کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕانکارییەکانی دادێ لە ئێران و قەیرانی گەورەی داهاتووی پەنابەران

23:09 - 15 خاکەلێوه 2722

پەنابەرانی ئوکراینی درێژە بە ڕاکردن لە هێرشی ڕووسیە دەدەن، بەڵام وەک هی سووریە ڕێژەکەیان لە گۆترە نییە. سەرکۆماری ڕووسیە ڤلادیمیر پوتین، وەک هاوشانە سوورییەکەی بەشار ئەلئەسەد، بەئانقەست خەڵکی ئاسایی کردۆتە ئامانج تا بەو شێوەیە زەخت بخاتە سەر ئورووپاییان و بەو شێوەیە ناچار بە سازانیان بکا. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگی ئوکراین هەر ئێستا بۆتە هۆی زیاتر لە سێ میلیۆن پەنابەر و ئەو ئامارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بەرەوە خۆرهەڵات بۆ نێو ئەرمەنستان و ئاسیای ناوەندی، شوێنێک کە تێچووی بژیوی ژیان گەلێک هەرزانترە، ڕایان کردوە. ئەوە ئوکراینی تەنیا لە ماوەی چەند حەوتوودا، دوای سووریە و ڤێنێزوئێلا، کردۆتە یەکێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری پەنابەر. ڕەنگبێ ئوکراین ئەو پلەیەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەستەوە نەبێ. حەشیمەتی سووریە ١٧،٥ میلیۆن کەس بوو؛ ڤێنێزوئێلا ٢٨،٤ میلیۆن؛ ئوکراین ٤٤،١ میلیۆن. بەڵام، حەشیمەتی ئێران نزیکەی دوو هێندەی ئوکراینە و ناسەقامگیریی لە ئاسۆ ڕا دیارە. ئاڵوگۆڕی ڕێژیم بەڕێوەیە، نەوەک بە هۆی دنیای دەرەوە بەڵکوو لەبەر ئەو هۆیە کە ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی پیرە و دەمرێ. لە کاتێکدا کە بازاڕی دنگۆیان گەرمە کە خامنەیی بۆیە ئیبراهیم ڕەئیسیی بۆ پلەی سەرکۆمار هەڵکێشا تا جێگرتنەوەکەی هاسان بکا، دەستاودەست کردنی بێ کێشەی دەسەڵات ئاواتێکی دوورە دەستە. خامنەیی نە دەسەڵاتی ئایینیی پێویستی هەیە و نە کاریزمای کەسی پێش خۆی، ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینیی هەیە؛ دوای مردنی ناوبراو قسەکانی کڕیارێکی ئەوتۆی نابێ. پلەی ڕێبەر هێندە پڕ سوود بووە کە دەستاودەست کردنی دەسەڵات هێندەی دیکەش پێچەڵپێچ بووە. خامنەیی گەندەڵە. لە ماوەی دەسەڵاتداریی سی و سێ ساڵەیدا، خامنەیی چەندین میلیارد دۆڵاری بەو بەرژەوەندییە بازرگانییانەی کە لە بەر دەستی دان کۆ کردۆتەوە. وەدەستهێنانی پلەی ڕێبەریی لە ئێران نە تەنیا بە مانای دەسەڵاتی بەربەرینە کە زەختی سنووردانانەکانی دێموکراسی لەسەر نییە (ڕێبەری گەورە لە سەرووی سەرجەم پلەکانی ئێرانە کە بە هەڵبژاردن دیاری دەکرێن)  بەڵکو سامانی زەبەلاحیشی بەدواوەیە. بە لەبەر چاو گرتنی دەگمەن‌بوونی دەستاودەست کردنی دەسەڵات، مردنی خامنەیی بە مانای دووهەمین دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە ماوەی زیاتر لە چل و سێ ساڵە، هیچ هاندەرێک بۆ چاوەڕوانی پشوودرێژانە بوونی نییە. لە جیاتان، هەموو کەسێکی بەرزەفڕ هەوڵی خۆی بۆ چوونە نێو تاقمی ناسەقامگیرکار دەخاتە کار. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش لەو شەڕە دەستەوئێخەیەدا بەشدار دەبێ. لە ١٩٨٩، ناوەندە دەسەڵاتە جیا جیاکانی ئێران دروست لەبەر ئەوە لەسەر خامنەیی سازشیان کرد، چونکە ناوبراو لاواز بوو. خامنەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی پێگەی سیاسی، پێوەندییەکی خاوەن سوودی دوولایەنەی دەگەڵ سوپای پاسداران دامەزراند: ئەو قەرار بوو لە بەرانبەر هەر شێوە سنوورێکی واتادار بۆ سەر دەسەڵاتەکەی ڕاوەستێ و سوپا قەرار بوو پشتگیریی لە چڕکردنەوەی کۆنتڕۆڵی خامنەیی بەسەر کێبڕکێکارە سیاسییەکانی بکا. سوپای پاسداران، کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی خامنەییدا سامانێکی سەدان میلیارد دۆڵاریی کۆ کردۆتەوە، نایهەوێ بگەڕێتەوە سەربازخانەکان، ناشیهەوێ خۆی تووشی مەترسی شەڕی سیاسی دەگەڵ ڕێبەری گەورەی نوێ بکا. لە جیاتان سوپای پاسداران هەوڵ دەدا پێش بە گەیشتن بە پلەی ڕێبەریی لە لایەن هەموو ئەو کەسانە بگرێ کە دەسەڵاتی بەسەریانەوە نییە. شەڕەکە گەلێک بێ بەزەییانە دەبێ. هەرکاتێک بۆشایی ڕێبەریی لە ئێران هاتبێتە ئاراوە، هێزە سەربازییەکان جەختیان لەسەر پێتەخت کردوە و ڕێگایان بە هۆزە ناڕازییەکان و تاقمە سیاسییەکانی ناوچە کەنارییەکانی وڵات داوە تا بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. وڵاتانی دراوسێ زۆر بە دەگمەن خۆیان لە تێوەگلان لە شەڕە دەستەوئێخەکە دەبوێرن. ئەوە لە چوارچێوەی قەیرانی ئازەربایجان لە ١٩٤٦، یەکەم قەیرانی ڕاستەقینەی شەڕی سارد، کاتێک یەکیەتیی سۆڤیەت هەوڵی دا سوود لە لاوازیی ئێران لە ساڵەکانی دوای داگیرکاریی وڵاتەکە و لە سەر کار لابردنی شا لە ١٩٤١ وەرگرێ، ڕووی دا. کاتێک خامنەیی بمرێ، چاوڕوان دەکرێ نە تەنیا ڕووسیە، بەڵکو کوردەکانی عێراق، تورکەکان، سەعودییەلان و پاکستانییەکان پشتگیریی لە تاقمەکانی سەر بە خۆیان ئەگەر لە تارانیش نەبێ، لە ناوچەکانی کەنارەکانی ئێران بکەن. هەر شەڕێکی نێوخۆیی خەڵکی ئاسایی لەنێو دەبا، بەڵام سوپای پاسداران و لایەنە توندئاژۆکان هەوڵ دەدەن کۆنترۆل وەدەست بێننەوە، ئەوان ڕەنگبێ هەوڵ بدەن خەڵکی ئاسایی بکەنە ئامانج. بڕوانە عێراق دەستبەجێ دوای داگیرکاریی وڵاتە یەکگرتووەکان: تاقمە میلیشیاکانی دەوروبەری موقتەدا سەدر چالاکانە خەڵکی خوێندەوار و چینی مامناوەندییان لە ناو سەرجەم ئایینزاکاندا کردە ئامانج، چونکە دەیانزانی ئەو خەڵکە قەت پشتگیریی لە سەدر ناکا. سیاسەتوانە خۆراواییەکان بۆ لەنێو چوون و ڕاکردنی خەڵکی لێهاتوو بەپەرۆش بوون بەڵام، بۆ هێندێک لە ناوچەکان کە نایانهەوێ لەسەر بنەمای سیاسی و ڕۆشنبیریی کێبڕکێ بکەن، ئەوە گەشەکردنێکی ئەرێنی بوو. جووڵانەوەی پەرەئەستێنی ناڕەزایەتی لە ئێران بەو مانایەیە کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران ئەگەرچی زۆرینەش نەبن هیوادارن کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێ. ئەوە لە بەرژەوەندیی لایەنگرە سەرسەختەکانی ئەزموونە شکست خواردەوەکەی خامنەیی بۆ وەدەرنانی ئێرانییە ناڕازییەکان لە وڵات دەبێ چونکە ئەوان چیدیکە ناتوانن پێیان بسەلمێن کە کۆماری ئیسلامیی هێچ شتێک نییە بێجگە لە دیکتاتۆرییەتیکی بێ‌دەربەست لە بەرگی مەلایان دا. گیروگرفتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی ئێران ڕەنگبێ بە هەمان شێوە یارمەتیدەری دروست بوونی گەردەلوولێکی بێخەوش بن. نە ئابلۆقەکان و نە کۆڤید-١٩ ناتوانن بە تەواوی گیروگرفتە ئابوورییەکانی ئێران شی بکەنەوە. بە گوێرەی بانکی ناوەندیی ئێران، پوختەی سامانی وڵات، باشترین ئامراز بۆ دیاریکردنی ئاراستەی ئابووری، تەنانەت پێش کشانەوەی سەرکۆمار دۆناڵد ترامپ لە بەرجام و سەپاندنی هەڵمەتی ئەوپەڕی زەخت لە لایەن وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ دژی ئابووری کۆماری ئیسلامی، بەرەو هەڵدێر دەچوو. ئەوە بە مانای لاوازیی بنەڕەتیی ئابوورییە کە گەیاندنی چەندین میلیارد دۆڵاریش ناتوانێ ئاراستەکەی پێچەوانە بکاتەوە. بە کورتی، سەرپەرشتیی خامنەیی بەسەر ئابووری ئێرانەوە پشتی ئابووریی لە عەرزی داوە. ئێران بەرەو داڕمانی ئابووری هەنگاو دەنێ. شۆڕشی نێوخۆی ئێران دەتوانێ ببێتە هۆی دە میلیۆن پەنابەر. ڕێژەیەکی زۆر کەمیان دەیانهەوێ بەرەو خۆرهەڵات واتە ئەفغانستان بچن، وەک هەڵوێستیان بەرانبەر بە پەنابەرانی سووریەیی، وڵاتانی عەڕەبی نایانهەوێ وەریان گرن. ئەوە بەو مانایەیە کە لێشاوی مەزنی پەنابەران بەرەو باکوور و بۆ قەفقاز و پاشان بەرەو خۆراوا بە نێو تورکیەدا بەرەو ئورووپا دەچن. ڕێبەرانی ئورووپایی ڕەنگبێ پێیان وابێ دوای شەپۆلەکانی پەنابەری سووریە و ئێستا هی ئوکراین ئەوان گەیشتبنە لووتکەی توانایی وەخۆگریی پەنابەر، بەڵام ڕەنگبێ شەپۆلێکی گەلێک مەزنتر لە ئاسۆوە دیار بێ.