕی یەکەمی شاری سنە هەموو ئەو دڵخۆشییە زۆری نەخایاند کە قرمژنی تۆپ و تفەنگەکانی پادگانی سنە لە شەقامەکاندا زرینگایەوە و شەقامەکانی شاری سنەیان بە خوێنی خەڵکی مەدەنی سوور کرد. خەڵکی شاری سنە هەوڵیان دا وەک خەڵکی هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران دەست بە سەر پادگانی شاردا بگرن کە هێشتا پاشماوەکانی ڕێژیمی پاشایەتی تێیدا جێگیر بوون، بەڵام پادگان نەک هەر تەسلیم نەبوو، بەڵکوو بەرەنگاری خەڵک بۆوە و، لە ئاسمان و زەوییەوە خەڵکی سیڤیلیان کردە ئامانج. ڕێژیمی تازە، بە بڕیاری خومەینی بە شێوەیەکی چاوەڕوان‌نەکراو پشتگیرییان لە وەدەست هاتنی پادگان کرد لەبەرانبەر خەڵکدا! لە پادگانەوە تۆپ و هاوەن و دۆشکە ئاراستەی شار کران و لوولەی چەکەکانیان ڕوو لە خەڵک و ماڵ و حاڵیان کرد، لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە شاریان بۆردومان دەکرد. لەو شەر و پەلامارەدا بە سەدان کەس شەهید و بریندار بوون. حیزبی دێموکرات لە سێهەم ڕۆژی شەڕدا بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لەبەرانبەر خاک و خەڵکی کوردستان، هێزێکی پۆشتە و پەرداخی پێشمەرگە و چەندین کامیۆن خواردن و جلوبەرگی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سنە بەڕێ کرد. بەڵام ڕیگە لە هاوکاری و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات گیرا. سەرەنجام بە هاتنی هەیئەتێکی دەوڵەت بۆ شاری سنە و دانیشتن لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەکوو مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی و کاک ئەحمەد موفتی‌زادە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، گەمارۆی سەر پادگانی سنە کۆتایی هات. ئاکامی ئەو عەمەلیاتە جیا لەوەی کە ماهییەتی دژە ئینسانی ڕێژیمی نوێی دەرخست، ناکامی لایەنە بەشداربووەکان، خەساری سەدان شەهید و برینداریشی بۆ خەڵکی شاری سنەی قارەمان بەدواوە بوو، کە نەورۆزەکەیان خەڵتانی خوێن کرا.   چوونی هەیئەتی حیزب بۆ لای خومەینی سەرباری هەموو نیاز‌خراپیی ڕێژیمی نوێ، بەڵام حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی بەرپرسیار لە چارەنووسی خەڵک، وازی لە هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی لەپێناو وەدیهێنانی داخوازە ڕەواکانی کورد نەدەهێنا. هەربۆیە ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٥٧، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی دوکتور قاسملوو بەرەو تاران وەڕێ کەوتن و لە شاری قوم چاویان بە خومەینی کەوت. بەڵام خومەینیی سەرمەست لە سەرکەوتنی ئینقلاب، وەڵامی داخوازییەکانی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی نەدایەوە و هەیئەتی حیزبی دێموکراتی حەواڵەی سەرۆک‌وەزیر کرد کە ئەوکات مێهدیی بازەرگان بوو. دوکتور قاسملوو لەدیدار لەگەڵ مێهدی بازەرگان پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی لە دەوڵەتی کاتی ڕاگەیاند و داوای کرد کە هەیئەتی حیزب لە ڕێگای رادیۆ و تەلەفزیۆنەوە داخوازییەکانی گەلی کورد بۆ گەلانی ئیران شی بکەنەوە و هەروەها داوای کرد کە بەمەبەستی گونجاندنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە یاسای بنەڕەتیدا، ڕێگا بدرێ کە نوێنەرانی خەڵکی کوردستانیش لە نووسینەوەی ئەو قانوونە بەشدار بن. هەر لەو دیدارەشدا دەستەی نوێنەرایەتی حیزب گەڵاڵەیەکی لە ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد پێشکەش بە سەرۆک‌وەزیر کرد. بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە لەسۆنگەی سیاسەتی دوژمنکارانەی ناوەندەوە ناکام مانەوە.   ڕێفراندۆم بۆ دیاریکردنی جۆری ڕێژیم بە هەموو ئەو هەڵسوکەوتە نادێموکراتیکەوە، سەرەنجام ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە بە ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ دیاریکردنی جۆری سیستمی حکومەتی نوێ دیاری کرا. بەڵام چ ڕێفراندۆمێک؟ بەرگی دەنگدان هیچ مۆدێلێکی بۆ هەڵبژاردنی شێوەی حوکمڕانی نوێ تێدا بەدی نەدەکرا! نێوەرۆکی ئەو ڕێفراندۆمە لەو پەندەی کوردەواری دەچوو کە دەڵێ: "کەوت دەوێ ئەوە سمۆرە، سمۆرەت دەوێ ئەوە سمۆرە" حیزبی دێموکرات کە هەر ئەوکات ماهییەتی نادێموکراتیک و دژە ئینسانی ڕێژیمی نوێی ناسیبوو، پێی وابوو ئەم ڕێفراندۆمە دێموکراتیک نییە و مەجالی هەڵبژاردنی جۆری حوکمڕانی لە خەڵک ستاندۆتەوە. هەر بۆیە ئەوکات ئەم پرسە گورگانەی ڕێژیمی بایکۆت کرد.   میتینگی نەغەدە خومەینی لە تاران وردە وردە بناغەی حکومەتە ئیسلامییەکەی بە هەڵاواردنی نەتەوەکانی دیکە پتەو دەکا و لە کوردستانیش حیزبی دێموکرات خەریکی ڕێکخستنی جەماوەری تینووی ئازادییە. وەک نەریت کە حیزب لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کۆبوونەوەی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆی پێک دەهێنا و سیاسەتەکانی خۆی لەمەڕ ئیدارەی ئێران و کوردستان بۆ خەڵک شی دەکردەوە، ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨یش بە بەشداریی هەزاران کەس پێکهاتوو لە کورد و ئازەری، لە یاریگای وەرزشی نەغەدە ئامادە بوون تاکوو نێوەرۆکی پەیامی حیزبی دێموکرات لە میتینگی مەهاباد بکەنە دەستمایەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە. پێش دەسپێکی وتاری سکرتێری گشتیی حیزب، کۆمەڵیک مۆره‌ی به‌دناوی‌ حكوومه‌تی‌ پاشایه‌تی‌‌ و ده‌مڕاستی‌ ڕێژیمی‌ تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، لە چەند شوێنی جیاواز ڕوو بە جەماوەر تەقە دەکەن و میتینگی حیزبی دێموکرات تێک دەدەن. شەڕێکی چوار ڕۆژە لەنێوان کورد و ئازەری هەڵداییسێ کە بە سەدان کەس لە نەتەوەی کورد و ئازەری دەبنە قوربانی. ئەم شەڕە نەخوازراوە بە دەستێوەردانی ئەرتەش و بە دژی نەتەوی کورد شکایەوە، بەڵام تا ئەمڕۆکەش ئاسەواری ئەم ئاژاوەگێڕییە بەسەر هەردوو نەتەوەی کورد و ئازەرەیەوە ماوە.   ئاژاوەگێڕیی دوژمن و ئاشتیخوازیی حیزب تا دەهات کوردستان زیاتر دەکرا بە مەیدانی ئاژاوەگێڕی. بەکرێگیراوانی ڕێژیمی نوێ بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ویست و داخوازییە ڕەواکانی کورد دەستیان لە هیچ نەدەپاراست، حیزبی دێموکرات و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئەوکات بە دەرکی حەساسیەتی دۆخەکە و بەرپرسیاربوون لەبەرامبەر ئەم قۆناغە لە مێژوو، بەردەوام هەوڵیان دەدا لە ڕێگای دیالۆگ دۆخەکە هێور بکەنەوە و ئیزن نەدەن ڕەوایی دۆزی کورد بکەوێتە ژێر هێژموونی کەشی ئینقلابیی تاران و هەروەها ئاژاوەگێڕان لەکوردستان. بۆ ئەمەش حیزبی دێموکرات دەرگای دیالۆگی بەڕووی تاران‌دا دانەخست و بەردەوام بوو لە شی‌کردنەوەی ویست و داخوازییە ڕەواکانی کورد لەگەڵ تاران.   هەڵبژاردنی مەجلیسی خیبرەگان و بەشداریی حیزبی دێموکرات ڕێژیمی نوێ هەنگاو بە هەنگاو خۆی سەقامگیر دەکرد. ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٥٨ وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی مەجلیسی خیبرەگان دیاری کرا، دیارە وەک ڕێفراندۆمەکە ئەمەشیان شتێکی نوێ و تاقی‌نەکراوە بوو، بەهەرحاڵ هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکاندا بەڕێوە چوو و کاربەدەستانی ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆیان دا کە نوێنەرانی کورد بە تایبەت دوکتور قاسملوو لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ نەهێنـنەوە. خەڵک چوونە سەر سندووقی دەنگدان و نوێنەرانی خۆیان هەڵبژارد. دوکتور قاسملوو بە ١١٣،٣٧٧ دەنگ، بە نوێنەری پارێزگای ورمێ بۆ مەجلیسی خیبرەگان هەڵبژێردرا.   فتوای جیهاد و نیاز‌ناپاکیی خومەینی لە دژی نەتەویە کورد هەڵبژێرانی دوکتور قاسملوو بە نوێنەری مەجلیسی خیبرەگان، ڕێژیمی تووشی هیستریا کرد، دەسەڵاتی نوێی تاران تەحەمولی دەنگی ئازاد و نوێنەرێکی دێموکراتی نەکرد. هەر بۆیە لە ڕێگای بەکرێگیراوان و دەست و پێوەندییەکانییەوە، دەستی کرد بە ئاژاوەنانەوە لە کوردستان، تاکوو بەو بیانووە هێرش دەست پێ بکا. سەرەنجام ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٥٨ بە هێرش بۆ سەر شاری پاوە، ڕێژیم زەنگی شەڕی سەرتاسەری لە کوردستان لێدا. لەگەڵ ئەمەش ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بۆ کوبوونەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی مەجلیسی خیبرەگان دیاری کرابوو، دکتور قاسملوو بە نیەتی پاراستنی متمانەی خەڵک و وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک بڕیاری دابوو کە لەو کۆبوونەوەدا بەشداریی بکا، بەڵام کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە نیازەکانی پشتی ئەم کۆبوونەوەی بۆ ڕوون ببۆوە، نەیهێشت دوکتور قاسملوو بچێتە یەکەم کۆبونەوەی مەجلیسی خیبرەگان. مەجلیس لە کاتی دیاریکراودا کۆ بۆوە و هاوکات لەو ڕۆژەشدا خومەینی فتوای جیهادی لە دژی میللەتی کورد دەرکرد. چەند ڕۆژ دواتر کە ئەندامانی مەخلیسی خیبرەگان چووبوونە لای خومەینی، خومەینی پەردەی لەسەر نیازە خراپەکانی هەڵدایەوە و بە هێنانەگۆڕی باسی کوردستان و دوکتور قاسملوو گوتبووی: " ای کاش آمدە بود، من خیال داشتم اگر بیاد همینجا نگرش دارم" . دیارە ئەو ڕاگرتنە ئەگەر ئێعدام نەبا حەتمەن زیندانی هەتاهەتایی دەبوو. ئەمە ماهییەتی ڕێژێمێک بوو کە خۆی لەبەرانبەر یاسا و هەڵبژاردنەکانی خۆشیدا بە بەرپرسیار نەدەزانی. دوای ئەو فتوا نگریسەی خومەینی، کوردستان شەڕی بەسەردا سەپا و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات یاساغ کرا. ئیتر کەس گومانی نەما لەوەیکە ڕێژیمی ئیسلامی بڕیاری داوە کورد قەڵاچۆ بکا.   هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەو سەروبەندەدا خوێندکارانی پێڕەوی خەتی ئیمام، هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران و کارمەندانی باڵوێزخانەیان بە بارمتە گرت، ڕێژیم هەوڵی زۆری دا کە ئەم کردەوەیە بە خۆڕسک نیشان بدا، بەڵام پڕوپاگەندەی بەربڵاوی دام‌و‌دەزگا میدیاییەکەی و هەروەها شاگەشکەبوونی سەرانی ڕێژیم بەم کردەوەیە، دەری خست کە ئەم شاکارە بە پیلانی خۆیان بەڕێوە چووە. دیارە ئەو ڕووداوە زۆر لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی دژە ئیمپریالیزمیشی شاگەشکە کرد. لەونێوەدا حیزبی دێموکرات بۆچوونێکی جیاوازتری هەبوو، حیزبی دێموکرات بە دەرکی دروست لە دۆخی ئەوکات، ئەو کردەوەی بە یاساشکێنی و دەرچوون لە ڕێوشوێنە یاساییە نێونەتەوەییەکان ناو برد و مەحکوومی کرد. (درێژەی هەیە)