کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بووژاندنەوەی بەرجام، هەناسەی مەسیح بۆ ئابووریی وڵات یان درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژیم؟

20:00 - 29 رەشەمه 2721

ئابووریی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا نەک هەر تاق ساڵێک سەقامگیر نەبووە، بەڵکوو ساڵ بە ساڵ و لە ئیستادا مانگ بە مانگ بەرەو داڕمانی زیاتر چووە و تەنیا وەک نموونە بایی دراوی نیشتمانی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ٣٥٠٠ هیندەی سەردەمی ڕێژیمی پێشوو دابەزیوە. هەروەها لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردووشدا کە ئابووریی ئێران بەهۆی سیاسەتی هەڵە و پاوانخوازییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە گرەوی ڕێککەوتننامەی بەرجام، بە جۆرێک کە هەرکاتێک هەواڵێک لە بەرەوپێش‌چوونی وتووێژەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی (١+٥) بڵاو دەبێتەوە، بازاری نێوخۆی ئێران جموجۆڵێکی خێرای تێ‌دەکەوێ و نرخی هێندێک لە پێویستییەکانی ژیانی خەڵک ئەگەر نەیەتە خوارێ لانیکەم سەقامگیرییەکی کورت‌خایەن بە خۆیەوە دەبینێ ‌و، لە هەمانکاتدا بە پێچەوانە ئەگەر هەواڵەکە باس لە ناکۆکییەکی دەستەی وتووێژکار بکا، ئەو جار بازاڕ بە جۆرێکی دیکە دژکردەوە نیشان‌ دەدا و نرخی کەلوپەل و پێویستیەکانی ژیان دەچێتەوە سەرێ. لە ڕوانگەی ئابووریناسان و توێژەرانی سیاسی ئەوە تەنیا ڕووی ئاشکرای بابەتەکەیە، بەڵام ڕووی شاراوەی ئەو پرسە واتە گرێدانی ئابووریی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕێککەوتنی بەرجام بە جۆرێکی دیکەیە، ئەویش ئەوکاتە زیاتر خۆی دەردەخا کە دوای ئەوەی لایەنەکان لەگەڵ ئێران ڕێک‌دەکەون، ئەو جار ڕوخساری شێواوی ئابووریی ئێران بەتەواوی دەردەکەوێ. سەرچاوەی دۆخەکەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی هەڵە و تێڕوانینی نادروست بۆ چەمکی ئابووری لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە. لە سەردەمی ئێستادا کە کۆمەڵگەی جیهانی بۆ دابینکردنی نیاز و پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان هەموو وڵات و دەوڵەتەکان پێویستیان بە یەکتر هەیە و لە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵاتێکدا ئابووری وەک ژێرخانی سەقامگیری و پێشکەوتنی ئەو وڵاتە چاوی لێ دەکرێ، بەڵام بەپێچەوانەی تێروانینی دنیا بۆ ئابووری لە پێشەکی قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا ئابووری وەک ژێرخانی کۆمەڵگە نایەتە ئەژمار، بەڵکوو وەک کەرەسەیەک چاوی لێ دەکرێ کە بتوانێ ئامانجەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بێنێتەدی. ڕەچاوکردنی ئەو سیاسەتە لە ماوەی ٤٣ ساڵی رابردوودا ئابووریی ئێرانی تووشی داڕمانێکی گەورە کردووە کە سازان و ڕێکەوتننامەی بەرجامیش ناتوانێ نەفەسی مەسیحا بێ و ڕوح وەبەر جەستەی داڕماوی ئابووریی ئەو وڵاتەدا بکاتەوە. بە خوێندنەوەیەکی سەرپێیی لە ئابووریی ئێران بۆمان دەردەکەوێ کە لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، هەموو کات ئابووریی دەوڵەتی چارەنووسی گشتیی ئابووریی ئێرانی دیاری کردوە و نیزامی ئابووریی ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەسەر بنەمای هیچ کام لە سیستمە ئابوورییەکانی باو لە جیهاندا پێناسەی بۆ نەکراوە، بەڵکوو هەر وەکو پێشتریش ئێشارەی پێ کرا هەموو کات جووڵەی ئابووریی ئێران بەپێی باوەڕ و ئامانجی ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بووە و هەر ئەوە وای کردوە کە ئێران لەگەڵ ئەوەدا کە وڵاتێکی پڕ پیت و بەرەکەتە و خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی کانگەی ژێرزەویی وەک زێڕ و نەوت و گازە، بە جێگای ئەوە ئابورییەکەی گەشە بکا و خۆی لە ڕیزبەندی وڵاتانی پێشکەوتووی پێشەسازیدا ببینێتەوە، هەروەک گوترا بە هۆی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی تاران، ئابووریی ئێستای ئێران لە ڕیزبەندی خوارەوەترین پلەی ئابووریی جیهانیدا جێ دەگرێ. بەو مانایە لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەدا ئابووریی ئێران لە پلەی هەشتەمەوە دابەزیوە بۆ نزمترین پلەی ئابووریی جیهانی. کارناسانی بواری ئابووری لەسەر ئەو باوەڕەن کە هۆکاری لاوازبوونی ئابووریی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانرێ ئەو سێ هۆکارە سەرەکییەی هەبێ: یەکەم؛ دەست‌تێوەردانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو نیزامە کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی ئێرانیان لەئەستۆ بووە، بێ ئەوەی لە زانستی ئابووری بزانن یان لە کارناسانی ئەو بوارە کەڵک وەربگرن. ئەو دەوڵەتانە بەردەوام پشتیان بە ڕێکاری ئەزموون و خەتا بەستوە و هەرکام لەو دەوڵەتانە بە ناوی چاکسازی کۆمەڵێک ڕێکاریان لەسەر ئابووریی ئێران بە تاقی کردۆتەوە کە دەوڵەتەکەی دوای ئەو هەموو ئەو ڕێکارانەی وەلا ناوە و ڕێکاری دیکەی لە مەیدانی ئابووریدا ڕەچاو کردوە و ئەوە بە جێگای ئەوەی سیاسەتی گەشەکردن و پەرەسەندنی ئابووری لێ بکەوێتەوە، هەژاری و دەست‌کورتی لە کۆمەڵگەی ئێرانی پەرە پێداوە. دووهەم؛ بەڕێوەبردن و دڕێژەدانی سیاسەتی هەڵەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و دامەزراندنی بەردی بناغەی دژمنایەتی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبووە لە سەر داڕمانی ئابووریی ئێران. چونکە ئەو سیاسەتە هەڵە و دوژمنکاریانە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئابووریی ئێران لە کەرتە جیاجیاکانیدا ئابلۆقەیەکی نێودەوڵەتی بەربەرینی بکەوێتە سەر کە لە هەنگاوی یەکەمدا خەڵکی ئێران لێی زیانمەند بوون. سێهەم؛ لەم چەند ساڵەی دواییشدا کە پەتای کۆرۆنا جیهانی داگرتوە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زۆر بە کەمتەرخەمییەوە بەرەو پیل و پێشگیری و چارەسەری ئەو نەخۆشییەوە چوون و تەنانەت لە چوارچێوەی دوژمنکاری لە گەڵ دنیای ڕۆژئاوادا ڕێبەری ئەو نیزامە فتوای دا کە هاوردەکردنی ڤاکسێنی دژە کۆرۆنا بۆ نێوخۆی ئێران قەدەغەیە. ئەوەش شوێنی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵکشانی زیانی گیانی و ماڵی لەسەر خەڵکی ئێران هەبوو کە لەو حاڵەتانەدا ئەوە ئابووریی ئێرانە دەبێ باجی هەموو ئەو زیان و زەرەرانە بدات. بێجگە لەو سێ حاڵەتە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر ئابووریی ئێران، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش هەبوون و هەن کە بە نۆرەی خۆیان ئەوانیش کاریگەرییان لەسەر لاوازبوونی ئابووریی ئێران داناوە، وەک: دیاردەی ویشکەساڵی و کەم‌ئاوی لە هێندیک ناوچەی ئێران کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی چارەسەریاندا بەهۆی سیاسەتی هەڵە و بەلارێدابردنی ئەسلی بابەتەکە لەپێناو پڕکردنی گیرفانی فەرماندەکانی سپای پاسداران و دەسەڵاتدرانی نزیک لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، داماو و دەستەوەستانن. بەو خۆیندنەوە کورتە لە ئابووریی ئێران بۆمان دەردەکەوی کە ئەگەر ڕێککەوتننامەی بەرجام لە نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥ بچێتە بواری ئیمزاکردنیشەوە، هێشتا ناتوانێ ئەو چرا ئومێدە بێ کە ئابووریی ئێران یەک شەوە لەو لاوازی و بێ سەرەوبەرەییە ڕزگار بکا. چونکە هەر بەپێی قسە و لێدوانی کارناسانی بوارە جۆراجۆرەکانی ئابووری ئەگەر بە هۆی بە ئەنجام گەیشتنی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئابلۆقە ئابوورییەکان لەسەر ئێران لابچێ و ئێران ڕێگای هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیی هەبێ کە دوو کاڵای بنەڕەتین و لە ئێستادا بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئێران پێک دێنن، بەڵام بیرە نەوتیەکانی ئێران بەهۆی کۆن‌بوونیان توانای بەرهەمهێنانی ئەو ڕادە نەوتەیان نابێ کە دەوڵەتی ئێران بتوانی بیفرۆشێ و بۆ هەستانەوەی ئابوریی ئێران پشتی پێی ببەستێ. لە هەمان کاتدا دەبێ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەوە تێ گەیشتبن بۆ گەشانەوەی ئابووریی ئێران پێش ئەوە ئومێدیان بە ڕێککەوتننامەی بەرجام بێت، پێویستە لە نێوخۆی وڵات سیاسەتی ئابووری لە چوارچێوەی تەسکی ئیدئۆلۆژی و تێڕوانینی نیزامی کۆماری ئیسلامی بێننەدەرێ و ڕێگای دروستی ئابووری بگرنە بەر کە لەگەڵ سیستمی ئابووریی جیهانی بتوانێ خۆی سازگار بکا. لێرەدا پێویستە ئەوەش وەبیر خۆمان بێنینەوە کە بێجگە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بتوانێ ئابووریی ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانی ئاشت بکاتەوە، پێویستە دوو کۆسپی دیکەش لەسەر ڕێگای خۆی لابەرێ، ئەویش پرسی پەیوەست بوون بە کۆنڤانسیونەکانی FATF وGFTیە. چونکە بەپێی سیستمی ئابووریی جیهانی لە سەردەمی ئێستادا ئەگەر هەر وڵاتێک بە ڕێوشوێنەکانی ئەو دوو کۆنڤانسیونانە پێبەند نەبێ، ناتوانێ پێوەندی بە بانکی جیهانیی نێودەوڵەتییەوە هەبێ، کە هەتا ئێستا گەڵاڵەی پەیوەست‌بوونی ئێران بەو کۆنڤانسیونانە لە ئێران پەسند نەکراون. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری بە ئەنجام گەیشتنی ڕێککەوتننامەی بەرجام چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە دەچنەوە نێو بازاری جیهانی کە کارێگەریی خێرای هەبێ لەسەر ئابووری ئێران و ژیانی خەڵک؟ لە لایەکی دیکەوە گەشانەوەی ئابووری پێویستی بە ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەری دەرەکی بتوانێ بکا لە نێوخۆی ئێران کار و پڕۆژەی وەبەرهێنان بباتە پێش و سەرمایەداری ئێرانی دەست‌وباڵی ئاوەڵە بێ کە بتوانێ بە دڵنیایەوە سەرمایەکانی خۆی لە کەرتە جیاجیاکانی ئابووریدا بخاتە گەڕ و بتوانی بەرهەمەکانی خۆی بە بازاڕ بکا، کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ نێوەرۆکی نیزامی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە بەرکارەکانی بە هیچ جۆر وێناچی بتوانری ئەو ئەمنییەتە ئابووری وسیاسییە بۆ سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی لە ئێران دەستەبەر بکا. پوختەی مەبەست ئەوەیە کە هەڵپەسێردراو مانەوەی پرسی ناوکی و ڕێککەوتننامەی بەرجام بۆ دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە خێر و بەرەکەت هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا، چونکی بەئاشکرا بە هۆی خوڵقاندنی قەیرانی ناوکی خەریکی باجگیرییە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەم لە نێوخۆی ئێران بەو پرسە قەیرانە نێوخۆییەکانی داپۆشیوە و دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە بە هەموو توانای تەبلیغی و پرۆپاگەندەی خۆیان هەوڵی ئەوەیان داوە کە بە کۆمەڵگەی ئێران بسەڵمێنن کە باشبوونی ئابووریی ئێران پەیوستە بە ڕێککەوتننامەی بەرجام؛ کە ئەویش دژمنانی کۆماری ئیسلامی ئیزن بە ڕێککەوتنی یەکجاری نادەن، بێ ئەوەی پێ لەو ڕاستییە بنێن کە ئەوە خۆیانن واتە کۆماری ئیسلامیییە شەڕ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئێران دەفرۆشێ، دەنا ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە لایەن وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە ناتوانی نەفەسی مەسیحا بێ و ڕوح وەبەر ئابووریی داڕمای ئێران بێنێتەوە.