کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند وێستگەیەکی مێژوویی حیزبی دێموکرات لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی (٣ـ٢)

23:15 - 15 خاکەلێوه 2722

خۆڕاگریی کوردستان هەر لە ڕۆژ و مانگەکانی سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو هەموو ئەو کێشە گەورە و بچووکانەی کە ڕێژیمی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆخۆی دروستی کردبوون و نیشانی دابوو کە تێگەیشتنی دروست و واقعبینانەیان لە ئیدارەی وڵات و سیاسەت نییە، لە نێوخۆی وڵاتیش بە ئاگر و ئاسن وەڵامی ویست و داخوازییەکانی گەلانی ئێرانیان دەدایەوە. بەڵام لەو نێوەدا ئەوە کوردستان بوو کە قورس و قایم ڕاوەستا. سێ مانگ هێرش و شەڕی نابەرامبەر دژی کوردستان و خوڵقاندنی جینایەت‌ و کارەسات‌گەلی وەکوو قاڕنێ و داگیرکردنی شارەکانی مەهاباد و سەردەشت و بۆکان و ...، بە خۆڕاگری و تێکۆشانی پێشمەرگانە وەڵام درایەوە؛ کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات ئەوکات لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری خەباتێکی درێژخایەنی پارتیزانیی لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. لە جادەی سەردەشت-پیرانشار پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات زەبرێکی گورچووبڕیان لە سپایەکی پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم دا و جودا لەوەی تانک و تۆپی ئەو هێزە تێک شکان، بە دەیان کەسیش لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران. حەماسەی قارەمانەتیی پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، شار بە شار و دێ بە دێ دەنگی دایەوە. کوردستان یەکپارچە ببوو بە مەیدانی بەرەنگاری، خەڵکی مەهاباد لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا وەفاداریی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کورد دووپات کردەوە، ئەو دوو حەماسەی شاخ و شار،  گوڕوتینێکی نوێی بە تێکۆشان دا. شارەکان یەک لەدوای یەک لەدەست داگیرکەر ڕزگار کران و بنکەکانی حیزب جارێکی دیکە لە مەهاباد و بۆکان و... دەستیان بە تێکۆشان کردەوە. لەیەک ڕستەدا ویستی خەڵک بەسەر ئاگر و باڕووتدا سەرکەوت.   پەیامی حیزبی دێموکرات بۆ ئاشتی لە جەنگەی ئەو سەرکەوتنانەدا، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ نامەیەکی سەرئاوەڵەی ڕوو بە گەلانی ئێران و حیزب و لایەنە سیاسی و پێشکەوتووەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە "ئێمە ئەو نامەیە لە هەلومەرجێکدا دەنووسین کە لە ڕاستیدا جگە لە هەندێ شاری کوردستان، سەرانسەری کوردستان کەوتۆتە بەردەستی پێشمەرگە کوردەکان". لە درێژەی ئەو پەیامەدا هاتبوو کە "ڕاوەستانی ئەو شەڕە بە قازانجی هەموو خەڵکی ئێرانە و بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش پێویستە". حیزبی دێموکرات لەو نامەیەدا چوار مەرجی بۆ ئاگربەست دانابوون کە بریتی بوون لە: - دابین‌کردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان لە کوردستان و سەراسەری ئیران و هەروەها ئازادکردنی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات. - کۆکردنەوەی پاسدارە لاوەکییەکان لە سەرجەم کوردستان کە مایەی دووبەرەکی و ئاڵۆزی بوون. - کورت‌کردنەوەی دەستی ئەرتەش لە دەستوەردان لەکاروباری نێوخۆ و دیاریکردنی ئەرکیان تەنیا وەک پارێزەری سنوور. - ئازاد‌کردنی زیندانییە سیاسییەکان و ڕاگرتنی حوکمی ئێعدامی خەباتکاران.   وەڵامی خومەینی بە نامەی حیزبی دێموکرات ئەم نامەیەی حیزبی دێموکرات کە لە پێگەی هێزەوە بڵاو بۆوە، دۆخەکەی گۆڕی. سەرەنجام ئەو ئاخوندەی کە سێ مانگ پێشتر فتوای جیهادی لەدژی کورد دا، دانی بە شکستی خۆی دانا و ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر لەپەیامێکدا داوای لە هەموو لایەک کرد کە لوولەی چەکەکانیان ڕوو لە دوژمنی هاوبەش بکەن و بەڵێنی دا کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کوردستان چارەسەر بکا. ئەو هەروەها بەڵێنی دا هەیئەتی دەوڵەت ڕاسپێری کە لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی کوردستان وتووێژ بکەن. خومەینی لە پەیامەکەیدا، گرووپێکی لەژێر ناوی "بەدخواهان" وەک تاوانبار بە تێکدانی نێوانی نەتەوەی کورد و دەوڵەتی ناوەندی، ناساند. بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی خومەینی لەو پەیامە و ڕاگرتنی شەڕ تەنیا ئەوە بوو کە کات بکڕێ بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی خۆیان ڕێک بخەنەوە و جارێکی دیکە هێرش بکەنەوە سەر کوردستان.   وەڵامی حیزبی دێموکرات بۆ پەیامی خومەینی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوکات لە سیمیناریکی تەشکیلاتیی تایبەتدا ئەم پەیامەی هەڵسەنگاند و بەشداربووانی سیمینارەکە پێیان وابوو کە بۆ ڕێگری‌کردن لە کوشتاری خەڵک پێویستە حیزبی دێموکرات پێشوازی لەو پەیامە بکا. ئەوە بوو کە دوکتور قاسملوو ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر لە میتینگێکدا لە شاری مەهاباد ئامادەیی حیزبی دێموکراتی بۆ وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد نیشان دا و تەنانەت لە وتارەکەیدا وشەی "لبیک"ی وەک وەڵام بۆ پەیامی خومەینی بەکار هێنا کە ئەوپەڕی نیازپاکی بوو. ئەمەش بوو بە سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد کە پێک هاتبوون لە: مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی وەک سەرۆک، حیزبی دێموکرات وەک وتەبێژ و کۆمەڵە و چریکە فیداییەکانی گەلی ئێران-لقی کوردستان وەک ئەندام. ئەم دەستەیە گەڵاڵەیەکیان لەبارەی خودموختاریی کوردستانی ئێران ئامادەکرد، بەڵام هەیئەتی تایبەتیی دەوڵەت بۆ وتووێژ لەگەڵ دەستەی نوێنەرانی کورد، قەت ئامادە نەبوو بە شێوەیەکی جیددی لەگەڵ نوێنەرانی کورد دابنیشێ و ڕا و سەرنجەکانی سەبارەت بەم گەڵاڵەیە بهێنێتە گۆڕێ. هۆکارەکەشی ڕوون بوو کە تاران بەدوای وتووێژەوە نەبوو، بەڵکوو وەدوای کات کڕین بۆ سەقامگیری ڕێژیمی نوێ و تەیار‌کردنی هێزە چەکدارەکانی بوو.   هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات ڕێژیمی نوێ بۆ نیشاندانی ڕواڵەتێکی دێموکراتیک لەخۆی، ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەست پێ دەکرد، بەڵام ئەو دێموکراسییەی کۆماری ئیسلامی لە ئەساسدا وەک هیچ نیزامێکی دێموکراتیک نەدەچوو! مەیدانی خۆپاڵاوتنیان تەواو بەرتەسک کردبۆوە، لەلایەک لە ڕێگای یاسای بنەڕەتی مافی خۆپاڵاوتنیان لە بەربژێری کورد ئەستاندبۆوە، لەلایەکی دیکەش لە دەیان پاڵێوراو تەنیا ١١ کەس شیاویەتییان بۆ چوونە نێو کێبەرکێی هەڵبژاردن پەسەند کرا! ئەوکات بەهۆی ئەوەیکە مەسعوود ڕەجەوی وەک پاڵێوراوی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەرنامەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە گەڵاڵەی ٢٦ ماددەیی دەستەی نوێنەرایەتیی کوردی وەکوو بناغەیەک بۆ دانووستان قەبووڵە، حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکا و دەنگ بە ئاغای ڕەجەوی دەدا. بەڵام خومەینی کە پێکەوەژیان و دێموکراسی هەر لە زاتیدا نەبوو، بە بڕیاریک مەسعوود ڕەجەویی لە لیستی بەربژێرەکاندا لابرد، هەربۆیەش حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناکا. هەڵبژاردن ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ بەڕێوە چوو و ئەبولحەسەن بەنی‌سەدر بە سەرۆک کۆمار دیاری کرا، دیارە بەنی‌سەدر پێشتر لە هەندێ لێدوانی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە باوەڕی بە خودموختاری لە کاروباری نێوخۆییدا هەیە. بە سەرنجدان بەو پاشخانە فکرییە، حیزبی دێموکرات لەنامەیەکدا بۆ بەنی‌سەدر ڕایگەیاند کە: "ڕاستە ئێمە لە هەڵبژاردندا بەشدار نەبووین و دەنگمان بە جەنابت نەداوە، بەڵام ڕێز بۆ دەنگی زۆربەی خەڵکی ئێران دادەنێین و جەنابت بە سەرکۆماری هەموو ئێران دەزانین. بۆیە پێمان خۆشە وەختێک دیاری بکەی کە دەستەیەکی نوێنەرایەتیی حیزبی ئێمە بۆ وتووێژ دەربارەی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بێنە تاران و چاویان بە جەنابت بکەوێ."   کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکرات حیزبی دێموکرات لە تەنیشت دانووستان بۆ چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، هەوڵی ‌دەدا کە لە دەرفەتی ئاگربەستدا خۆی ڕێک بخاتەوە و ئامادەکارییەکانی بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەست ‌پێ ‌بکا. ٣١٠ نوێنەر کە نوێنەرایەتی ٣٠ هەزار ئەندامیان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە جۆراورجۆری ڕەگەزییەوە دەکرد، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ لە مەهاباد کۆبوونەوە و سەلماندیان کە حیزبی دێموکرات لە پانتایی سەراسەری کوردستان و لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی پێگەی هەیە. کۆمەڵێک بڕیار لەو کۆنگرەیە پەسەند کران وەکوو: - پێداگری لەسەر دێموکراسی بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ژیانی سیاسی و بەهێزبوونی شۆڕش. - چارەسەری پرسی نەتەوەکانی ئێران بە شێوەی ئینسانی و دادپەروەرانە. - چارەسەری پرسی کورد و دابین‌کردنی خودموختاری لە ڕێگای ئاشتییانە. - سزادان و دادگایی کردنی بەکرێگیراوان و سەپێنەرانی شەڕ بەسەر خەڵکی کوردستاندا. - سزادانی بکەرانی کارەساتی گوندی قاڕنێ. - پاک‌کردنەوەی ئەرتەش و دامەزراوەکانی دیکە لە بەکرێگیراو و گرێدراو بە ڕێژیمی پێشوو. - چارەسەری کەلێنەکانی یاسای بنەڕەتی بە زیادکردنی دەقێکی تەواوکەر. - ڕەخساندنی کەشێکی دێموکراتیک بەمەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شۆڕای میللی.   سەردانی هەیئەتی حیزب بۆ لای بەنی سەدر بۆ تاران بەدوای تەوابوونی کۆنگرەی چوارەم وەڵامی نامەی بەنی‌سەدر، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ حیزبی دێموکرات گەڕایەوە و ڕۆژی ٩ی ڕەشەمەی بۆ دیدار لەگەڵ هەیئەتی حیزب دیاری کرا، لەو دانیشتنەدا هەیئەتی دەوڵەت بە سەرپەرەستیی بەنی‌سەدر داوای گەڵاڵەی پێشنیاریی حیزبی دێموکراتی کرد بۆ چارەسەری پرسی کورد، هەیئەتی حیزب گەڵاڵەیەکی ٦ ماددەیی بە پاشکۆیەکی ٨ ماددەیی ڕادەستی هەیئەتی دەوڵەت دەکەن. گەڵالەی پێشنیاریی هەیئەتی حیزب کە بە ناوی شەش ئەسڵی خودموختاری ناوی دەرکرد بەم شیوەیە بوو: - چەسپاندنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد بە شێوەی خودموختاری لە چوارچێوەی ئێراندا و گونجاندنی ئەم مافانە لە پاشکۆی یاسای بنەڕەتیدا. (کە پێیان دەگووت "موتەمیمی قانوونی ئەساسی"). - دیاریکردنی چوارچێوەی جوغرافیای کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تاریخی، جوغرافیایی و ئابووری و ویستی زۆربەی دانێشتووان. - هەڵبژاردنی شوڕایەکی سەرانسەری بۆ کوردستانی خودموختار. - هەڵبژاردنی هەیئەتی ئیجرایی بۆ کاروباری ئابووری، فەرهەنگی، ئیداری و ئینتزامی لەلایەن شوڕای سەراسەری. - بەفەرمی ناسینی زمانی کوردی لە کوردستانی خودموختار بۆ نووسینی نامەی ئیداری و هەروەها خوێندنی لە تەنیشت زمانی فارسی. - کاروباری نێوخۆیی چ ئیداری، چ ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئینتیزامی بە ئۆرگانەکانی ناوچەی خودموختار بسپێردرێ. لەکۆتایی گەڵاڵەکەشدا پێشنیار کرابوو کە بۆ ئاسایی‌کردنەوەی دۆخی کوردستان و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی شەڕ، کۆمەڵێک ڕێکار بگیردرێتە بەر کە لە ٨ ماددەی پاشکۆ پێک هاتبوو. هەیئەتی دەوڵەت ئەم گەڵاڵەیەی ڕادەستی "شوڕای ئینقلاب" کرد و شوڕای ئینقلابیش بێ سێ و دوو گەڵاڵەکەی ڕەت کردبۆوە.   هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی میللی و پێگەی حیزبی دێموکرات شوڕای ئینقلاب کە پێشتر تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی یاساغ کردبوو و دواجاریش بەم شێوەیە وەڵامی گەڵاڵەی پێشینیاریی نوێنەرانی حیزبی دابۆوە، مەیدانەکەیان لە ڕەقیب و نەیاری خۆیان بەتاڵ کردبوو و پێیان وابوو کە جادە تەخت و چۆلە بۆوەی دەست و پێوەندەکانی خۆیان، کورسییەکانی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس مسۆگەر بکەن. بەڵام حیزبی دێموکرات دەستبەرداری بەشداری لەو هەڵبژاردنە نەبوو، چونکە مەجلیس وەک ناوەندێکی یاسادانان گرنگیی خۆی هەبوو و هەمیش پێگەی جەماوەریی حیزب لەو هەڵبژاردنەدا دەردەکەوت. هەروەها حیزب دەیهەویست بە دەوڵەت بڵێ نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک کێیە و بزانن لەگەڵ کی تەڕەفن و دەبێ لەگەڵ کێ وتووێژ بکەن. لە دەستەی نوێنەرایەتی کورد ئەو بیرۆکە هاتە گۆڕێ کە سەرجەم بەربژێرەکان بەسەریەکەوە دیاری بکەن و چوار لایەنی بەشدار لە دەستە بە لایەنگرانیان بڵێن دەنگیان پێ بدەن، بەڵام سێ لایەنی دیکەی نێو دەستە ئامادە نەبوون تەنانەت نیوەی بەربژێرەکانیش لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە دیاری بکرێن، هەربۆیە حیزبی دێموکرات بە جیا هاتە مەیدان و بەربژێرەکانی خۆی بە خەڵک ناساند. ئەگەرچی هیچ کام لە بەربژێرەکان ئاماژەیان بە ناوی حیزبەکانیان نەکردبوو، بەڵام هەم خەڵک و هەم دەوڵەتیش دەیزانی کێ بەربژێری کام لایەنە. سەرەنجام ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی میللی دەستی پێ کرد و لە ئاکامدا بەربژێرەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان، ٥٧٪ تا ٩٧ ٪ دەنگەکانیان مسۆگەر کرد. ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە پێگەی حیزبی دێموکراتی بە دۆست و دوژمن نیشان دایەوە. ڕێژیم کە لە بنەڕەت‌ڕا باوەڕی بە هەڵبژاردنی ئازاد نەبوو و چاوی بە سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات هەڵنەدەهات، ئەمجارەش کەوتە خۆ و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی لە کوردستان هەڵوەشاندەوە. خومەینی و دەوروبەرەکەی کە سەرمەست لە سەرکەوتن یاساکانی خۆشیان پێشێل دەکرد، نێوەرۆک و واتایان بۆ هەڵبژاردن و دێموکراسی نەهێشتەوە.   سەرهەڵدانەوەی شەڕ و شەڕی دووهەمی سنە ڕێژیم ئەو ماوەیە دەرفەتی هێنا و جارێکی دیکە سوپاکەی پۆشتە و پەرداخ کردەوە و لەکۆتاییەکانی ساڵی ١٣٥٨ لەگەڵ ئەوەدا کە کوردستانیان لە ڕووی ئابوورییەوە گەمارۆ دابوو، دیسان هێرشەکانی ڕێژیم لە باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەستی پێ کردەوە. ئەرتەش بە پشتیوانیی دەرەبەگەکان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات بە تانک و تۆپ و فانتۆم و هێلی‌کۆپتێر، هێرشیان کردە سەر جوتیاران و لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانیش بە بیانووی مەترسیی هێرشی عێراق، هێزێکی پۆشتە و پەرداخ بەرەو سنە و سەقز و بانە و ... وەڕێ کەوت و لافاوی خوێنیان وەڕێ خست. کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە لێنینگڕاد دەچوو. دۆخی خەڵک لەوپەڕی خراپیدا بوو، بەڵام هەڵمژینی هەوای پاک و بێگەردی ئازادی، گەمارۆی لەبیر خەڵک بردبۆوە، ورەی خەڵک بەرز بوو و بە هەمەجۆر یارمەتیی پێشمەرگەیان دەکرد. کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لەو کاتەدا پەیامێکی ئاراستەی خومەینی کرد. لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا لە وشەی "بدخواهان" کەڵک وەرگیرابوو کە جاری پێشوو خومەینی تاوانباری کردبوون بە تێکدانی پێوەندیی نێوان کوردستان و تاران، هەربۆیەش حیزبی دێموکرات لە پەیامەکەیدا ڕوو بە خومەینی ڕایگەیاند: "ئێستاش کە بەدخوازان سەرلەنوێ وەزعی کوردستانیان ئاڵۆز کردوە و هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک خەڵکی کوردستان سەرکوت دەکەن، لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، حیزبێک کە زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان پشتیوانیەتی، بۆ دواجار هۆشدار دەدەین کە ئەگەر پەلاماری ئەرتەش و ژاندارمێری و پاسداران بۆ سەر بزووتنەوەی کوردستان ڕانەوەستێ و کوشتاری خەڵک درێژەی هەبێ، پێشمەرگەکان بە پشتیوانیی هەموو گەلی کورد بە هەموو هێزیانەوە دیفاع لە خۆیان دەکەن". هەروەها لەو پەیامەدا حیزبی دێموکرات داوای لە خومەینی کرد کە بە ڕازی بوون بە ئەسڵی ٦ ماددەیی خودموختاری، نیازپاکی لە نێوان تاران و کوردستاندا دروست بکا. بەڵام دەوڵەت ملی بۆ ویستی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات ڕانەکێشا و ئەمجارە شەڕێکی قورس و دژوار تووشی خەڵکی کوردستان بوو و هێرشەکە لە هەموو لایەک ڕا بۆ سەر کوردستان دەستی پێ کردەوە. شاری سنە لەو شارانە بوو کە هێزە کوردییەکان بنکە و بارەگایان لێ دانابوو و بە تەبایی بانگەشەیان بۆ خۆیان دەکرد، ئەم پێکەوەهەڵکردنە خەڵکی گەشبین کردبوو، هەر بۆیە بەرگەی گەمارۆی ئابورییان دەگرت و لە بەرامبەر هێرشی سپادا ئامادەی خۆڕاگری و هەرچەشنە فیداکارییەک بوون. ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٥٩ بۆ جاری دووهەم هێرش بۆ سەر سنە دەستی پێ کردەوە و زیاتر لە ٤٠٠ گوللە تۆپ ئاراستەی شار کران. پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکە لە یەک‌ سەنگەردا ڕووبەڕووی دووژمن وەستانەوە و ‌هێزەکانی ڕێژیمیان ناچار بە پاشەکشێ کرد. لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانی بێ بەزەییانەی ڕێژیمدا، ٢٤٠٠ کەس لە خەڵکی سیڤیل بوونە قوربانی. لە ترسی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئێران، بەشێکی زۆر لە قوربانییەکانی ئەم هێرشە هەر لە حەوشەی ماڵەکانیاندا بەخاک دەسپێردران. خەڵکی گوند و شار و ناوچەکانی دیکە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە یارمەتییان دەگەیاندە شاری سنە، سوپای ڕێژیم ئابڵۆقەی سەر سنەی توندتر کرد و ڕێگای یارمەتیی لە خەڵک بەست. دوای نزیک بە یەک مانگ خۆڕاگری لەکاتێکدا کە سپا نەیتوانبوو بچێتە نێو شاری سنەوە، هێزە کوردییەکان بڕیاریان دا بۆ پاراستنی گیانی خەڵكی سیڤیل کە لەشار بچنە دەرەوە. دوای چوونە دەرەوەی پێشمەرگە لە شار، سپا چووە نێو شار و وێڕای "پاکسازی" دەستیان بە ڕەشبگیری چالاکانی کورد کرد. ئەوان لە دادگای بەپەلە و سەربازیدا، سزای لەسێدارەدانیان بە سەر خەڵکی مەدەنیدا دەسەپاند و سزاکەیان جێبەجێ دەکرد. (بەشی سێهەم و کۆتایی لە ژمارەی داهاتوودا)