کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەتارەی دەنگی داربەڕوویەک (حیسام ئەسعەدی)

23:23 - 15 خاکەلێوه 2722

حیسام  ئەسعەدی قەتارەی دەنگی داربەڕوویەک   ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە کاتێکدا ساواک پەلاماری ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی دێموکراتی دەدا، لە ئاوایی کەس‌نەزانی سەرشیوی سەقز ڕۆڵەیەکی خوێنگەرم لە بنەماڵەیەکی خوشەویست و نیشتمانپەروەر چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. ناویان نا حیسام. هێشتا دوو بەهاری لە تەمەنی تێ‌نەپەریبوو کە باوکی خۆشەویستی لەدەست ‌دا و ئەرکی گەورەکردن‌ و بەخێوکردنی کەوتە سەرشانی برا گەورەکەی. ئەسعەد قۆناغی سەرەتایی خوێندنی زۆر ئازایانە بڕی ‌و بەهۆی ئەوە گوندی کەس‌نەزان قوتابخانەی ناوەندیی لێ نەبوو، بۆ درێژەدانی خوێندن چووە بانە. هاوینانیش کاتێک قوتابخانە دادەخران، دەگەڕایەوە ئاوایی ‌و لە کار و هەڵسووڕانی ماڵەوەیاندا یارمەتیی بنەماڵەکەی دەدا. حیسام دواتر بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووی لە شاری سنە کرد و له هونەرستانی سەنعەتی‌ و لە ڕشتەی برقدا ناونووسی کرد و ساڵی ١٣٥٦ لەگەڵ وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت. ئەو ئەمجارەیان وەک ئەرکی حیزبی و نیشتمانی خۆی زیاتر ماندوو دەکرد و سیاسەتی حیزب و زۆڵم‌ و زۆریی ڕێژیمی پاشایەتی بۆ هاوپۆلی و کەسانی دەوروبەری شی دەکردەوە. بەرەبەرەش کە خۆپێشاندانەکان دژی ڕێژیمی پاشایەتی دەستی پێ کرد، ئەسعەد وەک یەکیك لە هەزاران لاوی کوردستان لە خۆپیشاندانەکانی شاری سەقز ‌و سنە دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەشداری کرد. ئەو ساڵی ١٣٥٧ لە ئەزموونی زانکۆی ئەفسەری بەشداری کرد وبە پلەیەکی باش وەرگیرا، بەڵام دواتر بەهۆی هەستی نەتەوایەتی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات خۆی لە چوونە زانکۆی ئەفسەری بوارد. پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی‌ و تیکۆشانی ئاشکرای حیزب، شەهید حیسام ئەسعەدی تەواووەخت شانی وەبەر ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی دا و زۆر زوو توانی توانا تەشکیلاتییەکانی خۆی پێشان بدا، بۆیە ڕێبەریی حیزب وەک تیکۆشەرێکی بەتوانا بەڕێی ناوچەی کامیارانی کرد. هاوڕێیەکی ئەو سەردەمی لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا ئاوا دەنووسێ: "له‌ ناوچه‌ی کامیاران حیسام ناوێکی ناسراو و جێگای ڕێزی خه‌ڵک بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئازایه‌تی و خۆشناوەتیەکەی، چه‌ندین منداڵی تازه‌ له‌دایکبووی ئه‌و سه‌رده‌م ناوی حیسامیان لێ نرا‌. حیسام ئه‌سعه‌دی ئەگەرچی خه‌ڵکی ئاوایی که‌س‌نه‌زانی سه‌قز بوو، به‌ڵام له‌ ناوچه‌کانی کامیاراندا به‌ حیسام بانه‌یی ناوبانگی ده‌رکردبوو‌. کاتێک بنکه‌ی حیزبی دیموکرات هێشتا له‌ نێو شاری کامیاراندا بوو، ئه‌و لاوانه‌ی که‌ برێک ته‌مه‌نیان له‌ من گه‌وره‌تر ، ئه‌یانگێڕاوه‌ که‌ حیزب مه‌سئولێکی لاوی هێناوه‌ که‌ فره‌ خوێنگه‌رمه‌ و هه‌وڵ ئه‌دا لاوه‌کان له‌ ده‌وری یەکیەتیی لاوانی دێموکرات ڕێک بخا. له‌بیرمه‌ ئه‌و ده‌مه‌ لاوه‌کان زیاتر هاتوچوی‌ بنکه‌ی ڕێکخراوەکانی دیکەیان ئه‌کرد هه‌تا حیزبی دیموکرات، به‌ڵام دوای هاتنی حیسام ئه‌سعه‌دی بۆ کامیاران ئه‌وجار زۆر له‌ لاوانی ئه‌و شاره‌ ڕوویان له‌ بنکه‌کانی حیزبی دیموکرات کرد و زۆر له‌و لاوانه‌ چالاکانه‌ ده‌ستیان کرد به‌ کاری حیزبی و دواتریش چه‌ند که‌سێکیان بونه‌ پێشمه‌رگه‌. من هیچکات نه‌چوومه‌ ئه‌و بنکه‌ و حیسامم هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ ده‌بینی. هه‌تا کاتی شه‌ڕی کامیاران، کاتێک هێزه‌کانی ڕێژیم زستانی ساڵی 1358 هێرشیان هێنایه‌وه‌‌ سه‌ر شاری کامیاران، هێشتا هه‌وا تاریک بوو که‌ له‌ خوارێی شاره‌وه،‌ ڕوو به‌ کرماشان ته‌قه‌ ده‌ستی پێ کرد و خه‌ڵکی شار له‌ خه‌و ڕاچڵه‌کان... کاتێک هه‌وا به‌ته‌واوی ڕۆشن بوو، خۆم له‌ ماڵ دزییه‌وه‌ و چوومە نێوشار. شاری کامیاران ئه‌و ده‌مه‌ هه‌ر یه‌ک شه‌قامی گه‌وره‌ی هه‌بوو که‌ ئه‌ویش هه‌مان جاده‌ی کرماشان ـ سنه‌ بوو... کاتێک گه‌یشتمه‌ سه‌ر چوارڕێیانی نێوه‌ڕاستی شار، کاک حیسام ئه‌سعه‌دیش په‌یدا بوو، وادیار بوو ئه‌و به‌نیاز بوو دیسان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌شی خوارەوەی شار که‌ شه‌ڕ زیاتر له‌وێ به‌رده‌وام بوو. ئه‌و به‌ شێوه‌ی زیکزاکی ئه‌چووه‌ پێش، منیش که‌وتمه‌ دوای ئه‌و و به‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی زیکزاکی به ‌دوایدا ڕۆیشتم هه‌تا گه‌یشتینه‌ کۆڵانێک که‌ له‌ خوار گاراجی کرماشان ئه‌چوو بۆ مزگه‌وتی جامعه. شاپور فیروزی و حوسێن قیخابابا له‌سه‌ر ماڵێک و له‌ کۆماجی ئه‌و ماڵه‌وه‌ ته‌قه‌یان ئه‌کرد، له‌سه‌ر کۆلانه‌که‌ش لەگەڵ حیسام پێشمه‌رگه‌یکی دیکەشی لێ بو‌و که‌ بێجگه‌ له‌ چه‌که‌که‌ی ده‌ستی، کلاشێنکۆفێکیشی به‌ جامه‌دانه‌یک به‌ستبوو به‌ نێو شانیدا، کوڕێکی کامیارانییش وه‌ک من بێ چه‌ک لەوێ بوو که‌ دوای چه‌ند ساڵ زانیم ئه‌و لاوه‌ سالار ئیبراهیمی بوو... له دوایین ڕۆژه‌کانی پاییزی ساڵی 1361 هه‌تاوی حیسامی فه‌رمانده‌ی ئازا که‌ بۆ لاوانی هاوته‌مه‌نی من له‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ببوه‌ سیمبولی پێشمه‌رگه‌یەکی ئازا و زانا و فیداکار کە له‌‌ شه‌ڕێکدا له‌ نزدیک ئاوای بێساران و سه‌ر‌هویه‌ی ناوچه‌ی ژاوه‌رۆی مه‌ریوان به‌ گولله‌ی هێزی سه‌رکوتگه‌ری ئێران شه‌هید بوو." دوای کۆنگرەی ٥ی و لە بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠دا دەفتەری سیاسیی حیزب شەهید حیسامی وەک فەرماندەری هیزی زرێباری مەریوانی دیاری کرد. کاتێک ئەو ئیبلاغەیان پێ ڕاگەیاند قۆڵی زیاتر لە کار و تێکۆشان هەڵماڵی ‌و بێ‌ڕاوەستان خۆی بە هێزی زریبار ناساند و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا‌ ڕوحێكی‌ تازه‌ی‌ بەو هێزە دا. شەهید حیسام له‌ عه‌مه‌لیاته‌كانی‌ دژی‌ دوژمن لێوه‌شاوه‌یی‌ خۆی‌ نیشان دا و قاره‌مانه‌تییه‌كه‌ی‌ له ‌شه‌ڕی‌ جادەی سنه‌_ مەریوان وه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ زێڕین له‌ كارنامه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێموكراتدا جێی‌ خۆی‌ . هەروەها لە ماوەی بەرپرسایەتیی ئەودا چەندین مۆڵگه‌ له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ گیران ‌و سه‌دان به‌كرێگیراو كوژران. ڕۆژی ٣٠ خەزەڵوەری سالی ١٣٦١ی هەتاوی هێشتا ساڵێک لە فەرماندەیی شەهید حیسام لەو هێزە تێ‌نەپەڕیبوو کە هێزەکانی ڕێژیم ‌بە سەدان بەکریگیراو لە جاش‌ و پاسدار هێرشیان کردە بەرزاییەکانی بێساران، کە شێرەکوڕانی دێموکرات بڕیاریان ‌دا دەرسیکی باشیان بدەن. ئەوان لە ماوەی چەند سەعاتدا هەموو بەرزاییەکانیان لی ئەستاندنەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوایین کاتی شەڕدا، حیسام ئەسعەدی لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی تەها عەباسی ناسراو بەتەها دگاگایی بە گوللەی شەوپەرستان شەهید بوون‌.