کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: گرتن، لەسێدارەدان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران زیادیان کردوە (کوردستان بۆ نموونە)

22:59 - 15 خاکەلێوه 2722

جاوید ڕەحمان، پەیامنێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە لە شوڕای مافی مرۆڤ، کە لە دواڕۆژەکانی ساڵ و بەرەبەری نەورۆزدا لە شاری "ژنێڤ" بەڕێوە چوو، باسی لە ڕەوتی بەردەوامی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە یازدە مانگی ساڵی ٢٠٢١ کرد. جاوید ڕەحمان بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان _لەو نێویاندا لە سێدارەدانی دو منداڵ و دە ژن- بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەسبەسەرکردنە خۆسەرەکان و مردنی ناسروشتیی زیندانییەکان لە گرتووخانەکانی وەک بەشێک لە پێشێلکردنە بەرفراوانەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ناو برد. هەروەها گوتی کە دەسبەسەرکردنی کەمایەتییەکان، گوشار بۆ سەر میدیاکان و سنوورداربوونی ئازادیی ڕادەربڕین، سەرکوت و پێشێل‌کردنی مافی هەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، پێشێل‌کردنی مافی ژنان و کەمایەتییەکان، بێبەش‌کردنی خەڵک لە مافی سڵامەتی و واکسینی بێ‌وەیی و کاریگەر لە کاتی گشتگیربوونی وایرۆسی کڕۆنا بەشێکی‌تر بووە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا. جاوید ڕەحمان لە ڕاپورتەکەی خۆیدا هەروەها ئاماژەی کرد بە شوێن‌بزرکردنی توندوتیژانە و لە سێدارەدانە زۆرەملێیەکانی ساڵی 1367، سەرکوتی توندوتیژی ناڕەزاییەتییەکانی ساڵی٨٨، بەفرانباری 96، گەلاڕێزانی ساڵی 98، ناڕەزاییەتییەکان سەبارەت بە وشکەساڵی و بێ‌ئاوی لە خووزستان و ئیسفەهان و کوشتنی 176 مسافیرەکەی فڕینی پی ئیس 752ی هێڵی ئاسمانی ئوکراین بە مووشەکەکانی سپای پاسداران و شێوازی بەڕێوەبردنی تەشەنەی کڕۆنای وەکوو چەند وێنەیەکی ئاشکرای دیکەی پێشێلکردنە قورس و بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ناو برد و گوتی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هیچ بەرپرسیارەتییەکی ئەم تاوان‌گەلەیان وەئەستۆ نەگرتوە. ڕێپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ئەم بێ بەرپرسیارەتییەی کۆماری ئیسلامیی بە سیاسەت و فکریەتێکی شێوازمەند و سیستەماتیک ناو برد و گوتی ئەم بارودۆخە بە تێپەڕینی کات و لە درێژەی ساڵەکاندا بۆتە هۆی درووست‌بوونی "پارێزراوی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە خراپترین شێوازدا" و "فەرهەنگی پارێزراوی لە سزا". جاوید ڕەحمان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کە شێوازی حوکمڕانی و نەبوونی بەرپرسیارەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەتەواوی بۆتە هۆی درووست‌بوونی "فەرهەنگی پارێزراوی لە سزا" و لەم سونگەشەوە چەرخی توندوتیژی لە ئێران تا دێ تاوهەڵگرتنی خێراتر دەبێ. ڕێپۆرتەری تایبەتیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران جەختی کردەوە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هیچ لێکەوتەیەکی نییە بۆ دەوڵەت، یان پێشێلکارانی مافی مرۆڤ چونکە بنەما و پێکهاتەکانی حکوومەت لە ئێراندا بەو شێوە دانەڕێژراوە کە دەسەڵاتداران لە هەمبەر خەڵکدا بەرپرسیار بن. ڕەحمان سوور بوو لە سەر ئەو ڕاستییەی کە خەڵک لەلایەکەوە لە پێکهاتەی دەسەڵاتداری ئێراندا هێچ ڕۆڵێک ناگێڕن و لەلایەکی دیکەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی خەڵکیدا هیچ دەرفەتێک بۆ دادخوازی بۆ خەڵک نالوێ. پەیامنێری تایبەتیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بۆ کۆتایی‌پێهێنان بە پارێزراوی لە سزا و بەرگرتن لە دووپات‌بوونەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پێویستە کە لە پێکهاتەی یاسایی و ئەمنیەتیی ئێراندا گۆڕانکاری و پێداچوونەوەی بنەڕەتی بکرێ. جاوید ڕەحمان هەروەها جەختی کردەوە کە پێکهاتەی دەسەڵاتداری لە ئێران لەوانە، نەبوونی  دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم بەشداری‌کردنی دێموکراتیانەی خەڵک لە کاتی بڕیاردان، لە پاڵ ئەم حەقیقەتە تالە کە لە ئێراندا زۆربەی بکەرانی ئەم پێشێلکارییانە لە پلەوپایەی دەسەڵاتدا دەمێننەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە خەڵکی ئەم وڵاتە بە کردەوە دەستیان ناگاتە عەداڵەت و دادپەروەری.   سەرکوتی توندوتیژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و کوشتاری کۆڵبەران ڕێپۆرتەری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێک لە ڕاپورتەکەیدا سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە قەیرانی بێ‌‌ئاوی لە هاوینی ساڵی ڕابردوو لە زیاتر لە 20 شاری خووزستانی وەکوو بەڵگە خستە ڕوو. ڕەحمان گوتی کە هێزە ئەمنیەتی و چەکدارەکانی وڵات و پۆلیسی دژەشۆڕش و ڕاسپاردەکانی ڕێژێم کە بە جلوبەرگی مەدەنی دەناسرێن، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی شاری خووزستاندا بە شێوەی نایاسایی لەدژی خەڵکی ناڕازی بە نەبوونی ئاو کە زۆربەشیان هاووڵاتیی عەرەب بوون، توندوتیژی و گوللەی تایبەت بە شەڕیان بەکار هێنا و لانیکەم 8 کەسیان کوشت کە 2 کەسیان منداڵ بوون و هەروەها دەیان کەسیشیان بریندار کرد. ڕێپۆرتەری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تەقەکردن لە کۆڵبەران بە فیشەکی تایبەت بە شەڕ لە کوردستان و سووتەمەنی‌بەران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وەکوو بابەتێکی‌تر لە بەکارهێنانی نایاسایی چەک لە دژی خەڵک باس کرد و گوتی ئەم کردەوانەی هێزە ئەمنییەتی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٢٠٠ کەس لە یازدە مانگی ساڵی ٢٠٢١دا.   لەداردانی 275 کەس لە یازدە مانگدا ڕێپۆرتێری تایبەتیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، گوتی تەنیا لە یازدە مانگی ساڵی 2021دا لانیکەم 275 کەس لە ئێران ئێعدام کراون کە لە نێوانیاندا 2 منداڵ و 10 ژن بەرچاو دەکەوێ. جاوید ڕەحمان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی ئەو لەداردراوانە لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەت‌گەلی وەک تاوانی کوشتن، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، شەڕ لەگەڵ خودا، فەساد لەسەر عەرزی، دەستدرێژی و بەغی (بەرهەڵستی چەکدارانە) دادگایی کراون و سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاندوون. رەحمان هەروەها ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی کەمایەتییەکانی ئێران کرد و گوتی کە لەنێو ئەو 275 کەس ئێعدامکراوەدا لانیکەم 50 کەسیان کورد و 40 کەسیان بەلووچ بوون. ڕەحمان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کە زیاتر لە 80 کەس لەو لەداردراوانە کە ژنێک و چوار کەسی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستانی تێدایە، لە بابەت کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون کە ئەم ژمارەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە 25 کەس بووە چەند قات زیادی کردوە. ڕەحمان لە سێدارەدانەکانی ئێرانی وەكوو بێبەشکردنی خۆسەرانە و زۆرەکیی مافی ژیانی تاکەکانی کۆمەلگە ناو برد و گوتی کە ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی ڕەوتی پێ‌درکاندنی زۆرەملی لەژێر ئەشکەنجە بۆ هەبوونی بەڵگە لە کاتی دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدان، پێشێلکردنی شێوازمەندی دادپرسییەکانە کە دەبوا دادپەروەرانە بەڕێوە چووبان و، ئەمەش بەڵگەی سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە لە سێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بێبەری‌کردنی مافی ژیانی تاکەکانە.   بارودۆخی قەیراناویی زیندانەکان، مەرگی بەندییەکان، گرتووخانە نهێنییەکان جاوید ڕەحمان لە بەشێک لە ڕاپورتەکەیدا باسی لە بەرزبوونەوەی هەژماری مردنەکانی نێو زیندانەکان کرد. ڕێپۆرتەری تایبەتیی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتوە یەکگرتووەکان بۆکاروباری ئێران ئەوەشی زیاد کرد کە لانیکەم 11 کوردی زیندانی لە یازدە مانگی ساڵی 2021دا لە دۆخێکی نادیاردا لە زیندان گیانیان لەدەست داوە. ئەو بە ئاماژە بە راپۆرتەکان، بەڵگەکان، ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان لە بارەی دۆخی نائاسایی و قەیرانەکان، قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەر و نەبوونی پێداویستییەکانی تەندروستی و داودەرمان گوتی زۆر ڕاپۆرتمان بەدەستەوەن کە شێوەڕەفتاری دزێو و نەشیاوی نیگابانەکانی زیندان و کوتەک‌کاری و سووکایەتی بە زیندانییەکان دەسەلمێنن. ڕەحمان لە بەشێکی‌تر لە ڕاپورتەکەیدا باسی لە هەبوونی گرتووخانە نهێنیەکانی ژێر کونتروڵی وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کرد و گوتی کە ئەم دو ناوەندە بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و نایاسایی خەڵک بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ئەمنییەتی نیشتمانی لە گرتووخانەکاندا بۆ ماوەی دوور و درێژ ڕایاندەگرن. جاوید ڕەحمان ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی عەلی یوونسی و ئەمیر حوسەین‌مورادی -هەردوکیان خوێندکاری زانکۆی شەریف و براوەی ئولەمپیادی زانستی- لەم گرتووخانە نهێنییانە کرد. ڕێپۆرتەری تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی زیاد کرد کە بە هۆی بەنهێنی سازکردنی گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دامەزراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و نەبوونی چاوەدێری ناوەندە سەربەخۆکان لە سەریان، مەترسیی لادان لە یاساکانی مافی زندانییەکان لەو شوێنگەلە لە باسکردن نایەت. جاوید ڕەحمان گوتی کە زۆر هەواڵ و ڕاپۆرتمان پێ گەیشتوە کە دەرخەری ئەوەیە وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە گرتووخانە نهێنییەکانی شارەکانی ورمێ، کرماشان و سنە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجە و لێدان و سووکایەتی سەر زیندانییەکان بەکار دێنن و ئەم بارودۆخە بەتەواوی جێگای نیگەرانییە.   دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان ڕێپۆرتەری تایبەت هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەربڵاوی داکۆکیکەرانی مافی مرۆڤ و پارێزەرەکان، ژنانی چالاکی مافی مرۆڤ، داکۆکیکارانی مافی کەمایەتییەکان و دەسبەسەرکردن و گوشار خستنە سەر بنەماڵەی چالاکان و داکۆکیکاران کرد و گوتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم کەسایەتییانە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دژایەتی و مەترسی خستنە سەر ئەمنییەتی نیشتمانی و  بانگەشەی دژایەتی کردن لەگەڵ حکوومەت بەند دەکەن و دەیانخەنە گرتووخانەکانەوە. جاوید ڕەحمان جەختی کردەوە کە لە ئێران بنەماڵەی چالاکانی مافی مرۆڤیش لە بەردەم ئازار و ئەشکەنجە و دەسبەسەر کردن‌دان. ڕێپۆرتەری تایبەتیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بە بێ‌بەری‌کردنی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران لە ستانداردەکانی ژیانی شیاویی کەسێتیی مرۆڤ، تیشکی خستە سەر ڕێژەی زۆری هەڵاوسان، مووچە و هەقدەستی کەم، چوونەسەرێی ئاستی هێڵی هەژاری، کەلێنی زۆری نادادپەروەری و نایەکسانی، قەیرانەکانی ژینگە و دەستەویەخە بوونی 29 میلیون ئێرانی لەگەڵ قەیران و تەنگەژەی ژیان لە سۆنگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە. ڕێپۆرتەری تایبەتیی مافی مرۆڤ دواجار وەبیری‌ هێنایەوە کە پێشێل‌کردنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان و لە هەندێ جێگەدا کوژران و داخستنی کۆر و ئەنجومەن و ناوەند و پەرستگەکانی ئەم کەمایەتییانە بەشێکی‌تری پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤە لە ئێران و گوتی هەواڵی یەکجار زۆریان لە دەسبەسەرکرانی مسوڵمانانی سوننە مەزەب، ئەرمەنییەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی بەهاییەکان لە ساڵی 202١دا گەیوەتە دەست.