کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و بریندار بوونی ٢١٧ کۆڵبەر، گرتنی ٥٨١ چالاکی سیاسی و ئێعدامی ٦٢ بەندیی کورد لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا

23:04 - 15 خاکەلێوه 2722

لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠ هەتاویشدا بە هەزاران حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە. بەخێرایی چاوێک بەسەر چەند حاڵەتێکی زبری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەم ساڵ‌دا دەخشێنین:   جینایەت و کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند جینایەتێکی کۆماری ئیسلامی لەمساڵدا سێ تێکۆشەری سیاسیی کورد تێرۆر کران. ڕۆژی چوارشەممە،  ٢٢ی پووشپەڕدا "ڕێبن (بێهرووز) ڕەحیمی"، خەڵکی سنە و چالاکی سیاسی لە دەورووبەری شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان تێرۆر کرا. هەروەها ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژیش مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر تێرۆر کرا و تەرمەکەی دوو ڕۆژ دواتر لە هۆتێلێکدا دۆزرایەوە. ڕۆژی ١٠ی بەفرانباریش تەرمی ئەحمەد بێخەم، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی سەردەشت لە ئاپاڕتمانێکدا لە شاری هەولێر دۆزرایەوە. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژیش بە هۆی دەمەقاڵەی چەند کەسێکی تورک و کورد لە شاری نەغەدە شەڕ و هەڵپژانێک لە نێوانیاندا ڕووی دا و بە داخەوە گەیشتە چەک کێشان و تەقەکردن و دوو کەسی کورد بە ناوەکانی فەردین ئیبراهیمی و محەممەد عەلیزادە لەو ڕووداوەدا کوژران. لە ماوەی ئەمساڵدا هەروەها ٦ بەندکراوی کورد لە زیندانەکاندا بەهۆی ئەشکەنجە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەست ‌دا  و لە درێژەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەمساڵدا و بەهۆی تەقە و دەستڕێژی سەرەڕۆیانە ٢٥ کەس بەر کەوتن. لەو ٢٥ کەسە ٢١ کەسیان کوژران و چوار کەسەکەی دیکەشیان بەتوندی بریندار بوون.   کۆڵبەرکوژی لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ٢١٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو ٢١٧ قوربانییەی ئەمساڵ ٥٥ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ١٦٢ کەسیش بریندار بوون. شایانی باسە لە ساڵی (١٣٩٩)یشدا  ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دابوو و بریندار ببوون. لەو ٢٢٨ قوربانییەی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون.   ڕەشبگیر و گرتنەکان لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠دا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردۆتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، ٥٨١ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو ٥٨١ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٣١ کەسیان دادگایی و سزای لە مانگێک تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ٦٦٨٩ مانگ (٥٥٧ ساڵ و ٥ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی (١٣٩٩)یشدا لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا دەسبەسەر کرابوون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان (سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بە سەردا سەپابوو.   ئێعدامەکان ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٦٢ کەس بووە کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌ دەردەکەوێ کە له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا، کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتووه‌. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٤٠٠ لە کوردستان ئێعدام کراون، بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست لەدار دراون. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی پێشتریش (١٣٩٩) لانیکەم ٤٩ زیندانیی کوردی لەدار دابوو.   قوربانییانی تەقینەوەی مین ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣٣ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لەو ٣٣ کەسە ٢٣ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا  لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بوو. بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان و ١٠ کەسیشیان کوژرابوون. خاڵێکی گرینگ لە پێوەندی لەگەڵ تەقینەوەی مین لە کوردستان ئاشکرانەکردنی ناو و ناسناوی قوربانییان لەلایەن ناوەندی رەسمییەکانی حکوومەتە. بۆ نموونە مەجید کاکی، فەرمانداری شاری مێهران لە سەرماوەزی ئەمساڵ و لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس" ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، تەنیا لە شاری مێهران ٧ تەقینەوەی مین ڕووی داوە کە بەو هۆیەوە کەسێک کوژراوە و ١٠ کەسیش بریندار بوون، لە حاڵێک‌دا کە ناو و زانیاریی کەسیی ئەو ١١ کەسە لە هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵدا تۆمار نەکراوە. شایانی باسە زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی پاشماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ خاکی ئێران‌دا هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌ کە بەشی نیزیک بە تەواویان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان (هەر چوار پارێزگاکەی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ) نێژراون و دوای زیاتر لە ٣٣ ساڵ لە کۆتایی شەڕ هێشتا کۆ نەکراونەتەوە و پووچەڵ نەکراون.   خۆکوژی خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی زیانباری دیکەیە کە بەهۆی بێ‌مافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا لانیکەم ١٣٨ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. "چاونیوز" دەڵێ ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن. جێی باسە کە لە ساڵی پێشتر (١٣٩٩)شدا لانیکەم ١٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوشتنیان دابوو‌، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو ببوو.   قوربانییانی ڕووداوی کار ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠دا زیاتر لە ١٣٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٥٥ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوون. "چاونیوز" ساڵی پێشتر (١٣٩٩)ش ناوی ٧٦ کرێکاری کورد لەو سەدان کرێکارەی بڵاو کردبۆوە کە ببوونە قوربانیی ڕووداوی کار. گیان لەدەست دان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی ڕووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لەژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌کدا نین. هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له‌ ساڵی ١٤٠٠دا دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له‌ ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی پەتای کۆڕۆنا، قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندەی دیکەش لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکاران له‌ زۆربه‌ی کارخانه‌ و ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دوا که‌وت و ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له‌ کار و بێکارکرانیان هه‌میشه‌ وه‌ک مۆته‌که‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌. ***   * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی بەهاری ١٤٠٠ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=6764 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی هاوینی ١٤٠٠ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=7339 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی پاییزی ١٤٠٠ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=7765 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی زستانی ١٤٠٠ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=8090