کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕاپرسییەکی داسەپاو هەتا شەرعییەتی نەبوو

23:19 - 15 خاکەلێوه 2722

ڕێفڕاندۆمی چل و سێ ساڵ لەوەپێشی "کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئا یان نا" کە ئاکامەکەی لە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا ڕاگەیەندرا، خاڵ‌وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی نیزیکی خەباتی گەلانی ئێران بوو. ئەو بەناو ڕێفراندۆمە لە ڕواڵەتدا بۆ دیاریکردنی جۆری سیستمی سیاسیی و حکوومەت لە ئێران بەڕێوە چوو، بەڵام خەڵک و لایەنە سیاسییەکان کە بە نرخی دەیان ساڵ خەبات و پێشکێش‌کردنی دەریایەک خوێن بە سەر ڕێژیمی پاڵەویدا سەرکەوتبوون، تەنیا یەک بژێرەیان خرابووە بەر دەم: گۆڕینی ڕێژیمی پاشایەتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئا یان نا؟ لەوەدا خوێندنەوە و هەڵوێستی خەڵک و ڕەوتە سیاسییەکان جیاواز بوو. هیندێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان کە ژمارەیان ئێجگار کەم بوو -حیزبی دێموکرات و زۆربەی هێزە سیاسییەکانی دیکەی کورد بۆ نموونە- بە بردنە ژێر پرسیاری مێتۆدی ڕاپرسییەکە لایان وابوو کە لەو گشت‌پرسییەدا دەبوا هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان مافی هەڵبژاردنی ئازادانەیان لە نێوان شێوە جۆراوجۆرەکانی نیزامێکی دێموکراتیک هەبا. ئەگینا بە سەرنجدان بە سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک لە ڕوخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیدا ئیدی چ حەوجێ بە بەڕێوەبردنی ڕێفڕاندۆمێکی لەو شێوەیە هەیە؛ ئەویش لە کاتێکدا خەڵک نازانن سیاسەت و بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چین و ڕوانگەی ڕێژیمی سیاسیی نوێ بۆ پرسی مافە بنەڕەتییە پێشێلکراو و پشتگوێ‌خراوەکانی گەلانی ئێران چین! هەر بۆیەش خۆیان لە بەشداریکردن لەو ڕاپرسییەدا بوارد و بایکۆتیان کرد. بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئێرانیش کە ئایەتوڵلا خومەینی بە هەڵخراندنی هەستی ئایینییان توانیبووی پەلکێشی ئەو گشتپرسییەیان بکا و ڕێژیمی سیاسیی دڵخوازی خۆی بە سەریاندا بسەپێنێ، لایان وابوو بە دەنگدان بە "کۆماری ئیسلامیی ئێران" ئیدی لە دەست ڕێژیمی دیکتاتۆر و خۆسەپێن ڕزگاریان دەبێ، ماف و ئازادییە سیاسی، مەدەنییە دێموکراتیک و کۆمەڵایەتییەکانیان دابین دەبن، کەلێنی ڕەگەزی و چینایەتی نامێنێ، قەیرانە ئابوورییەکان چارەسەر دەبن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێ، واتە وەدیهاتنی هەموو دروشمەکانی شۆڕش و ئەو بەڵێنانەی بە بەخت‌کرانی گیانی هەزاران کەس لەپێناویاندا ڕێژیمی پاشایەتییان بۆ ڕووخاندبوو. بەڵام ٤٣ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە ڕەنگبێ تەنیا نەتەوەیەک لە ئێراندا کە شانازی بە بڕیاری ئەوکاتی بکا، کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بن کە دواتریش لەسۆنگەی هەر ئەو هەڵوێستە ژیرانە و بوێرانەیاندا زۆرترین کارەساتیان بەسەر هات. خومەینی ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاکامی ڕاپرسییە داسەپاوەکەی بە "یەکەم ڕۆژی حکوومەتی خوا" ناو برد و بەمجۆرە پشت‌ئەستوور بەو دەرەنجامە ڕەوتی سەرکوتی جیابیران و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی مافخوازی تینووی ئازادی و دێموکراسیی دەست پێ کرد. هێشتا ٥ مانگ بە سەر ڕێفڕاندۆمەکەدا تێ‌نەپەڕیبوو کە خومەینی لە وتاری ئاگرینی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی گەلاوێژ لە شاری قوم ڕووی ڕاستەقینەی خۆی و ڕێژیمە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد. ئەو کە تاقەتی هیچ چەشنە بەرهەڵستییەک و بیستنی هیچ دەنگێکی ناڕازی و وەستانەوە لە بەرانبەر ویستی تەواوەتیخوازیی خۆیدا نەبوو، گلەیی لە خۆی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەکەی کرد کە بۆچی شۆڕشگێرانە نەبزووتوون و لەبەرچی قەڵەمی هەرچی نووسەر و ڕۆژنامەنووسە نەیانشکاندوە و بڵاوکراوەکانیان دانەخستوە؟ چۆنە هەتا ئێستا حیزبەکانی دژبەریان هەڵنەوەشاندوە و سەرۆکی دژبەرانیان بە سزای تاوانەکانیان نەگەیاندوە و لە گۆڕەپانەکانی شاردا پەتی سێدارەیان هەڵنەخستوە و دێوجامەیان بۆ نەیارانیان هەڵنەواسیوە؟ ئامانجی سەرەکیی خومەینیش لەو هێرشە کە دواتر چووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، سەرەتا بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازانەی کوردستان بوو کە ئامادە نەبوو مل بۆ داخوازەکانی ڕێژیمەکەی نەوی بکا و دواتریش هەموو ئەو هێزە ئازادیخوازانەی گرتەوە کە لە سەرانسەری وڵاتدا دژ بەو ڕێژیمە هەڵوێستیان دەگرت. هەنگاوی دواتری ڕێفڕاندۆمەکەی خاکەلێوەی ١٣٥٨ بۆ ڕێبەرانی رێژیم پەسندکردنی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بوو کە تێیدا بە جێگیرکردنی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ، دەستی مەلاکان بۆ پاوانکردنی هەموو جومگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات ئاوەڵا کرا و وەلیی فەقیهـ کە دەسەڵاتەکەی زۆر لە دەسەڵاتی شای ڕووخاو زیاتر بوو، وەها سواری ملی خەڵک بوو کە لە مێژووی پڕاوپڕ لە ئیستبداد و دیکتاتۆڕیی ئێرانی نوێ و کەوناردا نەبیندراوە. درێژکردنەوەی ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ عێڕاق وەک هەل و دەرفەتێکی زێڕین بۆ کپکردن و خنکاندنی هەر دەنگێکی ناڕازی و قەڵتوبڕی هەر هێزێکی دژ دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی ڕەخساند تا دواتر دەست بەسەر هەموو بوارەکانی سیاسەت و ئابووریی وڵاتدا دابگرن. پاشان بە بەهێزکردنی ناوەندەکانی سەرکوت بەرهەڵستی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی گشتیی خەڵک ببنەوە. ٤٣ ساڵ دوای ڕێفراندۆمەکەی خاکەلێوەی ٥٨ ئەوەی لە ئێران دیار و بەرهەستە بوونی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و ناکارامە، دیکتاتۆڕ و سەرکوتگەرە کە خوێنی خەڵکی وڵاتی لە شووشە کردوە و ئەوانی لەپێناو ئامانجە ئیدئۆلۆژیکییەکانیدا بە بارمتە گرتوە. ئابووریی وڵات لەبەریەک هەڵتەکاوە و بە بۆچوونی کارناسان بێتوو دانوستانەکانی ڤییەن بە ئاکام نەگەن و گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵنەگیرێن، ئاوسان لە ساڵی نوێدا بۆ سەروو سەتا ٧٠ دەڕوا. بەتایبەت کە لەو بارودۆخەدا داڕمانی پاشخان و فۆنداسیۆنی ئابووری و نەبوونی وەبەرهێنەری بیانی هیچ دەرفەتێکی بۆ کارخوڵقێنی نەهێشتۆتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ حەشیمەتی بێکارەکانی وڵات زیاتر و زیاتر دەبن، گەندەڵیی سیستماتیک و تەرخانکردنی بەشی هەرەزۆری بودجەی گشتیی وڵات بۆ بنیاتەکانی سەرکوت و پڕوپاگندەی ڕێژیمیش لەجێی خۆی کە بە نۆرەی خۆیان پەرەپێدەری قەیرانەکانن. بەپێی گشت پێوەر و ستانداردە جیهانییەکانیش کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٤٣ ساڵەی دامەزرانیدا نیزامێکی سیاسیی مایەپووچە و لەمێژ ساڵە گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و ئەوەی تا ئیستا ڕێژیمی پاراستوە، ئیرادە و توانایی ڕێکخستنی سەرکوتی خەڵک و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانە. چونکی ڕێژیم نە دەیهەوێ لە بەرانبەر ویستی خەڵکدا پاشەکشە بکا و نە دەشتوانێ بەو سیاسەتە بیانی و شێوە ئیدارەکردنەی وڵات نیزامێکی سیاسیی سەقامگرتوو بمێنێتەوە. کۆماری ئیسلامی قووڵایی ستراتیژیکی مانەوەی خۆی لەسەر هەناردەی تێرۆریزم، قەیرانخوڵقێنی و نائەمنکردنی ناوچە داناوە و، بەهێزیی خۆی نەک لە وەرگرتنی شەرعییەتی گەلی، بەڵکوو لە پەرەدان بە توانا سەربازییەکانیدا دەبینێ، ئەگینا لە هەموو بوارەکانی دیکەدا وەک پەرەسەندنی ئابووری، دادپەروەری، دابینکردنی ماف و ئازادییە مەدەنی و دێموکراتیکەکان، پاراستنی ژینگە و هتددا هەرەسی هێناوە. وەک چۆن ئاکامی تازەترین ڕاپرسیی دامەزراوی "گێمان" کە ڕاست لە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە، ٤٣ ساڵەی بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆمەکەی "کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئا یان نا"دا بڵاو بۆوە، پێمان دەڵێ سەتا ٨٨ی کۆمەڵگەی ئێران لایەنگری "نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و گەلی" و سەتا ٧٠ی خەڵکی ئێران دژی ئیدارەکردنی وڵات بە یاسای دینین. بەڕاست ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەواییەتی خۆی دڵنیایە، با ڕێگە بدا خەڵک بڕیاری خۆیان بدەن و ڕێفڕاندۆمێکی دی لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی جیهانیدا بۆ دیاریکردنی نیزامی سیاسیی وڵات بەڕێوە بچێت. با قسەکەی خومەینییش بێتە دی کە پێش ڕێفڕاندۆمەکەی خاکەلێوەی ٥٨ دەیگوت ئەوە باب و باپیرانمان بوون ڕێژیمی پاشایەتییان ویستوە ، بەڵام ێمە نامانەوێ، نەسڵی ئێستا خۆی دەبێ بڕیار بدا کە چ جۆرە حکوومەتێکی دەوێ!