کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازی و ئەو ئامانجەی هەتا سەر پێی وەفادار مایەوە

03:15 - 10 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی ٧٥ ساڵ بە سەر لەسێدارەدانی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی، (محەممەدحوسێن سەیفی قازی و عەبدولقاسم سەدری قازی) بە دەستی حکوومتی ڕووخاوی حەمەڕەزاشای پەهلەویدا تێ‌پەڕی. حەمەڕەسووڵ کەریمی[/caption] شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد کارەساتێکی ئەوەندە گەورە و ناخ‌هەژێنە، کە   دوای ٧٥ ساڵ بە سەر ئەو غەدرە گەورەیەدا، هەنووکەش وەک یەکەم چرکەساتەکانی   لە سێدارەدانی سەروەرانی کورد، ژان و ئازاری خۆی هەیە. دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان بە خەیاڵی خاوی خۆیان، پێیان وایە بە لە سێدارەدان و   تیرۆر و شەهیدکردنی ڕێبەرانی کورد و ڕێبوارانی رێگای ئەوان، دەتوانن پێش بە   بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بگرن. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ئەگەر ڕێبەرێک  لە نەتەوەی کورد شەهید دەکرێ، ئەوە دەیان و سەدان و هەزاران ڕۆڵەی  کوردی بە ناو دەکرێ و ڕێگا و ڕێبازی ئاوەدانتر دەکرێتەوە. ڕەوتی مێژوو نیشانی داوە کە گەلی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە شەهیدبوونی ڕێبەر و سەرکردە و کادر و پێشمەرگەکانی هیچ کات نەچەماوەتەوە و دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرتوە، بەڵکوو ڕۆڵەکانی گەلی کورد زۆر شێلگیرانەتر لە پێشوو ڕەوڕەوەی خەباتیان بەرەو پێش پال ناوە و زیاتر لە پێشوو لە سەنگەر خەبات و تێکۆشاندا خۆڕاگرییان کردوە. هەروەک چۆن شەهید پێشەوا قازی لە کاتی بەناو دادگایی‌کردن و پاشان لەسێدارەدانیدا فەرمووی: ئەگەر ئەمرۆ قازی محەممەدێک شەهید دەکەن، لەوە دڵنیا بن کە سبەی لە هەر تنۆک خوێنی من قازی محەممەدێک شین دەبێتەوە و ئێوەش ناتوانن بە کوشتنی من ڕەوڕەوەی خەبات بوەستێنن..." ئەم چەند وشە پڕ مانایە ئێستا بۆتە هەوێنی خەباتێکی دوور و درێژ و خوێناوی. شەهید پێشەوا قازی وەک کەسایەتییەکی حقووقی و ئایینی، وەک قازیی دادگا و وەک سەرۆک‌کۆمار شارەزایی تەواوی بە سەر یاسا بنەڕەتییەکانی ئێران و یاسای شەرعی و ئیسلامی و یاسا نێونەتەوە‌ییەکاندا هەبوو، هەر بۆیەش لە هەر دوو جار دادگایی‌کردنەکەیدا، ئەوە قازی محەممەد بوو کە حکوومەتی ناوەندیی موحاکەمە دەکرد و دەوڵەتی بەوە تاوانبار دەکرد کە وڵاتی کوردتان داگیر کردوە. تەنانەت لە دادگای دووهەمدا زۆر بە توندی بە سەریاندا دەگوڕێنێ و دەڵێ: من لە زووەوە خۆم بۆ ئەو مردنە سەربەرزانەیە ئامادە کردوە و بە ئامێزی ئاواڵە و بە شانازییەوە ئەو مەرگە هەڵدەبژێرم، چوونکە بەڵێنیم بە خەڵکەکەی خۆم داوە کە لەگەڵ ئەوان بژیم و بۆ ئەوان بمرم و ئەو بەڵێنییەش هیچ کات ناشکێنم و ئەوە ئێوەن کە خەیانەت بە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکەن. لە ڕاستیدا شەهید پێشەوا قازی لەگەڵ ئەوەدا وەڵامی پرسیارەکانی بەناو دادگای دەدایەوە، هاوکات زۆر بوێرانە و بە دەنگی بەرز و بە بەڵگەوە ڕووی لە بەناو قازییەکانی دادگا دەکرد و داوای وەڵامی لە سەرهەنگ و بەشدارانی دادگا دەکردەوە کە ئەوە ئێوەن دەبێ وەڵامی پرسیارەکانی دادگا بدەنەوە، بوێری و نەترسی و وەڵامی ڕاشکاونەی شەهید پێشەوا وایکردبوو کە دواتر چەند کەس لەو بەناو ڕۆژنامەنووس و وێنەگر و وەکیلی ئەرتەش بە ناوەکانی نەجەفقولی پەسیان، سولێمان خ ، سەروان شەریفی کە بە قەول وەکیلی شەهید پێشەوا قازی بووە، نەیانتوانیوە لە راستییەکان و لە بوێری و نەترسیی شەهید پێشەوا قازی و هاوڕێیانی چاوپۆشی بکەن و بەشێکی بەرچاو لە نووسین و لە دەنگ و وێنەکانیان دواتر بڵاو کردنەوە و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە سەبارەت بە وتارێک کە سولێمان خ لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردبۆوە، بۆ ماوەی ساڵێک بخرێتە زیندانەوە. ئەگەرچی دادگای قازییەکان دادگای نیزامی و سەربازی بوو، بەڵام هیچ کام لە قازییەکان ئامادە نەبوون کە هیچ شەرت و مەرجێک لەوان قەبووڵ بکەن و تەنانەت بۆ چرکەساتێک نەیانهێشت کە سەرهەنگ و کاربەدەستانی دادگا بە سەر ورەی بەرزیاندا زاڵ ببن. کاتێک لە ٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی و لە بەناو دادگای قازییەکان‌دا، ڕیزێک تۆمەت بۆ شەهید پێشەوا دەخوێننەوە، شەهید پێشەوا قازی هەموو ئەو تۆمەتانەی کە بۆی دەخوێننەوە بە دەلیل و بەڵگە دەیانکاتە تاوان بۆ حکوومەتی ئێران و ڕەددیان دەکاتەوە و هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشە و ئاڵۆزییەکان دەخاتە پاڵ حکوومەتی حەمەڕەزاشا و پەلاماری سیاسەت و کردەوە و یاسا دەستنووسەکانیان دەدا و بە وردی باس لە غەدر و تاوان و داگیرکاریی دەوڵەت دەکا و دەڵێ ئەگەر کوردەکان خائینن، وڵاتی کوردان بۆ خۆیان بەجێ بێڵن با بۆ خۆیان خۆیان ئیدارە بکەن. لە ڕەوتی دادگادا و لە ڕۆژانی ٧ تا ١٠ خاکەلێوە شەهید پێشەوا قازی بەرگری لە هەموو بڕیار و کردەوەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژکاف) ، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆماری کوردستان دەکا و بە گشتی ئەو جووڵانەوە و شۆڕشەی بە نوقتە گۆڕانی ژیانی سیاسی کورد دادنێ و خۆی لە بڕیار و قەراری سیاسی ئەو جووڵانەوەیە بێبەری ناکا و بە قەول و بەڵێن و سوێندخواردنی خۆی لە کاتی وەرگرتنی سەرۆک کۆماری کوردستان وەفادار دەمێنێتەوە و مەرگی سەربەرزانە هەڵدەبژێرێ. لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری کوردستان‌دا وڵاتانی ئینگلیس و ئامریکا، پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری کوردستان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن، هەر بۆیەش لە ڕەوتی دادگادا دەیانەویست بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە فێڵ و تەڵەکە قەول و بەڵێنی لە شەهید پێشەوا قازی وەر بگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن، بەڵام وەک ڕۆژنامەی " ئازەربایجان " لە باکۆ نووسیبووی: شەهید پێشەوا، لە ڕۆژەکانی دواتردا و لە ڕەوتی دادگادا بە نوێنەری ئامریکا ( جۆرج ئالین ) دەڵێ گەلی کورد چاوڕوانیی‌ هیچ چاکەیەکی لە وڵاتی ئیستعماری نییە. شەهید پێشەوا قازی لە وەسیەتە بە ناوبانگەکەی خۆیدا ڕوو بە گەلی کورد چەند پەیامی مێژوویی دەنووسێ و لەودا باس لە یەکگرتوویی گەلی کورد دەکا و پەیامی یەکبوون و یەکریزی بە گوێی نەوەی کورد دا دەخوێنێ و لە بەشێک لە وەسیەتەکەیدا دەنووسێ: داوا له‌ گه‌لی‌ كورد ده‌كه‌م خه‌باتی‌ خۆی‌ له‌ پێناو رزگاریی‌ كوردستان‌دا په‌ك نه‌خا، باوه‌ڕ به‌ ده‌وڵه‌تی‌ خۆفرۆشی‌ تاران مه‌كه‌ن. بژی‌ كورد‌و كوردستان. بوێری و چاونەترسی شەهید پێشەوا نەک تەنیا لە ڕەوتی دادگا دا بۆ هەموو لایەک دیار بوو، تەنانەت لە کاتی لە سێدارەداندا ناهێڵێ چاوی ببەستن و بە چاوی کراوەوە بەرەو سێدارە دەچێ و دەفەرمووێ "حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەساتی ژیانیشمدا بە سەربەرزی و چاوکراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم". ڕووحی شەهید پێشەوا قازی و هاوڕێیانی شاد و ڕێگا و ڕێبازی خەباتی ئاوەدان و وەفادارم بە ڕێبازی سەرۆک کۆماری کوردستان و بە ئاواتی ئەوە کە گەلی کورد یەکڕیز و یەکگرتوو خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازانەی خۆی درێژە بدا.