کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئوکراین، دژمنی و دژایەتییەک بۆ باڵانسی هێز

23:12 - 15 خاکەلێوه 2722

لە ڕەوتی ئاڵۆزییەکانی نێوان پاشماوەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتیی پێشوو بە درێژایی ئەو ساڵانەی پاش هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت، ئوکراین وەکوو پرسێکی جیددی و مەترسیدار بۆ فیدارسیۆنەکانی ڕووسیە چاوی لێ کراوە و یەکێک لەو پرسە سەرەکییانەش گەیشتن بە ئاوە گەرمەکانی دەریای نێوەڕاستە کە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی و لە ڕێگەی “کریمە”وە وەدی هێنا. لە لایەکی دیکەوە زێدەڕۆییەکانی ڕۆژاوا و پەرەپێدانی هاوپەیمانیی ئاتلانتیکۆ (ناتۆ) پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی زۆرتر ئاڵۆز کردوە. پێش لە هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت، دوو بەرەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات کە ئەمریکا ڕێبەریی بەرەی ڕۆژاوای دەکرد و یەکیەتیی سۆڤیەتیش ڕێبەریی بەرەی ڕۆژهەڵات، یەکیەتیی سۆڤیەت هاوپەیمانییەکی لەژێر ناوی هاوپەیمانیی “وەرشۆ” پێک‌هێنا. چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییە بەتەواوەتی سەربازی و بە مەبەستی پێشگرتن بە هێرش و دەستدرێژیی وڵاتانی هاوپەیمانی بەرەی ڕۆژاوا پێک هاتبوو. پاش هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت، بەرەی ڕۆژهەڵاتیش هەڵوەشایەوە و هاوپەیمانیی “وەرشۆ”یش وزەیەکی ئەوتۆی بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی نەما، ئەگەرچی بە ڕواڵەتیش شەڕی سارد لەنێوان وڵاتانی هەر دوو بەرە کۆتایی پی‌هاتبوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو شەڕە (شەڕی سارد) لەم سەردەمە و لە قۆناغی سیستەمی گلۆبالیزایشن کە ڕێبەریی ئەو گلۆبالیزایشنەیش لە دەستی ڕۆژاوایە، چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە. کاتێک فۆکۆمایا تیئۆریی کۆتایی سەردەمی ئایدئۆلۆژیک یان مێژووی پێشکەش کرد، ئەگەری هەیە ئاماژەیەک بووبێ بۆ ئەم بارودۆخە و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ تیئۆری‌گەلێکی نوێیان هینابێتە ئاراوە کە دەسپێکی سەردەمی نوێی نێئۆلیبراڵیزمی سەربزێوی ژێر کۆنترۆڵی نێئۆکانە تێئۆکراتەکان بێت کە لەسەر بنەمای پارادایمی سیاسی ـ ئابووری داڕێژراوە، بەڵام ئەو جۆرە تیئۆری‌گەلە لە بواری تیئۆریی سیاسی و نێوەڕۆکی فەلسەفییەوە، دەسپێکی سەردەمانێکی نوێی پارادیمی تیئۆریی هزرییە کە هەموو جیهان لە خۆی دەگرێ و سووڕانەوە لە گۆڕەپانی سەرمایەدارییە و لە چوارچێوەی سیستەمی گلۆبالیزایشنی جیهانییە، لەڕاستیدا پێشکەشکردن و هێنانەبەرباسی ئەم پارادایمە تێئۆرییە بۆ دەسپێکی سەردەمی نوێی هاوواتای ئایدئۆلۆژیی نوێیە. ئەگەرچی بە کۆتایی‌هاتنی سەردەمی ئیدە و پارادایمی ڕیئاڵ سۆسیالیزم، نێئۆکانەکان و تێکنۆکراتەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی بە دروشمی دێموکراسی و لە چوارچێوەی نێئۆلیبراڵیزمدا جیهانبینی و پارادایمێکی نوێتریان هێنایە ئاراوە، بەڵام ئەم جۆرە پارادایمە بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی کۆمپانیاگەلێکی پاشکۆی سەرمایەداری کە بە هێزی ئابووریی دووقات وردە وردە بە شیوەی پلانداڕێژراو و گرێدراو، کۆمپانیا بچووک و سەرمایەدارەگوازرییە بچووک و ناوچەیی و تەنانەت ناوچەیییەکانیشی سڕییەوە، بۆ نموونەی ئەم باسەش دەتوانین ئاماژە بە کۆمپانیای ئامازۆن یان کۆمپانیای “تسلا” و “گووگڵ” تاکوو دەگاتە “مایکرۆسافت” و هتد… بکەین. سەرەڕای داتەپینی ئابووریی ئەمریکا و ڕۆژاوا بەگشتی (قەیرانی وال‌ئیستریت) و هێرشکردنە سەر باڵەخانەی دووانەی بازرگانیی جیهان لە ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١ی زایینی، نموونەیەکی ئەو قەیرانانەیە، لە یەکەمین ساڵەکانی هەزارەی سێهەم، بە سەرهەڵدانی تێرۆری سیاسی و ئایدئۆلۆژیکی جیهان تووشی ڕاچەڵەکانێکی جیاوازتر بوو کە لەڕاستیدا کردەوەیەکی تێرۆریستیی ئابووری- سیاسی بوو و کۆمەڵێک دژکردەوەی دەستپێکی سەردەمی نوی بوو. مەبەستی پشت‌پەردەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بوو کە لەوانەیە بتوانێ ڕەوتی قەیرانەکانی لە چوارچێوەی دەستێوەردەانە سربازییەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ماوەیەکی کەم ڕابگرێ، بەڵام داتەپین و ڕاوستانی ئابووری کە داوێنگیری ڕۆژاواش بوو، هەر وەکوو خۆی مایەوە و لە بواری سەربازی و وەکوو دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەکوو لە ناوچەکە بە شێوەیەکی کاتی و تێپەڕ لە بواری پرسە تیئۆرییەکان و چارەسەرکردنی کێشە پێوەندیدارەکان، ڕاوستان. لەڕاستیدا ئەو داتەپینە ئابوورییە لەڕادەبەدەرە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی گلۆبالیزایشن و ناساندنی جیهان وەکوو لادێیەکی بووچک و لابردنی سنوورەکان وێنا دەکرا. لەم هەڵایەدا کە ڕۆژاوا بەردەوام لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنە گەورەکانی خۆیەوە سەرقاڵی گۆڕینی ڕێڕەوی ڕوانگەی گشتییەکانە تاکوو بتوانێ بۆشایی ئەو قەیرانە دارایییە قەرەبوو یان لانیکەم کەمی بکاتەوە و هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ تاکوو لە چوارچێوەی بازرگانی‌کردن بە چەکوچۆڵ و هەڵکۆڵینی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە (کە زۆرتر پێداگرییان لەسەر ئەوەیە). وڵاتێکی وەکوو چین کە خاوەن هێزێکی کاری کەم‌تێچوو و بەبێ ڕەکابەرایەتیی سیاسی خەریکی ڕەونەق و گەشەکردنی ئابووریی خۆیەتی و بەساناییش هەموو سەرنجێکی خستووەتە سەر ئابووری، بۆیە بووەتە هۆکاری سەرکەوتن و ڕەوتی دەستگرتن بەسەر سەرجەم بازاڕەکانی جیهانی گرتووەتە بەر، لەلایەکی ترەوە وڵاتێکی وەکوو ڕووسیە لە خوێندنەوە ڕۆژاوایییەکاندا کەمتر سەرنج خراوەتە سەری و بە شیوەیەک کەمتر بایەخدان بە ڕووسیە لە ئالووێر و پرسە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت لە بواری ئابووریشدا، هەڵەیەکی گەورە بوو. هەنووکەش قەیرانی شەڕی نێوان ئەو وڵاتە و ئوکراین بە جۆرێک داوێنی ڕۆژاوایشی گرتووەتەوە و دووكەڵی ئەم شەڕە دەچێتە چاوی یەکیەتیی ئورووپا، ئەم بێ‌بایەخی و گرنگی‌نەدانە بە هێزی وڵاتێک کە یەکێک لەو وڵاتانەی خاوەنی وزەیەکی بێسنوورە، بەتایبەت لە بواری گاز و نەوت؛ بوو بە هۆکاری ئەوەی کە ئێستە بە ڕاشکاوانە شەڕەکە بکێشرێتە نێو خاکی ئورووپا. شەڕی نێوان و ڕووسیە و ئوکراین کە پاش هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت یەکەیەکی جوگرافیای سیاسی، واتە وڵاتێکی سەربەخۆ بوو، هۆکارگەلێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە بۆ نموونە دابەشکاریی ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکی ئاڵۆز پێک هاتوون، چونکە بە دروستبوونی وڵاتگەلێکی وەکوو ئوکراین دەبینین کە بەبێ خوێندنەوەیەکی ڕەگەزی، زمان و ئایین و فەرهەنگی تووشی کێشەگەلێکی گەورە بووە کە لە ئاکامدا دیاردەی جیابوونەوەی “کریمە”ی لێ کەوتەوە. لە لایەکی ترەوە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی قەرەباغ (کوردستانی سوور) شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجانی لێ کەوتەوە و ئەمەش ئەو بۆچوونە کە دەوترێ ئەو دابەشکارییە جوگرافیایی ـ سیاسی و ئەو سنوورانە نالۆژیکی و ناڕاستبینین، پشتڕاست دەکاتەوە و بەستێنی ئاڵۆزی و شەڕ و تێکهەڵچوونەکان زیاتر دڕەخسێنێ و دەتوانین بێژین وەکوو خۆڵەمێشی ژێر ئاگرێکی گەرم سەلمێندراوە. بە تێڕامانێک بۆ دابەشکاریی جوگرافیایی لە دوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم و چۆنیەتیی ئەو شەڕانە کە لەسەر جوگرافیا و کێشەی ئەو نەتەوە و وڵاتانەی لێک هەڵوەشابوون بۆ دابەشکاریی سەرلەنوێی جوگرافیاکان لە چوارچێوەی وڵاتەکاندا، بۆمان ڕوون دەبنەوە کە ئەو ڕەوتە هەنووکەش درێژەی هەیە و هۆکارەکەشی پشتگوی‌خران و نەخوێندنەوەی ڕاستییەکانی پشتی پەردەی نەتەوەکان و جوگرافیاکەیانە؛ وەکوو نموونە دەتوانین ئاماژە بە پرسی کورد و دابەشبوونی جوگرافیای نیشتمان و نەتەوەکەی لەنێوان جوگرافیاگەلێکی سیاسیی دەوڵەت‌گەلێکی نوێی دۆڕاوی ئەو شەڕانە بکەین. لە پاش ئەو دابەشکارییانە ئاڵۆز و شەڕ و تێکهەڵچوون‌گەلێک لە دوو ناوچەی دۆنتسک و لوهانتس کە ئێستە ڕووسیە وەکوو دوو کۆماری گەلی دۆنتسک و کۆماری گەلی لوهاتنس بە فەرمی دانی پێیاندا ناوە و بەردەوام بە سەربەخۆییخواز تاوانبار دەکران، ڕەوتیکی وەها دەبیتە هۆکاری ئاکامێک کە بەرەنجامەکەی لە سەردەمی گلۆبالیزایشن و پەرەگرتنی دنیا وەکوو لادێیەکی جیهانی کۆسپ‌گەلێک دەخاتە بەر ڕێگەیانەوە کە ئەو سیستەمە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕوو دەکاتەوە و هەنووکەش بەپێچەوانەی ئەو سیستەمە گلۆبالە جیهانییە، سەرلەنوێ خەریکە سنوورە جوگرافیاییەکان بە جۆرێکی تر دەکێشرێنەوە و لێرەشدا ڕۆڵی وڵاتێکی بەهێزی وەکوو ڕووسیە وەکوو بەربەستێکە لەسەر ڕێی زێدەڕۆیی سەرمایەداریی لیبراڵی و داخوازیی ئەوەش کە وەکوو کاراکتەرێکی ڕۆڵگێڕ ببیندرێ و هاوکات داوای پشکی هێز و گەیشتن بەباڵانسی هێز بەڕوونی تێیدا دەخوێندرێتەوە. شەڕی ئێستەی ئوکراین دەکرێ وەکوو بەربەستێک بۆ زێدەڕۆیییەکانی جیهانی سەرمایەداریی ڕۆژاوایی ببیندرێ، نموونەی ڕوون بۆ ئەو ڕوانگەیەش ئەوەیە کە “زلینسکی”، سەرۆک‌کۆماری ئوکراین خۆی وەکوو هێما و سیمبۆلی بەرگریی ڕۆژاوا لە بەرانبەر ڕووسیە لەقەڵەم دەدات! پاش تەک‌جەمسەریی‌بوونی جیهان، نە ئەمریکا و نە هاوپەیمانەکانی نەیانتوانی ئەو پڕێستیژ و پرەنسیپە بە ڕوانگەیەکی تایبەت بۆ سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیان پرس و کێشەی قەیرانی “وال‌ئیستریت” چارەسەر بکەن و بەپێچەانەشەوە ڕێگەی چارەسەریی ئەو کێشەیە ڕاگەیاندنی شەڕ بە دژی تیرۆریزم بوو. شەڕی ئەفغانستان نموویەکی ڕوون و بەرچاوی بۆ ئەو باسەش بوو کە لە پاش بیست ساڵ، بایدەنی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا زۆر بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: “هاتنی ئامریکا بۆ ئەفغانستان، بۆ شەڕ بەدژی تیرۆریزمە، نەک جێگیرکردنی دێموکراسییەکی سەقامگیر و ناوەندگەرا لەو وڵاتەدا”، هەنووکەش ئەو تەک‌جەمسەرییە و تێکچوونی دیسیپلینی هێز و لەبەرچاونەگرتنی هێزەکانی تر چ لە ناوچە و چ لە جیهاندا کە خاوەن هێز و وزەیەکی باش و خاوەن بەهرە و بەرهەمهێنەرانی ئیستراتیژیکی وەکوو بەرهەمهێنانی خواردەمەنییەکان، ئەو سەردەمە بەسەر چووە. لەڕاستیدا شەڕی ئوکراین بە واتای هەڕەشەیەکی جیدییە و ڕۆژاوا لە ئەگەری لەبەرچاونەگرتنی هێزێکی بەهێزی وەکوو ڕووسیەیە لە هاوکێشە جیهانییەکاندا. لە هاوکێشە جیهانییەکانی ئێستادا ڕووسیە کە خاوەنی زیاتر لە ٦٠٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە و سێهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەر گاز و دووهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا و یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی فرۆشیاری گەنمە لە جیهاندا کە ساڵانە زیاتر لە ٣٥ میلیۆن تۆن گەنم دەفرۆشێ، چۆن دەکرێ لەبەرچاو نەگیردرێ و لە هاوكێشە ‌جیهانییەکانی هێز لە ئاستی نێونەتەوەییدا بخرێتە پەراوێزەوە! ڕووسیە وەکوو زلهێزێکی جیهانی لە هاوکێشە نێونەتەوەیی و لە دوو ئاستی سیاسی و ئابووریدا پشکدارە و دەخوازێ لە ئاستی خۆیدا کاریگەرییەکی جیاوازی لەسەر رەوتی ڕووداوە جیهانییەکان هەبێ. لە ئێستادا ڕووسیە وا دەنوێنێ کە دەورانی تەڕاتێنی تەک‌جەمسەریی ئیتر کۆتایی پێ هاتوە و هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ شەڕی جیهانیی سێهەم دەردەبڕێ، ئەمەش ڕێک بە واتای دەستەوەستانیی ڕۆژاوایە. ئەگەر ڕۆژاوا لەسەر ئەوە سوور بێت کە پێگەی خۆی ڕابگرێ، ڕووبەڕووی کارەساتێک بە ناوی شەڕی جیهانیی سێهەم دەبێتەوە و ئەو شەڕەش بە کەڵکوەرگرتن لە کڵاوەی ناوکی و بۆمبی هیدرۆژێن دەست پێ دەکا کە هەنووکەش دەستکەوتی ئەو شەڕەش بۆ تەک‌جەمەسەری‌بوون چی دەبێ، هێشتا ڕوون نییە و دەورانێکی پڕ قەیران لە بەردەم جیهانە.